دەشتی جەمال
دوای ئەوەی لە لە٣١ی تەمووزدا ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسی مەلەفی دانوستان و گۆڕینەوەی بارمتەکان بوو لەگەڵ ئیسرائیل کە بەمەبەستی مەراسیمی سوێندخواردنی پزیشکان سەردانی ئێران کردبوو، لەگەڵ یەکێك لە پاسەوانەکانی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە تاران تیرۆرکرا، دۆخێکی نائارام و مەترسیدار رووی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە. ئەگەرچی تائێستا ئیسرائیل بەرەسمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو کردەوە تیرۆریستە ڕانەگەیاندووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئیسرائیل وەکو ئەنجامدەری تیرۆرەکە دەستنیشان دەکەن. چ ئەم کردەوە تیرۆریستیەو چ ئەو کاردانەوانەی کە بەدوای ئەم تیرۆرەدا دین، بەتایبەتی کە جمهوری ئیسلامی ئێران ئەوکارە وەکو شکاندنی شکۆی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت لەکەدارکردنی کەرامەتی دەوڵەتەکەی تەماشادەکات، و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات، تا بە ئەگەری هێرشی موشەکی و درۆن لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، هەموویان دەرگای پەرەسەندنی ئاڵۆزی و نائارمی و جەنگێکی کراوە لە خۆرهەلاتی ناوەرستدا دەکەنەوە! ئێران وەکو ئەوەی تیرۆرەکە لە پایتەختی ووڵاتەکەیدا رویداوە، لێدوانی ئاگرین دەدات و “ناسر کەنعان ووتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران” لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند: “ئیران بۆ سزادانی ئیسرائیل چاوەریی هیچ کەس و لایەنێك ناکات و خۆی بەرگری لە خۆی دەکات”
ئەوەی کە ئایا ئەمجارەش ئیران لەرێگەی تۆری میلیشیاکانی خۆیەوە لەناوچەکە ئەم کاردانەوەیە ئەنجام دەدات یان لیدانێکی رەمزی دیکە وەك جارەکانی پیشوو ئەنجام دەدات و دواتریش ئیسرائیل چ وەلامێکی تری دەبێت، دەتوانێ دامێنی نائارامی و فراوانبوونەوەی جەنگەکە دیاری بکات. بەڵام وەکو تائیستا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ڕایانگەیاندوە: نایانەوێت جەنگەکە فراوان بێتەوە. ئەمریکا فشار لەسەر ئیسرائیل دەکات تا کردەوەی سەرەڕۆیانە نەکات و داواش لەئێران دەکات دۆخەکە بەرەو بارگرژی زیاتر نەبات، لەپاڵ ئەوەی کە خودی ئێرانیش لەبەرژەوەندی نیە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو جەنگێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، زیاتر ئەو ئەگەرە زیاتر دەکات، کە ئێران گورزێکی دیاریکراو لە ئیسرائیل بدات و کاری زیاتر بۆ گروپە ئیسلامیە چەکدارەکانی دژ بە ئیسرائیل دابنێت!
بێگومان حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل و بەدیاریکراوی ناتانیاهۆ زیاتر پێویستیان بەوەیە کە ئیران ڕابکێشنە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە، تا ئەمریکاش ناچاربکات وەکو بەشێك لە جەنگەکە لەپاڵ ئیسرائیلدا ڕابوەستێ، چونکە ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەگەڵ بێئاسۆیی و بنبەستی سیاسی گەورەدا بەرەو رووە بوەتەوەو پێویستی بەو جەنگە هەیە. ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەناوخۆی ئیسرائیلدا گیرۆدەی ناڕەزایەتی فراوان بووە، خەڵکی ئیسرائیل خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکانن. خوازیاری دادگاییکردنی ناتانیاهۆن لەسەر چەندین پرسی گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا و ..تاد. دە مانگ بەسەر دەستپێکردنی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تێپەڕیوە، جگە لە کوشتاری خەڵکی بیتاوانی فەلەستین، حکومەتەکەی ناتانیاهۆ و سوپای ئیسرائیل نەك هەر لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لەناوبردنی حەماس نزیك نەبۆتەوە، بەڵکو لە بنبەستێکی سیاسی و بگرە سەربازیدا گیریان خواردووە. ناتانیاهۆ دەیەوێ بە فراوانبوونەوەی جەنگەکە خۆی لە هەموو ئەو لێپێچینەوانە رزگار بکات و حکومەتەکەی لە روخان بپارێزێ، هاوکات خۆشی وەکو تاوانباری ئەنجامدەری جینۆساید دەربازبکات و چارسەری کێشەی فەلەستین و پرسی دەوڵەتی فەلەستین بەنادیار و مەحاڵ بسپێرێت! و حکومەتەکەی و دەوڵەتی ئیسرائیل لەو گۆشەگیریە جیهانی و ناوچەییەکی تووشی بووە دەربهێنێ!
ئەگەر ئەوانەی باسکران وەکو ئامانجەکانی ناتانیاهو بۆدریژەکیشان و بەرینکردنەوەی جەنگەکە، ئەوا بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران کە دەیان ساڵە نان لەمەسەلەی خەڵکی فەلەستین دەخوات و کەڵکی لە کێشەو مەینتیەکانی خەڵکی فەلەستین دیوە و تۆڕێکی گەورەی لەگروپی وەك حزب للەی لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و وگروپی جۆراجۆری شیعە لە عێراقدا دروستکردوەو ئێستاش وەکو هاوپەیمانێکی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی تەماشادەکرێ لەلایەن ئەو دوو گروپە ئیسلامیە فەلەستینەوە، ئامانجەکەی بەدەستەوەگرتنی ئەم نفوزەیە بۆ دەسکەوتی سیاسی و ستراتیژی خۆی لەئاستی ناوچەکەو جیهداندا لەپەیوەند بە جێگاورێگای ئێران وەکو هێزێکی ناوچەیی دانپێدانراو و لە پەیوەند بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیەوە! هاوکات ئەو دۆخە وەکو هەلێکی زێڕین تەماشادەکرێ لەلایەن ئێرانەوە تا وەکو هێزێکی سەربازی بەرامبەر بە ئیسرائیل خۆی نمایش بکات و وەکو خاوەنی پرسی فەلەستین دەربکەوێ، هەموو ئەمانەش بەو ئاقارەدا سود لێوەربگرێ کە دەسەڵاتەکەی خۆی لەناوخۆی ئێراندا پتەوو قایم بکات و لە زەربەی خەڵکی شۆڕشگێڕ بیپارێزێ و هەموو جموجوڵێکی دژی بە رژێمەکەی بەپاساوی خزمەتکاری بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل سەرکوت و بێدەنگ بکات!
بەڵام مەسەلەیەك کە جێی خۆیەتی ئاماژەیەکی پێبکەم لەپەیوەند بە تیرۆری ئیسماعیل هەنیەوە، هەڵویستی حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانە!
عەلی باپیر، سەرۆکی كۆمهڵی دادگهری كوردستان لهبارهی كوژرانی ئیسماعیل ههنییه رایگهیاند، ئێران بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی کەوتوەتە سەرشان، چونکە میوانێکی گەورەی وەک ئیسماعیل هەنییە لەناو ماڵەکەی ئەودا کوژراوە”، پێشبینیشی کرد کە ئێران بێدەنگ نابێت و داواشی كرد وهڵامهكهی هێندهی گهورهیی هەنییە بێت.
ئەم بانگەشەیەی عەلی باپیر، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکەو بگرە مەزوڵمیەتی خەڵکی فەلەستینەوە نیە دژ بە تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئەم تیرۆرەشی وەکو هەنگاوێك بۆ درووخستنەوەی ئاگربەست و کۆتاییهێان بە جینۆسایدی خەڵکی غەززە، بەڵکو لەڕوانگەی بەرژەوەندی بزوتنەوە ئیسلامیەکەی و دەسکەوتە سیاسی و مادیەکانیەوەیەتی کە لەلایەکەوە لەرووی سیاسیەوە لە ئێرانەوە نزیکەو بەرژەوەندی لەگەڵیدا هەیە، لەلایەکی دیکەوە بۆ دەمەزردەکردنەوەی سۆزی خەڵکی سادەی موسڵمانە بۆ حزبەکەی گوایە دلسۆزی خەڵکی موسڵمانی فەلەستینە دژی جولەکە! خۆشکردنی قین و ڕقی دینیە کە پایەی حزبەکەی لەسەر ڕاوەستاوە!
بەڵام چیینی کریکارو ئازادیخوازانی کوردستان دەبێت هاوشان بەخەڵکی ئازادیخوازی جیهان وناوچەکە وەلامی دانشکین بە بەرنامە و ئامانج و سترایجی ئەم هیزە کۆنەپەرستانە بدەنەوە ، باجی ئەم تیرۆر و کوشتارە تەنها خەڵکی غەززه و لوبنان نابن، بەڵکو سەرباری خەڵکی مەدەنی و بێدیفاعی ئەو دوو ناوچەیە، خەڵکی سوریا و عیراق و کوردستان و سەراپای ناوچەکە دەبن. لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕو میلیتاریزم و وێرانکاری و کوشتن، هەموومان باجەکەی دەدەین!
کاری ئیمەو ئەو بزووتنەوەی کرێکاری و مرۆڤدۆستی عێراق و کوردستان ئەوەیە کە لەپاڵ ئەو بزوتنەوە نارەزایەتیەدا ڕابوەستین کە لەسەراسەری جیهاندا دژی ئەم درەندییە بەرامبەر بەخەلکی فەلەستین، بەڕێکەوتوە. هەر ئەو بزوتنەوە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەیە کە دەتوانێ ڕێگەیەك بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بۆ کەمکردنەوەی ئازار و برسێتی خەڵکی فەلەستین پەیدا و فەراهەم بکات. ناتانیاهۆ لە ئیسرائیل و بە پاڵپشتی و هاندانی حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کۆماری ئیسلامی ئیران بە حەلیفە ناوچەیەکانی، هیچیان ڕێگەی ئاشتی وسەقامگری و ڕاگرتنی ئەم شەرەو کۆمەڵکوژیە لە غەززەدا نین . پێویستە شەڕ کۆتایی پێبێت و ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان بچێتە دەرەوە. کۆمەك و پیداویستیە مرۆیەکان بگاتە کەرتی غەززە. ئاوارەکان بگرینەوە شۆێنی خۆیان و قەرەبۆ بکرینەوەو. ڕێگە و پرۆسەیەکی ئارام سەقامگیر فەراهەم بکرێت بۆ بریاردانی تەواوی خەڵکی فەلەستین لەسەر ژیان وداهاتووی خۆیان. تەنها چینی کرێکارو بەرەی ئازادیخواز، دەتوانێ بەڵای تیرۆر و تارمایی جەنگ لەناوچەکەدا هەڵگرێ!