عوسمانی حاجی مارف
ئەنقەرە بەهەمان ئەو ئاستەی لەبەرامبەر سوریادا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، هەوڵدەدات بە قەبارەیەکی بەرفراوانتر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سنوورەکانی لەگەڵ عێراقدا بسەپێنێت.
ئەم هەڵکشانە زیادەڕەویە لە سیاسەت و نەخشەی ئەردۆغاندا، بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەیە، کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە لە پەکەکە پاکبکاتەوە. هەرچەندە ئامانجی ئەم داگیرکاریەی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەندێ ناوچەی هەرێم واوەترە لەوەی پاکردنەوەی پەکەکەبێت، ئەوەش کە جێگای سەرنجە بەرپرسانی عێراق، ئەم هێرشانەی هێزەکانی تورکیا، تەنها وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات ڕادەگەیەنن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتیەک دەربڕن، یان هیچ فشارێک لەباری عەمەلیەوە لە دژی ئەنقەرە نیشان بدەن.
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەچوارچێوەی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فراوانترە لەوەی تەنها پەیوەند بێت بە شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا، بەڵکو بەدوای ئەو ئامانجەوەیە دەخالەتی لە ئایندەی ئاڵوگۆڕی دۆخی سیاسی ناوچەکەدا هەبێت، بەتایبەتی لە عێراقدا بەرجەستەی دەکاتەوە. گواستنەوەی هێزی زەمینی لە ناوچەی هەکاری تورکیا، بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی بنکە و شوێنی نیشتەجێبونی هێزەکانی تورکیایە لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات، کە ئامادەیە جێگیرکردن و دامەزراندنی هێزەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایان لە ناوچەکەدا و لە پێناو بەدەست هێنانی ئامانجەکانیدا نمایش کات ومناوەرەی پێبکات، وە بێباکە لەوەی گەر لەهەمانکاتدا وێرانکاریەکی زۆری بۆ ناوچەکانی هەرێم لێکەوێتەوە!
سیناریۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا سەقفێکی دیارکراوی نیە، کە لەسەر خاکی عێراق ئەنجامی ئەدات، لەهەمانکاتدا مایەی خوڵقاندنی دۆخێکی مەترسیدارو دژوارە لە شارەکاندا، دوای تێپەڕاندنی چەند ئامانجێک ئەگەری ئەوە هەیە هەوڵبدات بگاتە شنگال و دەستبەسەر ئەشکەوتەکانی چیای قەرەندا بگرن، کە “سەدام حسێن” لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆشکێکی تێدا دروستکردوە”، هەڵبەتە مەبەستی ئەم دەست بەسەراگرتنەی شنگال دەبێتە سەنگینکردنی پێگەی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
لەشکرکێشی تورکیا لەلایەک دەستی کردووە بە فراوانکردن و دامەزراندنی هێزەکانی لە زەویەکانی باکوری عێراقدا، لە لایەکی ترەوە گرنگی بە چارەسەری دیپلۆماسی لە سوریا دەدات. لایەنە سیاسیەکانی عێراق ڕەتی ناکەنەوە کە ئەردۆغان ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوای بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشیە بەدەست هێناوە.
دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، هەرچەندە یەکەم دەستێوەردان نیە لە جۆری خۆیدا، نموونەیەکی بەرچاوی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکانە لە ناوچەکەدا. ئەم دەستێوەردانە کە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بەڕێوەدەچێت، دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرەسەندنی دەخالەتی ئێران لە عێراقدا. تێگەیشتن لە داینامیکی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە لەبەرامبەر دۆخی سیاسی عێراقدا، زۆرجار دەبینین لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە کێبڕکێ دەکرێت و دەخالەتی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەتایبەتی هەردوو تورکیا و ئێران لە عێراقدا تەماح و بەرژەوەندیان هەیە و ڕکابەری دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا عێراق بووەتە دیارترین گۆڕەپانی دەستێوەردانی ئێران و تورکیا، جگە لە وڵاتانی دیکە. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ کە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دروست بونی گێژاوی سیاسی و پێگەی حکومەتی عێراق بەجێهێشت، بەتایبەت دوای ئەوەی بە تێپەڕبونی کات شتەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بەرژەوەندی ئێران گۆڕدرا، وردە وردە نفوزی ئێران گەیشتە لوتکە، هەندێک وەها تەعبیری لێدەکەن کە ئەمریکا، بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام “عێراقی لەسەر سینیەکی زێڕین ڕادەستی ئێران کردووە”.
دەوری ئێران لە عێراقدا، کە بەرجەستە بووەتەوە بە پاڵپشتیکردنی میلیشیا حزبیە جۆراوجۆرەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا سیاسیەکانی لە ناوچەکەدا، کە بوو بە فاکتەری سەرەکی بۆ تێکدانی پێکهاتەی حکومەتێکی جێکەوتە لە عێراقدا. میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتی ئابووری و کۆنترۆڵی بەرچاویان بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بەدەستهێناوە. هەروەها ئێران لە ڕێگەی بازرگانی، پڕۆژەی ژێرخانی، و ڕێککەوتنی وزە، خۆی جێگیر کردووە، کە کاریگەریەکانی بەهێزتر کردووە. هەر بۆیە لە بەرامبەردا ترس و ئامانجەکانی تورکیا زیاتربون، بەتایبەتی کە بوونی پەکەکە لە کوردستانی عێراق پشتیوانیەکی ئاشکرای ئێرانی بەدەست هێناوە.
ئەوەی پێویستە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشی لایەنەکاندا، لە ئێستادا سەرنجی بدەین، بەغداو ئەنقەرە زیاتر نزیک لەیەکن و هاوکارن دەربارەی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە بۆ هەردولایان ئەم پڕۆژەیە گرنگیەکی ستراتیژی هەیە، بۆیە حکومەتەکەی سودانی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و داگیرکاریەکانیدا پەرچەکردارێکی جدی و عەمەلیان نیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە سوپای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاریەدا هەر ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکات لە سەر تابلۆیەک دەنوسن: “هاتنە ناو خاکی تورکیا قەدەغەیە”! تەواوی دانیشتوانی گوندەکانیش ئاوارەدەبن، ئەمەش نیشاندانی واقعێکی تەواو بێباکی لایەنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە و کردنەوەی ئاشکرای دەرگای سنورەکانی عێراقە بۆ هێزەکانی تورکیا، ئەو هێزەی کە بە فەرمانی ئەردۆغان هەوڵئەدات دەخالەت و دەورێکی سەرەکی ببینێت لە ئاراستەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، هەروەها درێژەدانی گفتوگۆی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ ستراتیژی فراوانترکردنی تورکیا و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و نزیکبوونەوەی لە بەغدا و کۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
لە دیمەنێکی سەیردا کە پێکەنین دەوروژێنێت، بەوەی واقعی سیاسەت لە عێراقدا لە ئاستی چ گاڵتەجاریەکدایە، فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەکاتێکدا کە هاتنە ناوەوی هێزەکانی تورکیا داگیرکاری بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد کرد، دیاریەکی لە شێوەی قەڵغانێک بەناوی حەشدی شەعبیەوە پێبەخشی، وەک ئەوەی ئەلفەیاد داوای لێبوردن لە داگیرکاری داگیرکەری تورکیا بکات!.
ئەوەی جێگای سەرنجە، زیاتر لە ملیۆنێک سەربازی عێراقی هەن کە سەرباز و پۆلیس و هێزی ئەمنی و حەشدی شەعبی تێدایە، بەڵام ئەوەیان سەلماندوە کە ناتوانن بەهیچ جۆرێک بچنە مەیدانێکی شەڕەوە و لە بەرامبەر بە هەرداگیرکاریەکی عێراقدا بوەستنەوە، هیچ ئامادەیەک بۆ بەرگرتن بەداگیرکاری سوپای تورکیاش نیشان نادەن و نایانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن، ئاشکرایە ئەم بەرگری نەکردنە تەنها ناتوانایی و نائامادەیی هێزەکانی عێراق نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی سیاسیە کە پێشوەخت، ڕێکەوتنی ئەنقەرە و بەغداد چوارچێوەکەیان دیاری کردووە.
لە پرۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانەو سنوربەزاندنی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو کوردستانی عێراق، تورکیا هەوڵ دەدات لەلایەک پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاسایی کاتەوە، لەلایەکی تریشەوە هەوڵئەدات ئەزمونی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکانی کوردستانی سوریا کۆتایی پێبهێنێت.
تورکیا بەجیا لەو هێرشە سەربازیانەی کە پانتاییەکی فراوانی کوردستانی عێراقی داگیرکردووە، لەهەمانکاتدا دەیەوێت نفوزی ناوچەیی خۆی بە باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە چوارچێوەی کێبڕکێ یان هاوکاری لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی ناوچەیی وەک ئێران و ڕووسیا، زیاتر بکات، بەمانای پەڕینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بە دیمەشقدا تێدەپەڕێت و بە ڕێکەوتن لەگەڵ دیمشقدا دەتوانێت پڕۆژەکانی بەرێتە پێشەوە.
تاران ترسی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی پەراوێز بخرێت، بۆیە دوا ووڵات دەبێت کە بیەوێت ئاشتەوایی لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بابەتەکە بۆ مۆسکۆ جیاوازە کە هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە مۆسکۆ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە وەک بەشێک لە ستراتیژیەک کە بتوانێت ڕوبەڕوی ناتۆ ببێتەوە. ئەگەر مۆسکۆ بتوانێت لێکنزیکبونەوەی سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە، پێگەی خۆی بەرامبەر ئەمریکا بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بوونی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، تورکیاش دەیەوێت لەم پرۆسەیەدا سودمەندبێت بۆ جێگیربونی پێگەی سیاسی و ئابوری لە ناوچەکەدا.
بەکورتی دەتوانێن بڵێین کە نەخشەی ئێستای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاری و کوشتارو ماڵوێرانی کردنەدا، پێش هەمو شتێک دەستپێشخەریە بۆ چەسپاندنی مەوقعیەتی تورکیا لە سەر بنەمای ئایندەی ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لەعێراق و ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت. بۆ ئەم ئامانجەش تورکیا هێرش بۆسەر پەکەکە دەکاتە پاساوێک، تا بنەکە سەربازیەکانی لە عێراقدا دامەزرێنێت. لەلایەکی ترەوە بە گوڕێکی زیاترەوە ڕکابەری بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرتۆتەبەرو هەوڵ ئەدات پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بکێشێتە دواوە، پەیوەندیشی لەگەڵ سوریا لە ڕێگەی ڕوسیاوە ڕێکدەخات نەک ئێران.
ڕێڕەوی ئەم کێشانە، ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات؟، لە حاڵەتی بەرجەستە نەبونی هێزی یەکگرتوی رێکخراوی چینی کرێکاردا، ئایندەی بەرژەوەندی و کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا، دۆخەکەو ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕەکان دەیبڕێننەوە!