لە چەندژنەوە تادەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان

رێبوار ئەحمەد

لە هەر کۆمەڵگەیەکداڕەوتە ئیسلامیەکان بەدەسەڵات بگەن، یان تەنانەت سەنگێک لە هاوکێشەی سیاسیداپەیدا بکەن، یەکەمین قوربانیەکانی ئەم ڕۆڵەی ئەوان ژنان دەبن. ئێران و سعودیە و ئەفغانستان و..و..نمونەن. چونکە لە ڕوانگەی ئیسلامیەکانەوە ژن بەڵا و موسیبەتە، سەرچاوەی فەسادە، ناموس و شەرەفی پیاوە، ئەو ناموس و شەرەفەش لە ناوگەڵدایە. بۆیە هەمیشە دارودەستە و ڕەوتە ئیسلامیەکان لە بیری ئەوەدان چۆن کۆتوبەند بۆ هەموو بوارێکی ژیانی ژنان دابنێین و دەست وپێیان شەتەک بدەن. ئازادیی ژن بە مایەی فەساد و بەرەڵایی دەزانن، بۆیە هەر باسی مافی ژن و ئازادی ژن بکرێت، هاواریان لێبەرز دەبێتەوە و دەڵێن ئەیهاوار فەساد هات. هەمیشە لەبیری ئەوەدان ئەم مایەی فەساد و شەرمەزاریە، ئەم عەیب و عارە، بە پەچە و عابا و حیجاب و چارشێو داپۆشن، بۆئەوەی کەسی نامەحرەم عەیب و عار و ناموسەکەیان نەبینێ. ژن لەڕوانگەی ئەوانەوە تەنها ئامرازێکە بۆ دامرکاندنەوەی هەوەسی سێکسی پیاو و بەرهەمهێنانی منداڵ و بەشێکە لە موڵک و ماڵی پیاو. لەلایەن پێشینانی ئەمانەوە لە شەڕی فتوحاتیاندا، ژنان لە پاڵ موڵک و ماڵ و حوشتر و ئاژەڵە ماڵیەکاندا بە غەنیمەت گیراوە و کراوە بە کەنیزە و ڕێکوڕاست وەکو ئامرازی دامرکاندنی ئارەزوی سێکسی پیاو کەڵکی لێوەرگیراوە.ئەو ژنانەی کە بە غەنیمەت گیراون، هەر ئەوڕۆژەی باوک و براو مێردیان کوژراون، لەلایەن بکوژی باوک و براو مێردیانەوە بە حەڵاڵی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.

ئەم ڕوانگەیە بۆ ژن پاشماوەی نەرێتی خێڵە بەدەویە دواکەوتوەکانی جەزیرەی عەرەبی پێش ئیسلامە، کە ئیسلامیش ئاوی تەبەڕوکی بەسەردا کردوە و حەڵاڵ و پیرۆزی کردوە. بزوتنەوە ئیسلامیەکان وەکو بزوتنەوەی سیاسی بورژوازی ئەوپەڕی کۆنەپەرستانەی دنیای هاوچەرخ، کە لەسایەی رژێمەکانی وەکو سعودیە و ئێران و لەڕێگەی خەرجکردنی پارەی زەبەلاح و بەپیشەسازیکردنی دین و داشۆرینی مێشک و تیرۆریزمی کوێرانەوە پێگەیان پەیداکردوە، سەپێنەر و برەوپێدەری ئەم نەرێتە کۆنەپەرستانەن. تۆقاندنی مرۆڤ بە ئەفسانەی ئاگری جەهەنەم بڕناکا و بەرگە ناگرێت بۆ بەچۆکداهێنانی مرۆڤی هاوچەرخ، بۆیە ئیسلامیەکان دەیانەوێ جەهەنمێکی واقعی لەسەر ئەم گۆی زەویە بەرپابکەن بۆ سوتاندنی مرۆڤەکان و بەزەبری ئەمە یاسا و نەرێتە پرتوکاوەکانی خۆیان بە بەشەریەتی هاوچەرخ بقەبڵێنن. ئەگینا ئەوەی کە چەند ژن لەیەک کاتدا بە یەک پیاوەوە شەتەک بدرێن و بکرێنە کەرەسەی تێکردنی ئارەزوەکانی، ئەوەی کە ژن وەکو عەیب و عار و مایەی شەرمەزاری و سەرچاوەی فەساد هەژمار بکرێت کە دەبێ داپۆشرێ و بشاردرێتەوە، لە دنیای شارستانیەت و لە دیدی مرۆڤێکەوە کە ژن وەکو مرۆڤ دەبینێ، لەرادەبەدەر بێزراو و نەفرەت لێکراوە.

لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعە و هاوبەشە ناسیۆنالیستە عەرەب و کوردەکانی، دەیانەوێ بە زەبری یاسا برەو بەم نەرێتە نەفرەتیە بدەن، کۆمەڵگەی عێراق نوقمی نەهامەتی و نەداری و بێدەرەتانیە، لە سەرزەمینێکدا کە لەسەر دەریای نەوتە، دانیشتوانەکەی موحتاجی چەند سەعات کارەبا و چەند لیتر نەوتە بۆئەوەی بەرگەی گەرمای هاوین و سەرمای زستان بگرێت، خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیە کە ژێرپێیان ئاڵتونی ڕەشە محتاجی نانی ڕۆژن. لە کۆمەڵگەیەکدا کە نوقمی سەروەتە و دانیشتوانەکەی موحتاجی ئاوی خوادنەوەیە، ئەو کۆنەپەرستە ئیسلامی و ناسیۆنالستانەی دەسەڵاتیان بەدەستە و لەسەر داهاتی سەرسامهێنەری سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی ئەم کۆمەڵگەیە تەراتێن دەکەن، لەجیاتی بیرکردنەوە لە دەستەبەرکردنی ئەم سەرەتاییترینانەی ژیانی ڕۆژانە، لەناو ئەم دەریا موسیبەتەدا، مێشکی ئەو جەبانەی ناویان نراوە نوێنەری خەڵک، سەرقاڵی دارشتنی یاسان بۆ ڕەواجدان بە چەندژنە و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان. ئاخر کوا وشە دەتوانێ تەعبیر لە ناوەڕۆکی ئەم چەپەڵکاری و خراپەکاریە بکات. هەر ئەمە بەسە بۆ نەفرەتکردن لەو پرۆسە ساختەکاریەی ناوینراوە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک و لە ئەمسالی ئەمانە پەرلەمان پێکدەهێنێت. ئەم بەناو نوێنەرانەی خەڵک، لەجیاتی هەوڵدان و سەرقاڵبوون بە ڕێگاچارەی مەینەتەکانی خەڵك، دەیانەوێ ئەم خەڵکە ڕوت و ڕەجاڵ و برسیە لە زەلکاوی کۆنەپەرستیشدا نوقم بکەن. دەیانەوێ ژنان بکەن بە کۆیلەی کۆیلەکانی خۆیان. دەیانەوێ هاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ کۆیلایەتی ڕابهێنن، دەیانەوێ ئەم خەڵکە بەشمەینەتە خۆیان هەم کۆیلە و هەم خاوەن کۆیلە بن. دەیانەوێ ئەم خەڵکە لەناو ئەم فەسادخانەیەدا گرفتار بکەن و ئومێد بە گۆڕان و ئاسۆی بەختەوەری و خۆشبەختی و مرۆڤایەتی لە بیر و زهنیاندا بسڕنەوە.

لە چەندژنە دەردناکتر و سامناکتر، بانگەشە و هەوڵی بە یاساییکردنی دەستدرێژی سێکسیە بۆسەر منداڵانی ساوا. دەیانەوێ نەرێتی دڕندانەی ١٥٠٠ ساڵ لەمەوبەری خۆیان زیندوبکەنەوە بۆ پەلاماردانی سێکسی کچانی ساوای (٩) ساڵان. منداڵێکی ساوای (٩) ساڵی کە غەرقی ژیان و یاری منداڵانەیە و نازانێ هاوسەرگیری و سێکس مانای چیە، دەکەنە ئامرازی دامرکاندنی هەوەسی پیاوانی داشۆراو لە هەموو هەستێکی مرۆڤانە. بەڕاستی ئەمە ڕەفتارێکە لە ناو ئاژەڵانیشدا خۆپارێزی لێدەکرێت. کێ دیوێتی ئاژەڵێک بە مەبەستی سێکس پەلاماری بەچکە ئاژەڵێکی لە توخمی خۆی بدات کە هێشتا تەمەنی بۆ ئەو مەبەستە پێنەگەیشتبێت؟! بەپێی سەرەتاییترین پێوانەی مرۆڤایەتی هاوچەرخ، بەپێی سەرەتایترین زانستی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ، بەپێی سەرەتایترین هەست و سۆزی مرۆڤی هاوچەرخ، هەموو جۆرە هەوڵیکی گەورە ساڵێک بۆ سێکس لەگەڵ منداڵی خوارتر لە (١٦) ساڵ، ئەگەر هەزار بەرگی یاساییشی بەبەردا بکرێت، تەنانەت ئەگەر بە ئاوی تەبەڕوکیش پیرۆز بکرێت، بە دەستدرێژیەکی زۆر سامناکی سێکسی هەژمار دەکرێت. ئاخر ئەو هێشتا منداڵە، هێشتا سەرقاڵی یاری منداڵانەیە، هێشتا لە هەموو دیمەنێکی سێکسی سڵ دەکاتەوە، هێشتا خامێکی سادەیە کە دەبێ لە دنیا و لە ژیان و لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی تێبگەیەنرێت و فێربکرێت. چۆن دەکرێت لەلایەن گەورە ساڵێکەوە کارێکی لەگەڵ بکرێت کە نازانێ چیە تا ڕەزامەندی لەسەر بدات یان ڕەتی بکاتەوە؟! سەرەتاییترین پێوانەی مرۆڤایەتی هەر هەوڵێکی پیاو بۆ سێکس لەگەڵ ژندا، تەنانەت ئەگەر هاوسەری خۆیشی بێت، بەبێ ڕەزامەندی ژنەکە، بە دەستدرێژی سێکسی هەژمار دەکات. پرسیار ئەوەیە کە چۆن ڕەزامەندی کچێکی ساوای (٩) ساڵان بۆ ئەم مەبەستە وەردەگیرێت لەکاتێکدا ئەو تەنها منداڵە. ئاخر باسی منداڵی (٩) ساڵان دەکەین، کە تەنها سێ ساڵە باخچەی ساوایانی تێپەڕاندوە و دەمی بۆنی شیری لێدێت! ئەمە کوێی لەگەڵ کام هەست و هۆشی مرۆڤانەدا دەگونجێت؟ با بۆ ساتێک بیهێنینە بەرچاو، منداڵێکی (٩) ساڵان کوا دەتوانێ بەرگەی سێکسی گەورەساڵێک بگرێت؟! کوا دەتوانێ بەرگەی ژانی لەدایکبوون بگرێت؟! لەکاتێکدا خۆی منداڵە، کوا دەتوانێ بەرگەی ئەرک و بەرپرسیارێتی دایکایەتی و منداڵداری بگرێت؟! جگە لەوانە زانست سەلماندویەتی کە دوگیانیی پێشوەخت مەترسی تەندروستی گەورەی هەیە هەم بۆ دایکەکە(ساوا دوگیانەکە) و هەم بۆ کۆرپەکەی سکی. ئەمە تاوانێکی لەڕادەبەدەر دڕندانە و کابوسێکە کە نە تەنها قوربانیەکە، بەڵکوهەموو کۆمەڵگە نەخۆش و نابوت و وێران دەکات. تاوانێکی سامناکی وەها لە دنیای هاوچەرخدا تەنها لەم دارودەستە ئیسلامیانە دەوەشێتەوە.

ئەمە تەنها دەتوانێ لایەنێکی هەرە قێزەوێنی کۆمەڵگەیەک بێت کە لەلایەن سیستەمی حوکمڕانیەوە نوقمی گەندەڵی و تاڵان و بەدبەختی و کارەسات کراوە. ئەم یاسادانەرانە کۆمەڵێک دارودەستە و میلیشیای فاڵانژ و کۆنەپەرست و تاڵانچی و قاچاغچین کە دەیانەوێ ئەم کۆمەڵگەیە نوقمی بێچارەیی و فەساد بکەن. ئەوەی ناوی دەنێن بە یاساییکردنی هاوسەرگیری کچانی (٩)ساڵان، لەڕاستیدا بە یاساییکردنی دەسدرێژی سێکسیە بۆ سەر منداڵەکانمان. دەستدرێژی سێکسی لە توندوتیژترین شێوەکانی توندوتیژیە، کە ئاسەواری بەشێوەی کابوس بۆ هەمیشە لە بیر و هۆشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە. ئەو منداڵەی لە (٩) ساڵیدا بکەوێتەبەر دەستدرێژی سێکسی، بۆ هەتاهەتایە دوچاری کێشە و کابوسی سەختی دەرونی دەبێت. بۆ پارێزگاری لە ژیانی منداڵی و ئاسودەیی منداڵەکانمان، پێویستە بەری ئەم بەربەریتە بگرین کە خەریکن کۆمەڵگەی بۆ ڕاپێچ دەکەن. پێویستە بەر بە هەوڵی ئەم هەوەسبازانە بگرین کە دەیانەوێ منداڵەکانمان بکەن بە ئامرازی دامرکاندنی هەوەسی شێتانەیان. بەڕاستی ئەو جۆرە ڕەفتارە شایستەی منداڵی مرۆڤایەتی هاوچەرخ نیە. ئەم هەوڵە دەبێ بەرلەوەی پێبگرێت، ناکام بکرێتەوە و بڕوخێنرێ بەسەر خاوەن و “بیرمەندەکانی”دا. ئەمە شایستەی ئەوەیە سەرتاپای کۆمەڵگە، هەموو ئەوانەی خەمی جگەرگۆشەکانیانە، لە دژی بخرۆشین و بڕژێنە شەقامەکانەوە بۆ تەفروتوناکردنی ئەو سیستەم و یاسا و نەرێتە داڕزیوانەی خەریکە جگەرگۆشە ناسکەکانمان دەکاتە خۆراکی ئەم هەوەسبازە ئیسلامیانە.

لەجیاتی ئەوەی دین و مەزهەب و نەرێتی خێڵەکی دەیان سەدە لەمەوبەر بکرێتە بنەمای یاسا، دەبێ هەموو ئەو یاسایانەی کە تەنانەت سەرچاوە دەبەنە سەر ئەوانە هەڵوەشێنەوە. دەستور و یاسای کۆمەڵگە دەبێ لەسەر بنەما و پێوانە مۆدێرن و پێشکەوتوانەکانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ دابڕێژرێن و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەستەبەر بکەن.

١٩/٨/٢٠٢٤

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …