ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌كوشتنی ئاری چایچی و نابێت لەئاست ئەم تاوانەنەدا بێدەنگ بین!

شه‌وی ٢٧ ی ته‌موز له‌گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین، هاوڵاتییەکی گەنج بەناوی ئاری چایچی، له‌لایه‌ن چه‌كدارێكی سه‌ر به‌هێزه‌كانی كۆماندۆوه‌ ته‌قه‌ی لێكرا و كوژرا. هه‌ر هه‌فته‌ی پێشووش له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك كه‌سێكی تری ته‌مه‌ن ١٥ ساڵی و له‌لایه‌ن كه‌سێكی سه‌ر به‌ هه‌مان هێزه‌كانی كۆماندۆوه‌ كوژرا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین ڕووداوی ته‌قه‌كردن كه‌ له‌شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ڕوویانداوه‌ كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت له‌نێوان هێزه‌كانی ئاسایش و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی تردابوون.
نائه‌منكردنی شوێنی ژیانی خه‌ڵك و خۆبادان به‌چه‌كی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ له‌كوردستان دیارده‌و شتێكی تازه‌ نییه‌و ده‌رهاویشته‌ی دەسەڵاتێکی ناوچەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە کەخاوەنی چه‌ندین هێزی میلیشیایین و‌ به‌شێوه‌ی فه‌رمی و نافه‌رمی بەردەبنە گیانی هاوڵاتیانی کوردستان. جگه‌ له‌هێزه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزەکانی زێرەڤانی و کۆماندو ودژەتیرۆر وئاسایش و پۆلیس، كه‌ گوایه‌ بۆ پاراستنی خه‌ڵك دامه‌زرێنراون، هه‌ر به‌رپرسەش‌ هێزێكی تایبەت بەخۆی هه‌یه‌ کە بەردەوام بوونەتە مایەی خوڵقاندنی ڕوداوەکانی وەک هەڕەشەو سه‌رانه‌سه‌ندن له‌خه‌ڵك‌ و هه‌ڵكوتاندنه‌ سه‌رماڵان وگونده‌ییكردن و ته‌قه‌كردن و پێکدادانی چەکدارانە لەبازگەکان و گەڕەک وناوەندەکانی شاردا، تاتێكدانی نەزم ونیزامی نەخۆشخانەو بەڕێوەبەرایەتیەکان و چەندین هەڵسوکەوتی قێزەونیتر، کەبەدوای خۆیدا ئاسایشی هاوڵاتیانی تێکداوەوگەنجانێکی وەکوکاکە ئاری چایچی کردۆتە قوربانی. هه‌ر كاتێكیش خه‌ڵكی ناڕازی دژ به‌بێمافیه‌كانی ده‌نگی هه‌ڵبڕیبێت، هه‌ر ئه‌و هێزه‌ فه‌رمی و نافه‌رمیانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ په‌لاماردانیانی خەڵک ومامۆستاو ژن وخانەنشینیان لەناوەڕاستی شەقامدا داوەتە بەشەق و سه‌ركوتیان كردوون.
ئایا ئه‌گه‌ر حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت كێ پاره‌و بودجه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ده‌سه‌ڵاتی به‌و هێزانه‌ به‌خشیوه‌و به‌ریداونه‌ته‌ گیانی خه‌ڵك؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات چاوپۆشی له‌خۆنمایشكردنی ئه‌و هێزانه‌و فه‌رمانده‌و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان نه‌كردبێت، چۆن توانیویانه‌و ئه‌توانن به‌ڕۆژو به‌شه‌و ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژاركراوو بێده‌رامه‌تی شاره‌كان؟ له‌ڕاستیدا هه‌ر بوونی ئه‌و هێزانه‌ كه‌ده‌سه‌ڵات خۆیان دایانمه‌زراندوون، هۆكاری تێكدانی ئاسایش و نائه‌منكردنی ژیانی خه‌ڵكن و له‌پێناو چاوسووركردنه‌وه‌و به‌چاو‌ترساندن و سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكدا دانراون. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش و ئارامی بۆ خه‌ڵك به‌نده‌ به‌نه‌مان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هەموو ئەم هێزه‌ زۆروزه‌به‌نده‌ی كه‌به‌پاره‌ی دزراوی خه‌ڵك به‌خێو ئه‌كرێن. ئیتر هه‌ر په‌یامێكی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات به‌ناوی ئه‌وه‌ی یاسا له‌سه‌رووی هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌یه‌و تاوانباران له‌هه‌ر پله‌وپایه‌یه‌كدا بن ڕاده‌ستی یاسا ئه‌كرێن، هەتا ئه‌و هێزه‌ میلیشیاییانه‌ مابن، ته‌نها نووسینێكی بێڕه‌نگ نووسراوه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز.
هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و خەڵکی شاری سلێمانی نابێت لەئاست تاوانی کوشتنی ئاری چایچی وهەموو ئەوانەی بوونەتە قوربانی ئەم هێزانە بێدەنگبن، بەڵکو دەبێت سەرتاپای ده‌سه‌ڵاتداران وحزبەکانیان به‌رپرسیار بکەن و بەخەباتی یەکگرتوانە ودەربڕینی ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری بۆ خواستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزانە وسپاردنی تاوانباران بەسزای خۆیان پێ بنێنەمەیدانەوە.
ئێمه‌ له‌كۆمیته‌ی سلێمانیەوە، وێڕای سه‌ره‌خۆشیمان له‌كه‌سوكارو هاوڕێیانی كاك ئاری چایچی و هه‌موو قوربانیانی ده‌ستی میلیشیاكانی ده‌سه‌ڵات، ڕایئه‌گه‌یه‌نین كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ خۆمان له‌گه‌ڕه‌ك و شوێنی ژیانمان به‌كۆمه‌ڵ وده‌سته‌جه‌معی ڕووبه‌ڕووی هه‌بوون و مانه‌وه‌ی هێزه‌ میلیشیاكان بوه‌ستینه‌وه‌و خۆمان ئارامی و ئاسایشی گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنی ژیانمان بپارێزین.
كۆمیته‌ی سلێمانی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٢٩ ی ته‌موزی ٢٠٢٤

Check Also

لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!

عوسمانی حاجی مارف حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەوڵیانداوە عێراق وەک دەوڵەت …