بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت به‌: تیرۆری ئیسماعیل هەنیە  

بەرەبەیانی ٣١ی٧ی ٢٠٢٤ لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، بەهۆی موشەكێکەوە کە ئاڕاستەی شوێنی حەوانەوەکەی کرابوو، لەگەڵ پاسەونێکیدا کوژرا! ئەگەرچی ئیسرائیل تا ئێستا بەرپرسیارێتی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ڕاستەوخۆ هەڵنەگرتووە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە، کە دیقەتێکی زۆری هەواڵگری و تەکنۆلۆجیای سەربازی هەیە، تەنها لە ئیسرائیل و بە هاوکاری ئەمریکا و هەندێ دەوڵەتی ئەوروپی دەوەشێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ئیسرائیل یەکەم لایەنە کە بەرژەوەندی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە و سەرکردەکانی حەماسدا هەیە.

بێگومان کردەوەی تیرۆری ئیسماعیل هەنیە، ڕاستەوخۆ دوای سەردانی نەتەنیاهۆی سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل بە ٢ ڕۆژ دێت بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، کە بە چەپڵە پێشوازی لێکرا، لەکاتێکدا ناوبراو لەلایەن دادگای دادی نێونەتەوەییەوە تاوتوێی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکرێ لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە! پێشوازی کۆنگرێسی ئەمریکا لە تاوانباری جەنگ و جینۆسایدی خەڵکی غەززە، و دواتریش ڕاگەیاندنی پشتیوانی موتڵەقی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەرامبەر هەر هەڕەشە و مەترسییەك کە دوای ئەم کارە تیرۆریستیە ڕووبەرووی دەبێتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کردەوە تیرۆریستیە بەبێ ئاگاداری و هاوکاری ئەمریکا ئەنجام نەدراوە.

حکومەتی ڕاستڕەو و فاشیستی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهۆ، کە نزیکەی ١٠ مانگە کوشتارێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی خەڵکی فەلەستینی بەڕێخستووە، نەیتوانیوە ئامانجە جەنگیەکانی بەدەستبهێنێ کە لەناوبردنی حەماس و گێڕاندنەوەی دیل و بارمتەگیراوەکانی لای حەماس بوو. نەك هەرئەوە، لەڕووی سەربازییەوە تووشی بنەستێکی گەورە بووە و تەنانەت تووشی کێشەی ناوخۆی حکومەتی بۆتەوە. سەرباری ئەوە، ناڕەزایەتی خەڵکی ئیسرائیل و کەسوکاری دیلەکان کە خوازیاری ڕاگرتنی جەنگ و ئەنجامدانی پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکانن، لەپاڵ ناڕەزایەتیەکی ڕای گشتی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهانیدا، حکومەتی ئیسرائیلی خستۆتەژێر فشارێکی گەورەوە، کە خواستی دەستلەکارکیشانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیل و خواستی دادگاییکردنی لەسەر ئاستی دنیا، کردۆتە خواستێکی دەستبەجێی. سەرباری هەموو ئەمانەش، لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لەئاستی دنیا و ناوچەکەدا تەریک کەوتۆتەوە. بۆیە نەتەنیاهۆ و حکومەتە ڕاستڕەوەکەی لەناو ئەم گێژاوەدا پەل دەکوتێ و دەیەوێ تەڕو وشك پێکەوە بسوتێنێ و ناوچەکە ڕابکێشێ بۆناو جەنگیكی سەراپاگیر، تا ئەمریکاش بێتەناوەوە بۆ پشتیوانیکردنی ڕاستەوخۆی لە جەنگەکەیدا، تا هەم بەوجۆرە خۆی لەو بنبستە سەربازی و سیاسیە دەربكیشێت و هەم پرسی فەڵەستین و دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین کە ئێستا لەهەموو کاتێك زیاتر پشتیوانی جیهانی لەسەر ئاستی ڕای گشتی و جەماوەری و لەسەر ئاستی رەسمیدا بۆ پەیدابووە، بێئاکام بهێڵێتەوە.

ئەم کردەوە تیرۆریستیەی ئیسرائیل، ڕێگا لە کۆتاییهاتنی جەنگ و دەرفەتی چارەسەری سیاسیانەی کێشەی فەڵەستین دەگرێ و بۆ ماوەیەکی دیکە دۆخی ناوچەکە بەرەو نائارامی و کوشتار و فەزای جەنگی رادەکێشێت و ژیانی ملیۆنەها ئینسان نەك تەنها لە فەڵەستین، بەڵکو لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسی و ئاوارەیی و کوشتار دەکاتەوە. هاوکات فەزایەکی بەپیت بۆ گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕەوت و گروپە کۆنەپەرست و ئیسلامی و فاشیست و نەتەوەپەرستەکان دەکاتەوە لەسەر حسابی بزووتنەوە ئازادیخواز و کرێکاری و عەدالەتخوازەکان و ئاوات و ئومێدە ئینسانیەکانی خەڵکی ناوچەکە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە سۆنگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەکە و پێشگرتن بە ڕۆچوونی هەرچی زیاتری ناوچەکە بەرەو کوشتار و وێرانبوون، هاوکات لە ڕوانگەی بەرگری لە مافی خەڵکی فەڵەستین بۆ دەست ڕاگەیشتنیان بە ئاشتی ڕاستەقینە و کۆتایی هاتن بە کوشتار وجینۆساید و ئاوارەبوون و بڕیادان لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان لە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستیندا، ئیدانەی ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل دەکات. ئێمە بانگەوازی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و دنیا دەکەین کە دژی ئەم ملهوڕییەی ئیسرائیل و هاوپەیمان و پشتیوانەکانی لە ئەمریکا و ئەوروپا دەنگ هەڵبڕن و فشاربخەنە سەریان بۆ دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی تیرۆر و قبوڵکردنی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ دژی خەڵکی غەززە و هەروەها ملدان بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، وەک ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتار و تیرۆری دەوڵەتی و ڕقوکینەی نەتەوەیی و ئاینی لەهەردووبەرەی کێشەکە، واتە ئیسرائیل و فەڵەستین و هەرئەمه‌ش زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوت و هێزە کۆنەپارێزەکانیش لەناو کۆمەڵگه‌ی فەڵەستیندا لاواز ده‌كات و بەرەو پووکانەوەی دەبات!

١/٨/٢٠٢٤

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …