وەستا مەهدی ڕەسوڵ
رکەبەرایەتی نێوان ئەمریکاو چین بەردەوام فراوان دەبێتەوە، کۆتا شت پرۆژەی ئەمریکا بوو بۆگرێدانی هیندستان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپاوە، ئەم پرۆژە ئەمریکیە وەك وەلامدانەوەیەك بە پرۆژەی چینی رێگای ئاوریشمە، ئەم رکابەریەی نێوان ئەمریکاو چین رۆژگاری سەردەمی جەنگی ساردمان وەبیر دەهێنێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە سیناریۆی ئابوری نەك رکەبەرایەتی و پێشبڕكیی سەربازی و چەکوچۆڵ.
بابزانین پرۆژەی رارەوی ئابوری نێوان هیندو ئەوروپا چییە؟ لەراستیدا پرۆژەکە بریتیە لە دەستپێشخەری ئەمریکا بۆ گریدانی هیند بە کەنداوی عەرەبی لەرێگای دەریاوە وە لەویشەوە بۆ ئوردن و ئیسرائیل لەرێگای شەمەندەفەرەوە، لەوێشەوە بەرێگای دەریادا بۆ یەکێتی ئەوروپا .
ناوی ئەم پرۆژەیەیان ناوە رارەوی هیند-رۆژهەڵاتی ناوەراست-ئەروپا (IMEC) ئەمە یەکەمین دەستپێکی هاوکاری لە بواری گواستنەوەدایە لەنێوان ئیماراتی عەرەبی و سعودیەو یەکێتی ئەوروپارو ئەمریکاو ئیسرائیل.
ئامانجی ئەم پرۆژەیەی ئەمریکا گەشەپێدانی بزوتنەوەی بازرگانی و زیادکردنی سەرچاوەکانی وزەو باشترکردنی پەیوەندیەکانی ئەلکترۆنی لەنێوان وڵاتانی خواروی ئاسیاو ئەوروپایە. واش چاوەروان دەکرێ ئەو وڵاتانەی کە ئابورییان نزمە سودی باشی لێوەرگرن و رێگەش خۆشکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ بینینی رۆڵکی گەورە لە بازرگانی جیهانیدا.
گرنگی پرۆژە ئەمریکیەکە لەوەدایە رێگا بازرگانیەکان لەنێوان خوارو و خواروری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەروپا کورت ئەکاتەوە. رێگای بازگانی ئێستا لە دەریاوە لە ئۆقیانوسی هیندیەوە بۆ دەریای سور و قەناتی سویس و دەریای ناوەراست دەروا و رێگایەکە بە ئاودا دەروات. بەڵام پرۆژە تازەکە زۆر لەمەی کە هەیە کورت ترە، ئەم پرۆژەیە بەنسبەت یەکێتی ئەوروپاوە گرنگە بەهۆی ئەوەی کە بازگانی ئەوروپی گرێدەدا بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیاوە ، ئەمەش وادەکات لێکەوتە خراپەکانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئەروپا کەم بێتەوە.
هاوکات ئەم پرۆژەیە کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی هەیە بەنسبەت ئەمریکاوە، ئەویش دان پێدانانی سعودیە بەئیسرائیل لەرێگای بەرژەوەندی ئابوریەوە، چونکە وا چاوەروان دەکرێ کە رێگای ئاسن سعودیەو ئیسرائیل بەیەکەوە ببەستێت.
ئاستەنگیەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە
ئەم پرۆژە ئەمریکیە جێبەجێکردنی هەروا ئاسان نییە و لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگی سیاسی و ئابوری و هونەری بەرەو رووە، بەهۆی ئەوەی کە لەهەندێ جێگا ئەبێ ئەم رارەوە بە وشکانیدا بروات، ناتوانێت خزمەتێکی باش بە بازگانی جیهانی بکات بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی وشکانی زۆرلاوازە بە بەراورد بە دەریایی، چونکە ٨٠٪ ی بازگانی لەرێگای دەریاوەیە، .
هاوکات لەروی سیاسیشەوە ئەم پرۆژەیە روبەروی نارەزایەتی زۆرێك لە وڵاتان دەبێتەوە و زیانی تیدادەکەن بۆنمونە تورکیا کە دەیەوێت ببێتەناوەندێکی بازرگانی جیهانی یان میسر کە زیان بە گواستنەوەی کاڵاکان دەگات لە رێگای قەناتی سویسەوە هاوکات زیان بە چینیش دەگا.
