رێکەوتنی چوارقۆڵی عێراق، ئێران، تورکیاو حکومەتی هەرێم بەدژی هەڵسوڕانی چەندین حزبی سیاسی

نوری بەشیر

عێراق وەک دەسەڵاتدارێتیەکی فیدراڵیی شەقوشڕ، کە پێکهاتووە لەژمارەیەک حزبی ئیسلامی و ناسیونالیستی کە نفوزی سەرەکی ئێران تێیدا بەرجەستەیە، مەیدانی نمایشی دەسەڵاتی حکومەتانی ناوچەکە و جیهانە، هەردوو دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و هەرێم وەک ماڵێکی بێدەرگاو پەنجەرەیە، تێیدا دێن و دەڕۆن و بڕیار دەردەکەن و مەیدانی کێشمەکێشی ناوچەکەو جیهانیە، لەلایەک شوێنی کێشمەکێشی ئەمریکاو ئێرانەو لەلایەکی تر مەیدانی هێزەکانی تورکیاو ئێران و بنکەو بارەگاو هێزی سەربازی و میت و پاسدارانە، بەتایبەت لەکوردستان و هەردوو زۆنی زەردو سەوزدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دووحزبی دەسەڵاتدار، شتێکیان نەماوەتەوە نەک تەنیا وەک ئەوەی بوکە شوشەن بەدەستی دوو حکومەتی ناوچەکە، ئێران و تورکیاوە، بەڵكو لەوەش خراپترن بەدەست حکومەتی بۆرژوا ئیسلامی ناسیونالیستی شیعەگەرایی میلیشیاو مافیایی عێراقەوە خەریکە قاوغەکەیشی نامێنێت.

هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی تەواوی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بەردەوامەو بەدوایدا قەدەغەکردنی ژمارەیەک حزبی تریشی بەدوادا هات. تا بەهەواڵی تازەی ئاگادارکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەگەڕێتەوە، کە لەساڵانێکی زۆرەوە لە کوردستان جێگیرن و بەشێوەی فەرمی رێگە پێدراوبوون، لەهەرچوارلاوە دەورە دراون، کە رێكەوتنی سێ قۆڵی لەنێوان عێراق و ئێران و حکومەتی هەرێم بەسەریانەوە دەکرێت، بۆئەوەی بارەگاکانیان دەبێت چۆڵ بکەن و لەکەمپی دیاریکراودا کە حکومەتی عێراق بۆیان دیاریکردوون کۆبکرێنەوە، ئەمە بەدوای ئەوەدا دێت کە پەڕوبارڵیان کردوون و نەک تەنیا لە سنورەکانی ئێران و هاتوچۆیان نەهێشتوون، دەبێت لەو شوینانەی لەدەوری سلێمانی و کۆیەو هەولێریش کەهەن، بچنە ئەو کەمپە دەستبەسەرانەو یان لەژێرچاودێری یوئێندا بن، نەک ئەوەش بەڵكو لەمانگەکانی پێشوتردا لیستی ناوی ١٢٠ کەس لە رابەرانی ئەم حزبە ئۆپۆزیسیۆنانە، جمهوری ئیسلامی ئێران داویەتیە حکومەتی عێراق و داوای تەسلیمکردنەوەیان بەئێران و دادگاییکردنیانی کردووە.

جمهوری ئیسلامی ئێران لەرێگای حکومەتی عێراقەوە فشارەکانی بۆسەر حکومەتی هەرێم و بەتایبەت یەکێتی توندکردۆتەوە، لەتازەترین هەواڵیشدا کە رێژنە میدیا بڵاویکردۆتەوە، لە رێگای نوێنەری قاسم ئەعرەجییەوە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق هۆشداری دەدرێتە هەر سێ لایەنی باڵی کۆمەڵە کە پێویستە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ بکەن و وەک پەنابەر بچنە کەمپەکانەوە، بەگوێرەی زانیاریەکان لە سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی بۆ سلێمانی نوێنەرێکی خۆی بەناوی ( سەعید الجەیاشی) رۆژی شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٤، لەگەڵ هەرسێ باڵی کۆمەڵەکان لەبارەگای (کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، لە زرگوێز، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئاسایشی هەرێم کۆبۆتەوەو پێیان راگەیاندوون کە دەبێت بارەگاکانیان لە زرگوێز چۆڵکەن و بیگوازنەوە بۆ سوورداش لە باکووری رۆژئاوای سلێمانی.

