تەنها چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەکێش ئەو هێزەیە کە بەر بە وێرانکاری غەززە و سیاسەتی جەنگخوازی و میلیتاریزم لە ناوچەکەدا بگرێ!

مانگرتنی سەندیکا کرێکاریەکانی ئیسرائیل بۆ فشار خستنە سەر ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی، لەپێناوی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنێك لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکان و ڕاوەستانی ئەو کوشتار و کاولکارییەی کە چەند مانگە یەخەی بە خەڵکی فەڵەستین لە غەززەدا گرتووە، وەرچەرخانێکی گەورەی کۆمەڵایەتیه‌ و هەڵکردنی چرای ئومێدێکە لەڕاستای ڕاگرتنی ئەو وەحشیگەریەی کە ناتانیاهۆ وحکومەتەکەی دەستی داوەتێ.
سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانی ئیسرائیل “ئەلهستندروت”، ڕۆژی دوو شەممە ٢٦ی ئاب، مانگرتنی سەراسەری کرێکارانی بۆ خواستی ڕاوەستانی جەنگ و دەستکردن بە دانوسان و گۆڕینەوەی بارمتەکان، ڕاگەیاند. لەلایەکی تریشەوە “ئەرتۆن بار داڤید” یەکێک لە ڕابەرانی سەندیکا کرێکاریەکانی ئیسرائیل، داوای لە کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد کە بە مانگرتنەکەوە پەیوەستبن. هاوکات وتیشی فڕۆکەخانەی بن غۆروین کە ناوەندی گواستنەوەی ئاسمانییە لە ئیسرائیل، وەک هۆشداریەک بە ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی، لە سەعات هەشتی بەیانیەوە بە کاتی ئیسرائیل، دادەخرێ. هەر لەم پەیوەندەدا کۆمەڵەی پیشەسازی ئیسرائیل، ڕایانگەیاند هاوپشتی لە ڕێکخستنی مانگرتنەکە دەکەن و ڕەخنەش لە حوکمەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن کە سەرکەوتوو نەبووە لە گێڕانەوەی بارمتەکان و ئەم مانگرتنەشیان بە ئەرکێکی ئەخڵاقی وەسف کرد. هاوکات “مۆقال رۆن تۆمەر” سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازی ئەڵێ “بەبێ گەڕانەوەی بارمتەکان ناتوانین کۆتایی بە جەنگ بهێنین و ناشتوانین کۆمەڵگه‌کەمان ڕێکبخەینەوە.. ئێمە پەرتەوازە بووین و دابەش بوین بۆیە بەڵای جەنگ و کوشتار یەخەی پێگرتووین”. وتیشی ”ئەم جوڵانەوەیە کە شەقامەکانی تەلئەبیبی گرتۆته‌وە ئەو سەنگه‌ره‌ی یەکگرتنی خەڵکی ئیسرائیلە لە دژی دەسەلاتداران”. بەمجۆرەش گەڕانەوەی تەرمی بارمتە ئیسرائیلیەکان، بۆتە هۆی کڵپە سەندنی شەقامەکانی تەلەئەبیب و خۆپیشاندانی ملیۆنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بۆ خواستی ڕاگرتنی جەنگ و گەڕانەوەی بارمتەکان. ئه‌م خۆیشاندانانه‌ هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەراسەری کرێکاراندا، لە بەرامبەر ناتانیاهۆ وحکومەتەکەیدا، پێینایە مەیدانەوە.
بێگومان هاتنەمەیدانی چینی کرێکار لە ئیسرائیل، لەدژی سیاسەتی جەنگخوازی و ئەو وەحشیگەریەی کە حکومەتە فاشیستیەکەی نەتانیاهۆ گرتویەتیەبەر، لاپەرەیەکی تازە لەو دۆخەدا هەڵدەداتەوە کە ناتانیاهۆ وحکومەتەکەی بە پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژائاوا، بەسەر خەڵکی فەڵەستین و ناوچەکەدا دایانسەپاندووە. تەنها خه‌باتی هاوبه‌شی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەکێش له‌ ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ نەک هەر بەر بە وێرانکاری غەززە و سیاسەتی جەنگخوازی و میلیتاریزم لە ناوچەکەدا بگرێ، بەڵکو دەرگا لەبەردەم هەموو ئەو هێز و دەوڵەتە کۆنەپەرستانەشدا دابخات کە دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان مەسەلەی ڕه‌وای خەڵکی فەڵەستین به‌كاربهێنن و لە کایەی سیاسی خۆیاندا بیخنکێنن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە تەواوی تواناوە پشتگیری لەم خەبات و تێکۆشانەی کرێکارانی ئیسرائیل دەکات و هاوکات بانگەوازی کرێکارانی کوردستان و ناوچەکە دەکات کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئیسرائیل لەم خەباتەیاندا بە تەنها جێنەهێڵن و بە شێوازی خۆیان پشتگیری بکەن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢/٩/٢٠٢٤

Check Also

ئامانجی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق

عوسمانی حاجی مارف سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە …