کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد

“سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم دواییانە بڵاویکردوەتەوە. زیاتر لە سێ دەهەیە پێداگری دەکەین لەوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرپرسی راستەوخۆی ئەو ستەم و کۆیلایەتی و کوشتارەیە کە بەرۆکی ژنانی گرتوە. لەم بارەیەوە ڕۆشنگەریمان کرد، خەباتمان کرد و یەخەی حزبە دەسەڵاتدارەکانمان گرت، کەوتینە بەرامبەرکێ  لەگەڵ کۆنەپەرستی ئیسلامی و تەنانەت لەم جەنگی بەرگریە لە مافی ژنان قوربانی گەورەمان دا. حزبە دەسەڵاتدارەکان و تەنانەت ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانەی کە خۆیان وەکو لایەنگری مافی مرۆڤ دەناسێنن، لەئاست ئەم پێداگریەی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی، تا توانیان گوێی خۆیان خەواند و چاویان لەئاست مەینەتیەکانی ژنان داخست. کاتێک ئەم فشارە گەیشتە ئەو ئاستەی بوارێکی بۆ چاونوقاند و گوێخەواندان نەهێشتەوە، حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیان وەکو لایەنگری مافی ژنان نیشاندا و فرمێسکی تیمساحیان بۆ قوربانیەکان هەڵوەراند. چەندین ساڵ خەبات و تێکۆشان و خوێنی هەزاران قوربانی ناموسپەرستی، ئینجا ئەوانی ناچارکرد بێنە پای قەدەغەکردنی کوشتنی ژن. بەڕواڵەت کوشتنی ژنانیان قەدەغە کرد، بەڵام کوشتارگاکە هەر بەردەوام بوو، چونکە دەسەڵات بەکردەوە لەپشتی بڕیارەکەی خۆی نەوەستا و هەنگاوی بەکردەوەی نەنا بۆ ڕاگرتنی ئەم ئۆقیانوسە لە تاوان.

لە ساڵی ١٩٩١ ەوە لەگەڵ ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی شوراییدا، کۆمۆنیزم بە عەزمێکی بەهێزەوە ئاڵای یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوانی هەڵکرد و پەیگیرانە بۆی تێکۆشا. ئەوکات ئەم پەیام و ئاڵایە بەتەواوی تازە و بێوێنەبوو لە هەموو مێژووی کوردستاندا. ئەوکات کوشتنی دڕندانەی ژنان بە پشتبەستن بە نەرێتی کوردایەتی ئاوێتە بە ئیسلام و یاسا کۆنەپەرستەکانی باری کەسێتی عێراقی، مایەی سەربەرزی و پاککردنەوەی شەرەف بوو. تەنانەت حزبەکانی بەرەی کوردستانی حوکمڕان، خۆیان بە بەهانەی ناموسپەرستی هەڵمەتێکی گەورەیان بۆ کوشتاری ژنان بەرێخست. لە سەرەتای ئەم بڕگە تازەیەدا ڕاوەستان دژی ئەم بەربەریەتە کارێکی سەخت و دژوار و مەلەکردن بوو بەپێچەوانەی شەپۆلەوە، چونکە دەسەڵات و سەرجەم حزبە بورژوازیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان بەشانازیەوە لەپشتی کوشتن و کۆیلایەتی ژنان ڕاوەستابوون. جەنگی ئەم دوو بەرەیە هەتا دەهات بەرینتر و توندتر دەبووەوە و پانتایی کۆمەڵگای دەگرتەبەر.

لەدرێژەی ئەم ڕەوەندەدا بە دەستپێشخەری ژنانی کۆمۆنیست چەندین کۆڕوکۆمەڵ و دەستە و ڕێکخراوەی بەرگری لە مافی ژنان سەریان هەڵدا. لەوانە یەکێتی ژنانی شۆڕشگیر و دواتریش رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان. ئەم دەستە و ڕێکخراوانە لە پاڵ کۆمۆنیزم و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکانی تردا وەکو دیوارێک بۆ بەرگری لە مافی ژنان ڕاوەستان و مێژوویەکی خەباتکارانەی پرشنگداریان تۆمارکرد. ئەم خەبات و جەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتیە لە بڕگەیەکدا ئەوەندە قورسایی دروست کرد، کە ئەو دەسەڵاتە ژنکوژەی پێشتر خۆی بۆ شۆرینەوەی ناموسی پیاوسالاری هەڵمەتی ڕەشەکوژی ژنانی بەرپاکرد، ناچاربوو کوشتنی ژنان قەدەغە بکات.

دوای ئەو دەورە سەخت و دژوارە و هەڵخڕاندنی فەزای کۆمەڵگا بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان، هێزهاوسەنگی بەڕادەیەک گۆڕا کە حزبە بورژوازیە ناسیۆنالیستی و تەنانەت ئیسلامیەکانیش ناچاربوون کەوتنە پاکانە و خۆهەڵخستن وەکو لایەنگری مافەکانی ژنان. ئێستا ئیتر کوشتن و کۆیلایەتی ژنان لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا نەک هەر هەرجۆرە ڕەوایەتیەکی لە دەستداوە، بگرە مایەی نەفرەتە. بۆیە تەنانەت حزب و بزوتنەوە ناموستەپەرست و ژنکوژەکانیش، کە خۆیان و نەرێتیان پاساودەری کوشتاری ژنانن، هەوڵی بێهودە دەدەن بۆ بێبەریکردنی خۆیان لەم دیاردە چەپەڵە. دوای هەمو ئەم کێشمەکێش و جەنگ و بەرامبەرکێ سیاسی و کۆمەڵایەتیە، تازە ڕێکخراوی لیبووردنی نێودەوڵەتی لوتفی فەرموەو هاتوەتە پای ئەوەی بەشێک لە قسەکانی ئێمە دوپات بکاتەوە و لە ڕاپورتەکەیدا دان بەو ڕاستیەدا بنێت کە دەسەڵات بەرپرسە لە کوشتاری ژنان. ئەم ڕاپۆرتە کە پەڵەیەکی شەرمەزاری دەنێت بە نێوچەوانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی پیاوسالاری کوردایەتیەوە، لەهەمانکاتدا دەسکەوتێکی دیکە بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان تۆمار دەکات و فشار لەسەر ئەم دەسەڵاتە دیموکراسیە هاوردەکراوە ئەمریکاییە توندتر دەکاتەوە.

بۆیە کاری گەورەتر لێرەبەدوا دەست پێدەکات. ئەمە تەنها خاڵێکی تازە بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی دادەنێت و دەبێتە سەرەتای دەورەیەکی تازە لە تاودان بۆپێشەوە. هەڵبەت ئەوە زۆر جێگای داخە کە لە سەدەی ٢١دا و لە کوردستاندا هێشتا دەبێ بەشێکی زۆر لە خەباتی یەکسانیخوازی بۆ بەرگرتن بێت لە کوشتاری ژنان. هۆکارێکی سەرەکی ئەم دواکەوتنە، دابڕانێکە کە کەوتە خەباتی ئەو ڕەوەندەی لەم دەورەیەدا ئاڵای یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاوی هەڵکردبوو. پەلاماری سەرکوتگەرانەی حزبە عەشایەرەییەکەی تاڵەبانی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان، کە هەر ئەوکات بووە هۆی کوژرانی بەشێک لەو ژنانەی لە سەنتەری پاریزگاری پەنادرابوون، هاوکات قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆ، بۆشاییەکی گەورەی لە مەیدانی خەبات بۆ بەرگری لە مافی ژنان خوڵقاند. لەو بۆشاییەدا ڕەوتی پیاوسالاری و ژنکوژی دوبارە تەکانی بەخۆی دایەوە. هێرشی چەکدارانە بۆسەر ڕێکخراوێک کە خاوەن پرشنگدارترین مێژووە بۆ بەرگری لە مافی ژنان، هێرشی چەکدارانە بۆسەر یەکەمین سەنتەری پارێزگاری ژنان لە هەموو مێژووی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەشدا، هێرشی چەکدارانە بۆ سەر نەرێت و حزبێک کە بۆ یەکەمجار لە هەموو مێژووی کوردستاندا ئاڵای یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوانی هەڵکرد، ئەوەندە تاوانێکی چەپەڵ و قێزەون و ملهوڕانەیە، کە مایەی شەرمەزاریە نەک هەر بۆ “کاریزما” و ڕابەری و کادر و دامودەزگاکان، بەڵکو تەنانەت بۆ هەموو ئەندام و لایەنگرێکی ئەم حزبە عەشایەری و پاوسالارە. حزبێک کە ئەم پەڵە پیسەی بە ناوچەوانەوە بێت هیچ کات لێی نایات وەکو لایەنگری مافی ژنان و دژایەتی کوشتاری ناموسپەرستانەی ژنان خۆی بنوێنێ.

بێگومان ئەم هێرشەو قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حزب و ڕێکخراوی ژنان، ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەو دابڕانەی کەوتە ڕەوتی خەباتی یەکسانیخوازی ژنانەوە. بەڵام ئەمە هەرگیز نابێتە پاساوی گشت ئەو دابڕانە. کۆمۆنیزمی کرێکاری لەدوای هێرشی ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠ تائێستا و تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر نەڵێین ئەم مەیدانەی فەرامۆش کردوە، لەم مەیدانەدا پاشەکشەیەکی گەورەی کردوە. لە هاوشانی ئەمە و تا ڕادەیەکی زۆر بەکاریگەری ئەم مەسەلەیە، نەرێتی سۆسیالیستی و یەکسانیخوازی ژنان پەرتوبڵاو بووەوە. ئەمە بۆشاییەکی دروست کرد و لەو بۆشاییەدا نەرێتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تا ڕادەیەکی زۆر باڵادەستی پەیداکرد و بەشێکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنانی هەڵوشی. بەمجۆرە لەجیاتی خەبات و تێکۆشان و بەرامبەرکێ لەگەڵ سیستەمی پیاوسالاری و ئەو حزب و بزوتنەوانەی خۆیان و نەرێتیان لە پشتی کۆیلایەتی و کوشتاری ژنانەوەن، ئەو نەرێتە ڕەواجی پەیداکرد کە هەڵسوڕاوانی ژنان ببن بە ڕاوێژکاری دەسەڵات و وەزارەتخانەکان. گوایە ئەم دەسەڵاتە و دامودەزگاکانی مەبەستیانە ژنان لە کۆیلایەتی و کوشتار ڕزگار بکەن، بەڵام دەرەقەتیان نایەن یان ناپەرژێن و ئاگاداری دۆخی ژنان نیین و پێویستیان بەوەیە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان سەرنجیان ڕاکێشن و ڕاوێژیان بۆ بکەن و پێشنیاریان بخەنە بەردەم تا ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن.

ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەکورتی دەڵێ“ژنانی قوربانی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان، پشتیوانی ناكرێن و ناپارێزرێن، ژنانێكی زۆر روبەڕوی لێدان، دەستدرێژی و كوشتن دەبنەوە، بەڵام دادوەرەكان پشتیوانی لە پیاوانی تۆمەتبار دەكەن.حکومەتی هەرێمشكستی هێناوە لەوەی پیاوانی تۆمەتبار روبەڕوی یاسا بکاتەوەو پارێزگاری لە ژنانی رزگاربووی توندوتیژیی خێزانی بكات” ئەمە پەیامێکە بەر لە هەرشت بوار بۆ خۆشباوەڕی بە نەرێتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ناهێڵێتەوە. چونکە بەتەوای چوارچێوەی ئەو نەرێتە تێدەپەڕێنێ کە دەیەوێ بە ڕاوێژکاری بۆ دەسەڵاتێک مافەکانی ژنان مسۆگەر بکات، کە خۆی لە پشتی کۆیلایەتی و کوشتاری ژنانەوەیە. ڕاپۆرتەکە وەکو ئەوەی دەیان ساڵە ئێمە دەیڵێین، ڕاشکاوانە دەڵێ دەسەڵات بەرپرسە لەکوشتاری ژنان، دەسەڵات خۆی پشتیوانی لە ژنکوژان دەکات، دەسەڵات ژنکوژان ڕوبەڕوی یاسا و سزا ناکاتەوە و شکستی هێناوە لە پاراستنی ئەو ژنانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە. ئەمە پەیامێکە ڕاست و ڕێک دەڵێ لەجیاتی سەرقاڵی و بەهەدەردانی کات لە ڕاوێژکاری بۆ ئەم دەسەڵاتە، پێویستە خەبات دژی ئەم کوشتارگایە ئاراستەی خودی دەسەڵات بکرێت و مافەکانی ژنان بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا بسەپێنرێ. بەڕاستی گوڵ لێرەیە و دەبێ لێرە سەما بکرێت!

لە سەدەی ٢١ دا هێشتا دەبێ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی دژی کوشتاری ژنان بجەنگێ. هەڵبەت ئێستا بەزۆری سیناریۆکە وا دەنوێنێ کە ژنان خۆیان ئارەزوی خۆکوشتن و خۆ سوتاندن دەکەن!! خۆسوتاندن ئێستا بووە بە دیاردەیەک کە ڕۆژبەڕۆژ لیستی قوربانیەکانی هەڵدەکشێ. بێگومان ئەوە بەڵگەی پێویست نیە کە کەسێک دەستی بچێتە خۆسوتاندن مانای وایە لە دۆزەخێکدا دەژی لە خۆسوتاندن کارەساتبارترە. کەوایە پرسیار ئەوەیە؛ کێ تاوانبارە لەوەی ژنان لەم دۆزەخەدا دەژین و ناچار بە خۆسوتاندن دەبن؟ کێ فریای ئەو ژنانەی ناو ئەو دۆزەخە دەکەوێ بەرلەوەی دەست بۆ خۆسوتاندن بەرن؟! ئەمنستی شایەتی ئەوە دەدات کە ژنانی ناو ئەو دۆزەخە تەنانەت ناتوانن و جەسارەت ناکەن پەنا بۆ دادگاکان بەرن، چونکە دەسەڵات و دادگا پارێزگاریان لێناکات و ستەمکارانێک کە پێویستە دادگایی بکرێن دەستیان ئاوەڵایە هەرچیەک بەسەر ئەو ژنانەدا بهێنن کە لە دادگا شکاتیان لێدەکەن. با بۆ ساتێک خۆکوژی و خۆسوتاندن لەولاوە دابنێین، ئەی کێ فریای ئەو ژنانە دەکەوێت کە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی و نەرێتی بزوتنەوەی کوردایەتی لێیاندەدرێت، دەست و قاچیان دەشکێنن، تەمێ دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت و دەستدرێژی سیکسی دەکرێتە سەریان و بە هەزارویەک شێوە ستەمیان لێدەکرێت؟! لەوەش زیاتر لە دوتوێی ڕاپۆرتەکەشدا ئاماژە بۆ ئەوەش هەیە کە زۆرێک لە حاڵەتەکان لەبنەڕەتەوە خۆسوتاندن نیین، بەڵکو لەلایەن باوک و براو مێردەوە سوتێنراون و لەسەروی ئەوەشەوە ناچاردەکرێن لە ئیفادەکەیاندا بڵێن خۆمان سوتاندوە!! بەڕاستی کوردستانی دیموکراسی چ جەهەنمێکە بۆ ژنان؟! دەتسوتێنن و ناچاریشت دەکەن بڵێی خۆم خۆم سوتاندوە!

فریاکەوتنی ئەم قوربانیانە و بەرگرتن بەم بەربەریەتە ئەرکی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی یەکسانیخوازیە. لەپێشدا ئەوە ئەرکی کۆمۆنیزمە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە و بچێتە جەنگی ئاپارتایدی جنسیەوە. کێشەی ژنان کێشەی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەکەیەتی. ستەم لە دژی ژنان یەکێکە لە ڕێگاکانی بورژوازی بۆ ڕاگرتنی چینی کرێکار لە دۆخێکی دژوار و پەرتوبڵاو و لێکدابڕاو و پڕناکۆکیدا. بۆیە خەباتیش دژی ستەمکێشی ژنان لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەسەلەی ڕزگاری پرۆلیتاریا لە ستەمی سەرمایە.

جگە لە کۆمۆنیزم ئەوە ئەرکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و ڕابەرانی ئەم بزوتنەوەیەیە کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە و فریای قوربانیەکان بکەون. نەبوونی ڕێکخراوێکی خەباتکاری ژنان کە کۆمەڵگا لە دژی ئەم ستەمکێشیە هەڵخڕێنێ و بچێتە جەنگی ئەو دەسەڵاتەی کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەپشتی ژنکوژانەوە ڕاوەستاوە، بۆشاییەکی گەورەی لە کۆمەڵگا و مەیدانی سیاسیدا پێکهێناوە. ڕێکخراوێک کە درێژەدەری ئەو ڕێگایە بێت کە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان تا جێگایەکی هێناوە و بەتەواونەکراوی ماوەتەوە. پێویستی هاتنەمەیدانی ئەم ڕێکخراوە لەوە بەرجەستەترە کە بەڵگەی بۆ بهێنینەوە. بەڵام ڕەنگە پێویست بکات چەند قسەیەک لەسەر توانا و ئیمکانیەتی دامەزراندنی بکەین.

یەکەم فاکتەری یاریدەدەری بۆ ئەم مەبەستە، ئەزمون و خەبات و تێکۆشانی لە پێشینەی ئەم نەرێت و بزوتنەوەیە و بەدیاریکراوی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانە. هەر ئەمە زۆر شت ڕوندەکاتەوە. چونکە ئیتر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ئەو ئاستتەنگیەی نیە کە ڕۆژی دامەزرانی رێکخراوی سەربەخۆ هەیبوو. نزیک بە ١٠ ساڵ ئەزمون و خەباتی ئەو ڕێکخراوە بۆخۆی بەرچاوڕۆشنیەکی گەورە دەدات بە هەڵسوڕاوانێک کە ئەمڕۆ بیانەوێ ڕێکخراوی ئەو نەرێتە بهێننەوە مەیدان. واتە وەکو ڕێکخراوی سەربەخۆ دامەزران و خەباتکردن و دادڕینی یەخەی ناسیۆنالیزم و ئیسلام، وەکو ئەو ڕێکخراوە هەڵخڕاندنی کۆمەڵگا، وەکو ئەو ڕێکخراوە جەنگین لە دژی هەرجۆرە کۆنەپەرستی و پیاوسالاریەک، وەکو ئەو ڕێکخراوە کارکردن و هەڵسوڕان و هێنانەمەیدانی ژنان و جەماوەری ئازادیخواز، وەکو ئەو ڕێکخراوە توڕهەڵدان لە هەر پاساوێک بۆ کۆیلایەتی و کوشتاری ژنان… هەر ئەمانە وەڵامی بەکردەوەی دەیان پرسیاری لەم بەباتەیە بۆ هەڵسوڕاوانێک کە ئەمڕۆ دەیانەوێ ئەم مەیدانە خاڵیە پڕبکەنەوە. لەڕوی ماتریاڵی ئینسانیەوە ئەمرۆ ڕیزێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ئەم نەرێتە لە مەیدانن کە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و کاتی دامەزرانی ئەو ڕێکخراوە، ئەزمونێکی زۆرتریان هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا. بەشێکیان خۆیان کاراکتەری ناو ئەو ئەزمونە بوون و لەم چەند ساڵەشدا هەر لە مەیدان بوون. بەشێکیان هەرئێستا لە لوتکەی پرۆژە و دامەزراوەیی جۆراوجۆر بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان ڕاوەستاون و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانن. ئەم بافتە لە هەڵسوڕاوان توانای ئەوەیان هەیە ڕێکخراوێکی خەباتکاری ئەمڕۆژی دامەزرێنن و ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە.

مەسەلەیەکی تر ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوە پێویستە ئەمڕۆیی بێت و ڕوانگەیەکی دروستی هەبێت سەبارەت بە مەسەلە و کێشەکانی ئەمڕۆی ژنان. ئێستا دۆخی ژنان و هەلومەرجەکە زۆر جیاوازە لەچاو چارەکەسەدەیەک لەمەوبەر. ژنانی کوردستان زۆر چاوکراوەترن و ئاستی چاوڕوانیەکانیان بەرزترە و لە ئاستێکی فراوانتردا لە چواردیواری ماڵ هاتونەتە دەرێ هەم بۆ خوێندن هەم بۆ کارکردن. سۆسیال میدیا دەرفەتی گەورەی داوە بەژنان هەم بۆ دەربڕینی ئاوات و ئارەزوەکانیان ڕوو بەکۆمەڵگا و هەم بۆ پەیوەندیگرتن و بارهاتن لەسەر زۆر کار و چالاکی. ئاستی ڕۆشنبیری و ڕۆڵی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی پەرەیسەندوە، ژنان لە مەیدانی هەڵسوڕانی سیاسی و فەرهەنگیدا ڕۆڵیان پەیدا کردوە، بەجۆرێک لەگەڵ دەیان ساڵ لەمەبەردا لەبەراورد نایات. ئەو هەموو ئاڵوگۆڕەی لەم بوارانەدا پێکهاتوە زەمینە بۆ کاری ڕێکخراوێکی خەباتکار لەبارتر دەکەن. ڕێکخراوێکی ئەمڕۆژی پێویستە لەسەر بنەمای هەلومەرج و دۆخی ئێستای ژنان و کێشەکانیان پلانی خەبات دابڕێژێ.

ناوەراستی تەموزی ٢٠٢٤

 

Check Also

لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!

عوسمانی حاجی مارف حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەوڵیانداوە عێراق وەک دەوڵەت …