چی ئامانجێڪـــی سیاســی لە پشــت لەشڪرکێشی تورکیاوەیە

عوسمان محــمد

لەشکرکێشی ئەمجارەی تورکیا لەڕووی سیاسیەوە لەهێرشەکانی چەند ساڵەی جیاوازە ، دیارە هەمووجارێک بەبیانووی لێدان لە (pkk) هێرشی کردووە بەڵام ئامانجی سیاسی جیاوازی هەبووە، لەو هێرشانە چەند شوێنێکی داگیرکردووە بە پانتاییەکی دیاری کراو،بەڵام ئەمجارە جێگایەکی فراوانتری کۆنترۆڵ کردووە،لەزۆربەی ئەو شوێنانە بازگەی داناوەو بەکەیفی خۆی تەراتێن ئەکات،بەبێ گوێدان لەدەسەڵاتدارانی هەرێم.

سیاسەتی لەشکرکێشی تورکیا هاوتەریبە لەگەڵ ئەوسیاسەتەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق پیادەی ئەکەن لەدژی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی، ئەم خروقاتانەی تورکیا، بەبێ ئۆکەی لەلایەن ئەمریکاوە نەکراوە ، واتا دەسەڵاتدارانی عێراق و تورکیا و ئەمریکا بەشدارن لەم لەشکرکێشیەی و داگیرکردنەی کە کراوە.  دیارە ئەم هێرشە بەتەنها زۆنی زەرد ناگرێتەوە، بەڵکو سەر ئەکێشێ بۆ زۆنی سەوزیش. ئەم ملکەچیەی پارتی و یەکێتی بۆ ئێران و تورکیا، هەر ئەم ئامانجەی لێ بەرهەم ئەهێنـــێ، کە ئێستا ڕوو ئەدات، یەکێتی و پارتی خۆیان گێل ئەکەن یان لەبیریان چۆتەوە کە ئەم سێ ووڵاتە ڕێگە نادەن کیانێـــڪ هەبێ بەناوی کوردســـتان ، ئەگەر لەهیچ شتێ هاوڕا نەبن ، ئەوە لەسەر مەسەلەی مافی خەڵکی کوردستان یەک دەنگ و یەک ڕەنگــن، چونکە هەرسێ ووڵاتەکە هاوڕان لەسەر سیاسەتی دژی ئینســانی لەم مەیدانە سیاسیەدا. ئەم هەوڵەش درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە دەسەڵاتی عێراق بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی پیاددەی ئەکات، بۆ ئەوەی هیچی بەدەستەوە نەهێڵێ،تا ئەم کاتە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ئەم داگیرکاریە بە (فەرمی) ئیدانە نەکراوە، ئەوە هیچ دەسەڵاتدارانی کوردستان بە وشەیەکیش نەیانتوانیووە و ناتوانن ئیدانەی بکات، ئەگەر لەو سات و سەوداو کەین و بەینەی تورکیاو عێراق و ئەمریکاش تێگەیشتووبێتن. ئەوەی کە سەیرە لێرەدا یەکێتی و پارتی خەریکە بەڕەکە لەژێر پێیان دەر ئەکەن، کەچی ئەوان هەر خەریکی شکاندنی ملی یەکترن، لەسەر بەڕێوەبەری ناحێیەک یان قائیمقامێک، ئامادەن دەست و پێی دەیان بەرپرسی عێراق ماچ بکەن، بەڵام تەنازول بۆ یەکتری نەکەن، سیاسەتی ئەم دوو حیزبە لەهەزارا یەکیش پەیوەندی بەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە نیە، بەتەنها دەستکەوتی خۆیان نەبێ.

مەبەست و ئامانجــی سیاسی ئەم جارەی لەشکرکێشی تورکیا ئەوەیە کە هەرچی زیاتر دەسەڵاتی کوردی بێ بەهاو دەستەپاچە بکەن لەبەڕێوەبردنی قەوارەی هەرێم، ئەمجـــارە بەبانووی ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی ناتوانـــێ سنورەکان بپارێــــزێ،ئەبـــێ دەسەڵاتدارانــــی عێراق کۆنترۆڵــی سنورەکان بڪەن لەو مەیدانەشدا دەستکورتیان بکەن تاوایان لێدێ ملکەچی تەواوی بڕیارەکانی دادگای باڵاو دەسەڵاتدارانی عێراق بــن،تەنها وەک فەرمانبەرێکی عێراقی هەڵسوکەوت بکەن. بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیاش دوولایەنی گرنگی هەیە….

یەڪـــەم/ بـــچوڪ ڪردنەوەی قەوارەی هەرێـــم و بێدەسەڵاتــی یەکێتی و پارتی لەبەڕێوە بردنی ئیدارەی هەرێــــم. دووەم/ لێدان لە (pkk) و، بەرتەسکردنەوەی جوگرافیای سیاسی و کەمکردنەوەی چالاکی سەربازییان.

١٥\٧\٢٠

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …