موحسین کەریم
تیرۆری دوو رۆژنامەنووس لەلایەن درۆنێکی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە لە نزیك شارۆچکەی سەیدسادق، قوڵایی و ئاستی فراوانی ئەو مەترسیانە دەخاتەڕوو کە رووبەرووی خەڵکی کوردستانی عێراق دەبێتەوە، لەژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی حزبەکانی کوردایەتیدا.
هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، پارتی و یەکێتی، خاوەنی دەیان هەزار چەکدار و هێزی سەربازی و ئاسایشن. خاوەنی دەیان هەزار جۆرە چەکی سووک و قورسن، ملیۆنەها دۆلار لەداهاتی خەڵکی کوردستان دەکەن بە گەرووی دەزگای سەربازی و جاسوسی و هێزەکانیاندا، بەڵام لەبەرامبەر پاراستنی خەڵکی کوردستاندا لە هەر هەڕەشەیەکی دەوڵەتانی ناوچەکە و عێراق، نەك هەر هیچکارەن، بەڵکو بگرە لە خزمەتی ئەوانداو دژ بەیەکتری و دژ بە هێزە سیاسیە “هاوخوێنەکانیان” لە ئێران وتورکیا بەکاریان هێناون! ئەگەر ئەو هێز و توانا سەربازی و مرۆییەی ئەوان هەیانە، هەر حزبێکی دیکە و هەر هێزێکی سیاسی دیکە هەیبوایە، کە ئامانج و بەرژەوەندیە سیاسیەکان لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستاندا هاوجوت و یەکسان بوایە، بێگومان و بە دڵنیاییەوە نەك ئێستا سوپای تورکیا نەیدەتوانی لەناو هەرێمدا دەیان بنکەی سەربازی و جاسوسی دابنێت، نەك نەیدەتوانی سوپاکەی لە دهۆک و بادینان خاڵی پشکنین دابنێن، نەك ئێرانیش نەیدەتوانی پاسدار بنێرێتە سەر هێزە سیاسیە نەیارەکانی لە هەرێم و نەیدەتوانی موشەکبارانی شارەکانی کوردستان بکات و داوای ناردنی ئەندامانی ئەو حزبانە بۆ ناو کەمپی پەنابەری و رادەستکردنەوەی سەرکردەکانیان بکات، بەڵکو هیچکام لە تورکیاو ئێران نەیاندەتوانی بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ بەربەست لەناو قوڵایی شارەکانی هەرێمدا ئەندامانی سەر بە هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکان تیرۆر بکەن!
بەڵام بەپێچەوانەوە، لەژێرسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، کە هەریەکەیان خۆیان بە یەکێك لەو وولاتانەوە گریداوەتەوەو بەرژەوەندی سیاسی و دارایی و مانەوەی خۆیان لەخۆشخزمەتی بۆئەواندا دەبیننەوە، ئیتر کوردستانی عێراق بووتە ناوچەیەکی نائارام و ترسناك بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ هەڵسوڕاوانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو دەوڵەتە کۆنەپەرست و شۆڤێنی و فاشیستە. بست بە بستی هەرێمی کوردستان و ئاسمانەکەی بوەتە مەیدانی تەراتێنی باندە جاسوسی و تیرۆریستەکان و درۆنە ئاراستەکراوەکان بۆ تیرۆری ئەندامانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو دوو ولاتە، بەتایبەتی هێزە کوردیەکان، کە لەژێر هەڕەشەی گرتن و زیندانی و کوشتندا پەنا بۆ کوردستانی عێراق دەهێنن، بەو ئومێدەی کە لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردایەتیەوە ژیانیان پارێزراو بێت، کەچی بەهێمنی و خوێنساردانە لەلایەن دەزگا جاسوسیەکانی ئەو دوو دەوڵەتەوە دروێنە دەکرێن!
ئەوەی کە ئێران و تورکیا بەوڕادەیە کۆنترۆڵیان بەسەر کوردستانی عێراقدا هەیە، کە ئێران دەتوانێ هێزە سیاسیەکانی نەیاری خۆی بەپشتیوانی حکومەتی هەرێم ڕەوانەی کەمپی پەنابەران بکات و هەڵسوڕانی سیاسیان لێ قەدەغە بکات و تورکیاش بەوجۆرە بنکەی سەربازی لەناو هەرێمدا جێگیربکات و لەشکرکێشی بۆناو شارەکان بکات و لە دورترین ناوچەی کوردستانی عێراقەوە بە درۆن چالاکوانی سیاسی نەیاری خۆی تیرۆربکات، مانای ئەوەیە کە بەر لەوەی پەلامار و مەترسیەکە بۆسەر ئۆپۆزیسۆنی سیاسی دژ بەو دوو دەوڵەتە بێت، لەژێرپێنانی ئیرادەو بڕیاری سیاسی خەڵکی کوردستانە لەلایەن ئەو دوو دەوڵەتەوە! مانای زاڵکردن و سەپاندنی بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتی ئەو دوو دەوڵەتە کۆنەپەرست و فاشیستەیە بەسەر خەڵکی کوردستانی عێراقیشدا.
بێگومان خەڵکی کوردستان کە ساڵانێکی زۆر دژی رژێمێکی دڕندەی وەکو بەعس خەباتی کردوەو قوربانی داوە بۆ ئازادی، هەمان مافی بەرەنگاری و خەبات بۆ خەڵکی ئازادیخواز وستەملێکراوی تورکیاو ئێران بە ڕەوا دەزانێ و باوەش بۆ ئەوانەیان دەکاتەوە کە بەهۆی ئەو چالاکیانەوە رووبەرووی راونان و ئاوارەبوون و پەنابردن بۆ کوردستانی عێراق بوونەتەوە. بەڵام کاتێك پارتی و یەکێتی پاکانەی تاوانەکانی ئەو دوو دەوڵەتە بەرامبەر بە نەیارانی سیاسی خۆیان دەکەن، ئەوا ڕێك بەپێچەوانەی هەڵویستی خەڵکی کوردستانی عێراقەوە هەڵسوکەوت دەکەن و دەبنە خزمەتکارێکی دڵسۆزی ئەو دوو رژێمە تاوانبارو دڕندەیە. دەبنە نوێنەرو جێبەجێکاری پیلان و سیاسەتەکانی ئەوان دژ بە خەڵکی کوردستانی عێراق و خەڵکی کوردزمان لە هەریەکە لە تورکیا و ئێراندا!
ئایا پارتی بەوەی کە دەڵێت ئەوانەی تیرۆرکراون چەکدار و بەرپرسی پەکەکەن و بەوجۆرە پاکانە بۆ ئەو تاوانە قێزەونەی تورکیا دەکات، یاخود یەکێتی بەوەی کە تەنها بە سەرکۆنەکردنی تاوانەکە ئەیەوێ ئەستۆپاکی خۆی بەیان بکات، دەیانەوێ چی پەیامێک بە خەڵكی کوردستان بدەن؟ ئایا دەیانەوێ بەوجۆرە خۆیان لەو بەرپرسیارێتیە سیاسیە بدزنەوە کە وەکو دەسەڵاتێك بەرامبەر بە ژیان و ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ژیان و ئارامی ئەندامانی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی نیشتەجێی کوردستانی عێراق دەکەوێتە سەرشانیان!؟ ئەگەر وایە ئیتر بۆچی هەن و ئەو هەموو هێزە چەکدار و دەزگای ئاسایش و دژەتیرۆرو کۆماندۆ و …تاد. یان بۆچیە؟ بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی سامان و ڤێلاو کۆمپانیاکانتان و ژیانی شاهانەو شەوە سورەکانتان!؟