وەستا مەهدی ڕەسوڵ
یەکێك لەو خزمەتگوزاریانەی کە کرێکاران و هاووڵاتیان لێی بەهرەمەند بوون، کەمێك بارسوکی بۆیان دروست کردبوو، پێشکەشکردنی داودەرمان و بینینی نەخۆش بوو لەو نەخۆشخانەی کە موڵکی حوکمەت بوون و خەرج و مەساریفی لە لایەن حوکمەتەوە بۆ دابیندەکرا .
دوای ئەوەی کە ئاڵوگۆری سیاسی رویداو سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای فیدراڵی دامەزرا، یەکەمین شت کە دەستیان بۆبرد، وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتی دەوڵەت بوو بەرامبەر بە دابینکردنی خزمەتگوازری گشتی کۆمەڵگاو بەرەڵاکردنی ئابوری بوو بە تەواوی بۆژێر دەستی بازاڕ، کە رێگەیدا بەسەرمایەداران بۆ کۆنترۆڵکردن و تایبەتیکردنی بەشێكی گرنگ لە دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان و بەستنەوەی بە میکانیزمی بازاڕ و قازنج و سودەوە! یەکێك لەو سکێتەرە گرنگانە سەکتەری تەندورستی بوو. ئەوەبوو نەخۆشانە حکومیەکان بەرەبەرە بەرەو پوکانەوە بران و لەبەرامبەر ئەواندا سەدان نەخۆشخانەی ئەهلی بە دەرمانخانەو دکتۆرو تەوای پێداویستیەکانی ئەو بوارە دامەزران. ئەو بەشەی نەخۆشخانە حکومیەکان کە بەناچاری هێڵرانەوە، سیستەمی نیوە خسوسی تێدا جێبەجێکراو نەخۆش ناچارکران کە بەرامبەر هەر چارسەرێك و پشکنین و نەشتەرگەریەك بڕێکی زۆر پارە بدات بە حکومەت! نەبوونی خزمەتگوازری تەندروستی و یان نەهێشتنی ئامێری پێشکەوتوو، نەمانی دکتۆری شارەزا لە خەستەخانە حکومیەکان، یان تەنها دەوامکردنێکی رەمزی بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزاریەکی گرنگ پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن، یان دانانی سەرەی دوور بۆ نەخۆش، وایکرد کە خەڵک بەناچاری روبکەنە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت وملبدەن بەو سیستمەی کە لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی تازەی عێراقدا هەیە.
ئەم سیستمە تازەیە لەگەڵ خۆیدا تەعین مەرکەزیشی وەستان و دەیان هەزار کەس لەدەرچوی بواری تەندروستی چونە ناو ریزی بێکارانەوە و بوونە هێزیكی کاری هەرزان بۆ خاوەن نەخۆشخانە ئەهلیەکان و بەنرخێکی هەرزان و سەعات کارێکی زۆر کاریان پێبکەن. هاوکاتیش بازگانەکانی هێنانی کەلوپەلی پزیشکی و داودەرمان و ئەوانەش کە خاوەنی دەسەڵاتن یان کومپانیای دەرمانسازیان دامەزراند، یان هێنانی داودەرمانیان بۆخۆیان قۆرخ کرد و بوونە پاڵپشتێکی باش بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی پرۆژە و دامەزراوەکانی کەرتی ئەهلی لەبواری تەندروستیدا.
ئێستا دوای چەندساڵ لەکاولکردنی دامەزراوەکانی کەرتی حکومی و دوای ئەوەی هەزاران کەس لەکرێکاران و هاووڵاتیانی کەمدرامەت لە بێئیمکانیدا گیانیان سپارد، یان ئەو پاشەکەوتەی کە لەماوەی چەندین ساڵ کۆیان کردبۆوە دایان بە داودەرمانی گران، کەچی تازە حوکمەتی عێراقی و حوکمەتی هەرێم لەیاساکانی تایبەت بە خانەنشینی و بیمە کۆمەڵاتیەکان باسی کاراکردنەوەی بیمەی تەندورستی ئەکەن! ئەمە لەکاتێکدا هەرچی موچەخۆری دەوڵەتە بەشێوەکی ئیلزامی مانگانە برێك پارە لەموچەکەی بڕدراوەو چوەتە سندوقی خانەنشینی و بیمەکۆمەڵاتیەکانەوە و لەو سندوقەش نسبەتێک دیاریکراوە بۆبیمەی تەندورستی، بێئەوەی هیچ خزمەتێکی بە کرێکارو هاووڵاتی کردبێت. لەکاتێکدا مەسەڵەی بیمەی تەندروستی دەتوانرێت هەر لەو برەپارەیەی کە لەکرێکارو خەڵکی وەردەگرن و ئەوبرەش کە بەیاسا رێکخراوەو ساڵانە حوکمەت ئەبێ بیخاتە ناو ئەو سندوقەوە، کرێکاران و هاووڵاتیان داودەرمانی پێویستیان بۆ سەرفکرێ و دکتۆری بەڵاش وەیان بەنرخێکی رەمزییان بۆ تەئمئن بکرێ، تاچیتر لەبەر بێئیمکاناتی ژیان لەدەست نەدەن و نەکەونە سواڵوسەدەقەکردن بۆئەوەی خەرجی چارەسەری نەخۆشیەکانیان پەیدا بکەن!
بەدەر لەوەی کە حکومەت ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دایبن دەکات یان نا، بەڵام ئەرکی حکومەتە کە بەپێێ ڕەچاوکردنی داهاتی هاوڵاتیانی کوردستان خەرجی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێت. پێویستە حکومەتی هەرێم لەرێگای دابینکردنی بیمەی تەندروستیەوە بۆسەرجەم هاولاتیانی کوردستان ئە وئەرکە جێبەجێ بکات و تەندروستی و سەڵامەتی هاوڵاتیانی نەسپێرێت بە بازاڕی قازانج و سودی کۆمپانیاکانی دەرمان و نەخۆشخانە تایبەتەکان!