کۆتاییهێنان بەنەدان و دواخستنی موچە، لەگرەوی هاتنەمەیدانی فراوان و یەکگرتوانەی کرێکاران و موچەخۆرانی کوردستاندایە!

سەرەنجام پاش دواخستنی زیاتر لە٦٠ ڕۆژ، لەدانی موچە ولەچاوەڕوانیدا ڕاگرتنی موچەخۆرانی کوردستان، هەروەها پاش سەردانی چەندیدن جارەی وەفدی حکومەت و پارتی بۆ بەغداو دانی لێدوانی درۆینەی بەرپرسان، ئەمڕۆ ٢ی ئەیلۆل، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، خشتەی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی مانگی ٧ی ڕاگەیاند. ئەمە لەکاتێکدایە کەموچەی مانگی ٨ و٩ کەس نازانێ کەی وچۆن دەدرێ و کەی موچەی فەرمانبەران، لەو بێنەوبەردەو دانانی مەرج وئەو ومامەڵە سیاسیە گلاوەی کەهەردوو حوکمەتی عێراق و هەرێم بەقوت و موچەی موچەخۆرانی کوردستانەوە دەیکەن. بەڵام ئەگەر حکومەتی بەغدا هەر مانگەو بە بیانوویەکەوە کێشە بۆ مووچەی موچەخۆرانی کوردستان دروست دەکات و هۆکارەکەی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم بەوەی کەموکوڕی لە لیستی ناوی مووچەخۆراندا هەیە یاخود داهاتی هەرێم ڕادەستی بەغدا ناکەن، ئەوا ئەوە حکومەتی هەرێمە کەهیچ کاتێک ئامادەنیەو نەبووە، لەوداهاتە زۆروزەبەندەی دەستی بەسەرداگرتوە، وەڵام بە موچەی فەرمانبەران بداتەوە ولێرەشەوە ژیان و مەعیشەتی هاوڵاتیانی کوردستانی بەستۆتەوە بەوکێشەو گێژاوە سیاسیەوە کەلەگەڵ بەغدادا هەیەتی وبەمجۆرەش هەردوولا مەسەلەی موچەیان کردۆتە بابەتێکی سیاسی. کەئەنجامەکەی جگەلە بێڕیزیکردن وبرسیکردنی کرێکاران و کارمەندانی کوردستان شتێکی زیاتر نیە.

بەدڵنیایەوە بیانووەکانی حکومەتی بەغدا هیچ پاساوێکی نیە، چونکە بەپێی بڕیاری دادگا ئەوە بەرپەرسیارێتی حکومەتی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانی حکومی لە هەرێم بدات! دواخستن و نەدانی مووچەی هەرێم بەهەر بیانوویەکەوە بێت، بەپێی بڕیاری دادگاکەی خۆشیان، نایاساییە!. ئەوەی حکومەتی بەغدا دەیکات بەرامبەر بە مووچەخۆرانی حکومی لە هەرێم، سیاسەتێکی چەپەڵ و قێزەونە بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی هەرێم و زیاتر ملکەچکردنیانە بۆ دەسەڵاتی مەرکەزی. ئەوەشی کەحکومەتی هەرێم و هەردوو پارتی دەسەڵاتداریش کە دەیان ملیار دۆلار لە داهاتی خەڵكی کوردستانیان بۆخۆیان تاڵانکردوەو ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەم تاڵانیە، دەیانەوێ خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بدزنەوە و ئامادەنین لەو هەموو تاڵانیەی کردویانە ئەو کەموکورتیانەی لەبڕی پارەی نێرداو لەلایەن بەغداوە پڕبکەنەوەو ژیان هاوڵاتیانی مووچەخۆری کوردستان نەکەنە بارمتەی کێشە سیاسیەکانی نێوان خۆیان و بەغدا.

مووچەخۆرانو فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینانی کوردستان مافی خۆیانە کە بەبێ دواکەوتن و لەکاتی خۆیدا و بەبێ هیچ بیانویەکی حکومەتی ناوەند و هەرێم، مووچەکانیان بەبێ لێبڕین و بەپێی هەمان ئاستی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق پێبدرێ! هەردوو حکومەتی هەرێم  و بەغدا بەرپرسیارن بەرامبەر بە دانی مووچەکانیان و نابێ هیچ بیانوویەك لە هیچ لەلایەکیان قبوڵ بکەن. دەبێ هاوکات یەخەی هەردوو حکومەت بگرن کە دەستبەجێ مووچەی هەردوو مانگی ٧ و ٨ بدەن. دواخستن و بڕینی تاکەسەرچاوەی ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان تاوانێکی دەستئەنقەستی هەردوو حکومەتی بەغداو هەرێمە. دەبێ خەڵکی کوردستان و موچەخۆران بەیەك دەنگ دژی هەردوو حکومەتی بەغدا وهەرێم بێنەمەیدان و شەقام و ناوەندەکانی کارو وخزمەتگوزاریان لێبکەنە مەیدانی نارەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن. مێژووی چەندینساڵی پێشووی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان و عێراقیش ئەوەی سەلماندوە کە تەنها نارەزایەتی خەڵك دژ بەو دوو دەسەڵاتە تاڵانچیە دەتوانێ چۆکیان پێدابدات و دەستهەڵگرن لە سیاسەتی برسیکردنیان. کۆتاییهێنان بەنەدان و دواخستنی موچە، لەگرەوی هاتنەمەیدانی فراوان و یەکگرتوانەی کرێکاران و موچەخۆرانی کوردستاندایە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢ی ئەلولی ٢٠٢٤

Check Also

ئامانجی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق

عوسمانی حاجی مارف سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە …