دەسەڵاتداران بەرپرسن لە ژیان وسەلامەتی کۆڵبەران، نەک کردنیان بە نیشانەی چەکی دەستی پاسەوانی سنور!

بەرواری ١٨/٨/٢٠٢٤، گەنجێکی کۆڵبەری خەڵکی ناوچەی هەورامان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانانی سنورەوە تەقەی لێدەکرێت و بەداخەوە گیان لەدەستئەدات. ئەم گەنجە ناوی ئارامەو نزیک دە ساڵە لەڕێگای کۆڵبەرییەوە ژیانی خێزانەکەی بەهەزارو یەک دەردە سەرییەوە دابیندەکات.

ئەم ڕوداوە کەکەنجێکی کردۆتە قوربانی تاوانێکەو لەئەستۆی حکومەت ودەزگاکانیدایە. حکومەتێک کەمحکومە بەوەی ژیانی خەڵکی کوردستانی بەبارەمتە گرتووەو لەشکرێک بێکاری لەدەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان، لەزەحمەتکێشان و کرێکاران خستۆتە سەرشەقام بەبێ ئەوەی ئامادە بێت هەلیکاریان بۆ دەستەبەر بکات و ناچارنەبن ڕێگای کۆڵبەری بگرنەبەر وبنە نیشانەی چەکبەدەستانی دەسەڵات.

بێگومان ڕوداوی کوژرانی گەنجێکی کۆڵبەر یەکێکە لەوزنجیرە تاوانانەی کە دەرهەق بەگەنجان و هاوڵاتیانی مەحروم، ڕۆژانە چەندبارە دەبێتەوەو ئەمەش کۆمەڵگای کوردستانی ڕووبەڕوی شەپۆلێک لەتاوانکاری و دەستدرێژی کردۆتەوە. دەسەڵاتیک کەبەدرێژایی سی ساڵ لەتەمەنی نەیتوانیبێت نەکارێکی گونجاو، نە بیمەی بێکاری، نە دامەزراندن..و نەپێدانی مووچەی بەردەوام، دابین بکا و بژێوی کرێکارانو زەحەمتکێشانو گەنجانی خستۆتە ناوکایە سیاسیەکانی خۆیەوە، بەدڵنیایەوە هۆکاری سەرەکی ئەم شەپۆلەیە لەتاوان کەیەخەی گەنجانی کوردستانی گرتوە.  تەنانەت خودی ئەوەی کەدەسەڵاتدران هیچ لێپرسینەوەیەک بەرامبەر بەو کارمەندانەی کە تاوانو دەستدرێژی دەکەنە سەرخەڵک ناگرێتەبەر وئازادیان دەکات، بەکردەوە پەرەپێدەری تاوانو توندوتیژیە لەکۆمەلگادا.

کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرەرای ئەوەی کە هاوغەمی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری ئەم گەنجە کۆڵبەرە دەردەبڕێ وبەپەرۆشەوە لەکەناریاندا رادەوەستی، هاوکات حکومەت ودەزگاکانی، بەرپرسیار لەم تاوانە دەزانێ وداوا لەدانیشتوانی ناوچەی هەورامان دەکات کە ئەم زوڵمە قەبوڵ نەکەن ودوابکەن کەئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەسزای تاوانەکانیان بگەیەن، هاوکات قەرەبۆی خیزانی قوربانیەکەش بکاتەوە.

کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رادەگەیەنێت، کەتەنها بەهەوڵو تێکۆشانی یەکگرتوانەی جەماوەر وڕاوەستانەوەیان بەرامبەر بەهەرتاوان و دەستدرێژیەک بۆسەرگەنجان دەتوانرێ بەربەم لێشاوە لە کوشتن و دەستدرێژیەکانی پیاوانی دەسەلات بگیرێت.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠/٨/٢٠٢٤

 

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …