دەقی وتاری دەشتی جەمال لە کرانەوەی کۆنفرانسی پێنجەمی ڕێکخراوی دەرەوە

هاوڕێیان، نوێنەرانی کۆنفرانس

هاوڕێیانی میوان و بەشدارانی کۆنفرانس

 بەیانیتان باش!

لەقوڵایی دڵمەوە بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کۆنفرانسی پێنجەمی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان. هەروەها بەگەرمی بەخێرهاتنی هاوڕێیانی وەفدی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دەکەم بۆ ئامادەبوونیان لەگەڵ ئێمە لەم کۆنفرانسەدا. هیوادارم کاتژمێرەکانی داهاتوو پێکەوە بتوانین جەدەل و قسەوباسەکانمان بچێتە سەر ئەو ئەرك و ئاڕاستانەی کۆنگرەی شەشەمی حزب دیاریکردوە و لەبەر رۆشنایی ئەودا بتوانین بەرنامە و کار و هەڵسووڕانی دەرەوەی وڵات دیاری بکەین.

هاوڕێیان

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر کۆنفرانسی چواردا تێدەپەرێت، ئەم ماوەیە چەندین ئاڵوگۆڕی  نوێی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی لەدنیادا هاتۆتە ئاراوە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی بەشەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و کێشمەکێش و خەباتی چینایەتی داناوە. ئەمڕۆ جیهان بەهۆی کێشمەکێشی جەمسەرە جیهانیەکانەوە لەپێناو شکڵدان بە سیستەمێکی نوێی جیهانی چەند جەمسەریدا، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان خستوەتە ناو فەزای جەنگ و تەنانەت بەرەو ڕووی مەترسی بەرپاکردنی جەنگیان کردۆتەوە. جەنگ لە ئوکرانیاو غەززە … هەموو هاوکێشە سیاسیەکان و یاسا و ڕێسا جیهانیەکانی گۆڕیوە و پەرەی بە ڕەگەزپەرستی و کۆنەپەرستی داوە و کوشتاری بەکۆمەڵ و کۆرپەکوژی و دڕندەیی و جینۆسایدێك کە بەڕێوە دەچێت، کورەی هۆلۆکۆستی نازیەکان بیری مرۆڤایەتی دەهێنێتەوە.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەکردەوە بۆتە مەیدانێکی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیهان و ئەو ئاڵوگۆڕ و ململانێیانەی جەمسەرە جیهانیەکان کە لەپێناو پچرینی بەشی زیاتر و کەڵەکە کردنی قازانج و سودی زیاترە بۆ سەرمایە، مرۆڤایەتیان ڕووبەڕوو کردۆتەوە. کۆمەڵگای عێراق و کوردستانیش لەژیر کاریگەریی ئەم ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە جیهانیانەدا قەراریان گرتوە. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەژێر کایگەریی ئەوزاعی جیهان و ناوچەکەدا لەگەڵ بنبەست و بێئاسۆیی سیاسی و قەیرانی حکومەتیدا ڕووبەڕوو بووە. ئاسەوارەکانی قەیرانی حکومەتی لە کوردستان پەرتەوازەیی لەڕیزەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداردا پەرەپێداوە و هاوکات فشارەکانی حکومەتی ناوەند ئەوانی ناچارکردوە بە سەرنەوی کردن بۆ بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی و ملدان بە هەنگاوەکانی مەرکەزی بوونەوەی دەسەڵات و حکومەت!

حزبی ئێمە کە حزبێکە ئاڵای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی سیاسی و ئابووری و کۆتاییهێنان بە دەور و دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرجوازی بەرز کردۆتەوە. خاوەنی بەرنامە و ستراتیجێکی ڕۆشنە و دەیەوێ بەکردەوە هەنگاوەکانی بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی دەستنیشان بکات و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی خۆی بۆ ئەو دۆخە خستۆتەڕوو. بەتایبەتی لە کۆنگرەی ٦دا چوارچێوەی گشتی ئەو هەنگاوانە دەستنیشان کراون و ئاڕاستەی سیاسی حزبی دیاریکردوە. لە ماوەی چەند مانگی دوای کۆنگرەدا بەو ئاڕاستەیەدا کاری کردوە و هەنگاوی ناوە.

هەروەك چۆن لەناوەوە هەوڵەکان بە ئاراستەی دامەزراندنی حزبێکی سیاسیە کە دەیەوێت دەسەڵات بگرێت، ئەوا لە دەرەوەی وڵاتیش دەبێ بە هەمان خەسڵەتی حزبێکی لەوجۆرە هەنگاو هەڵبگرین کە ئامادەیی هەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەدا و نوێنەرایەتی حزبێکی لەو چەشنە بکات لە مەیدانەکانی خەباتیدا لە دەرەوەی وڵات.

ئێمە پێویستە لەم کۆنفرانسەدا لە پەیوەند بەو هەلومەرجەی عێراق و کوردستان و ناوچەکە و جیهان پیا تێپەڕ دەبێت،  لەچوارچێوەی نەخشە و ئاسۆ و ستراتیجێك کە حزب دیاریکردوە، بەرنامە و ئەولەویاتی خۆمان دیاری بکەین.

لەسەر ئاستی جیهان و ئەو وڵاتانەی کە لێیان نیشتەجێین، دەتوانین ببینە ناوکۆکەی پێکهێنانی بلۆکێکی ئینسانی ڕادیکاڵ و چەپ و ئازادیخواز دژ بە شەڕ و میلیتاریزمی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و هەڕەشەکانیان بۆ کێشکردنی دنیا بەرەو شەڕێکی وێرانکەر، کە هەرئێستا بەجۆرێك بزووتنەوەیەکی جەماوەری کرێکاری و مرۆڤدۆستی و ئازادیخواز لەهەموو ئەو مەیدانانەدا بەڕێکەوتووە و زەمینەی کارێکی لەوجۆرە فەراهەمترە.

هەروەها دەتوانین نەخشی بەرچاومان هەبێت دژی سیاسەتی لێگرتنەوە و سكهەڵگوشین و بێکارسازی و پەرەدان بە ڕاسیزم و پەرەدان بە دووبەرەکی و دوژمنایەتی لەنێوان بەشەکانی چینی کرێکاردا دەوری شایستەی خۆمان بگێڕین وەکو بەشێك لە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانی و دەورمان هەبێ لە دروستکردنی پەیوەندی خەباتکارانە لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخواز و کۆمۆنیستیەکاندا، بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە چینایەتیەمان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و ڕێکخراوی دەرەوەی حزب ئەو تواناییەی هەیە و مێژووی هەڵسووڕانی ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە ئەگەر بە ئامادەییەوە بچێتە پای ئەو ئەرکە، دەتوانێ نەخشی بەرچاوی هەبێت. خەسڵەتی ڕادیکاڵ و مارکسیستی حزب و پێداگری قایمی لەسەر خەباتی چینایەتی چینی کرێکار بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری و شۆڕشی کرێکاری و دەسەڵاتی چینی کرێکار …و بوونی ریزێك لە کادرانی بەرچاوڕۆشن و مارکسیست ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێ بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە.

حزب دەتوانیت بە سیاسەتی تیژ و ماکزیمالیست و خەتێکی سیاسی و فکری و ئینسانگەراییەکەی دەوری بەرچاو ببینێت لە کۆکردنەوەی چەپ و ئازادیخواز و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و سۆشیالستی و ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان لەئاستی ناوچەکە و جیهان بۆ دروستکردن و پێکهێنانی قوتبێکی ڕادیکاڵ و مرۆڤدۆستی کە بتوانێت نەك تەنها لەئاست پرس و کێشە و ململانێیەکاندا بەشێوەیەکی ڕێکخراو وەڵامی هەبێت، بەڵکو ئەم هێز و قوتبە جیهانیە لە دۆخی سیاسی ئێ ستای عێراق و کوردستان و ناوچەکە دەخالەت پێبکات و جەبهەی رادیکاڵ و ئازادیخواز و عەدالەتخواز و مرۆڤدۆستی لەو کۆمەڵگایانەدا بەهێز بکات بۆ ئەمەش پێویستمان بە پەلەکردنە لەکار و  خەبات و دەستپیێشخەریدا.

ڕۆڵی رابردوی ڕێکخراوی دەرەوەی ئێمە لە کاردانەوە بەرامبەر ملهوری ئەمپریالیستی و سەرەڕۆیی ڕاستی بورژوازی و بەربەریەتی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و زۆر بوار و مەیدانی تردا، لەپەیوەند بە ڕاکێشانی پشتیوانی بۆخرۆشانی شۆرشگێرانەی ئێران و دەورێك کە رێکخراوی دەرەوە بەرجەستەیکرد، بە کردەوە ئەوەی سەلماندوە کە ئێمە ئەم کارەمان پێدەکرێت و تەنانەت کردومانە و دەبێ بە تینوتەوژمێکی زیاتر و ئیرادەیەکی مەحکەمتر و عەزمێکی بەهێزترەوە درێژەی بدەین.

هاورێیان

بارودۆخێك کە عێراق و کوردستان پیا تێدەپەرێت، لەبنەرەتدا بەرئەنجامی دۆخی تازەی جیهان و ناوچەکەیە. چەند دەهەی رابردوی حاکمیەتی ئەحزابی میلیشایی قەومی وتایفی لە عێراق وئەحزابی ناسیونالیست لە کوردستان ئەوەی سەلماندوە کە دورونزیك ئەم سیستەمی حومکڕانیەی لەژیر ناوی کوردو عەرەبی سونەو شیعە بەرپایان کردوە، نەك هەر هیچ نزیکایەتی لەگەڵ خواست و ئامانجە ئینسانیەکانی خەڵکی عیراق و کوردستاندا نیە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کەوتووتە بەرامبەر نارەزایەتیەکی بەرفراوان کە خواستی ڕامالینی ئەم هیزە میلیشایی و تایفیانە و ئازادی و خۆشگوزەرانی بەرزکردوتەوە .

حزبی ئێمە  لە جەرگەی ئەو هەڵومەرجەدا تێدەکۆشێت بۆ رێکخستن و رابەریکردنی ئەم بزوتنەوەیە. ئێمەش وەکو ڕێکخراوی دەرەوە ئەرکمانە تێبکۆشین بۆ ئەوەی دەرەوەی ولات بکەینە سەنگەر و مەیدانێکی گەرمی خەبات بۆ سەرخستنی ئەم ستراتیجەی حزب. دەرەوەی ولات بکەینە سەنگەرێكی کێشمەکیشی چینی کریکارو حزبەکەی لەسەر دەسەلات. توندوتۆڵکردنەوەی رێخستنەکانی حزب لەدەرەوە و دامەزراندنی کۆمیتەی حزبی بەهێز لە ولاتەکان، هۆکارێکی سەرخستنی حزبە بەم ئاراستەیەدا. ئەمەش بەستراوەتەوە بەتواناو ئیرادەی تاك بەتاکی ئێمەوە وەکو کادرانی ڕێکخراوی دەرەوە.

هاورێیان

دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەم ئەرکە چارەنوسسازانە ڕابکیشم کە ئەم بارودۆخە تازەیە دەیخاتە سەرشانمان. بربرەپشتی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی ڕیزیکی فراوانە لەکادرانی مارکسیستی کۆڵنەدەر کە لەرووی فکری و تیۆری و سیاسیەوە پابەندە بە مارکسیزم و شۆڕشی کرێکاری کە بە ئاسۆیەکی سیاسی کۆمۆنیستیەوە هەنگاو دەنیت بۆ بەهێزکردنی حزب.

جیاواز لەوەی کە دەمانەوێ دەرەوەی وڵات بکەینە مەیدانێکی خەبات بۆ شۆڕشی کرێکاری و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە عێراق و کوردستان، تموحی ئەوەمانە کە ڕێکخراوی دەرەوە حزب بەوینەی ڕێکخراوی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی میلیتانت و ئەنتەرناسیونالیست و شۆرشگیر ڕۆلی خۆی ببینێت لە پەیوەند بە کێشمەکێشە جیهانیەکان ئەو مەسەلانەی لە ولاتە جیاجیاکاندا دیتە پێشەوە.

تموحمان ئەوەیە  لەشەری بەرەنگاری چینایەتیدا لە سەنگەری بەرژەوەندیەکانی چینی کریکاری وڵاتاندا دەرکەوێت و بە وێنەی بەشێك لە هێزی پێشرەوی چینی کریکار لەو ولاتانەدا  بەگژی سیاسەتی جەنگخوازی و میلیتاریزم و ڕاستگەرایی و دژ بە هەژاری و بیکاری و ئەو دەردو موسیبەتانەدا بچێتەوە کەرووبەرووی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم ووڵاتەنە دەبێتەوە.

هەروەها تموحمان ئەوەیە وەك کۆمۆنیستەکانی کوردستان هەوڵەکانمان بەئاراستەی بەهیزکردنی پێگەی کۆمۆنیزم لە کوردستان ببەین و نۆینەرایەتی مەسەلە گرنگەکانی کۆمەلگای عێراق و کوردستان بکەین بۆ بەرگری لە مەسەلەکانی کریکاران و ژنان و منالان بۆ ئازادی و یەکسانی وعەدالەتخوازی. تموحمان ئەوەیە هۆکارێك بین بۆ ئەوەی سۆسیالیزم لە جیاتی فەرهەنگ و دابونەریتی ئەحزابی ناسیونالستی و ئیسلامی هەژمونی بکات بەسەر کوردستانیانی دەرەوەی وڵات. بۆئەوەی ئەوانیش بەشێکی گرنگ بن لەگەل ئێمە کاربکەن لە پێناو هەڵخڕاندنی بەشەریەتی موتەمەدینی جیهان بۆ ڕاوەستان لە پاڵ چینی کرێکار و خەڵک بۆ ئالوگۆری ریشەیی لەکوردستان و بەدیهێنانی سیستەمێك کە ئازادی و خۆشگوززەرانی بۆ ئەم خەڵکە مسوگەر بکات.

حزبی ئێمە ئەو شانسەی هەیە کە لە عێراقدا حزبی هاوشیوەی خۆی هەیە دەتوانن پێکەو لەئاستی سەراسەری ولاتەکاندا شان بەشانی یەك تێکۆشن بۆ بردنە پێشەوەی ئەم ئەرکانە و گۆڕینی دەرەوەی وڵات بە مەیدانێکی شۆرشی کریکاری و دامەزراندی سوشیالیزم لە عیراقدا. بەرامبەر بە کێشمەکیشە سیاسیەکانی ناوچەکە لەسەر مەسەلەی فەلەستین و وەستانەوە بەرامبەر بەربەریەت و ملهوری ئیسرائیل و دەوری تێکدەرانە و فریوکارانەی کۆماری ئیسلامی ئیران وولاتانی تری عەرەبی  نوێنەرایەتی جەمسەری ئازادیخوازی و سۆسیالیزم بکەین.

کۆنگرەی شەشەم پیداگریکرد لەسەر پیویستی بردنەسەری توانا سیاسی وعەمەلیەکانی حزب تا ئاستی حزبێکی سیاسی بەهێزوشورشگێر لە دژی ئەو کۆیرەوریانەی ئەحزابی بورجواناسیوناستی کورد بەسەر کۆمەڵگادا دایانسەپاندوە، پێداگری کرد لەسەر ئەوەی ئەم حزبە بەوینەی حزبێکی خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەرجەستە بێت کە خەبات دەکات بۆ کۆتایهینان بەدەسەلاتی ستەمکارو چەوسینەری ئێستا و دامەزراندنی دەسەلاتداریتی جەماوەری کە ئاوات و ئامانجە ئینسانیەکانی کۆمەڵگا مسوگەر بکات.

هاورێیان !

ماوەتەوە بڵێم بەرچاوڕۆشنی و خێرایی لەکار و توندوتۆڵی ڕێکخستنەکانمان مەرجی پێویستن بۆ مسۆگەر بوونی تموحەکانمان. ئێستە کاتی ئەوەیە لە دەرەوەی وڵات ڕیزێك لە کادر و ڕابەریەكی ڕاوەستا و لەسەر جیهەتگیریە سیاسیەکانی کۆنگرەدا لە مەیدان پێبەچەقێنیین ، کاتی ئەوەیە هەریەکەمان کارێك لە ئەستۆ بگرین  و ببینە پێشەنگی ئەو ڕەوەند و ئەرکانە لە بەرامبەریاندا قەرارمان گرتوە. کۆنگرەی شەشەمی حزب دەستی پڕکردوین و جێگاو ڕێگاو بایەخی دەرەوەی بەرز نرخاندوە، ماوەتەوە سەرئەوەی ئامادەیمان هەبێت بۆ لەئەستۆ گرتن و راپەراندنی ئەرکەکانمان . بەهیوای لەم کۆنفرانسە دا بچینە سەر شەنوکەوکردنی نەخشەو ئەولەویەتەکانمان  بۆ کاری داهاتوو.

بەسوپاسەوە، هەر سەرکەوتوو بن.

٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٤

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …