ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە و هێزەکانی نەیاری جمهوری ئیسلامی بۆ کەمپی سورداش!

بەپێی رێکەوتنێکی هاوبەشی ئەمنی نێوان حکومەتی عێراق و ئێران و حکومەتی هەرێم، بڕیاری گواستنەوەی ئۆردوگاکانی کۆمەڵە لە ئۆردوگای زرگوێز، بانەگۆڕە، زڕگوێزەڵە و.. دراوە بۆ کەمپی سورداش. هاوکات دەنگۆی ئەوەش لە ئارادایە کە ئۆردوگاکانی حزبی دیموکراتیش لە سنوری ناوچەی کۆیە بگوازرێنەوە بۆ هەمان کەمپ.

ئەم هەنگاوە سەرەڕای بەزۆر کۆچپێکردنی ئەم هێزانەیە، هاوکات کردەیەکی سەرکوتگەرانەی ئاشکرای دەوڵەتی عێراقە بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی هەرێم، کەلە درێژەی ئەو هیرش و ملهوریانەدایە کە زیاتر لە سێ دەیە دەکرێتە سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجیی هەرێم، بەتایبەتیش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. لەماوەی ئەم سی دەهەیەدا، بەدەیان و سەدان کادر و هەڵسوڕاوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لەڕێگای باندە ئینسان کوژەکانی ئێران یان نۆکەراکانیانەوە تیرۆر کراون، چەندین کەسیان رادەستی ئیران کراونەتەوە، بەدەیان جار ئۆردوگا و شوێنی نیشتەجێ بوونیان کەوتۆتە بەردەم بۆمبابارانی هێرشی موشەکی و لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بەدەیان کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

بێگومان ئامانج لە گواستنەوەی بەزۆری ئۆردوگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری جمهوری ئیسلامی بۆ کەمپی سورداش، بۆ ئەوەیە کە ئەم هیزە ئۆپۆزیسیۆنانە لە حزب و هەڵسوڕاوی سیاسییەوە بگۆڕن بە پەنابەری سیاسی ژێر سایەی ریكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان. هاوکات جمهوری ئیسلامی دەیەوێت لەڕێگای ئەم هەنگاوەوە سەرجەم بزوتنەوەی کرێکاری و نارەزایەتی فراوانی جەماوەری لەناوخۆی ئیراندا، کەڕیشەی لەو ستەم و بیمافی و سەرکوتگەریەدایە کەئەم دەسەڵاتەی پێدەناسرێتەوە، بخاتە ئەستۆی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجیی وڵاتانی ناوچەکە وسەرکوتی بکات. بەدڵنیایەوە  گواستنەوەی ئۆردوگای هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ کەمپەکانی سورداش و مامەڵەکردنیان بەوێنەی پەنابەری سیاسی دەستبەسەر کراو، مەترسی ئەمنی چەند بەرابەر لەسەریان زیاد دەکات و بە نیشانەگرتنیان ئاسانتر دەکات. بەتایبەتیش ئەگەر ئەوە لە بەرچاو بگرین کە کوردستان بەکردەوە بۆتە لانەیەکی ئاشکرای باند و هیزەکانی جمهوری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانیش، وەکو خزمەتکار و ئامرازی جێبەجیکاری ئەم رژێمە درندەیە ئامادەی هەموو خۆش خزمەتییەکە، سیاسەتێکی ئاواش بەدڵنیایەوە کۆمەلگای کوردستان لەنائارامی و تیرۆر وپشیویەکی بەردەوامدا رادەگرێ. تەنانەت رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش کەلە ٣٠ ساڵی رابردوودا نەیتوانیووە ئەمنیەتی ئەم ئۆردوگا و هێزانە و کادر و نەیاری جمهوری ئیسلامی بپارێزێت، ناتوانێت ئەمنیەتی ئەم کەمپانەش بپارێزێت.

ئیمە لە حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان، لە کاتێکدا بەتوندی بەدژی سات و سەوداو ڕێکەوتنی عێراق و ئیران و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ گوشار خستنە سەرهیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سنوردارکردنی چالاکی و هەڵسورانی سیاسی و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکانی دەوستینەوە و ئیدانەی دەکەین. هاوکات هەموو ئەو لایەنانە بەتایبەتی هەردو حکومەتی عێراق وهەرێم وریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بەرپرس لەپاراستنی سەلامەتی و ئەمنیەتی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەزانین. چینی کریکار و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی عیراق، کە هەمیشە پشتیوانی بزوتنەوەی کریکاری و ئازادیخوازی لە ئیران و کوردستانی ئیراندا بوون لەدژی دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی، بانگەواز دەکەین، کە بەدژی ئەم پیلانە چەپەڵە هاوبەشەی حکومەتی عێراق و ئیران و دەسەڵاتدارانی هەرێم، بووەستنەوە.

١٣/١٢/٢٠٢٤

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …