بەهار عەلی شایستەی پشتیوانی فراوانی هەر ئینسانیکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە!

لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕوداو دەربارەی سکاڵای چەند پارێزەرێك لە دادگای عێراقی بۆ لابردنی ڕێگریەکانی بەردەم فرەژنی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، کە بە بەشداری یەکێك لەو پارێزەرانە و بەهار عەلی، لە “دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئێمە” سازدرا، بەهار عەلی وتی من دژی یاسای فرەژنیم، چونکە ئەوە سوکایەتیە بە کەرامەتی ژن. هەروەها وتی با ئەوانەی داوای فرەژنی دەکەن خۆیان بخەنە شوێنی ئەو ژنانەی مێردەکانیان ژنی دووەم دەهێنن، ئایا دەتوانن ئەوە قبوڵ بکەن کە شەوی داهاتوو ژنەکەیان لەگەڵ مێردێکی دیکەدا دەخەوێ!؟

سەرباری ئەوەی کە پارێزەری ناوبراو هەموو کێشە خێزانییەکانی خستە ئەستۆی ژنان و ئەو یاسایەی ڕێگریەکانی سەر فرەژنی سەخت کردووە، هەوڵی دا بەهار عەلی بخاتە گۆشەیەکەوە کە ئایا دژی شەرعی ئیسلامە یان نا؟ تا لەو ڕێگایەوە ئیحساساتی کۆنەپەرستانەی دژە ژن و ئیسلامی هەندێ خەڵك بوروژێنێ.

دوای ئەوە مەلا مەزهەر خۆراسانی کە کەسایەتی ئیسلامی کۆنەپەرست و تاسەرمۆخ دژی ژنە، لە دادگای هەولێر سکاڵای یاسایی دژی بەهار عەلی و رێکخراوەکەی تۆمار کردەوە بەناوی ئەوه‌ی کە سوکایەتییان بە ئاین و شەریعەتی ئیسلام کردوە.

گومان لەوەدا نییە کە ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی ژنان و ئازادیخوازان لە دژی یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان، گۆشەیەک لە خەباتی چەندین ساڵەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کۆمۆنیستە کرێکاریەکان و ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بەرجەستەدەکاتەوە. ئێستا چ ئەو کۆمەڵە پارێزەرەی کە هەوای فرەژنی دادگای عێراقی لێیداون کە سیخناخە لە کۆنەپەرستی هاوشێوەی ڕژێمی دژی مرۆیی و دژەژنی ئیسلامی ئێران، و چ مەلایەکی کۆنەپەرستی وەکو مەلا مەزهەر و هاوشێوه‌كانی كه‌ بەرگری لێدەکەن و فره‌ژنی وەکو چاره‌سه‌ری بەڵاکانی کۆمەڵگه‌ی کوردستان و کێشە خێزانیەکان ناوزەدەی دەکەن. لەكاتێكدا سەرچاوەی زۆربه‌ی کێشە خێزانیەکان و بەڵاکانی سەر ژیانی هاوسەرێتی لە هەرێمی کوردستان، ئەو یاساو ڕێسا و دەسەڵاتە کۆنەپەرست و پیاوسالارانەیەیه‌ کە بە یاسای شەریعەتی ئیسلام دەورەدراوە و هەر کەسێكیش دژی ئەو نەگبەتیانەی سەر ژنان و ناو خێزانەکان بوەستێتەوە، یەکسەر مەلا کۆنەپەرستەکانی پارێزەری دەسەڵاتی کۆنەپەرست و پیاوسالارانەی بۆرژوازی کورد، دەکەونە هێرش و پەلاماردانیان تا بنەماکانی نایەکسانی و بێمافی ژنان  بەتایبەتی و سەرجەم ئینسانەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەبێ دەسکاری بهێڵنەوە.

ئەگەر دادگا لە کوردستان بەقەدەر یه‌ك نوکە دەرزی ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێ، دەبێت ڕاشکاوانە سنوری خۆی لەگەڵ ئەم شەرعە و ڕێسا کۆنەپەرستەکانیدا، بکێشێت کە مافی نیوەی دانیشتوانی کوردستان و کەرامەتی مرۆیی و هەست و ئیحساسیان دەخاتە ژێرپێوە، گوایە تەنها لەبەرئەوەی بەرگری لە مافی ژمارەیەكی زۆر کەمی پیاوی سێکسپەرست، بەپێێ ئەو شەرعە دەکەن. ئایا ئەو یاسایە و ئەو دادگایە نابێ بەرامبەر بە نیوەی دانیشتوانی کوردستان کە ژنانن شەرمەزار بێت کە نەك ناتوانێ بەرگری لە مافی ئینسانییان بکات و وەکو مرۆڤ مامەڵەیان بکات، بەڵکو مافەکانیان دەکاتە قوربانی ئارەزوی سێکسی ژمارەیەك پیاوی زۆر کەمی ناو کۆمەڵگه‌ کە بۆ ئەوان ژن تەنها سەرچاوەی تێرکردنی ئارەزووه‌ سێسکیەکانیانه‌ و هیچی تر؟ لەڕاستیدا ئەوەی ئەمانە و شەرعەکەیان پەیڕەوی لێدەکەن و داوا دەکەن کە دەبێ دادگا بەرگری لێبکات، چ جیاوزیەکی هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە بارزگانی بە جەستەی ژنانەوە دەکەن!؟ هەردوکیان هەمان تێروانینیان بۆ ژن هەیە، بەڵام یەکێکیان بەرگی یاسای ئیلاهی بەبه‌ردا دەکات و یەکێکی دیکە بازرگانیەکەی قازانجهێنەری کۆمپانیاکانە!

ئێمە وەکو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە ڕوانگەی بڕوابوونمان بە مافە مرۆییەکانی ژنان و لە سۆنگەی ئەوەی کە لەسەرەتای مێژووی خەباتی ئێمەوە، سەنگەرێکی قایم و پتەو بووین و هەین بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و تێدەکۆشین بۆ یەکسانی نەك تەنها یاسای ژنان و پیاوان، بەڵکو بۆ یەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەڵتەکاندنی هەموو بنەما یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی چەوساندنەوە و نایەکسانی دژ بە ژنان، بە توندی پشتیوانی لە بەهار عەلی دەکەین و ئەوەی ئەو لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی پێکردوە، قسە و هەست و ویژدانی سەدان هەزار هاوڵاتی ژنی هەرێمی کوردستانە و جێگای پشتیوانی ئێمەیە.  داواکارین لە هەرچی کەس و ڕێکخراو و لایەنی سیاسی و دەزگا و دامەزراوەی مرۆڤدۆست و لایەنگری مافەکانی ژنان هەیە، لەپشتی بەهار عەلی و ژنانی کوردستانەوە دژ بەو پەلامارەی دەدرێن لەلایەن پارێزەرانی پیاوسالاری و مەلا کۆنەپه‌رستەکانی لە بابەتی مەلا مەزهەرەوە، ڕاوەستن.

بێگومان یاسای فرەژنی پەڵەیەکی ڕەش و شەرمەزاریە، بەنێوچەوانی دەسەڵات و سیستمێکەوە کە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد دایانسەپاندووە، خەبات بۆ پاککردنەوەی کۆمەڵگه‌ی کوردستان لەم یاسا و نەریتە پیاوسالاری و دژەژنە، بەهێنانەمەیدان وهەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی بەدژی ئەم دەسەڵاتە و کۆنەپەرستان و هەوڵەکانیان دەبێت، لەم راستایەشدا پشتیوانی لە بەهار عەلی،  ئەرکێکی دەستبەجێی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کەسایەتی و ڕێکخراوەکانیەتی.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٤ی ٧ی ٢٠٢٤  

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …