ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن مەلابەختیارەوە بەڕێوەدەبرێت وبەزەبری چەك داگیریان کرد. بەپێی هەوالەکان ئەم هێرشە بۆ سەر دەزگای ناوبراو بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئێستای یەکێتی، ئەنجام دراوە!.
ئەم بڕیارە سەرکوتگەرانەیە، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت بەتایبەتی کەبەدوای ئەوەدا دێت، مەلا بەختیار ماوەیەکە بەئاشکرا ڕەخنە لە یەکێتی و سەرۆکەکەی دەگرێت، ئەمەش بەڵگەیەکیتر دەخاتە بەردەست کەسەرۆک و سەرکردایەتی یەکیەتی نەباوەڕیان بەئازادی سیاسی و ڕەخەنە هەیە ونەدەتوانن تەحەمولی بچوکترین ڕای نەیارانی خۆیان بکەن.
کارنامەی یەکێتی نیشتمانی لەمێژوی خۆیدا پڕە لە پەلاماری چەکداری و سەرکوتی ئازادی سیاسی و تیرۆری نەیارانی سیاسی و جەنگخوازی دژی بەهەر حزب و گروپێکی سیاسی کە لەگەڵ بۆچون وبەرژەوەندی سەرکردایەتی یەکێتیدا نەهاتبێتەوە. کارە سەرکوتگەریەکانی بافڵ تاڵەبانیش درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەت و کارنامە قێزەونەیە کە مێژووی سیاسی یەکێتی بەرجەستە دەکات. بەڵام ئەم هەنگاوە سەرکوتگەریەی ئەم جارە کەهیچ جێگایەکی نەبۆ یاساو دادگاو نەبۆ پۆلیس و دامودەزگاکانی لێکۆلێنەوەو بەدواداچوندا نەهێشتۆتەوە، لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە یەکێتی لەقەیرانێکی قوڵدا جنگڵ دەدا و لەگەڵ بێئاسۆیی سیاسی و تەریکەوتنەوەی دیپلۆماسی و دەستەپاچە لەبەرامبەر کێشمەکێشیدا لەگەڵ پارتی و لێکترازانی ناوخۆیی و هاوکات بێزاری و ناڕەزایەتیەیەکی فراوانی جەماوەری خەڵكی بێبەشدا بەرەوروەو توانای چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و کێشانەی نیە، بۆیە پەنای بردۆتە بەر سەرکوتی بێپەردە، بەجۆرێك کە ئەم سەرکوتکردنە ریزەکانی ناوخۆی یەکیتیشی گرتۆتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەڵکوتانە سەر بنکەی دەزگای چاودێر وداخستنی، هەروەها هێرش بۆ سەر مەلا بەختیار و هاوکارانی، بە مەبەستی دەمکوتکردنی، بە کردەوەیەکی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی سیاسی دەزانێت وبەتوندی سەرکۆنەی دەکات. هاوکات داواش لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات بەشێوەی جۆراوجۆر و گونجاوی خۆیان لەدژی ئەم سەرکوتگەریە هەڵویست بگرن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هاتنەمەیدانی ڕیزی یەکپارچەی چینایەتی جەماوەری نارازی کوردستان و ئازادیخوازان، بۆ دیفاع لەژیانو ئازادی، دەتوانێ دەستی سەرکوتگەری وپەلامارەکانی دەسەڵاتداران بۆسەر ئازادیەکان لەپشتەوە ببەستێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥ ی ئەیلولی ٢٠٢٤