ئەم هەوڵەی ئەعرەجی لە چوارچێوەی رێکەوتنی نێوان ئێران و عێراق دایە کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بوون و لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢٣ دا واژوی لەسەرکراوە.

تا بە قەدەغەکردنی سێ حزبی تر بەناوەکانی؛ “تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان”، “پارتی ئازادی و دیموکراسی”، “بەرەی تیکۆشانی دیموکراسی” دەگەڕێتەوە، کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ٨ی ئابی ٢٠٢٤دا راگەیاندنی لەسەرداوە، هەروەها لەچەند شوێنی جیادا کە نوێنەری ئەو حزبانە قسەیانکردوەو ئەو تۆمەتانەی کە بۆ قەدەغەکردنیان دەرچووە بڵاوکراوەتە کە دەڵێ؛ لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هاتووە “بەگوێرەی مادەی ٢٥ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراوەیی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حزبییان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق.”  بەوپێیە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشانەوەی هەریەک لەو پارتە سیاسییانە و داخستی بارەگاکان و دەستبەرداگردنی داراییان.”

هەرلێرەوە دەکرێت چەند خاڵێک بخەینەڕوو یەکەم؛ دەکرێت بپرسین باشە هەر بەپێی ئەو بڕیارانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، حکومەتی عێراق و هەموو حزبەکانی ناویشی دەبێت چییان لێبکرێت، کە نەک هەر دەستی دەرەکی جمهوری ئیسلامی ئێرانیان لەپشتە، بەڵكو جمهوری ئیسلامی ئێران حکومەتەکەیان لەرێگای میلیشیا شیعەکانەوە بۆ بەڕێوەدەبات. دووەم؛ دەبێت چی هەڵوێستێک لەبەرامبەر یەکێتی و پارتی بگیرێتەبەر، کە بەجیا لەوەی ٣٣ ساڵە دەستی دەرەکی ئەمریکایان لەپشتە، بەڵام وەک هێزو لایەنێکی بەکرێگیراو و گوێ لەمستی حکومەتەکانی تورکیاو ئێران کاردەکەن، ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان بەئاشکرا بەسەدان لەبنکەو بارەگای میتی تورکی و سوپای پاسدارانی تێدایە، هێزەکان و مۆڵگەکانیان لە قوڵایی ناوچەکانی کوردستاندا تەراتێن دەکەن، ئیتر ئەمە بانێکەو دوو هەوا بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەبێت وەڵامیان پێبداتەوە.

ئەم رێکەوتنە چوارقۆڵیە لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی قەیراناوی ناوچەکەدایە، تەنها بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی حزبە سیاسەکان نیە، بەڵكو بۆ گروپ  و تاکیشە لەکۆمەڵگادا کە مخالیف بێت و ناڕەزایەتی دەبرێت پێیان، هەم بۆ خولقاندنی فەزای سەرکوتی سیاسی و هەنگاوبەهەنگاو دەست ئاوەڵاییانە لەبەرامبەر هەر هێزێکی سیاسی چ ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە بێت، یان حزبی سیاسی عێراق و کوردستانی عێراق بێت و جیاوازی هەبێت لەسیاسەت و بەرنامەی حکومەتی عێراق و هەرێم و حزب و ملیشیاکانیاندا.

ئەم کارانە لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتەکانی تورکیا و ئێراندا دەچێتە پێشەوە، کەچۆن لەو دوو وڵاتەدا جێگایەکیان بۆ حزبی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵسوڕانیان نەهێشتۆتەوە، بەهەمانشێوە دەیانەوێت عێراق و کوردستان بکەنە ئەو ناوچەیە کە بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەوان بڕواتە پێشەوە.

هەموو ئەو هەنگاوو سیاسەتانەی حکومەتی عێراقی و هەرێم کە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و ئێراندا دەڕواتە ڕێوە، بەهێزی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ئەم وڵاتانەو حزبە چەپ و ئازادیخوازەکان لە ئاستی ناوخۆو دنیادا دەتوانرێت پاشەکشەی پێبکرێت.

٨ی ئابی ٢٠٢٤

 

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …