دانوسانی حەماس و ئیسرائیل بۆ راوەستانی شەر لە ئەڵقەیەکی داخراودا!

وەستا مەهدی ڕەسوڵ

 ناوبژیوانە عەرەبی و ئەمریکیەکان دەڵێن زۆری نەماوە بگەین بە رێککەوتن بۆ راوەستانی شەر لەغەزە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە بزوتنەوەی حەماس لە هێرشی ٧ ی ئۆکتۆبەر دەستبەسەری کردون ، ئەمە لەکاتێکدا ئەم دانوسانە ماوەی مانگێکە درێژەی هەیەو هەرجارەو بەهۆکارێك بەهیچ ئاکامێك ناگات!

بایەخی دانوسانەکە بۆ ئەمریکا دوای ئەوەی کە حزبواللەی لوبنانی و ئێران هەرەشەی تۆڵە سەندنەوەیان کرد بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شکر، زیاتر رەواجی پەیداکرد، چونکە ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە شەرەکە فراوان بێتەوە و ببێتە شەرێکی گەورەی ناوچەیی، کە ئەوسەری دیارنیە بەکوێ دەگات. ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەمریکا نیە.

دوای دوو رۆژ لە دانوسان لە وڵاتی قەتەر، وەفدی ئەمریکاو ئیسرائیل کەمێك ئارام بون، بەڵام وەفدی بزوتنەوەی حەماس هیچ دڵخۆش نەبون بەو پێشنیارانەی خرایە بەردەستیان، چونکە پێیانوابوو کە لەئاسی چاوەڕوانیەکانی ئەواندا نیە و ئیسرائیل و ئەمریکا هەرجارەو بەجۆرێك پێشنیارەکانیان دەگۆڕن! هاوکات ئیسرائیل رۆژی یەكشەمەرێکەوتی ١٨ی ئاب، وەفدێکی ناردووە بۆ قاهیرە کە واچاوەروان دەکرێ گێمێکی تر لە دانوسان لەسەرئاستی باڵا لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا ئەنجامبدرێ .

ئەمریکیەکان زۆر دڵخۆش نین بە ڕەوتی چوونەپێشەوەی گفتوگۆکان و ئیسرائیلیەکانیش دەستی دەستی دەکەن. بێگومان چاوەڕوانیەکانی حەماس ئەوەیە کە ئاگربەست بەشێوەیەکی بەردەوام بێت و هێزەکانی ئیسرائیل غەززە بەجێبهێڵن و ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیە فەلەستینیەکان ئازاد بکرێن، بەرامبەر بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان کە لای حەماس دەستبەسەرن بە ئومیدی ئەوەی دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەر. بەڵام بێگومان ئیسرائیل ئاگربەست و رێکەوتنەکە وەکو دەرفەتێك تەماشا دەکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس، و بەهیچ شێوەیەك ڕازی نیە کە حەماس جارێکی دیکە کۆنترۆڵی غەززە بکاتەوە. ئەوە بۆ ئیسرائیل مانای شکستتێکی سیاسی گەورەیەو حکومەتی نەتانیاهۆ بەهیچ جۆرێك بەوە قایل نابێت. بۆیە گەیشتنی حەماس و ئیسرائیل بە رێککەوتن کارێکی یەجگار سەخت و دژوارە!

دەکرێ راوەستانی ئەم جەنگە خوێناویە کە لەمێژوی سەرهەڵدانی کێشەی ئیسرائیل فەلەستینەوە کەم وێنەوە بووە بەرێکەوتن لەنێوان حەماس ئیسرائیل راوەستێ و تا ماوەك ناوچەکە ئارام بێتەوە، بەڵام کێشەکە لەجێگای خۆیدا دەمێنێتەوە. لەم جەنگەدا خەڵکی فەلەستین زیاتر لە ٤٠هەزار کەسی کوژراوە و زۆربەی دانیشتوانی غەزەش ئاوارەبون و لەژێر چاردا ژیان دەکەن. زۆربەی بیناو خانوەکان و دامەزراوەکان و رێگاوبانەکانی غەزسە وێران و کاوڵ بوون. ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەجۆرێك کە بۆ نیشتەجێبوون بگونجێت، دەیان ملیار دۆلاری دەوێت، کە ئەمەش کارێکی یەخگار سەختەو هاوکات سارێژکردنی برینی ئەو هەمو قوربانیە بەهیچ جۆرێك مومکین نیە.

حەماس نەتەنیاهۆ تاوانباردەکات بە رێگر لەبەردەم رێکەوتندا بەوەی کە دەیەوێ هەموو مەرجەکانی خۆی بەسەر حەماسدا بسەپێنێ. ئیسرائیلیش کە لەهێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماسدا ١٢٠٠ کوژراوی مەدەنی و سەربازی و ٢٥٠ بارمەتەی هەیەو هەتا ئێستاش نزیکەی ١١٠ کەسی مەدەنی ئیسرائیلی بارمتەن لای حەماس، نایەوێ کە ڕێکەوتنی لەگەڵ حەماس وەکو شکستی سیاسی بۆی تەواو بێت، بۆیە نایەوێ لە خواستەکانی خۆی بێتەخوارەوەو بەردەوامە لە هێرشەکان و تاوانەکانی لە غەززەو دەیەوێ حەماس ناچاربکات مل بە داواکاریەکان ومەرجەکانی بدات. لەولاشەوە حزبواللەی لوبنانیش کە بەوەکالەت شەر بۆ ئێران دەکات تێوەگلاوەو ئەویش بەردەوام موشەکبارانی ئیسرائیل دەکات و ئەوەندەی تر ئاگری جەنگەکە خۆش دەکات و هەرەشەی هێرشی فراوان دەکات بۆسەر ئیسرائیل، سەرەرای حزبواللە، هەندێ گروپی تری سەر بەئێران لە عێراق و سوریا و یەمەن دەخاڵەتیان کردووەو خۆیان بەهاوپشتی حەماس دەزانن .

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبونەتەوە، ناوبژیوانان پێشنیارێکیان خستەوەتە بەردەم حەماس کە بە سێجار بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر بە ئازادکردنی بەندکراوەکانی فەلەستین کە ئیسرائیل زیندانیکردون. بایدن ئەم پێشنیارەی دانوسانکارانی تەئیدکرد و مەجلیسی ئەمنیش بریاریدا، بەڵام حەماس پێشنیاری تەعدیلاتی کردو ئیسرائیلیش داوای رونکردنەوە دەکات! ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە کە ئەم دانوسانە بۆ ئازادکردنی دیلەکانی بێت لای حەماس و هیچی دیکە. ئەو نایەوێ دوای کۆتاییهاتنی ئەم رێکەوتننامەیە، دانوسان لەگەڵ حەماس بکات بۆ هێورکردنەوەو ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ئەم کێشمەکێشە کە بۆتە مایەی هەراسانکردنی خەڵکی مەدەنی لە ئیسرائیل و فەلەستین و ژیان و گوزەرانی لێتێکداون و هەزاران کەس لەهەردولا کوژراون، هیچ زەمانەتێك هەیە بۆئەوەی جارێکیتر دوبارە نەبێتەوە، یان هەرکاتێك وەزعەکە بەدڵیان نەبوو دوبارە شەردەست پێدەکاتەوە!؟ ئەم کێشەیە بەڕادەیەك ئاڵۆزە کە  چارەسەری بەو سادەییە نابێت! بەدرێژایی دامەزراندنی ئیسرائیل وەك دەوڵەتێك کێشەی ئیسرائیل فەلەستین وەك وەرەقەیەك لەدەستی ئەمریکاو زلهێزەکانەو هەرجارەو بەسیناریۆیەك دێتەوەپێش. ئیسرائیل ملنادات بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، بۆیە کێشەی فەلەستین و ئەمجۆرە ململانێ چەکداری و شەڕ و وێرانکاریە ناوبەناو سەرهەڵدەداتەوە و قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنی فەلەستین و کاولبوونی ماڵوحاڵیان دەبێ، لەگەڵ تیرۆرو نائارامی بۆ خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل !

پێش روداوی ٧ی ئۆکتۆبەر، پرۆسەی دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوری لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەدا بەرەو ئەوە دەچوو بەبێ چارەسەری مەسەلەی فەلەستین، بەسەرەنجام بگات. ئەمریکاش ئەوەی دەویست. بەڵام ئەو کردەوەیەی حەماس ئەو مەسەلەیەی تووشی ڕاوەستان و شکست کرد. بەهۆی تاوانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین و جینۆسایدی خەڵکی غەززە، تەنانەت پرسی فەلەستین، کە لەئاستی رەسمیدا خەریک بوو لەبیردەبرایەوە، دوبارە هاتەوە ناو ویژدانی ملیۆنەها مرۆڤی ئازادیخواز لەسەراسەری جیهان و بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپادا. بەجۆرێك کە ئەو فشارە نەك هەر چەندین دەوڵەتی دیکەی ئەوروپی هێنایەسەر ئەوەی دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن، بەڵکو پرسی داگاییکردنی نەتانیاهۆ وەکو تاوانباری جەنگ چووە ناو بەرنامەی کاری دادگای دادی نێودەوڵەتیەوە! تەنانەت ئەمریکا ناچاربووە باسی ئەوە بکات کە کاتی ئەو ە هاتووە فەلەستینیەکانیش بە مافی خۆیان بگەن!!

بەڵام بێگومان ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ لەرێگای ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانەوە، بە مەرجی ئەوەی کە دەسەڵاتی غەززە لەلایەن رێکخراوی فەتح ەوە نەك حەماسەوە بەڕێوەببرێت، هەم کۆتایی بە بوونی و دەسەڵاتی حەمسان بهێنن و هەم خۆشیان لەو فشارە جیهانی و ناوخۆییە رزگاربکەن کە بەهۆی فشاری کەسوکاری دیلە ئیسرائیلیەکانی لای حەماس و هەروەها ڕای گشتی دنیا بەهۆی جینۆسایدی فەلەستینەکانەوە لەسەریانە! ئەوان نایانەوێ کێشەی فەلەستین لەبنەڕەتەوە چارەسەربکرێت. ئەمریکا بەهەموو جۆرێك پاکانەی جینۆسایدی فەلستینیەکان دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوەو بە چەك و هێزی سەربازی و کەشتی جەنگی هاوکاری و پشتیوانی ئیسرائیل دەکات!

بەڵام تەنها رێگە بۆ چارەسەری ئەم گرێکوێرەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کۆتاییهێنان بە نائارامی و شەڕ و کوشتاری خەڵی مەدەنی لە فەلەستین و ئیسرائیل، کۆتاییهێنانە بە کێشەی فەلەستین، لەرێگای قبوڵکردنی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە هەمان مافی یەکسانەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا. تا ئەو کێشەیە بەوجۆرە یەکلانەبێتەوە، حەماس و جیهادی ئیسلامی و دەیان جڕوجانەوەری دیکەی کۆنەپەرستی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بەرزدەبنەوە بەناوی بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و وەستانەوە دژی داگیرکاری ئیسرائیل و…تاد. بێگومان دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین نەك خەڵکی فەلەستین لەو میحنەتەی رزگار دەکات، بەڵکو خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل لە فەزای شەڕ و نائارامی و ترس دووردەخاتەوەو فرسەت بۆ گەشەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و کرێکاری لە ئیسرائیلیشدا بەرامبەر بە بۆرژوازی و ڕاستڕەوی و فاشیزمی دینیدا بەهێزدەکات لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا لە کۆمەڵگای ئیسرائیلدا.

وەستا مەهدی/١٩/٨/٢٠٢٤

 

 

 

 

 

 

Check Also

هەڵبژاردن تەواو ،بەڵام خواست و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بۆ نان و کار و مەعیشەت و ئازادی هەر باقیە!

بەدوای کەمپینێکی سێ هەفتەیی لە بەخشینەوەی بەڵێنی درۆ و خستنەگەڕی دەزگای میدیای حزبەکانی دەسەڵات و …