ئاسایشی یەکێتی و رۆڵی جەندەرمە!

موحسین کەریم

رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بڕیاربوو کۆمەڵێك چالاکوانی سیاسی و جەماوەری لە سلێمانی دژی هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێم رێپێوان و خۆپیشاندان بکەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە، بەبیانوی ناسکی و هەستیاریی دۆخی ئاسایشی هەرێمەوە، رێگایان پێنادرێ. دواتر ئاسایش ئاگادار دەکەن کە دەیانەوێ ئێوارەی هەمانرۆژ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ هەمان مەبەست لەبەردەم باخی گشتی ئەنجام بدەن، بەڵام کاتێك بەرەو شوێنی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بەڕێدەکەون، دەبینن هێزێکی زۆری ئاسایش لەوناوەدا بڵاوەی پێکراوەو رێگا نادەن کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئەنجام بدرێ. بۆیە چالاکوانەکان بڕیاردەدەن بچە لای سەرا و لەوێ کۆنگرەی رۆژنامەوانیەکە ئەنجام بدەن، بەڵام لەویش دیسانەوە روبەرووی رێگری هێزەکانی ئاسایش دەبنەوەو دەکەونە بەر سوکایەتیپێکردن و لێدان و دەستگیرکردن و دوو کەس لە چالاکوانەکان بریندار دەکەن!

لەهەولێر خۆپیشاندان و چالاکی جەماوەری دژی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن پارتیەوە رێگای پێنادرێ و خۆپیشاندەران دەستگیر و سەرکوت دەکرێن. پارتی بەئاشکرا و نەیشاردۆتەوە کە لەگەڵ تورکیادا بەرژەوەندی هاوبەشی هەیەو خزمەتکارێکی دەست لەسنگی دەوڵەتی کۆنەپەرست و فاشیستی تورکیایە. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانیش ئەم راستیە دەزانن، هەربۆیە لەسەر ئەو هەڵوێستەی، نەفرەتێکی زۆر بەرامبەر بە پارتی لەناو خەڵکدا دەبینرێ! بەڵام یەکێتی، کە سەرۆکەکەی شانازی بە پەیوەندی خۆی و پەکەکەوە دەکرد، وێنەی خۆی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی بڵاودەکردەوە، دروشمی چوارپارچەی کوردستانی بەرزدەکردەوە و دەیوت ” هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین” و هەندێ ناسیۆنالیستی خۆشخەیاڵیش، کە هەندێکیان لەسەر رێباری ئاپۆ خۆیان حساب دەکرد، لێیان بەڕاست وەرگەڕابوو، پڕوپاگەندەی” نیشتمانپەروەریی سەرۆك پافڵ”یان بڵاودەکردەوە، چۆنە وا هەمان ئەو کارەی پارتی دەمێکەیە بۆ تورکیای دەکات، ئێستا ئەویش دەیکات!!؟ چۆنە وا دوای ئەو هەموو “نیشتمان پەروەری و کورادیەتی” فرۆشتنە بە خەڵك، ئێستا ئاسایشی یەکێتی هەمان دەوری جەندەرمەی تورك دەبینێ لە سلێمانی! وتارە ئاگرینەکانی “سەرۆک”ە ئازاو چاونەترسەکە دژ بە تورکیا چییان بەسەرهات!؟

ئەگەر لە تورکیا خۆپیشاندان دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان قەدەغەبێت، تاڕادەیەك دەکرێ لەلایەن رژێمی تورکیاوە پاکانە بکرێ. ئەوان دەڵێن ئێمە دەچین لە کوردستانی عێراق “شەڕی تیرۆر” دەکەین! ناکرێ دەوڵەتەکەت “شەڕی تیرۆر” بکات و تۆش دژی ئەو خۆپیشاندان بکەن. ئەمە ڕاستەوخۆ وەکو “پشتیوانی تیرۆر” هەژمار دەکرێ! بەنیسبەت پارتیشەوە، بەرژەوەندی گەورەی هەیە لەوەی رێگری بکات لەهەر جوڵە و چالاکیەک دژی تورکیا. ڕاستە تائێستا پارتی بەرەسمی ڕاینەگەیاندوە کە پەکەکە هێزێکی تیرۆریستە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەویش هەمان تێڕوانینی تورکیای هەیە بۆ پەکەکە. پارتی لە دوو لایەنەوە کێشەی جدی هەیە لەگەڵ پەکەکە. یەکەم، نزیکایەتی خۆی و دەوڵەتی تورکیا کە بۆ پارتی چارەنوسسازە. دووەم؛ کێشەی لەگەڵ پەکەکە لەسەر پرسی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد. بەڵام ئایا یەکێتیش وەکو تورکیا و پارتی، پەکەکە بە هێزێكی تیرۆریست و مایەی کێشەو سەریەشە بۆ هەرێم دادەنێ، وا رێگانادات خەڵک دژی لەشکرکێشیی سوپای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ناڕەزایەتی دەرببڕن و وەکو جەندەرمە پەلاماری سادەترین چالاکی سیاسی، واتە کۆنگرەی رۆژنامەوانی چەند هەڵسوراوێکی سیاسی و جەماوەری دەدات!؟ ئایا بەراستی مایەی شەرمەزاری نیە بۆ هەموو ئەوانەی کە تەنها رۆژێك بەرگریان لەیەکێتی کردووە، ئاسایشی حزبەکەیان بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی( نەك رێپێوان و خۆپیشاندانی جەماوەری) کەسانێك دژی لەشکرکیشی رژێمی دڕندەو فاشیستی تورکیا بکات!؟

بێگومان ئێمە هیچ گومانمان لەناوەرۆکی پڕوپاگەندە “باوبژ” و ناوبەتاڵەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی دژ بە تورکیاو “خائینەکان؛ واتە پارتی” نەبوو. ئەوان لە هەڵویستی” نیشتمانی” یانەوە نەبوو کە دژی تورکیاو نۆکەرەکانی قسەیان دەکرد، بەڵکو لەناو ئەڵقەی خزمەتکاری رژێمی ئیسلامی ئێراندا، وەکو هێزێکی ناوچەیی، ئەو هاتوهاوارەیان دەکرد. بەڵام ئیستا دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. عێراق و تورکیا لەڕووی ئابوری- سیاسی- ئەمنیەوە زیاتر نزیكبوونەتەوە لەیەکتری، بێگومان بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ئێران. بۆیە ئێستا بەرژەوەندیە سیاسیەکانی یەکێتی لەم چوارچێوە تازەیەدا خۆی بەرجەستەو زامن دەکات. ئیتر پەکەکە و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دوێنێ، کە سەرپۆشی نزیکایەتی یەکێتی بوو لەگەڵ ئێران لەبەرامبەر تورکیادا، ئەو پێگەو زەرورەتەی جارانی نەماوە! ئێستا ئیتر تورکیا دوژمنی کورد نیە و یەکێتیش وازی لە “ئامۆزاکەی؛ واتە پەکەکە” هێناوەو چوەتە ریزی خائینەکانی دوێنێوە!

Check Also

لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!

عوسمانی حاجی مارف حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەوڵیانداوە عێراق وەک دەوڵەت …