رێبوار ئەحمەد
ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە یاساکانی باری کەسێتی کە لایەنە ئیسلامیە شیعەکان هەوڵی بۆ دەدەن، بەتایبەت بۆ ڕەواجدان بە چەندژنە و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچانی (٩) ساڵان، کە لە پەرلەمانیعێراق یەکەم خوێندنەوەی بۆ کراوە، سەودایەکی سیاسی زۆر چەپەڵ و ترسناک لەپشتیەوە خۆی مەڵاس داوە. لایەنە ئیسلامیە شیعەکان کە خەونیان ئەوەیە جمهوریەکی ئیسلامی لە عێراقدا بەرپابکەن، ئەوەندە ئەم پرۆژەیەیان بۆ گرنگە، کە ئامادەن لەپێناویدا بەخشیش بە ناسیۆنالیستە کورد و عەرەبە سەوداگەرەچڵێس و بێپرەنسیپەکان بدەن. بێگومان ئەوەش دەزانن کە بەخشیش و سەرقوفڵانە دەتوانێ ڕەزامەندی ئەم دووجەمسەرە بۆ کۆنەپەرستانەترین پرۆژە وەرگرێت. چونکە ئەو لایەنانە تەنها مەرام و بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر بێت،وە ئەگەر مشتەریان دەست کەوێت، نەک چارەنوسی دەیان ملیۆن هاوڵاتی، تەنانەت ئامادەن پیرۆزیەکانی خۆشیان لە بازاڕی سیاسەتدا هەڕاج بکەن. لایەنە شیعەکان ستراتیژێکی زۆر کۆنەپەرستانە و زۆر ڕونیان هەیە. دەیانەوێ لەڕێگای گۆڕینی هەنگاو بەهەنگاوی دەستور و یاساکانەوە سیستەمێکی سیاسی ئیسلامی شیعە لە عێراقدا بەرپابکەن. ئەگەر ئەمەیان بۆ بچێتەسەر،کۆمەڵگەی عێراق راپێچی ناو تاریکستانێک دەبێت کە ئەوەی مانای ماف و ئازادی و خۆشبەختیە، نەک هەر بۆ ژنان و منداڵان، بەڵکو بۆ هیچ هاوڵاتیەک نامێنێتەوە. ئەمە ئامانجێکە کە لایەنە شیعەکان نایشارنەوە و بەهەموو عەیب و عارێکیەوە بەرگری لێدەکەن وڕایدەگەیەنن.هەرچی دوو جەمسەرەکەی دیکەی ناو پەرلەمان و دەسەلاتی سیاسی عێراقە، واتە ناسیۆنالیستی کورد و لایەنی عەرەبی سونە، لەگەڵ ئەوەی کە دیارە کێشەیەکی مەبدەئیان لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا نیە،تا ڕادەیەکی زۆر بێ ئاسۆن و بەنرخی ڕۆژ ناندەخۆن، بەدوای بەرژەوەندی تەسکی ڕۆژانە و کورتماوەی خۆیانەوەن وچاویان لەوەیە کە ئەگەر واژۆی خۆیان بدەن بەم پرۆژەیە، چییان دەست دەکەوێت! بۆیە هەڵویستیان شایانی تێڕامانە.
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە لەوکاتەوە ئەم باسە هاتوەتە ئاراوە، بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیەکی فراوان لەدژی خۆینواندوە. چەندین خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاوازەکانی عێراق و کوردستان و دەرەروەی ووڵات ئەنجام دراوە، یان هەوڵی ئەنجامدانی دراوە. بەڵام لەجیاتی ئەوەی گوێیان بۆ بگیرێ و وەڵامی داخوازیەکانیان بدرێتەوە، لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەتایبەت لە کوردستان رێگایان لێگیراوە. جگە لەوانە چەندین ڕاگەیاندن و یاداشتی ناڕەزایەتی لەلایەن دەیان و سەدان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی ژنان و لایەنگرانی مافەکانی ژنان و لایەن و ڕێکخراوەی جۆراوجۆرەوە بڵاوکراوەتەوە. لەبەرامبەر گشت ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیە، تا ئەو جێگایەی بە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەگەڕێتەوە، لەوە زیاتر ڕۆیشتون کە تەنها بەبێدەنگی وەکو نیشانەی ڕازیبوون، هەڵوێستیان نواندبێت، بەڵکو لە شارەکانی کوردستاندا فەزایەکی قورسی سەرکوت و تۆقاندنیان بەرپاکردوە و کۆبونەوە و ڕێپێوان و تەنانەت سیمینار و کۆنگرەی رۆژنامەگەریشیان قاچاغ کردوە. یەکێتی و پارتی دەزگاکانی سەرکوتیان تەیار و ئامادە کردوە بۆ بەرگرتن لە هەرجۆرە چالاکیەک کە بەتایبەتی دژی ئەم پلانە چەپەڵە بەڕێوەببرێت و ببێتە هۆی تێکدانی بازاڕی سەوداکەیان. ڕێنمایی زۆر تایبەتیان بە هەموو هۆڵەکان و جێگاکانی کۆبونەوە داوە و هەرچاوێکیان کردوە بە دوان بۆ تاقیبی هەموو جموجۆڵێکی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و لایەنگرانی مافەکانی ژنان. ئەم دوو حزبە سەوداگەر وداشۆراوە لە هەر پرەنسیپێکی سیاسی و مەدەنیکە هەرکات بەرژەوەندییان بخوازێ، ڕیاکارانە باسی مافەکانی ژنان و تەنانەت لەو ڕیاکاریەدا داهێنانی لەبابەت “وەکو یەکی ژن و پیاو”یان کردوە، ڕەزیلانە لەبەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایانەدا لە پەرلەمان، دەستیان بۆ پارە و چەند ئیمتیازی سیاسی پروپوچ پانکردوەتەوە. ئەم دوو حزبە کە تاڵانکردنی هەموو سەروەت و داهاتی کوردستان چاویانی تێرنەکردوە و تەنانەت زەوی ژێرپێی هاوڵاتیانیان خستوەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن، ئێستاش دەیانەوێ سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانی ژنان و منداڵان هەرزانفرۆش بکەن. نهێنی پشتی بێدەنگی ئەم دوو حزبە و داخستنی مەیدان بەڕووی هەڵسوڕانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و یەکسانیخوازان لە کوردستان دژی ئەم یاسا بەربەریە، ئەوەیە کە گفتیان داوە لەپشت تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە چەپەڵە ڕاوەستن، بەو مەرجەی لایەنە شیعەکان لە پەیوەند بە مەسەلەی بودجە و “هەژماری من” و چەند ئیمتیازی سیاسی پووچدا دەستگیرۆییان بکەن. ئەگەر ئەم رێگای ساتوسەودایە بەڕوویاندا دانەخرێت، ئەمانە باکیان نیە کە ساڵ بە ساڵ، هەرجارەی لەبەرامبەر کۆمەڵێک ئیمتیازی لەم بابەتەدا، یەک بە یەکی مافە مەدەنیەکانی خەڵک بفرۆشن. بێگومان لایەنە ئیسلامیە شیعەکانیش کە داهاتی سەرسامهێنەری نەوتیان لە بەردەستدایە، کۆدی ئەم دووحزبە دەزانن بۆئەوەی بیانکەن بە پاشکۆی خۆیان بۆ بەرپاکردنی جمهوریەکی بەربەری ئیسلامی لە عێراق.
هەرچی لایەنە ناسیۆنالیستە عەرەب و ئیسلامیە سونیەکانیشە، ئامادەن بچنە ناو هەمان سەودای سیاسی پیس و چەپەڵەوە لەپێناو ئیمتیازاتێکی سەخیفتردا! ئەوان چەندین ساڵە بازاڕی سیاسەتیان بۆ ئەوە گەرمکردوە کە یاسای لێبوردنی گشتی دەرچێت بەمەرجێک هەموو بەعسیە کۆنەکان بگرێتەوە. ئەم کۆنە بەعسیانە کە کەم و زۆر دەستیان پیسە بە تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی فاشیست، لای ئیسلامی سونە و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان ئەوەندە ئازیز و خاوون ڕێز و پێگەی بەرزن، کە ئامادەن لەپێناویاندا چارەنوسی هەموو هاوڵاتیانی بێبەش بکەن بە قوربانی.هەرچەندە خودی چەندژنە و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان، خۆیان بەدەرنیین لە نەرێتی ئەم جەمسەرە ناسیۆنال-ئیسلامیە، بەڵام ئێستا بۆ ئەوان وەکو ئەوە وایە کە بە تیرێك دوو نیشان بشکێنن. هەم نەرێتە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان بکەن بە یاسا و هەم یاسای لێبوردن بۆ برا ئازیزە بەعسیەکانیان مسۆگەر بکەن! بەڕاستی جێگای تێڕامانە، ڕژێمی بەعسی فاشیست و خوێنڕێژ کە ٣٥ ساڵ قەتلوعامی خەڵکی کرد و هیچ کارەساتێک نەما بەسەر ئەم خەڵکەی نەهێنێ، ئێستا دارودەستەکەی کە شایانی ئەوەن لە دادگایەکی عادلانەدا دادگایی بکرێن و سزای تاوانە بێشومارەکانیان وەرگرن، کەچی ئەوەندە ئازیزکراون، کە سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی عێراق بەتایبەتی ژنان و منداڵان دەکرێت بە فیدایان.
نەفرەت لەودەسەڵات و پرۆسە سیاسیەی کە لەڕێگای داگیرکردن و نابوتکردنی کۆمەڵگەی عێراقەوە ئەم کۆمەڵگەیەی خستوەتە نێوان بەرداشی ئەم سێ جەمسەرە تاوانکار و کۆنەپەرستەوە. نوێنەرانی ئەم سێ جەمسەرە کە گوایە وەکو نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خەڵکی “شیعە و سونە و کورد” ڕەوانەی ناو پەرلەمان کراون، لەکاتێکدا ئەم خەڵکە بێدەرەتان و بەشمەینەتە بەدەست سەدویەک دەرد ومەینەت و نەداریەوە داناڵێنن، ئەم جەنابانە لەجیاتی چارەسەری ئەو هەموو دەرد ومەینەتە، چ وەکو فرۆشیار و چ وەکو کڕیار،بازاڕیان بۆ هەڕاجکردنی سەرەتاییترین مافەکانی ئەم خەڵکە گەرمکردوە.جەمسەری شیعە کە پلانی خۆی هەیە بۆ بەرپاکردنی سیستەمی خۆی و بەبەرنامەوە کاری بۆ دەکات، لەسایەی ئەو سیستەمەدا نە تەنیا ژنان و منداڵان، بەڵکو هیچ خۆشی و ماف و بەختەوەریەک بۆ هیچ هاوڵاتیەک ناهێڵێتەوە. هاوڵاتیانی “شیعە مەزهەب” کە گوایە لەلایەن ئەم جەمسەرەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، دەبێ لەجیاتی ئازادی و نان و خزمەتگوزاری،چاوەڕوانی ئەوەبن کە تەنانەت لە گوفتاریشدائەم دەستەواژانەیان لێ قاچاغ بکرێت و لەجیاتی هەموو ئەمانە تاریکستانی ئیسلامی و فەسادخانە و کۆیلایەتی حەڵاڵ و یاساییان بۆ دەستبەردەکرێت! ئەم جەمسەرەلەم پێناوەدا و لەسەر حیسابی خەڵکی عێراق، هەر ئیمتیازێکیش بدات بە دوو جەمسەرەکەی تر، کاتیە و ئەگەر سیستەمی دڵخوازی خۆی بەرپاکرد، دانە دانە ئەو ئیمتیازانە لە کونەلوتیان دەردەهێنێتەوە.بەڵام دوو جەمسەرەکەی تر؛ ناسیۆنالیستە عەرەبە سونەکانکە گوایە نوێنەرایەتی خەڵکی “عەرەبی سونە” دەکەن، لەجیاتی شەڕ لەپێناو مافەکانی ئەو خەڵکەی کە تائێستا نیوەیان هەر ئاوارەی کوردستانن، ئەوانەشیان کە لەشار و ناوچەکانی خۆیان دەژین، لەناو وێرانەی بێبەش لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری و لەوپەڕی بێمافیدا ژیانی کولەمەرگی بەسەر دەبەن، کەچیئازادیی کۆنە بەعسیەکانیان کردوە بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان. خەڵکی “سونە” دەبێ لەجیاتی نان و ئاو و خزمەتگوزاری و ماف، بە ئازادیی کۆنەبەعسیەکان دڵنەوایی خۆیان بکەن. ناسیۆنالیستە کوردەکانیش کە گوایە نوێنەرایەتی خەڵکی “کورد” دەکەن، لەجیاتی شەڕ لەسەر مافەکانی ئەم خەڵکە لە مووچە و خزمەتگوزاری و تەنانەت راگرتنی تەعریب و ئەو شتەی خۆیان ناویان ناوە “کوردایەتی و ناوچە داگیرکراوەکان”، بەدوای ئەوەوەن کە لەپای ڕاوەستان لەپشت ئەم پرۆژە یاسا چەپەڵەوە، “هەژماری من” و چەند ئیمتیازی سیاسی بۆ خۆیان بپچڕن.لەکاتێکدا پرۆژەی “هەژماری من” نەک هیچ دەسکەوت وبەرژەوەندیەکی خەڵکی کوردستانی تیا نیە، بەڵکو لەڕاستیداپلان و ڕایەڵەیەکی ترە بۆئەوەی خەڵک بکەن بە پاشکۆی خۆیان و نان و ئاوی ئەم خەڵکە زیاتر لەئێستا بە بارمتەبگرن و بیخەنە گرەوی دەستەمۆیی بۆ خۆیان! یان مەسەلەی بە پارێزگاربونی هەڵەبجەیان مەبەستە کە دیسان جگە لە ئیمتیازی سیاسی و ماددی بۆ خۆیان هیچ دەسکەوت و بەرژەوەندیەکی خەڵکی تیا نیە، وەکو ئەوەی پارێزگابونی سلێمانی و هەولێر و دهۆک گەلێک دەسکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر کردبێت!
بەکورتی ئەوەی لەئارادایە پلان و سەودایەکی سیاسی لەڕادەبەدر قێزەون و کۆنەپەرستانەیە. هەر سەرێکی ئەم سێ گۆشەیە دەیەوێ لەسەر حیسابی خەڵکی ژێردەسەڵاتی خۆی و وابەستەکردنی زیاتری ئەو خەڵکە بەخۆیەوە، بەشی خۆی لەم سەودایە مسۆگەر بکات. ئەم پلانە ڕیسوایە ئەمڕۆ دەتوانرێت بەری پێ بگیرێ و ناکام بکرێتەوە، بەڵام بەیانی درەنگە و دووبەیانی ئەستەمە. بەشکستکێشانی ئەم پلانە و هەموو جەمسەرەکانی، لەگرەوی خرۆشانی شەقامی هەموو شارەکان و کاردانەوەی توندی هەموو ئەو لایەن و ڕێکخراوە و دامەزراوانەدایە کە خۆیان بەلایەنگری مافەکانی ژنان و منداڵان و ئازادی و تەنانەت مەدەنیەتی کۆمەڵگە دەزانن. خەڵکی عێراق لەم نەبەرد و تەحەدایەدا بەتەنها نیە، ڕای گشتی ئازادیخوازی جیهان و بزوتنەوەی ژنان و رێکخراوە کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخوازەکانیان لەگەڵدایە. بەڵام لە پێشدا دەبێ ئەم دەنگی ناڕەزایەتیەی خەڵکی عێراق ئەوەندە بەرز و بەهێز بێت کە خەڵکی هەموو جیهان بیبیستن بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بێن.
٢٢/٨/٢٠٢٤
ڕێبوار ئەحمەد