بەیاننامەی ژمارە ٧ی سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ناوچەکە: تیرۆر و جینۆسایدی ئیسرائیل، لە غەززەوە تا لوبنان

دوای نزیکەی ساڵێک لە جینۆسایدکردنی خەڵکی فەلەستین و وێرانکردنی بەیەکجاری کەرتی غەززە و نەمانی ژیانکردن تێیدا، دوای ساڵێك له‌ تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تیرۆر و كوشتار له‌لایه‌ن ئامێری جه‌نگیی حكومه‌تی ڕاستڕه‌وی قه‌ومی ئاینی ئیسرائیله‌وه‌ و پاش هەوڵدانێکی هەمەلایەنەی بۆ لەئاگر هەڵکێشانی ناوچەکە و ڕاکێشانی بەرەو جەنگێکی سەراپاگیر، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ١٧ و ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، حکومەتی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستی فراوان و کوێرانەی خۆی لەدژی خەڵکی بێتاوانی لوبنانی لەژێر ناوی هێرش بۆ سەر حیزبوڵڵا، دەستپێکرد. لەم دوو ڕۆژەدا ڕێکخراوی ئەمنی ئیسرائیلی، “مۆساد”، به‌ دوو جار تەقینەوەی هەزاران پەیجەر و ئامێری پەیوەندی بێ تەل و پەیوەندی بەکۆمەڵی لە لوبنان لە یەک کاتدا، لە شوێنە گشتییەکان، لە ناوەندەکانی کار و لە ڕێوڕەسمی پرسەی قوربانیانی یەکەمی ڕۆژی ئەم هێرشانەدا، بە گشتی ٣٧ کەس و زیاتر لە ٣ هەزار کەس کوژران و بریندار بوون.

ئه‌مه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی تیرۆریستیه‌ كه‌ تیایدا ده‌زگاكانی پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ جه‌نگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا وه‌ك هێزی ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل به‌كارهێنراوه‌، هێزێك كه‌ توانا و نفوزی له‌ حیزبوڵڵا زیاتره‌ و توانای له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌ری بۆ به‌كارهێنانی نوێترین ته‌كنه‌لۆجیا له‌ خزمه‌تی جه‌نگ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ترساندنی خه‌ڵك له‌ هێزی ”گه‌وره‌ و له‌شكاندن نه‌هاتوو” گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی.

دوای ئەم تاوانە ترسناکە، حکومەتی ئیسرائیل بۆردومانی بەرفراوانی شار و گوندەکانی لوبنانی دەستپێکرد، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک و قوتابخانە و نەخۆشخانە و تەنانەت ئەمبولانسیشی کردە ئامانج، تا بەیانی ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژران، کە لەنێویاندا دەیان منداڵ هەیە و دوو هەزار کەسیشی بریندار کردووە. دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیل هاوشێوەی کوشتاری خەڵکی غەززە، فەرمانی داوە بە بەشێک لە خەڵکی لوبنان، لەوانەش بەیروت، کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە ئیسرائیل نیازی بۆردومانکردنی ناوچەیەکی فراوانی هەیە. تا ئەمڕۆش دەیان هەزار کەس لە سەرتاسەری لوبنان ناچاربوون ماڵ و شارەکانیان بەجێبهێڵن و ئاوارەبوون.

دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل کە سەرەڕای قەسابی کردنی دەیان هەزار کەسی بێتاوان لە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا، سەرەڕای جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و دڕندەیه‌تیه‌کی بێ سنوور، نەک هەر بە ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی نەگەیشتووە، بگرە گۆشەگیرە لە جیهاندا و لە نێو خەڵکی موتەمەدیندا، وە وەک ڕەشترین دەوڵەتی تیرۆریستی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆتە جێگای نەفرەت، دەوڵەتێک کە لە ده‌رونی خۆیدا لە قەیراندایە و هیچ داهاتوویەکی ڕوونی لەبەردەمدا نییە و ماوەیەکی زۆرە بۆ دەربازکردنی خۆی لە هەوڵی فراوانکردنەوەی شەڕێکی ناوچەیی دایە. حکومەتی ئیسرائیل لە بۆردومانە بەردەوامەکانی سوریاوە تا کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەکە و دوایین نموونەشی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، لە هەڕەشە و تۆقاندن و پڕوپاگەندەکردنەوە بۆ جەنگی بەرفراوان، لە هەوڵدایە بۆ چوونە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئێران. هەروەکو تریش دەستپێکردنی ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ لوبنان، تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردن و بەردەوامیدان بە تەمەنی دەسەڵاتی زایۆنیستی خۆی، شەڕێک کە هەموو خەڵکی ناوچەکەی ڕووبەڕووی مەترسییه‌کی جددی کردۆتەوە. ئەمڕۆ فاشیزم و تیرۆریزمێکی لغاو بەربووی حکومەتی ئیسرائیل سەرەکیترین سەرچاوەی شەڕ و نائەمنی ناوچەکەیە.

حکومەتی ئەمریکا لە ترسی دەرئەنجامە سیاسییەکانی شەڕخوازی هەمەلایەنەی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەدا کە “بێئاگاداری و ده‌ستتێوه‌رنه‌دانی” ڕایگەیاندووە لە کردەوەی پەیجەرەکاندا و بە”موخالەفەتکردن” بەرامبەر بە پەرەسەندنی جەنگ، بەپاساوی “کەمکردنەوەی بارگرژیەکان”، هێزی سەربازیی خۆی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە. ئەمریکا کە تا ئێستا سەرەکیترین سەرچاوەی جبەخانەی جەنگی و توانا لۆجستی و جاسویەکان و سەرەکیترین پشتیوانی ماڵی و سیاسی و دیبلۆماسی حکومەتی ئیسرائیل بووە، ئەمڕۆ بەوپەڕی بێشەرمییەوە، ناردنی هێزی سەربازی خۆی بۆ ناوچەکە و بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هەنگاوێک لە ڕاستای کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بارگرژیەکان ناوزەد دەکات! ئەم هەنگاوەی حکومەتەکەی بایدن لەپاڵ سیاسەتی جەنگخوازی ئیسرائیلدا، دەبێ وەک هۆشداریەکی جدی لەڕاستای مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا ئەژمار بکرێ و بەرپرسیارێتییەکەی بخرێتە ئەستۆیان.

وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەرگریکارانی حکومەتی ئیسرائیل و شەریک لە تاوانەکانی کەرتی غەززەدا،  بەهۆی مەودا بەربەریەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە ناچاربوون مەحکومی بکەن و لەولاشەوە بێشەرمانە “هەردوولای جەنگ” بانگهێشت بکەن کە دان بەخۆیاندابگرن و مەترسی پەرەسەندنی جەنگ لەناوچەکەدا “بیربهێننەوە”. ئەمانە ئەو دەوڵەتانەن کە لەدژی کوشتن و جەنگ و تیرۆر قسەدەکەن، هاوکاتیش هەموو تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، چ لە فەلەستین و چ لە لوبنان، نەبۆتە بەربەستێک بۆ  پشتیوانیکردنی بێ مەرجیان لە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و تەنانەت فشارێکی سیاسی جددیشیان لەسەر دانه‌ناوه‌ بۆ کۆتاییهێنان بەم دڕنده‌یه‌تیه‌.

ئەوەی لە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا و لوبنان دەگوزەرێت کوشتاری بەکۆمەڵ و تیرۆرە، بۆردومانی بەردەوامی ماڵی خەڵک و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانە و کەمپی پەنابەران و وێرانکردنی هەموو ئیمکاناتی ژیانە و بە “جەنگ” ناوزەد کردنی ئەم کارەش. درۆیەکی موتڵەقە.

کۆنەپەرستانی ناوچەکە، لە ئێران و سعودیە و میسر و تورکیا و ئوردن و هی ترەوە تا دەستەوتاقمی قەومی و مەزهەبی، ئەم زەلکاوە پڕ لە خوێن و شێتی و تاوانکارییە، بۆیان بۆتە دەرچەیەک بۆ مامەڵە و بەندوبەستی سیاسی و ئابووری و ناوی بەرگریکردنیان لە خەڵکی لوبنان و فەلەستین لێناوە و فرمێسکی تیمساحیش بۆ قوربانییەکان هەڵدەڕێژن. لە هەمان کاتدا ئەم دڕندەییه‌تیه‌ی ئیسرائیلیان کردۆتە بەڵگەیەک بۆ برەودان بە کەشوهەوای جەنگ و ترس و نائەمنی لەم وڵاتانەدا، ئەمەش بۆ ئەوەی هەژاری و سەرکوتگەری زیاتر بەسەر چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکاندا داسەپێنن و بۆ ڕوبەروبونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵك لەولاتەکانی خۆیاندا، سودی لێوەرگرن.

ئێمە، هەرسێ حیزبی کۆمۆنیستی ناوچەکە، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی جیهانی و سۆسیالیستی چینی کرێکار، هەموو کرێکاران، ڕێکخراوە و سەندیکا و ڕێکخستنە کرێکارییەکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و خەڵکی موتەمەدین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بۆ چڕکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی ئیسرائیل و تاوانەکانی و لەدژی لایەنگرانی و هاوبەشەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەروویانەوە دەوڵەتی ئەمریکا، بانگەوازدەکەین. ئێمە داوا لە سەندیکاکانی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە ئیسرائیل دەکەین کە لەپاڵ ئەم بەرەیەدا ڕاوەستن و بۆ بەرەنگاری و ڕووبەڕووبونەوە لەدژی فاشیزمی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل بانگەوازیان دەکەین.

نابێ بە ناوی “جەنگ” لە دژی حەماس، “جەنگ” لە دژی حیزبوڵڵا و گرووپە ئیسلامییەکانی ناوچەکە، یان “جەنگ” لە دژی ئێران، کە یەکێکە لە توندوتیژترین و تیرۆریستترین و تاوانکارترین حکومەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، بەپشت بەستن بە میلیتاریزمی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ناوچەکە بەئاگردا بکێشرێت. ئێمە هۆشداری دەدەین کە حکومەتەکانی ئەمریکا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هتد، بە پشتگیری جۆراوجۆری خۆیان لە ئیسرائیل، نەتەنیا هاوبەشی تاوانەکانی ئیسرائیلن و بەشێکن لە کێشەکە، هاوکات لەبەرامبەر ڕۆچونی ناوچەکە بەرەو جەنگێک کە جگە لە مەرگ و وێرانکاری و لەناوچوونی خەڵک هیچ ئەنجامێکی نییە، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان دەخەینە ئەستۆ.

بێ گومان ڕاگرتنی ماشێنی جەنگی ئیسرائیل کاری چینی کرێکار و خەڵکی شارستانی جیهانە و ئەمەش مومکینە. ئێمە دەتوانین ئەو حکومەتانەی پاڵپشتی حکومەتی ئیسرائیل دەکەن، ناچار بکەین کە دەست لە پشتگیریکردنی ئەم ئامێری کوشتارە بەردەن! دەتوانین میدیای ڕاستڕەوی ڕۆژئاوا ناچار بکەین کە واز لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و درۆی فاشیستی و لایەنگری لەئیسرائیل بهێنن. دەتوانین خراپ بەکارهێنانی ئازاره‌كانی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین له‌لایه‌ن حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوه‌ ڕابگرین و وەک بەرگریکاری ڕاستەقینەی خەڵکی بێبەشی فەلەستین، وەک بەرگریکاری ڕاستەقینەی ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی جیهان بێینە مەیدانەوە.

چینی کرێکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانێت بەم ئاڕاستەیە بێت و وەک بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەیەکی مەزنی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە تاوان و جینۆساید و بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و وەحشیگەری و میلیتاریزم و کۆتاییهێنان بە هەژاری و بێبەشی و سەرکوتگەری سیاسی بێتەمەیدانەوە. ئێمە بەشبەحاڵی خۆمان لەم ڕێگایەدا تێدەکۆشین و دەستی هاوکاری بۆ هاوچینەکانمان لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهاندا درێژ دەکەین. ئێمە دەتوانین جڵەوی فاشیزمی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل، وەک توخمێکی وێرانکەر و شەڕانگێز و دڕندە، بگرین.

بژی ئازادی و یەکسانی

بژی ئاشتی و ئاسایش

حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤

Check Also

هەڵبژاردن لەڕوانگەی کرێکارانەوە چ پەیامێک بەکۆمەڵگا ئەدات!

مەئمود حەلاق سەرەتا بابزانین هەڵبژاردن چیدەگۆڕێت، ئایا وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕێکە بەقازانجی گشتی خەڵک و کرێکاران کەبتوانێت …