موحسین کەریم
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی هەوڵی داسەپاندنی یاسای کۆیلایەتی سێکس بەسەر ژنان و کچانی مناڵدا، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لەزۆربەی شارەکانی عێراق و کوردستاندا شەپۆل دەدات. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و بەرگریکاران لە مافەکان و کەرامەتی ژنان و مناڵان، بەدەنگی بەرز و بێترس دژی ئەم بەربەریەتە دەنگیان هەڵبڕیوە. سەدای ئەم دەنگهەڵبڕینە میدیا بەناوبانگەکانی جیهانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە. ئەمە جەنگێکی کۆمەڵایەتیە، لەنێوان دەسەلاتی کۆنەپەرستی میلیشیایی ئیسلامی شێعەگەرا بە ساتوسەودا لەگەڵ ئیسلامی سیاسی سونەو بێدەنگی ناسیۆنالیستە کوردەکان لەلایەکەوە و ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز لەلایەکی دیکەوە، لەسەر پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و مرۆیی، لەسەر ئەوەی کە ژنان بکرێنە کەنیزەك و کۆیلەی سێکسی پیاوان و مناڵی ٩ ساڵ بکرێتە بوکەڵەی سێکسی و تێرکردنی ئارەزووی قێزەونی سێکسی پیاوانی ئاینی و بەرپرسانی میلیشیاکان و پیاوسالارانی هەوەسباز، یاخود وەکو مرۆڤێکی ئازادو خاوەن ماف و کەرامەت تەماشا و مامەڵە بکرێن!؟ جەنگێکە بۆ پاراستنی بەهاو نەریت و کەلتورە مرۆیی و هاوچەرخەکان لەبەرامبەر هێرشی نەریت و بەها داڕزیوە قەبیلەییەکانی بەدوەکانی ١٥٠٠ ساڵ لەمەوبەری جەزیرەی عەرەبی. ئەم جەنگە، تەنها جەنگی ژنان نیە بۆ بەرگری لە بوون و کەرامەتی خۆیان، جەنگی ئێمە هەموو ئەوانەیە کە خۆمان بە مرۆڤ دەزانین و بەها مرۆییەکان لامان پیرۆزە، هیچ بوارێك نیە بۆ خۆلادان لەم ئەرکە!
ئاخر خۆمان بخەینە جێگای ئەو کچە ٩ ساڵەی کە هیشتا بە جانتاکەیەوە دەچێت بۆ قوتابخانە، هێشتا لەگەڵ هاورێکانیدا لە کۆڵان یان لە باخچەدا یاری چاوشارکێ و جۆلانێ دەکەن، یاخود بەدیار تەلەفزیۆنەوە دانیشتوەو تەماشای فلیمی کارتۆن دەکات، هێشتا نقوم بووە لەناو خەیاڵاتی منداڵانەی خۆیدا و خەوی مناڵانە دەبینێ، لەناکاو پیاوێك بێت لەسەر فتوای مەلایەکی کۆنەپەرست و مێشكشۆراوە لەهەموو بەهایەکی مرۆیی، دەستی بگرێت بەرەو ژووری خەوەکەی بۆئەوەی ئارەزووی سێکسی خۆی لەودا خاڵی بکاتەوە! خۆمان بخەینە جێگای ئەو ژنەی کە مێردەکەی بەمەرجی ئەوەی شەو لەگەڵی بخەوێ، ئامادەیە نانی بەیانی بداتێ! ئایا ئەمە رەسمیەتدان نیە بە لەشفرۆشی؟ ئایا بەپێی ئەم یاسایە چ هەستێکی مرۆیی و خۆشەویستی لەنێوان هاوسەرەکاندا دەمێنێتەوە کاتێك سێکس بەرامبەر بێت بە مەسرەفکردنی ژیانی ژن!؟ ئایا ئەمە هەمان ئەو پێودانگە نیە کە لەناو گرێبەستی کۆمپانیاکانی سێکس فرۆشتندا پەیڕەو دەکرێت!؟ ئایا کەسمان قبوڵمانە لەناو خێزانێکی لەوجۆرەدا لەدایک بین و بژین کە یاسای فلیمە پۆرنەکان تێدا بەڕێوەبچێت!؟ ئایا قبوڵمانە پەیوەندی نێوان دایک و باوکمان بەوجۆرە بێت؟ ئایا قبوڵمانە خوشک و کچەکانمان لە تەمەنی ٩ ساڵیەوە لەژیانی مناڵانەیان بپچڕێنرێن و بدرێنە دەست پیاوێکی هەوەسباز تا ئارەزوەکانی سێکسیەکانی خۆی بەسەر ئەودا دابمرکێنێتەوە!؟ کێمان هەیە ئەوە قبوڵ بکات!؟ کەواتە هەموومان لەم جەنگەدا بەشدارین و دەبێ بەشداربین. جەنگی پارێزگاری لە کەرامەتی خۆمانە، لە کەرامەتی دایك و خوشکمانە!
ئەو یاسایەی رەوتە ئیسلامیە شێعەکانی خزمەتکارو نۆکەری رژێمی ئیسلامی ئێران دەیانەوێ بەسەر ژنان و کچانی عێراقدا بیسەپێنن، تەنانەت لەناو ئێراندا رژێمی دڕندەی ئیسلامی نەیتوانیوە بیسەپێنێ! ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی ئێران کەمەریان توندکردۆتەوە بۆ هەڵپێچانی سەرتاپای رژێمەکە، نەك تەنها یاسا دژەی ژنەکانی وەکو حجابی زۆرەملێ، کەچی تازە دەستوپێوەندەکانی لەعێراق دەیانەوێ ئەم نەریتە بەربەریەتەی ١٥ سەدە لەمەوبەر بەسەر خەڵکی مودێرنی عێراقدا بسەپێنن. ژنان و پیاوانی هوشیار و یەکسانیخوازی عێراق و کوردستان کە لە جەنگێکی بەردەوامدان دژ بە دەسەلاتی مافیایی و گەندەڵی میلیشیایی ئیسلامی- ناسیۆنالیستی بۆ ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران، لەم جەنگەشدا بە فراوانی ئامادەییان هەیە. کۆمەڵگایەك کە ٦ دەیە لەمەبەوبەر یاسایەکی تاڕادەیەک مەدەنی بەخۆیەوە دیبێت، بە ئاسانی ملنادات بە گێڕانەوەی بۆ سەردەمی کۆیلایەتی و بەها کۆمەڵایەتیەکانی ژیانی بەدەوی- ئیسلامی.
ئەم ململانێیەی نێوان ئازادی و کۆیلایەتی، نیوان بەرگریکردن لە کەرامەت و شکاندنی کەرامەت، نێوان بەها مرۆیی و هاوچەرخەکان و بەها داڕزیوە قەبیلەیی و بەدەویەکان، …..پێویستی بە هاتنەمەیدانی هەموو ئێمە هەیە، هەموو ئەوانەی کە بڕوامان بە بەها ئیسانیەکان، بە کەرامەتی ئینسان، بە ئازادی ئینسان هەیە. دەبێ هیچ شارو شارۆچکەیەکی کوردستان و عێراق نەمێنێتەوە کە دەنگی هاواری ئێمەی تێدا بەرز نەبێتەوە. دەبێ لەدەرەوەی عێراقیش ئابڕووی ئەم دەسەڵات و پەرلەمانە تاسەر ئێسقان دواکەوتوو و کۆنەپەرستە دژە ژن و دژە مناڵ و پیاوسالارە بەرین. هەموو ئەوانەی لەسەر بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مەدەنیەت هەژمار دەکرێین، دەبێت پێکەوە لەم جەنگەدا بەشداربین و دەبێت پێکەوە جەنگەکەش بەرینەوە.