یەکێتی بۆ بێدەنگە بەرامبەر  هێرش و ملهوری بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا لەزۆنی سەوزدا!!

عەبدوڵا مەحمود

لەپاڵ بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی زۆنی زەرد، هاوکات هێرشی درۆنی و کردەوەی تیرۆریستی لە زۆنی سەوزدا درێژەی هەیە. هێرشی درۆنی یان کردەوەی دیکەی تیرۆریستی تورکیا لە زۆنی سەوزدا بەجۆرێکە کەم هەفتەو تەنانەت رۆژ هەیە، تورکیا کادر و بەرپرسانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا یان لایەنگران و کەسانی نزیکی ناو بازنەی ئەوان نەکاتە نیشانە. ئەم کوشتار و تیرۆریزمەی تائێستا گیانی دەیان و سەدان کەسی کێشاوە لە زۆنی سەوزدا، هیچی کەمتر لە قوربانیانی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازی و زەمینیەکانی زۆنی زەرد نییە.

ئەگەر تورکیا لە زۆنی زەردا، هێزێکی وەکو پارتی هەیە، کە هەم هاوکاری دەوڵەتی تورکیاو هەم دژی هەیمەنە و حزوری سیاسی و سەربازی پەکەکەیە، جیا لەوانەش پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە نەیانشاردۆتەوە کە پەکەکە بەسەرچاوەی پشێوی و کێشەو ئاڵۆزی و ماڵوێرانی ناوچەکە دەزانن، ئەوا لە زۆنی سەوزدا یەکێتی باڵادەست و ئامادەیی هەیە، کە لەلایەکەوە سەر بە جەمسەری ئیران و لەلایەکی تریشەوە خۆی بە هاوسۆز و پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و سوری دەزانێت، کەچی لەبەرامبەر بەو هەموو هێرشە درۆنی و کردەوە تیرۆریستیەی دەوڵەتی تورکیا، هیچ کاردانەوەیەکی جدی لەخۆی نیشان نادات و ئامادە نییە بەرپرسیاریەتی پاراستنی کادر و چالاکوان و تەنانەت رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوە مەدەنیەکانیشی لەئەستۆ بگرێت. جیا لەوانە لەو هەموو تیرۆرانەی لەرێگای باندەکانی سەر بە تورکیاوە لە سنوری زۆنی سەوز و لەناو جەرگەی شارەکاندا ئەنجامدراون هێشتا ناسنامەی هیچ بکوژێک ئاشکرا نەکراوە و هیچ دۆسیەیەکی ئەم تاوانکاریانە لەبەردەم دادگا نییە! لێدوانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەبەرامبەر بە تیرۆری دوو رۆژنامەنووسی ژنی نزیک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا، لە ناوچەی سەید سادق، کە وتی ئەوانە تەنها رۆژنامەنووسن و سەر بەهیچ هێزێکی سیاسی نین، بەڵگەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی زۆنی سەوز، ئەگەر تیرۆری کادر و چالاکوان و بۆردومانی بنکەکانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت، لای ئاساییە و تەنها ئەو کردەوانە دەچنە خانەی ئیدانەکردنەوە کە کەسانی مەدەنی و دوور لە هیزە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان بن…!!

ئەم دۆخە لە زۆنی سەوزدا دەگوزەرێت، نەک تەنها بانگەشەکانی یەکێتی بۆ بەرگری لە مافی “برا کوردەکانیان” لە بەشەکانی تری کوردستان و دژایەتیکردنی دەوڵەتی تورکیا بەدرۆ دەخاتەوە، بەڵکو مافی هەلسوران و چالاکی سیاسی لەژێرسایەی ساباتی “ئازادی” زۆنی سەوزدا، بۆ هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە بەرەسمی ناناسێت.

بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانکاری و پیشێلکارییە ئاشکرایەدا، ئەوە دەخاتەروو کە یەکێتی بەکردەوە دەیەوێت، هێندەی دەتوانێت قەرەبووی هەڵوێستەکانی پیشووی بکاتەوە و گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵدەکات تا لەبەرامبەر بێدەنگەو پاشەکشەی لە هەڵوێست و راگەیاندنە ئاگرینەکانی پێشووی، لوتفی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی و لابردنی بەربەستەکانی، لەوانەش کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی، بەدەست بهێنێت.

ئەم سیاسەتەی کە یەکێتی پیادەی دەکات، کە لەلایەکەوە دەیەوێت لەئاستی راگەیاندندا هاوسۆزی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری توکیا و لەلایەکی تریش بەکردەوە خوازیاری پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بێت… بەجێگایەک ناگات. تورکیا زۆر زیاتری لە یەکێتی دەوێت، لەپێش هەموو شتیکدا کۆتاییهێنانی بە هاوکاری و تەنانەت پچراندنی یەکجاری پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و دواتریش هاوکاریکردنی سوپاو  راگەیاندنی ئەوەی کە ئەو هیزانە نایاسایین…تاد.

یەکێتی بەو دۆخە کە هەیەتی ناتوانێت باڵانس لەنێوان ئەم بژاردانەدا رابگرێت، بەتایبەتی کە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، خۆ هەڵواسین بە ململانێی و بۆشایی نێوان وڵاتەکان و هاوکات لەجێگای پەیوەندیەکی ئاسایی و دیبلۆماسی، خۆشخزمەتی و ملکەچییە بەو جەمسەرانەی پێوەیەوە پەیوەستن و پایەکی سەرەکی مانەوەیانە.

لەو ماوەی دواییدا حکومەتی عێراق لەچوارچیوەی ڕیکەوتنی لەگەڵ تورکیادا، سێ حزب و لایەنی سیاسی بەپاساوی بوونی پەیوەندی و کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی دەرەکی یاساغ کرد و بریاری داخستنی دان. هێنانی ئەم بریارە یاساییە!!، سزای سیاسی و بەسازانی نیوان حکومەت عیراق و توکیا بریار لێدرا. ئامانجیش لەم بریارە لە بنەرەتدا بۆ ئەوە بوو زۆنی سەوزیش، وەکو زۆنی زەرد، بوون و چالاکی ئەو هیزە سیاسیانە بەنایاسایی لە قەڵەم بدات و لە خزمەت بە دەوڵەتی تورکیادا مەئموریەتی ڕێگرتن لە چالاکیەکانیان، جێ بەجی بکات. بێدەنگەی یەكیتی لە بەرامبەر بەو بریارەو بەردەوامی ملهورییەکانی تورکیا ئەوە نیشان دەدات یەکێتی موی نەرمەو بەکردەوە خەریکە مل بەخواستی دەوڵەتی تورکیا دەدات.

پێویستە یەکێتی لەبەرامبەر بەو سیاسەتەی گرتوویەتەبەر، رووبەڕووی گوشارێکی سیاسی و جەماوەری کۆمەڵایەتی شەقام و رای گشتی بکرێتەوە، بێدەنگە و چاوپۆشیکردن لە تیرور و کوشتار و هیرشی درۆنی بەردەوامی دەوڵەتی توکیا و بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنەکەی و لەپاڵیشدا گوشارهێنانی بەردەوام بۆ سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و نۆکەرپیشەیی بۆی، تەنها هاوکاری ئەو دەوڵەتانە نییە، لەدژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیان، بەڵکو هاوکات وەستانەوەیە بەرووی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا.

وەستانەوە بەرووی دەستێوەردان و ملهوری وڵاتانی ناوچەکە و هێرش بۆسەر هەلسوران و چالاکی سیاسی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، کاری ئەو هێزگەلە سیاسیە نییە کە چارەنووس و مانەوەیان بەستراوەتەوە بەو دەوڵەت و جەمسەرانەوە، بەڵکو کاری بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە و نارەزایەتی فراوانی جەماوەرییە، بەدژی دەستیوەردان و داگیرکاری و هیرشی درۆنی و تیرۆریستی…تاد. کۆبونەوە لە شەقامەکان و لەبەردەم سەفارەتخانەکان و یوئین و خواستی کردنەدەرەوەی هیزە داگیرکارەکان و سەفارەتخانەکانیان، بوونەتە پێداویستیەکی لەدواخستن نەهاتوو…

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …