گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا کامەران لەتیف بەرپرسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵان لە کوردستان
ئۆکتۆبەر: پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی ٤ی ئابدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسایەك کرد کە تایبەتە بە دەسکاریکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی کە تەمەنی شووکردنی کچانی بە ١٨ ساڵ دەستنیشان کردوە. بەپێی پرۆژە یاساکە ئەم تەمەنە هەڵدەوەشێنرێتەوەو بەپێی یاسای جەعفەری کچان دەتوانرێ لە تەمەنی ٩ ساڵدا بەشووبدرێن! ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم پرۆژە یاسایەو ماف و ژیان و کەسایەتی مناڵ چی بەسەردێت؟ دەبێ چ هەنگاوێك بگرێتەپێش بۆ ڕێگرتن لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە؟ کامەران لەتیف:
کامەران لەتیف: ڕۆژی ٤ی ئاب، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژه یاسای ههمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کرد، کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە گروپە شیعەکانەوە پێشنیارکرابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، هێزە شیعەکانی ناو پەرلەمان پێشنیارێکی هاوشێوەیان خستە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی زۆر بووەوە و شکستی هێنا. بەدڵنیاییەوە دووبارە ئەم هەوڵەی شیعەکان کردەیەکی یاسایی نییه، بەڵکو هەوڵێکی شیعەکانی نێو پەرلەمانی عیراقە بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی ژنان و کچان و مناڵان وکردنیان بە کاڵایەکی سێکسی. ئەمەش پێچەوانەیە و لەژێرپێنانی هەموو ئەو یاسایانەیە کەلەئاستی جیهاندا وەک مافەکانی مناڵان و ژنان دانی پێدانراوە. هێنانەپێشەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا لەمکاتەدا لە ئەنجامی هەژموونی شیعەگەرایی و باڵادەستی ئیسلامی سیاسی شیعەیە لە پەرلەمانی عێراقدا.
گومان لەوەدا نییە کە یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، پێویستی بە هەموارکردنەوە و گونجاندنیەتی لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان و مافە مەدەنی و هاوچەرخەکانی هاوڵاتی و ئازادییەکان و بەرقەرارکردنی مافەکانی مناڵان و دەستەبەرکردنی ئەو یاسایانەی کە گوشار و توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەرمناڵان و کچان ناهێڵی، وەیا کەمی دەکاتەوە. بەڵام ئەم بەناو هەموارکردنەی یاسای باری کەسێتی لەلایەن شیعەکانەوە بەشێوەیەکە نەک هیچ ڕێگەوجێگەیەک بۆ مافە سەرەتاییەکانی مناڵان و ژنان ناهێڵێتەوە، بگرە مناڵان لەدایکانیان دەفڕێنی و لەتەمەنی خوار ٩ساڵان و لەسەر بێشکە بەشوویان دەدا وەک کاڵایەکی جنسی دەیخاتە بەردەم پیاوانی هەوسبازەوە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ ئیغتساب ولاقەکردنی مناڵانە. بەدڵنیاییەوە کارێکی ئاواش نەک هەر تەواوی کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتوویی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و تاریکی دەبات، بگرە هەموو ئەو دەستکەوت وهەوڵانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مناڵان و ژنانەوە لەچەند ساڵی رابردوودا بەدەست هاتوون، دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەسەرجەم مافەکان بێبەشیان دەکات.
ئەگەر ئەم هەوڵەی کە ناویان ناوە هەمواری یاسا، لە پەرلەمان تێپەرێت، ئەوا نەک هەر هیچ مافێك بۆ ئینسانی ژن و مناڵان ناهێڵێتەوە، بەڵکو ژنان و کچانی منداڵ دەکاتە کۆیلە و کەنیزەک و کاڵایەکی سێکسی و بەدوای خۆشیدا چەندین دیاردەی قێزەونی وەک فرەژنی، زەواجی مسیار و سیغە، پەرەپێدەدا و بەیاسایی دەکات. ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی عێراق و کوردستانەوە، لەلایەن هەموو ڕێکخراو و لایەنەکانی داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مناڵان…. بەتوندی بەرپەرچ بدرێتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی عێراق بەهەموو شێوەیەک ڕەتبکرێتەوە. هەرجۆرە چالاکییەک کە گونجاوە بیگرێتەبەر، بەتایبەتی دەبێت ڕێکخراوە جیهانیەکان ئاگاداربکرێنەوە و بهێنرێنە سەرخەت و فشاری نێودەوڵەتی دروستبکرێت و نامەی ناڕەزایەتی لەڕێگەی سەفارەتەکانەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت وە ئەم یاسا قێزەونە بەری پیبگیرێت .