بەدژی پەلاماری راسیستەکان لەگەڵ بەرەی ئازدیخوازدا ڕابوەستین!

بەدوای هێرشی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵان بەچەقۆ بۆسەر کۆمەڵێک منداڵی تەمەن تا دە ساڵان لە خولێکی فێربوونی هاوینەی سەمادا لە شاری ساوسپۆرت لە ڕۆژی دووشەمە ٢٩ی٧ی٢٠٢٤ کە بووە هۆی کوژرانی سێ منداڵ و برینداربوونی هەشت منداڵ و دوو کەسی دیکە، گروپە ڕەگەزپەرستەکانی بەریتانیا فرسەتیان قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ئوتێل و شوێنانەی کە پەنابەری لێنیشتەجێکراون، هەروەها هێرشەکە فراوان بوەوە بۆ سەر چەند مزگەوت، کتێبخانە، دوکان و ماركێت و شکاندنی کەلوپەلەکانیان، بیانووی ئەو گروپە رەگەزپەرستانە ئەوەبوو کە گوایە ئەو مێردمنداڵەی تاوانەکەی کردوە پەنابەرێکی موسڵمانە! ئەم کردەوە دژی ئینسانیەی رەگەزپەرستەکان چەندین شاری بەریتانیای گرتۆتەوە، لەوانە؛ لیڤەرپوڵ، بریستۆڵ، ساوسپۆرت، هۆڵ، ستۆک ئۆن ترێنت، مانچستەر، بلاکپوڵ، میدڵبرۆ، لانکاشێر، بێلفاست، نۆتینگهام، لیستەر، لیدز، سەندرلاند، ساوزپۆرت و لەندەن، و ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە. لەنێوان پۆلیس و هێرشبەرە راسیستەکاندا پێکدادان ڕویداوە و چەندین پۆلیس بریندار بوون و ژمارەیەكیش لە ئاژاوەگێڕان دەستگیرکراون. حکومەت ڕایگەیاند کە بەتوندی ڕووبەڕووی شەقاوە ڕاستڕەوەکان دەبێتەوە و بەهیچ جۆرێك رێگانادرێت کە بەوجۆرە کردەوە رەگەزپەرستانەیە لەسەر شەقامەکانی بەریتانیادا. شایانی وتنە لەهەندێ شوێن خەڵکی ئازادیخواز ڕووبەڕووی ڕاسیستەکان وەستاونەتەوە.
بێگومان دۆخی قەیرانی ئابوری کە ڕووبەڕووی سیستەمی سەرمایەرادری بەریتانیا بووەتەوە و باری قورسی قەیرانەکە؛ کە بریتیە لە هەژاری و برسێتی و کەمکردنەوەی خزەمتەگوزاریە گشتیەکان و بێکاری بەسەر شانی چینی کرێکار و خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیا دا شکێنراوەتەوە. ئەو دۆخەش وایکردوە کە رەوت و گروپە رەگەزپەرستەکانی بۆرژوازی، لەجیاتی ناساندنی خودی سیستەمی سەرمایەداری بەریتانیا بەسەرچاوەی قەیران و کارەساتەکانی ژیانی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێکار، هۆکاری قەیرانەکە دەگەڕێننەوە بۆ بوونی پەنابەران کە بوونەتە هۆی بێکاری و نەهێشتنی خزمەتگوزاری و تاد… تەنانەت حکومەتی پارێزگارانی پێشوو، گەورەترین کەمپینی پڕوپاگەندەیی دژی پەنابەران بەڕێخست و بەرنامەی دژە مرۆیی ناردنی پەنابەرانی بۆ ڕواندا داڕشت، ئەمەش  وایکرد کە مەیلێکی دژە پەنابەری لەناو خەڵکدا ڕەواج پەیدا بکات. سەرەنجام  ئەمەش وادەکات کە پەنابەران، کە خۆیان قوربانی شەڕ و نائەمنی وڵاتانی دیکەن و هەژارترین و بێمافترین بەشی کۆمەڵگای بەریتانیان بببە قوربانی و ژیانیان بکەوێتە بەر مەترسی هێرشی ڕاسیستەکان!
هەڵبژراندنی پەرلەمان ئەگەرچی شکستی پارتی پارێزگارانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا مەسەلەیەکی خەتەرناکیشی خستەڕوو کە هەڵکشانی دەنگی ڕاسترەوە رەگەزپەرستەکان بوو بە سەرۆکایەتی کەسایەتی ڕاستڕەوی بۆرژوازی بەریتانی نایجل فاراج، کە لەڕاستیدا ئەم گروپە وەکو باڵی توندڕەوی حزبی پاریزگاران کاردەکەن!
سەبارەت بەهەڵوێستی رەسمی حکومەتی لەیبەر بەرامبەر ئەو شەقاوەچێتیەی ڕاسیستەکاندا، کرێكاران و چەپەکان و ئازادیخوازانی بەریتانیاش بەدژی ئەو پەشێوی و هێرشانەی راسیزم و ڕەگەزپەرستان هاتوونەتە مەیدان و دروشمی پەنابەران بەخێربێن بۆ بەریتانیا بەرزدەکەنەوەو لەزۆرێک لەو شوێنانەدا کە هێرش دەکرێتە سەر شوێنی پەنابەران بۆ بەرگری لێیان پشتێنەی بەرگریان دروستکردوە!
ئێمە لە رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەپاڵ خەم و پەژارەی کەسوکاری قوربانیەکاندا رادەوەستین و هاوکاتیش لە پاڵ ریزی فراوانی خەڵکی کرێکارو چەپ و ئازادیخوازی بەریتانیادا بەدژی کردەوە دڕندانەو قێزەونەکانی ڕاسسیستەکان دەوەستینەوە. بانگەوازی خەڵکی کوردزمانی دانیشتووی بەریتانیا دەکەین کە لەپاڵ ئەم ریزە ئینساندۆستیەدا راوەستن و بەدژی هەر هەوڵێک بوەستنەوە کەریزی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگای بەریتانیا پەرتەوازە دەکات و دەیانکات بەگژی یەکتردا.
رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٤ی ئۆگەستی ٢٠٢٤

Check Also

هەڵبژاردن تەواو ،بەڵام خواست و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بۆ نان و کار و مەعیشەت و ئازادی هەر باقیە!

بەدوای کەمپینێکی سێ هەفتەیی لە بەخشینەوەی بەڵێنی درۆ و خستنەگەڕی دەزگای میدیای حزبەکانی دەسەڵات و …