ئامانجی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق

عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات شایەتی گرژیو ئاڵۆزیەکی زۆرە وە هاوکاتە لەگەڵ زۆرێک لە گرژیە ناوچەییەکان، بە تایبەتی بەردەوامی ئاڵۆزی شەڕو کوشتاری بە کۆمەڵی دانیشتوانی غەززەو ناکارامەیی ئێران لە وەڵام بە ئیسرائیل و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی تورکیا وەک ڕکابەرێکی ئێران لە عێراقدا، لە هەمانکاتدا لەبەرامبەر واقعیەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەدەخاڵەتی  وڵاتانی زلهێزی دنیاو ململانێی نێوانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، لەم بارەیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵئەدات جێگایەک بۆ ئێران دیاری بکات.

هەڵبژاردەی پزیشکیان لەسەردانی بۆ عێراق، وەک دەرکەوتەی بەردەوامی تەرکیزی سیاسەتی ئێرانە، لەسەر زیاتر چەسپاندنی نفوزو دەخاڵەتی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ، کە لە ڕووی ئابووری و دارایی و باڵادەستی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ ئێران، عێراق بۆتە بوارێکی پربایەخ و گرنگ، لەهەمانکاتدا بووەتە مەیدانێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی و یەکلایکردنەوەی  بەرکەوتەکانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا، هەروەها بۆ بردنە پێشەوەی دەورو کاریگەریەکانی لە ناوچەکەدا.

بەتایبەتی کە عێراق لەم دەورانەدا جێگایەکی تایبەتی بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان تەرخانکردوە، ئەم پڕۆژەیە زیاتر پێگەی تورکیا لە عێراق دەباتە پێشەوە، بەڵام تائێستا جێگایەک لەم پڕۆژەیەدا بۆ ئێران دیاری نەکراوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگی سەردانەکەی پزیشکیانە بۆ عێراق. پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ سودانی لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی درێژخایەن گفتوگۆیان کردووە کە دەبنە هۆی هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو وڵات.

هەوڵەکانی حکومەتی پزیشکیان بۆ پاراستنی عێراق وەک دەرچەیەکی ئابووری بۆ ئێران و دەرچەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو سزا توندانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەوەش جێگیرکردنی ئەو ڕێچکەیەی کە سەرکەوتو بێت لە بەرامبەر، ڕکابەری و دەخاڵەتی  وڵاتانی زلهێزی دنیا لە ناوچەکەدا و پێگەی زیاتری  لە عێراقدا بسەپێنێت، لە هەمانکاتدا فرسەتی ڕوبەڕوبونەی بزووتنەوە چەکدارەکانی ئۆپۆزسێۆنی ڕژێمەکەی فراوانترو مسۆگەرتر بکات.

دوای ئەوەی پزیشکیان لە لایەن سودانیەوە پێشوازی لێکرا، پزیشکیان  چووە شوێنی کوشتنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس، لەوێ تاجە گوڵینەی لە شوێنەکە داناو مۆرێکی تاوانبارکردنی ئەمریکای بۆ ئەو ڕووداوە بەرجەستەکردەوە.

یەکەم ڕۆژی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق شایەتحاڵی چوار یاداشت بو، کە لە بوارەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن، پەیوەندیەکان، کشتوکاڵ و ناوچە ئازادەکان واژۆکران.

سودانی ئەم یاداشتانەی  شانبەشانی یاداشتەکانی کە پێشتر واژۆکراوە وەسف کرد، جەختی لەوە کردەوە کە “هەرچەندە ئەم هاوبەشیانە زیاتر فراوانتر بن، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی سەقامگیری ناوچەکە دەبێت”!.

سەرۆکی ئێران بەڵێنیدا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەری گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، لەسەر ئابووری کۆماری ئیسلامی ئەولەویەت بدات بە پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئەمەش ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئێران و عێراق پێویستیان بە بازاڕی یەکترە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان تەنانەت لە بواری وزەشدا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، قەبارەی بازرگانی نانەوتی نێوان ئێران و عێراق نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە لە نێوان مانگی ئازاری 2024 تا تەمووزی 2024.

هەروەها ئێران ڕۆژانە ملیۆنان مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا. عێراق پاشەکەوتی هەیە لە پێدانی ئەو هاوردەکردنانە، کە لەسەدا ٣٠ی پێداویستیەکانی کارەبا دەگرێتەوە، کە دەکاتە ملیارەها دۆلار.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، هەردوو وڵات پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە- شەلەمچەیان دەستپێکرد، ئەو هێڵەی کە شارە گەورە کەناریەکانی باشووری عێراقیان بە دەروازەی سنووری شەلەمچە دەبەستێتەوە، کە مەودای زیاتر لە 32 کیلۆمەتر دەبێت.

سودانی هەوڵدەدات هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان پەیوەندیە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێران لە لایەک و پەیوەندیە ستراتیژیەکان لەگەڵ ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە بپارێزێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش کە لەگەڵ پزیشکیان بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: “بەغدا و تاران ڕەتیدەکەنەوە ململانێی بەردەوامی غەززە بەرفراوان بکەن”.

هەروەها “هەڵوێستی پرەنسیپی، دەستووری و یاسایی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە کە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات دەستدرێژی، کردەوەی چەکداری، یان هەڕەشەیەکی سنووربەزێن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای خاکی عێراق ئەنجام بدات”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی هاوکاریە ئەمنیەکانی نێوان هەردوو لایان لە ڕوبەڕوبونەوەی بزووتنەوە چەکداریەکانی دژبە ڕێژیمی ئێران کە دەیان ساڵە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن.

بەڵام ئەوەی کە زیاتر پێویستە جێگای سەرنجمان بێت، هەڵبژاردنی پزیشکیان بۆ یەکەم سەفەری دەرەکی دوای دەستبەکاربوونی بۆ عێراق، لەخۆوە نەهاتە ئاراوە، هەروەها پاڵنەری پەیوەندیە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵاتیش نەبووە، بەڵکو مەبەستێکی تایبەتی ترە، کە دوای ئەم سەردانە بۆ عیراق، سەرۆکی ئێران بەرەو نیویۆرک دەڕوات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ و جدیە بۆ ئەوەی عێراق یەکەم شوێنی مەبەستی پزیشکیان بێت، تا جەخت لەسەر گرنگی جیۆپۆلەتیکی عێراق بکاتەوە بۆ ئێران، تا پێگەیەکی بەرزی ئێران  لە نەتەوە یەکگرتوەکان نیشان بدات. ئەوەی ڕاستی بێت زۆربەی ئەو نوسەرانەی دەربارەی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق لێکؤلێنەوەیان لەسەرکردوە، هەریەک لای خۆیەوە خاڵی گرنگیان ئاماژە پێداوە، بەڵام ئەو ئامادەکاریانەی کە پزیشکیان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی بۆئەدەن، تا ئێران لە نیۆرک و نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەستکەوتەوە ڕاوەستێت، سەرنجیان نەچۆتە سەری.

بەشێکی دیکە لە سەردانەکەی بۆ عێراق دوای ئەوە هات کە بەغدا لە ڕێگەی ڕاوێژکاری ئەمنی سودانی، گفتوگۆیان لەگەڵ واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندوە، ئەمەش پەیامێکە بۆ واشنتۆن کە تاران ویستویەتی لە ڕێگەی سەردانەکەیەوە بیگەیەنێت. واتە پەیامەکە ئەوەیە کە ئێران لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا، هەوڵئەدات ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە، واتە دەخاڵەت و پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە پێشینەی کارەکانی دەبێت و سەردانەکەشی گوزارشت لەو ئاراستەیە دەکات.

بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین کە پەیوەستە بە واقیعی ئەمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چاوەڕوانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ناکرێت، ، چونکە ئەمریکا ئامادە نیە لە عێراق بکشێتەوە، هەروەها ئامادە نییە دەرفەت بە تاران بدات تا زیاتر بچێتە ناو عێراقەوە. “ئەمە قسەی ئەمریکیەکان”.

هەڵبەتە تورکیاش لایەنێکی زلهێزی ناوچەییە و وەک ڕکابەرێکی ئێران مەیدانەکە چۆڵ ناکات، لە هەمان ململانێ و پەیوەندیە جیهانیەکاندا یاری دەکات.

لەلایەکی دیکەوە سەردانەکەی پزیشکیان لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردایە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، بە پێی ئەو زانیاریانەی لەسەر پەیوەندی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دزەپێکراوە،  چڕبونەوەی ناکۆکی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانیدایە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەش لە ئێستادا لە بەرژەوەندی تاران نابێت، بۆیە بەشێک لەبەرنامەی سەردانەکە، کۆبونەوەیە لەگەڵ سەرکردەکانی بلۆکە سیاسیەکان، هەڵبەتە سەردانەکە زیاتر بۆ جێخستن و پشتیوانیکردنە  لە هەڵوێستی ئەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە نزیکن لە ئێرانەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە سودانی زۆر لە ئێران نزیک نەبووەتەوە،  زیاتر هەوڵیداوە مەودای نێوان بەغدا و تاران بپارێزێت، لە هەمان کاتدا لە هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی بەغدایە لە گەڵ ئەنقەرەو و تاران و واشنتن، ئەم ئاراستەیەش هەمیشە جێگای نیگەرانی ئێرانە کە ناتوانێ باڵادەستی تەواو بەسەر عێراقدا دابین بکات، لە هەمان کاتدا ئێران ناشتوانێ بەئاسانی پەرچەکرداری خۆی لەو سیاسەتانەی سودانی عەمەلی کاتەوە، چونکە ئاشکرایە کە ئەمریکا و تورکیا پشتیوانی لەو سیاسەتانەی سودانی دەکەن کەلە بەرژەوەندی خۆیانە.

لایەنێکی گرنگی ترلە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، جەختکردنە لەسەر دیداری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، واتە دادوەر “فایق زەیدان”، بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئاخۆمەبەست لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران چییە؟ پزیشکیان لە ڕێگەی ئەم کۆبونەوەیەوە دەیەوێت چی بگەیەنێت؟ لەژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتانەی کە ئەمریکا زەیدان بەوە تاوانبار دەکات لەڕێگەی دادگاوە هاوسۆزی لەگەڵ ئێران کردوە، چونکە پێشتر  واشنتۆن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پرۆژەیەکی پێشنیار کرد بۆ سزادانی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی عێراق بە تۆمەتی ئەوەی “دڵسۆزی” و خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی ئێرانیان لە عێراق کردوە، واپێدەچێت ئەم پڕۆژەیەی ئەمریکا زیدانی لە سەروی لیستی ئەو ئامانجی سزادانەدا دانابێت، ئەمەش مەترسیە بۆ سەر سنوردارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا. کە دەیەوێت باڵادەستی خۆی بەسەر تەوای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری مسۆگەر بکات.

سەبارەت بە مەلەفی سیاسی و پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ جیهان، ڕێبازی چاکسازی کە سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت پەیڕەوی بکات، ڕەنگدانەوەی هەوڵی نیشاندانی  باشترکردنی وێنەی ئێرانە، لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی زیاتر لەگەڵ وڵاتاندا، کەهەنگاوە بۆ بەشداریکردنی داڕشتنی ستراتیژیەکانی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەلایەک بەرجەستەکردنەوەی ئاراستەی چۆنیەتی دەخاڵەتی لە عێراق و پشتیوانی لە ‌هێزە میلیشیاکان لەناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە چڕ بونەوەی زیاتری کێشە ناوخۆیەکانی لە قەیرانی ئابوری و سیاسی،هەروەها  بونی ناڕەزایەتیەکی  فراوانی جەماوەریە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش شایەتی پێشبینی بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر و ئایندەیەکی نا جێگیری سیاسی و قەیرانی گەورەترە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.

پزیشکیان چۆن دەتوانێ شێوازی حکومەتەکەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت؟، ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە ئەتوانین بڵێین بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی سێدارەو شیعەگەرا کام جۆرە لە سەرکەوتن بەدەسەت دەهێنێت؟.

Check Also

ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە و هێزەکانی نەیاری جمهوری ئیسلامی بۆ کەمپی سورداش!

بەپێی رێکەوتنێکی هاوبەشی ئەمنی نێوان حکومەتی عێراق و ئێران و حکومەتی هەرێم، بڕیاری گواستنەوەی ئۆردوگاکانی …