نوری بەشیر
ژنانی ئەفغانستان رەشترین دەورانی خۆیان لەژێرسایەی هێزە ئیسلامیە میلیشیاکانی تاڵیباندا بەسەردەبەن. سێ ساڵ لەمەوبەر، لەکۆتایی ئابی ٢٠٢١ کە ئەمریکا دەستی تاڵیبانی گرت و وەک هێزێکی تیرۆریست هێنایەوەو کۆمەڵگای ئەفغانستانی رادەستکردن، یەکەمین هێرشەکانی خۆی بۆسەر ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگا دەستپێکردەوە.
لە رۆژەکانی یەکەمەوە بەجیالەوەی کەوتنە شکاندنی هەرچی جۆری ئالەتەکانی مۆسیقا و داخستنی شوێنەکانی حەوانەوەو خۆشی خەڵک لە؛ کافتریا، چایخانە، بار، سینەما، ساڵۆنەکان و قەدەغەکردنی ئاهەنگگێڕان و قەدەغەی تەلەفزیۆن، هاوکات هێرشی هەمەلایەنەی کۆنەپەرستانەیان بۆسەر ژنان دەستپێکرد لەوانە؛ رێگری لە کچان بۆ چونە قۆناغی ناوەندی، قەدەغەکردنی زانکۆکان بۆ ژنان، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی ژنان بەتەنها، قەدەغەی کارکردنی ژنان لە زۆرێک لە دائیرەکاندا بەتایبەت ئەو کۆمپانیاو شوێنانەی کە بیانی تێدایە، قەدەغەی هاتوچۆی ژنان و پیاوان لە پاسدا پێکەوە، تا ئاخرین ئاستەکانی گەشتۆتە یاسا تاسەر ئێسقان دواکەتووی لەچەشنی؛ فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپەیە! بۆ ئەمە وەزارەتێکی تایبەتی لە ساڵی ٢٠٢١ دا دامەزراند و هەروەها پۆلیسی ئەخلاقیشی بۆ دروستکرد بۆ جێبەجێکردنی بەسەر ئەو کەسانەی کە سەرپێچی دەکەن. بەپێی ئەم یاسایە نیشاندانی ڕوخسارو دەنگی ژنان قەدەغە دەکات، بەوەی روخسارو دەنگی ژنان عەورەتە، هەموو جۆرە وێنەگرتنێکی مرۆڤ و حەیوانات و هەتا سروشتیش قەدەغەیە، لەبەرئەوەی حەرامەو فەساد دروستدەکات و دژی یاساکانی ئیسلامە.
ئەم یاسایە لەلایەن هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی باڵای تاڵیبانەوە لەمانگی ئابی ٢٠٢٤ دا پەسەندکراوە، کە پاش سێ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی تاڵیباندا تێدەپەرێت و مەلاکانی تاڵیبان ئیشارە بەوە دەدەن کە ئەم یاسایانە لەسەر بنەمای ئیسلام و بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام دانراوە و لەسەر ئەساسی بڕیارێک بووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە سەرۆکایەتی تاڵیبانەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
ئەم یاسا تا سەرئێسقان کۆنەپەرستانەو دژی ژنان و دژی ئینسانیە سی و پێنج بەند لەخۆی دەگرێت، کە هەمووی دژی مەدەنیەت و دژی ژنە لە کۆمەڵگادا، نەک هەموو مەحدودیەتێک بۆ ژنان دادەنێت وەک ئینسان سەیر ناکرێت، وەنابێ لەماڵەکەی خۆیەوە دەنگی بێتە دەرەوە، بەڵکو یاسا گەلێکی تێدایە بۆ پیاوانیش کە چۆن بەپێی شەریعەتی ئیسلام سەرو ریشیان چاک دەکەن و جلوبەرگ دەپۆشن و فەرزکردنی نوێژو دیاریکردن بۆیان. ئەم هەنگاوانەی تاڵیبان کە هەموو بەشێکی لەشی ژنان لە سەریەوە تاکو بنی پێی و پیاوان لە ناوکیانەوە بۆ ئەژنۆیان بە عەورەت دەزانێت، بەهیچ شێوەیەک دەرکەوتنی رێگەپێدراو نیەو سزا دەدرێن لەسەری.
ئەم یاسایانە تائێستا دوو ملیۆن و نیو کچی لە خوێندن بێبەشکردوە و ملیۆنێک و چوارسەد هەزار لە کچانی لە خوێندنی ناوەندی بێبەشکردوە، هەروەها ساڵانە نسبەتی خوێندنی کچان و کوڕانی سەرەتایی ڕوو لە خوارەوەیە. ئەم یاسا ئیسلامیانەی تاڵیبان دەستوەردەداتە هەموو کاروبارێکی تایبەتی ئینسانەکان نەک لە دەرەوەدا بەڵکو لەماڵەکانی خۆیشیاندا.
هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەنەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ و رێکخراوی مافی منداڵان ( یۆنسکۆ) و چاودێری مافی مرۆڤی نیگەران کردووە، بەهەلومەرجێکی دژی ئینسانی دادەنێن کە تاڵیبان دەستی بۆ بردووە، هەمان ئەوەیە کە داعش لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا لە سوریا و موسڵ ئەنجامیدا.
لەعێراقیش، رەوتە ئیسلامیە شێعەکانی سەر بەئێران کە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسی و پەرلەمانی عێراقیان بەدەستەوەیە، لەسەر هەمان رێچکەی تاڵیبان و بە ڤێرژنێکی دیکەی ئیسلامەوە خەریکن کۆمەڵگای مۆدێرنی عێراق بۆ سەدانساڵ بەرنەدواوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە یاساکانی باری کەسێتی کە ئەو لایەنانە دەیانەوێ لە پەرلەماندا پەسەندی بکەن، بە رێکەوتن لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەکانی سونە بەرامبەر و بێدەنگەکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەو ئامانجەی هەیە و لەرێگای قوربانیکردنی منداڵانی کچەوە دەیانەوێ دەسەڵاتی ئیسلام و یاساو ریساو شەریعەتە داڕزیوەکەی بەسەر کۆمەڵگای عێرقادا بسەپێنن و عێراقیش بە رەسمی بخەنە پاڵ رژێمی ئیسلامی ئێران و تاڵیبان و هەموو سیمایەکی ئینسانی و پێشکەوتن و مەدەنیەت لە عێراقدا پایەماڵ بکەن!
هەموو ئەو یاسا دواکەوتوانە کەبەسەر کۆمەڵگاو بەتایبەت بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت، بەرهەمی سیاسەتی ئەمریکایە لە ئەفغانستان و عێراق کە ئیسلامیەکان دەستی بۆ دەبەن، ئەمە دیموکراسیەتەکەی ئەمریکایە کە پاش بیست ساڵ لە دەرکردنی تاڵیبان و کوشتاری دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی و کاولکردنی ئەو وڵاتە بەناوی شەڕی دژی تیرۆرەوە، دوبارە هەمان تیرۆریستان دەخاتەوە سەر کورسی دەسەڵاتی ئەفغانستان و رادەستکردنی ژیان و چارەنوسی خەڵکی ئەفغانستان و ژنان و کچانی ئەو وڵاتە بەدەستی ئەو گروپە وەحشیەی لە مێژوو بەجێماون! هەروەکو چۆن ئەو دەسەڵاتە میلیشییایەی کە ئێستا کۆمەڵگای عێراق بەرەو کۆنەپەرستی و قەمەکێشی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان رادەکێشنەوە، بەرهەمی شەڕی ئەمریکا بوو لە عێراق و کاولکردنی ژێربینای وڵاتەکەو کوشتنی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی برسی و لەحاڵەتی پاشەکشەدا بوو، بەرهەمی کوشتنی سەدان منداڵی عێراق بوو بەهۆی گەمارۆی ئابوری ئەمریکاو رۆژاواوە بەناوی دژایەتی دیکتاتۆریەت و چەکی کۆکوژ و .. تاد.
ئیسلامیەکان لەهەرشوێنێکی جیهاندا دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست یان دەسەڵاتداربن وەک لە؛ سعودیە بۆماوەی چەند سەدە، جمهوری ئیسلامی ئێران، ئێستای دەسەڵاتی ئیسلامی شیعی لەعێراق، داعش، بۆکۆحەرام لە نایجریا، شەباب لە سۆماڵ، هەمان کارو کارنامەیان ئەوەیە کە تاڵیبان لە ئەفغانستاندا دەیکات.
بۆ شکستپێهێنانی سیاسەتی ئیسلامیانە و وەحشیانەی تاڵیبان دەبێ رێگای ناڕەزایەتی ناوخۆیی و جیهانی بگیرێتەبەر، پێویستی بە هاوپشتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و یەکێتیە کرێکاریەکان و حزبە سۆشیالستەکانی جیهانە. تەنها ئەم بەرەنگاربوونەوە ئینساندۆستی و ئازادیخوازانەیە کە دەتوانێ کۆنەپەرستانی ئیسلامی دژە ژن و دژی بەشەری تاڵیبان و ئیسلامی شێعەگەرای عێراق و ئیسلامیەکان بوەستێنێ. ئەو هێزەی جەماوەر کە دوو ساڵ لەمەوبەر توانی پاشەکشە بە سیاسەتی پۆلیسی ئەخلاقی جمهوری ئیسلامی ئێران بکات و هەروەها توانی خوێندنەوەی دووەمی یاسای باری کەسێتی عێراقی بخاتە ناو زبڵدانی پەرلەمانەوە. ئەوانە نموونەی زیندوون بۆ بەرەی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی عێراق و ئەفغانستان و ناوچەکە و جیهان کە دەتوانن بەهێزی یەکگرتووی خۆیان پاشەکشە بە وەحشیترین دەسەڵات و یاسا بکەن.
٩ی سەپتێمبەری ٢٠٢٤