یەکیکیتر لە رێگریەکان لایەنی مالییە، ئەو پرۆژەیە دەیان ملیار دۆلاری پێویستە کە هەتا ئێستە سەرچاوەی دابینکردنی دارایی دیارنییە. ئەگەریش ئاماژە بۆسعودیە کرابێت لەلایەن ئەمریکیەکانەوە بەوەی کە سعودیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئەوەش بەشێوەی ناراستەوخۆیە. هێشتا دیارنییە سعودیە دەچێتە ژێربای ئەوەوە کە ئەو مەبڵەغە زۆر بخاتە ناو پرۆژەیەکی واوە.
رکابەرایەتی نێوان پرۆژە کەی ئەمریکاو چین
ئەمریکا خاوەنی بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە و پاڵپشتی سەرەکیەتی نەك بەشێک بێت لێێ. هەر ئەمەشە وادەکا کە پرسیار لەسەر ئامانجی پرۆژەکە دروست بکا، کە وادەردەکەوێ گەرانەوەبێت بۆ قوناغی سەردەمی جەنگی سارد کە لەنێوان دوقوتبی سەرمایەداری ئەو سەدەمەدا هەبوو، یەکێتی سۆڤەیتو ئەمریکا.بەڵام ئەمجارەیان لە دەروازەی ئابوریەوە!.
لەراستیدا پرۆژەی چین زۆر گەورەترو فراوانترە لە پرۆژەکەی ئەمریکا. پرۆژە چینیەکە ١٥٠وڵات دەگرێتەوە، زیاتر لە ٣٠ رێکخراوی جیهانی هاوپشتی لێدەکەن. هاوکات چین نزیکەی یەك ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆتەرخان کردوەو زیاترلە ٣٠٠٠ پرۆژەشی بنیاتناوە ، بەپیی پلانەکەی چین لەکۆتایی ساڵی ٢٠٤٩ پرۆژەکەی تەواودەبێت، بەڵام هێشتا دیار نییە پرۆژە ئەمریکیەکە بەکوێ گەیشتووە.
لەکۆتایدا ئەبێ ئەوەبڵێن کە هێشتا زووە بزانین شانسی سەرکەوتنی پرۆژە ئەمریکیەکە چەندە کەتائێستا لەقۆناغی سەرەتادایە و رێگریەکانیشی بەبەراورد لەگەڵ قازانجەکانی زۆرترە.
ئەم رکەبەرایەتیەی نێوان دوقوتبی سەرمایەداری لەدنیای ئەمرۆدا دەلالەت لەوەدەکا کە کێشەو ململانیی نێوان زلهێزەکان دوای دەورەیەك لە جەنگو کاولکاری و دوای ئەوەی قەیرانی ئابوری وسیاسی جیهانی بووەوە و جەمسەرو بلۆکی تازەی سەرمایەداری لە ناوچەی نفوزی زلهێزەکان سەریان هەڵدا، بۆ پارێزگاری لە دەسەڵات و خۆنیشاندانی هەریەک لە چین و ئەمریکایە وەك سەروەرو گەورەی جیهان و دەیانەوێت دوبارە جێگای نفوزی خۆیان دیاری بکەن و دەورەیەك لە ئیستقراری سیاسی و ئەمنی برەخسێنن و قەرەبوی ئەو زیانانە بکەنەوە کە لەئەنجامی جەنگو کاولکاری سەفریان کردوە. دوبارە پایەکانی دەسەڵات و سیستمە دژە ئینسانیەکەیان مەحکەم رابگرن. بۆیە هەرخۆشخەیاڵیەکی چینی کرێکار بەوەی لەسایەی پرۆژەکانی چین و ئەمریکا و درێژەدان بەدەسەڵاتەکەیان کۆتایی بەنەهامەتەکانی کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت دێت وەهمەو ئەوەی کە دەبێ چینی کرێکار ببێتە جێگای سەرنج و مایەی بەدیهێنانی ئاوات و ئارەزووەکانی تەنهاو تەنها درێژەدانە بەخەبات لەپێناوی داسەپاندنی هەلومەجی کار و ژیانێکی باشترو هەنگاونانە بەرەو کۆتاییهێنانی یەکجارەکی دەسەڵات و دەوڵەت و تەواوی یاساورێساو دابو نەرێتی ئەم نیزامە هارودرندەیەی سەرمایەداری لەرێگای بەرپاکردنی شۆرشێکی ئابوری کۆمەڵاتی چینی کرێکارەوە .
وەستامەهدی/١٣/٧/٢٠٢٤