دواخستن یان لێبرینی موچەو حەقدەستی کرێکاران پێشێلکردنی یاسایە !!

وەستا مەهدی ڕەسوڵ

لەهەرێمی کوردستان سەدان هەزار مووچەخۆر هەیە کە بەشی هەرەزۆری مووچەو حەقدەستەکەی لەلایەن حوکمەتەوە دەدرێ، بەشێوەی یاسایی و بەپشتبەستن بە یاسا بەرکارەکان کە لەهەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێ، رێکخراون .

لەهیچ یاسایەکدا رێگەبەوە نەدراوە کە مووچەو حەقدەستی کرێکار و کارمەند و مووچەخۆر دوابخرێ وەیا لێیببردرێت، تەنها بۆ دەستەبەری کۆمەڵاتی نەبێت یان بۆ قەزرێك کە لەدادگا بریاری لێدرابێت، ئەویش رێژەی لێبرینەکەی بەجۆرێکە کە تەئسیرنەکاتە سەر ژیانی کرێکارو خێزانەکەی. لە یاساکاندا لەکۆتایی هەر بەشێکدا بەشێوەی دەقێکی روون ئەوە هاتووە کە هەرکەسێك سەرپێچی برگە و مادەکانی یاساکە بکات، سزا دەیگرێتەوە و جۆری سزاکەش دیاریکراوە .

چەندینساڵە مووچەخۆرانی کەرتی حکومی؛ واتە ئەوانەی کە حوکمەت بەرپرسە لەدانی موچەکانیان، کێشەی دواکەوتن و لێبرینی مووچەیان هەیەو ساڵ نییە چەند موچەیەکیان دوانەخرێت. ساڵ نییە هەموو مانگێك موچەکانیان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا پێبدرێت! جاری واهەیە ٦٠بۆ٩٠رۆژ مووچە نادرێ. مووچەخۆران ژیانیان دەکەوێتە حاڵەتێکەوە کە بەقەرزیش ناتوانن لانی کەمی ژیانیان دابینبکەن. زۆربەیان هەوڵئەدەن کارێكی دووەم پەیدابکەن تا پارێزگاری لەژیانیان بکەن .

چەندینجار لەرێگای مانگرتن و خۆپیشاندانەوە توانراوە حوکمەت ناچاربکرێ کە مووچەیان پێبدا و هەرچۆنێک بوبێت موچەیەك لەژێر فشارادا وەرگیراوە! ئەم حاڵەتە بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە و موچەخۆری والێکردووە کە هیچ متمانەیەکی بە حوکمەت نەمێنێ. مووچەخۆر دەبینێ کە لە بەشێك لەم وڵاتەدا موچەخۆران کێشەی دواخستن و لێبرینی مووچەیان نییە، بۆیە هێندەی تر بێئومێدی دەیانگرێ و دەگەرێن بەدوای چارەسەردا. ئاخرین شت ئەوەبوو مامۆستایانی نارازی و بەشێك لە مووچەخۆری سەر بەحوکمەت هەوڵیاندا بچنە بەغداو لەوێ سكاڵا لە حوکمەتی هەرێم بکەن. سەرئەنجام لەچوارچێوەی ململانێیەکدا کە لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا هەیە، دادگای فیدراڵی بە قازانجی مووچەخۆرانی هەرێم بڕیاری دا و حکومەتی ناوەندی بەرپرسیارکرد لە دانی مووچەی کرێکاران و کارمەندانی حکومەتی هەرێم. ئەم بڕیارە ئاهێکی هێنایەوە بە گیانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و دیسانەوە مەسەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خرایەوە ناو کێشمەکێشی سیاسی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداوە و وەکو کارتێکی فشار دوبارە بەدەستەوە گیرایەوە!

لەو ماوەیەدا بەردەوام وەفدی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ و رێکەوتن و یەکلاکردنەوەی پرسی مووچەو بەغدایان بە نەدان و دواخستنی مووچە تاوانبار کردووە. بەڵام حکومەتی ناوەندیش بە بیانووی ئەوەی لیستی ڕاستەقینەی ناوی مووچەخۆرانی ڕادەست نەکراوەو ناوی دوبارە و بندیوار لەناو لیستی موچەخۆراندا هەیەو تاد… یاخود داهاتەکان رادەستی بەغدا نەکراوە، کێشەی بۆ ناردنی مووچە دروستکردوە. ئەو دۆخە دوبارە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی مووچەخۆرانی کوردستان دژ بە حکومەتی هەرێم و ناوەندیش بەرێخستەوەو فشارەکان رووی لە هەردوو حکومەت کرد. سەرەنجام لەژێر ئەم فشارانەدا، کە هاوکات خواستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و دامەزراندن و پلەبەزرکردنەوەی فەرمانبەران بۆ ئاستی داواکاریەکان زیادکرا، کە چەند ساڵە وەکو خواستی مووچەخۆران وخانەنشینانی کوردستان دەدرێتەو ەبرووی حکومەتی هەرێمدا، ئەوەبوو بەرادەیەك حکومەتی ناوەند ناچاربوو ملکەچی هەندێ لە خوستەکان بکات. ئەوەبوو هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی کوردستان و عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەموو ئەم روداوانەی کە بەسەر مووچەخۆری ناوچەی ژێردەسەڵاتی حوکمەتی هەرێمدا هاتووە، بەرئەنجامی پێشێلکردنی یاساکانی بەرکارن و کابینەکانی پەرلەمان و حوکمەتی هەرێم بەرپرسن و بەپێی یاسا سزا دەیانگرێتەوە ،چونکە یاسایەك کە خۆیان دەبێ پارێزەری بن و جێبەجێی بکەن، خۆیان پێشێلیان کردووە!.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایە کێ و کەی و چۆن ئەو یاسایانە جێبەجێ دەکرێن !؟

خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر لەسی ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەرلەمان و کابینە یەك لەدوای یەکەکانی حوکمەتەوە بەناحەق مافیان پێشێلکراوە، لەگەڵ باقی خەڵکی عێراق نابەرابەر راگیراون، بەڵام کابینەکانی پەرلەمانی عێراق و حوکمەتەکانی ناوەندیش پشکی شێریان پێدەبڕێ لەو زوڵمەی کە لەخەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان کراوە، چونکە چ دەسەڵاتدارانی هەرێم و چ ئەوانەی بەغدا هەردولا یەك سیستمی سیاسی پەیرەودەکەن و لەسەر بنەمای موحاسەسەو بە پشتبەستن بە یەك دەستور هەیکەلی حوکمرانیەکەیان دامەزراندووە، تەوافوق لەسەر هەمو ناعەدالاتیەك دەکەن کە لەقازانجی درێژە پێدانی دەسەڵاتەکەیان بێت و هۆکارێکیش بێت بۆ کەڵەکەی سەمایە و روتاندنەوەی هەرچی زیاتری خەڵكی کرێکارو بەشمەینەت.

ئێوە بڕوانن کاتێك کە دەسەڵاتدارانی بەغداد بەتەواوەتی قاچیان نەچەقاندبوو چۆن گڵۆپی سەوزیان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵکردبوو، وە بەچ شێوەك رەواجیان دا بە پەرلەمان وحوکمەتی هەرێم. بەڵام کاتێك پێگەیان بەهێزبوو، توانییان سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەلای خۆیانا رابکێشن، بەتایبەتی دوای کۆتاییهێنان بە داعش و دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی ئابوری سەربەخۆیان وروژان، چۆن کەوتنەخۆیان و ئێستا چۆن دەیانەوێت بەرپرسیارێتی ئیداری بخەنە سەرشانی خۆیان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ملکەچ کەن بەهەر بریارێك کە بەقانجی خۆیان بێت! کەواتە ئەبێت ئەمە بۆگشت لایەك روون بێت کە هیچ کێشەیەك وە هیچ قەیرانێك لەهەرێمی کوردستان و لەعێراق ناگاتە کۆتایی و هێشتا خەڵکی موچەخۆری هەرێم و عێراقیش هەموو رۆژە بەجۆرێك قەیرانێك یەخەیان پێدەگرێ .

تەنها شتێک کە دەتوانێ کێشە ئابوری و سیاسی وکۆمەڵاتیەکانی مووچەخۆران و سەرجەم خەڵکی زەحمەتکێش و مافخوراوی هەرێم و عێراق کۆتایی پێبهێنێت، لەگرەوی ئامادەیی جەماوەری نارازی و ئازادیخوازی عێراق وکوردستاندایە. هێزێکی جەماوەری رێکخراوی سیاسی و خاوەن بەرنامەکی رۆشن و ستراتێتجێك کە ببێتە مایەی ئیستقراری سیاسی و هێنانی خۆشگوزەرانی و لێكهەڵپێکانی کۆمەڵگا لەدەوری خواستەکانیان، دەتوانێ و ئیمکانی هەیە کۆمەڵگا لەم زەلکاوەی سیستەمی فیدراڵی تایفی و ئاینی  بۆرژوازی دەربکێشێت و ئایندەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و یەکسان بخاتەبەردەم هەموو هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان

٥/٩/٢٠٢٤

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …