چاوپێکەوتن لەگەڵ بەهادین حاجی بەکر دارتاش، ناسراو بە ڕێبوار عارف، ڕێکخەری کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری لە کوردستان. 

ئۆکتۆبەر: رۆژی ٦ تەموز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا لیژنەی بەرپاکردنی کۆنگرەی دامەزراندنی رێکخراوی ( کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری) ڕاگەیاند. سەرەتا دەکرێ سەبارەت بە ئامانج  لە دروستکردنی ئەو رێکخراوە قسەمان بۆبکەی؟ لە کێ پێکدێت و چوارچێوە و سنوری هەڵسورانی کوێ دەبێت و دەیەوێ چی بکات؟

رێبوار عارف: شەشی تەموز تێپەڕبوونی زەمەنێکی دورودرێژە بەسەر کۆبەندیەک لەکارو هاودەنگی و هاوپراتیکی دەیان هەلسوراوی دیاری شارەکانی عیراق و کوردستان کە لەچوارچێوەی بەڵگەنامەیەکدا بەناوی (مانیڤێستی کۆنگرەی ئاسۆی خەباتی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا) کۆبوونەوەو دەستبەکاری دروستکردنی ئەم ڕێکخراوە بوون.

ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەم ڕێکخراوە، خەباتکردنە بۆ ژیانێکی شایستەو شارستانی، بۆ دابینکردنy ماف و خزمەتگوزاریەکانمان، بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی حکومڕانی کە هاوڵاتیان لە سایەیدا بەتەواوی ماف و ئازادیەکانی خۆیان بگەن، ئەم ڕێکخراوە لەپاڵ هەر هەوڵ و تەقەلایەکیدا بۆ بەدەستهێنانی بچوکترین چاکسازی تا ڕیشەکێشکردنی هەرجۆرە ستەم و نابەرابەریەک و دژ بەهەر شێوازێکی هەڵاواردن و چەوسانەوە خەبات دەکات وەک هێزێکی شۆڕشگێر کە دواجار خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتێکین کە وەڵامگۆبێت بە تەواوی خواست و داواکاریەکانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوخواز.

سەبارەت بە دواین بەشی پرسیارەکەتان ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە هەڵسوڕاوان و ڕابەرانێکن کە لە شارەکانی کوردستان و عێراقدا لە شوێنی کارو ژیانی خۆیاندا کەسایەتی ناسراو دیارو بەرجەستەی کۆمەلگان کە بەگشتی خاوەن ئەزمونگەلێکی پڕ شانازی و بەرجەستەن. چەند مانگێک لەمەوبەر لە دواین کۆبوونەوەی گشتیمان لە شاری کەرکوک، شەست هەڵسوڕاو لە پانزە شاری کوردستان و عێراقدا هەڵبژێردران، بەمەبەستی ڕابەریکردنی ئەم ڕێکخراوە لە سەراسەری عێراقدا.

ئێمە کاردەکەین بۆئەوەی وەک ڕێکخراوێکی جەماوەری شۆڕشگێر چەترێک بین بۆ کۆکردنەوەی هەموو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و پێکەوە هەموو چین و توێژە زەحمەتکێش و ناڕازیەکان لە سەنگەرێکی هاوبەشدا خەبات دەکەین دژ بە دەسەڵات و سیستەمێک کە سەرچاوەی تەواوی نەهامەتیەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە.

ئۆکتۆبەر:  وەکو لە ڕاگەیاندنەکەدا دەردەکەوێ، ماوەیەکە ئێوە سەرقاڵی ئەو کارەن. دەکرێ بزانین هەولەکانتان بۆ دروستکردنی رێكخراوەکە بە کوێ گەیشتوە؟ ئەو لیژنەیەی دروستتان کردوە لەسەر چ بنەمایەك و لە کێ پێکهاتووە؟

ڕێبوار : بەڵێ دوابەدوای وتووێژێکی بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵێک لەو کەسایەتیانەی کەقاڵبووی نێو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان کوردستان و عێراقن، کارمان بەرەوپێش براو هەنگاو بەهەنگاو خۆمان بە ناڕەزایەتیەکانەوە گرێدایەوەو لەگەڵ بەشێک لە بەرجەستەترین کارەکتەرەکانیدا نزیکبووینەوەو دواتر پێکەوە کارمانکرد.

ئەم هەنگاوانە بوونە هەوێنی ئەوەی کە  بازنەی ئەو هەڵسوڕاو کەسایەتیانە زۆر فراوان بێتەوەو هاوکات ئەوە دڵنیاییدا بە ئێمەدا کە کاری هاوبەشی ئەو ڕێژە لە ڕابەران و هەڵسوڕاوان دەتوانێت هەنگاوێکی کارا و گەورە بێت بۆ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەمان وەک ئەو بنەمایەک کە بۆ خۆمان دیاریکردبوو کە لە پلەی یەکەمدا بەشێک لە دیارترین هەلسوڕاوان بوونە هەوێنی دروستکردنی ڕێکخراوەو دواتر لە ئاستێکی جەماوەریدا کار بۆ هەمان مەبەست دەکەین.  بۆیە پاش ساڵە نیوێک کارو لێکنزیکبوونەوە توانیمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەری دا خۆمان ڕاگەیەنین .

پێویستە ئەوەش بڵین کە کاری  ئەم ڕێکخراوە لە ئاستی عێراق دا زیاتر بیست مانگە هاوڕێیانێک دەست بەکاری دروستکردنی ئەم ڕێکخراوە بوون و هەروەها لە کوردستاندا ساڵێک تێپەڕی بۆ کارکردن لەم مەیدانەدا.

ئێمە لەو ماوەیەدا زیاتر لە دە کۆبوونەوەو سیمیناری ناوخۆیی و کۆبوونەوەی گشتیمان ئەنجامداوە بەمەبەستی دەرک و تێگەشتنێکی هاوبەش لەبنیادنانی ئەم ڕئکخراوەدا. لەپاڵ ئەمەشدا دەخالەتی کاراو بەرچاومان کردوە لە ناڕەزایەتیەکانی گەرمیان، کفری کە یەک مانگ مانیانگرت بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازیەکانیان، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی شاری کرکوک، بەتایبەت لە مەحەلەکانی نەورۆز، شەریکەی نەوت و…. هەروەها بەشداریکردنمان لە پێنج مانگی ناڕەزایەبیەکانی مامۆستایاندا کە لە دە شاری کوردستان توانیمان هەڵسوڕانی خۆمان نیشان بدەین. دیارە بەهەمانشێوە هاوڕێیانمان لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دا کارو هەڵسوڕانی هاوشێوە بەرچاویان لەخۆنیشانداوە….

ئۆکتۆبەر:  بڕیارتان داوە کە کۆنگرەی دامەزرێنەری رێکخراوەکە بگرن. میکانیزمی کارکردنتان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی دامەزرێنەر چیە؟ کێ دەتوانێ بەشدا بێت؟ پێوانەو مەرجی بەشداربوون لەو کۆنگرەیەدا چیە؟ 

رێبوار عارف: لە وەڵام بە پرسیارەکانی تردا هەوڵمدا ئەوە ڕۆشن بکەمەوە کە کاری ئێمە لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردودا لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە بەشێک لە دیارترین هەڵسوڕاوە جەماوەریەکان لە دەوری خۆمان کۆبکەنەوە، هەربۆیە لە پلەی یەکەمدا بەهەمانشێوە لەڕێگەی هەڵبژاردنە لۆکاڵیەکانەوە لە هەوڵی ئەوەدا دەبین کە باشترین هەڵسوڕاوانێک بەشداری بکەن کە لە ئاست ڕابەریکردنی ڕێکخراوێکی جەماوەری لەو شێوەیە کە ئیرادەی گۆڕانکاریەکی ڕیشەی لە کۆمەلگای عێراقدا بە کوردستانەوە بگرێتە ئەستۆی خۆی.

ئۆکتۆبەر: کۆنگرەی دامەزرێنەر بڕیارە چی بکات؟ ئایا هیچ بەڵگەنامەیەك هەیە کە لە کۆنگرەکەدا بڕیاری لەسەر بدەن؟

رێبوار عارف: بەر لەهەر شتێک ئەوە بڵێن هەموو هەڵسوڕاوانی تائێستەی ڕێکخراوەکەمان، بەدەوری ئەو مانیڤێستەدا کۆبوونەتەوە وەک سەرەکیترین بەڵگەنامەی ڕێکخراوەکەمان، کە دیارە ئەم بەڵگەنامەیە چەقی بەرنامەو ئامانجی ئێمەیە، بەهەر تێڕوانینێکی جیاوازیشمانەوە، چونکە شێوازی کاری ئێمە بەپێچەوانەی زۆربەی ڕێکخراوەکانەوە، بەرنامەیەکمان نەهێنا بۆئەوەی کە هەڵسوڕاوانی تێدا لە قاڵب بدەین،  بەڵکو چوارچێوەیەکی گشتیمان هێناو تا بەهەر جیاوازیەکیشمانەوە تا کاتی کۆنگرە هەموو هەڵسوڕاوان ئازادانە شەنوکەوی بکەن و دواجار لە کۆنگرەدا هەر ئاڵوگۆڕی پێویستی بێت بەسەردا دواین بڕیاری لێ بدەین وەک نازناوی ڕێکخراوەیمان.  بێگومان جیاواز لەمەش پەیڕەوپرۆگرام و بڕیارنامەو پەیامان دەبێت.

بەدڵنیایی پەیکەرەی ڕێکخراوەی ، مەسەلەی ماڵی، ڕاگەیاندن و هەروەها جێگەو ڕێگەی ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و تایبەتمەندیەکانی خۆی و جۆرێک لە سەربەخۆیی ئیداری کە بتوانێت وەڵامدەرەوە بێت بە بە دۆخی تایبەتی خەباتی رێکخراوەکە لەسەر ئاستی کوردستان، کە بە بڕوای من لەمبارەشەوە پێویستمان بە پلاتفۆرمێکی تایبەت بە کوردستان هەیە. بە کورتی کۆنگرە عەمەلیەی ئامادەکاری و بنیادنانی پەیکەرەی ئەو ڕێکخراوەیە کە لەڕووی سیاسی و عەمەلی و ڕێکخراوەیی و ئیداریەوە هێزێکی میلیتانت و شۆڕشگێر و ئاڵوگۆڕبەخش خۆی ئامادە دەکات بۆ هاتنەنێو هاوکێشە سیاسیەکانەوە. سەرئەنجام هەموو ئەمانە لە گرەوی ڕابەریەکی بەئیرادەو وشیار و خاوەن ئەزمووندایە کە لەئاست وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی ئەم قۆناغەی کۆمەڵگای عێراقدا بێت، بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێک کە حورمەت و بەهای ئینسانی و ماف و ئازادیەکانمان مسۆگەر بکات!

 

 

Check Also

کاریگەری قەیرانی ئابوری ئێران لەسەر عێراق

عوسمانی حاجی مارف تاران بەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوی کردە بەغدا، بەجیا …