بڕیارە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم بڕیارەی کردۆتە مایەی ئومێدهەڵچنینی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنەدا، ئەوەیە کە گوایە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان لەدەست پارتی و یەکیەتی دەردێنن! لەکاتێکدا بەدوای ڕازیبون و گەڕانەوەی پارتی و دەستهەڵگرتنی لەبایکۆتەکەی، بەپاساوی ئەوەی کە “ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دزاینکراوە”، ئیتر ئەم هەڵبژاردنە ئەو چاوەروانیەی کە لێیدەکرا، بەقازانجی پارتی و یەکیەتی پێچەوانەکردەوە. سەردانەکانی نێچیرڤان بەرزانی بۆ بەغداو ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعیەکان و هاوکات سەردانی بۆ ئێران و وەرگرتنی گەرەنتی لەکۆماری ئیسلامی ئێران، بەوجۆرەی مەرجەکانی پارتی دابینبکرێ و فرسەتی پێبدرێت تا زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان زامن بکات، پێگەی ئەم هەڵبژاردنەی لەهەڵبژاردنێکەوە کە سەربەخۆ لەحزبە دەسەڵاتدارەکان و بەدور لەدەستوەردانیان، گۆڕی بۆ هەڵبژاردنێک کە پێشوەختە بەپێی ویست و مەرجەکانی پارتی و یەکیەتی دیزاینکرابێت.
کاتێک کە لەسەرەتادا باسی ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، بەپێی پڕوپاگەندەکان بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و بەبێ نوێنەری ئەم دوو حزبە بەڕێوەبچێت، بڕیاربوو کەمپی ئاوارەکانی سنوری دەسەڵاتەکانی یەکیتی و پارتی گەڕابنەوە شوێنی خۆیان، بڕیاربوو کورسی ” کەمینەکان”، واتە ئەو حزبانەی لەبندەستی یەکیتی و پارتیدابوون هەڵوەشێتەوە، بڕیاربوو لیستی ناوی بەشداربوان پاکبکرێتەوە وڕێگا بە تەزویر و ساختە نەدرێت، یان لانی کەم سنورداربکرێت.. بەڵام گەڕانەوەی پارتی بۆ نێو هەڵبژارادن هەموو ئەوانەی گۆڕی. ئێستا ئیتر نەک هەر کەمپی ئاوارەکان لەشوێنی خۆیاندا ماون، نەک هەر ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەبەشداری نوێنەرانی پارتی و یەکیتی لەسلێمانی و هەولێر دانراون، تەنانەت نەک هەر لیستی ناوەکان گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو بەشی کورسیەکانی تورکمان ومەسیحیەکانیان بەپێی زونی زەردو سەوز دابەش و دیاریکردووە… ئەمانە ئیتر نەک هەر جێگایەک بۆ “هەڵبژاردنێکی نۆرماڵ” ناهێڵێتەوە، بگرە دەیسەلمێنێن کە ئەم هەڵبژاردنە بەپێی بەرژەوەندیەکانی یەکیەتی و پارتی پێشوەختە دیزاینکراوە و ئەوان تێدا براوەی یەکەمن.
ئێمە وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرباری ئەوەی دوودڵیەکمان لەسەر ئەوە نەبوو کە لەسایەی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیاییدا هەڵبژاردن ناتوانێ هەڵبژاردنێکی نۆرماڵ بێت و گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لەدۆخی کوردستاندا بەدیبهێنێت، بەڵام لە سەرەتاوە بڕیاری پێشوەختمان لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن نەدا. دەرگای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنمان بەکراوەیی هێشتبوەوە و تەنانەت ناوی حزبمان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کردبوو، بۆئەوەی ئەگەر بینیمان دەرفەت هەبێت و هەڵبژاردنێکی نۆرماڵ، تەنانەت بەپێوانەی بورژوازیش لەئارادابێت، بەشداری بکەین. بەڵام بەدوای بەندوبەستەکانی پارتی و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران و لایەنە شیعەکان و لێرەشەوە لەگەڵ یەکیەتی و ئەو گوڕانکاریەی ڕوویاندا، بڕیارماندا کە ئیتر هەڵبژاردنێک لە ئارادا نیە و بەشداری ناکەین.
کرێکاران، زەحمەتکێشان خەڵکی بێبەشی کوردستان!
ئەم هەڵبژاردنە، بەپێچەوانەی بانگەشەو بەڵێنی درۆی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی، کە گوایە ئەگەر خەڵک دەنگیان پێبدات، کوردستان لەنەهامەتی و قەیرانەکانی ئیستای دەربازدەکەن و کێشەی مووچەو خزمەتگوزاریەکان و ئەو گەندەڵی و ڕاووروتەی کە هەیە چارەسەر دەکەن، تەنانەت گەنجان دەخەنە سەرکار و سەلامەتی کۆمەڵایەتی دابیندەکەن و ئەو دەستدرێژی و پەلامارە سەربازیانەی کە دەوڵەتانی ناوچەکە ڕۆژانە بۆ سەر کوردستان بەڕێیدەخەن، رادەگرن و ژیانێکی ئاسودە دابیندەکەن، هەڵبژاردن هەرگیز ناتوانێ لەبەرژەوەندی زۆرێنەی خەڵکی هەژارو برسی، ژنان و لاوان و ئەوانەی کە بۆ نانی ڕۆژ موحتاجن، گۆڕانکاریەک نە لەدۆخی ئێستاو نە لە سیستەمێکدا پێکبهێنێ کە زیاتر لە ٣٠ سالە ژیانی خەڵك دەهاڕێت. ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە دەیگۆڕێ و بەدیدەهێنێ، ئەویش لەکاتێکدا کە ئەگەر بە ئارامی و بێگرفت و شەڕ وهەرای حزبەکان و قبوڵکردنی ئەنجامەکانی تێپەڕێت، هەرئەوەیە کە”شەرعیەت” بدەنەوە بەدەسەڵاتە ناوچەییەکانی پارتی و یەکیتی لەژێرناوی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا و پێگەیەک بۆ لایەنە بورژوازیەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دابینبکات. بەواتایەکی تر مانای عەمەلی ئەم هەڵبژاردنە هەر ئەوەیە کە پارتی و یەکیەتی بۆ چوار ساڵی تر دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بەپاڵپشتی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە بەسەرسەری خەڵکی کوردستانەوە ڕادەگرن و هەژاری و بێکاری، سەرکوت و تاوان، نەبونی مووچە و خزمەتگوزاری، جیاکاری و ستەمگەری لە ژنان و مناڵان درێژە پێبدەن. هەر ئەوەیە کە بەناوی پەرەدان بە کەرتی تایبەتی شانی خۆیان لەژێر سەرەتایترین مافەکانی خەڵک دەرکێشن و هەموو سەکتەرەکانی ژیان هەراج بکەن و بیدەن بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، کە ئەمەش سەرچاوەی ڕاووڕوتی خۆیان کۆمپانیاکانیانە. بەمجۆرە خەڵکی بێبەشی کوردستان جگە لە دەردومەینەتی زیاتر و مانەوە لەچوارچیوەی هەمان ئەو ستەم و بێدەرەتانیەدا کە سی سالە درێژەی هەیە، هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.
لەڕاستیدا ئەم سیناریۆی هەڵبژاردنانەی یەکێتی و پارتی بەرپای دەکەن، هەر لە بنەڕەتەوە هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵک و مافی خەڵک و بەرژەوەندی خەڵکەوە نیە، بەڵکو پەلەقاژەیەکە بۆ سوککرنی قەیرانەکانی خۆیان و درێژەدانە بەو پشتیوانی و کۆمەکانەی کە لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیەوە بۆیان بڕاوەتەوە. بۆیە بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا کۆمەکی حزبەکانی دەسەڵات دەکات بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی لەپێشەوە داسەپاویان. کەوایە بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا مەکەن کە پەنجەمۆری ئێوە دەکاتە پشتیوانی شەرعیەتدان بەم دەسەڵاتە میلیشیاییە. بەشداری لە هەلبژاردنێکدا مەکەن کە دەسەڵاتی دوو حزبی بنەماڵەیی بەسەرسەرتانەوە دەهێڵیتەوە. تەنانەت بە پروپاگەندەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی فریومەخۆن، دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی بە هەڵبژاردن کۆتایی نایەت، بەڵکو تۆکمەتر دەبێت. ئێمە و جەماوەری ناڕازی کوردستان کە ساڵانێکە لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی و مافە سەرەتاییەکانماندا پێمانناوەتە مەیدانەوە و خەبات دەکەین، دەبێ هەر ئەم ڕێگایە درێژە پێبدەین و قوڵتری بکەینەوە. ئێمە هەڵبژاردنێکی ترمان لەپێشە، ئەویش ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە سەرتاپای سیستەمی دەسەلاتدارێتیی ئێستا. ڕێگای ئێمە دەنگدان نیە بەحزب و لیستەکان و کاندیدەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا کە ئەوپەڕەکەی دەموچاوەکان دەگۆڕێت، بەڵکو ڕێگای ئێمە هێنانەمەیدانی ناڕەزایەتیەکانمانە بۆ باشکردنی بژێویمان.
بۆرژوازی کوردو حزبەکانی ئیمتحانی خۆیان داوە، ئیتر نۆرەی بزوتنەوەی یەکپارچەو سەربەخۆی چینایەتی خۆمانە لەدژی دەسەڵات و هەموو ئەو لایەنانەی کە بەجۆرێک بەرژەوەندییان لەمانەوە و درێژەپێدانی دۆخی ئێستادایە. کەوایە نەک هەرنابێت لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەین، بەڵکو دەبێ ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان بگۆڕێن بۆ ڕۆژی هێنانەمەیدانی خواست و نارەزایەتیەکانمان، ڕۆژی یەخەگرتنی دەسەلاتداران و ڕێگەگرتن لە نمایشی فریودەرانەی هەڵبژاردنەکەیان. کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە گۆرانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە هەیە. ئەم گۆڕانکاریە لە گرەوی هاتنەمەیدانێکی ملیۆنیدایە لەدەوری ئاسۆ و بەدیلێکی شۆڕشگێرانە کە هەموو هەلومەرجی کارەساتبار و دەسەڵاتی میلیشیاکان ڕاماڵێ و دەسەڵاتێک بەرپابکات کە نوێنەرایەتی راستەوخۆی ئیرادەی خەڵک بکات و ئەو خواست و ئامانجانە دەستەبەر بکات کە ساڵانێکی زۆرە خەباتی بۆ دەکرێ و قوربانی بۆ دراوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتە ڕادەوەستێ.
٧/٩/٢٠٢٤