ڕاگەیاندنێک لە مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە

کوشتاری کۆمۆنیستەکان لەلایەن سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیەوە، هێشتا دۆسیه‌یه‌كی کراوەیە!

 

بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان:

 ڕوداوی ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠ كه‌ تیایدا له‌سه‌ر شه‌قام و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ ٥ كۆمۆنیستی تێكۆشه‌ر خه‌ڵتانی خوێن كران له‌كه‌یه‌كی پاكنه‌بووه‌وه‌یه‌ به‌ ناوچه‌وانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌. سه‌ركردایه‌تی ئه‌و كاتی یه‌كێتی به‌ سكرتێره‌كه‌ی و جێگره‌كه‌ی و به‌شی زۆری ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ به‌رپرسن له‌ بڕیاردان و جێبه‌جێكردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی ڕشتنی خوێنی كۆمۆنیسته‌كان له‌و ڕوداوه‌دا. سه‌رباری گه‌وره‌یی تاوانه‌كه‌، شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كانی پشت ڕوداوه‌كه‌ و په‌رده‌پۆشكردنی له‌پێناو بێبه‌ریكردنی كه‌س یان كه‌سانێك له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌میشه‌ سیاسه‌تێكی ئه‌و حیزبه بووه‌.

ئه‌وان ته‌رمه‌كانیان به‌عسیئاسا به‌ كۆمه‌ڵ كردبوو به‌ژێر گڵدا و به‌ دوای ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆری خێزان و كه‌سوكار و هاوڕێیانی كوژراوه‌كان و حیزب، ئنجا بردیاننه‌ گۆڕستانێكی ئاسایی و ناشتنیان. ڕۆژی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ش هیچ ئاسه‌وارێكیان له‌ شێواز و هۆكاری كوشتنیان له‌ (پزیشكی دادی) نه‌هێشت و ئه‌سڵه‌ن تۆماریان نه‌كرد كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ كوژراون. تا به‌مجۆره‌ له‌ یاسا و دادگا گاڵته‌جاڕانه‌كه‌ی خۆشیاندا سه‌ره‌داوێكی ’’به‌ڵگه‌یی‘‘ نه‌هێڵنه‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بۆ بیانووهێنانه‌وه‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌دواداچوونی تاوانه‌كه‌ به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ گرتووه‌ و به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ئه‌گرن.

به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠١١ ه‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ خێزانه‌كان و حیزب هاته‌پێشه‌وه‌ تاكو داوا تۆمار بكه‌ین و داوای سزادانی تاوانباران بكه‌ین، دیسان بیانوی ’’بێبه‌ڵگه‌یی‘‘ان هێنایه‌ پێشه‌وه‌. به‌مجۆره‌ ناچاریان كردین گۆڕه‌كانیان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ تاكو سه‌رله‌نوێ توێكاری بۆ ته‌رمه‌كانیان بكه‌ن وهه‌ر ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه‌ به‌شێكیان ڕوداوه‌كه‌ به‌به‌رچاویانه‌وه‌ و به‌ڕۆژی ڕوناك ڕوویداوه‌ قانع ببن كه‌ ’’به‌ڵێ به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر كوشتنیان‘‘. سه‌رئه‌نجام به‌شێك له‌ سه‌رپه‌رشتیكاران و به‌شداران له‌ تاوانه‌كه‌دا له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داوا كران كه‌ بریتی بوون له‌: نه‌وشیروان مسته‌فا، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، مسته‌فای سه‌ید قادر، خه‌سره‌و گوڵ، سه‌ركه‌وتی كوبه‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌. به‌ قسه‌ی دادوه‌ر به‌بیانوی مه‌رگ، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چنگی دادگا ڕزگاری بوو و ئه‌وانی تریش جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێكیان تاوانه‌كانیان سه‌لمێنرا له‌لایه‌ن دادگاوه‌، كه‌چی به‌دواداچوونی جدی بۆ مه‌له‌فه‌كانیان ناكرێت و هه‌رجاره‌ كێشه‌یه‌كی ناشایسته‌ ئه‌كه‌نه‌ بیانو بۆ دواخستنی دوابڕیار به‌سه‌ر تاوانباراندا.

هه‌ر لێره‌دا پێویسته‌ بووترێت كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ له‌ڕێی ئێمه‌ و دادگاوه‌ گه‌یشتۆته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم و دادگای گشتی، به‌ڵام به‌ فه‌رمانی گه‌وره‌ به‌رپرسانی حكومی ڕاگیراوه‌ و دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌یان كردووه‌. واته‌ ئه‌وه‌ ته‌نها دادگای سلێمانی نییه‌ به‌مجۆره‌ ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ دۆسیه‌یه‌كدا كردووه‌، بگره‌ ده‌زگاكانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌ هه‌مان فه‌رامۆشییان سپاردووه‌. كوشتارێك كه‌ ڕوودانه‌كه‌ی به‌به‌رچاوی خه‌ڵك و خودی به‌رپرسان و دادوه‌رانه‌وه‌ كراوه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێكی دنیادا بووایه‌ و دادوه‌رێكی ویژدان بێدار هه‌بووایه‌، ته‌نانه‌ت وه‌ك تاوانێك دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و تاوانی گشتی ئه‌یتوانی ده‌خاڵه‌تی تیا بكات و تاوانباران ڕاپێچی دادگا بكات و سزای گونجاویان بدات.

ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتاره‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان كردی و ته‌سلمینه‌كردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان به‌ كه‌سوكاریان و شاردنه‌وه‌ی هه‌ر ئاسه‌وارێك و بگره‌ دواتر ناچاركردنیان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كانیان، هه‌مان ڕه‌فتاره‌ ڕه‌ش و شومه‌كانی ڕژێمی به‌عسی بیری ئێمه‌ و كه‌سوكار و هاوڕێیانی گیانبه‌ختكردووان هێنایه‌وه‌ كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ به‌ هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی ئه‌نفالكراوه‌كان زامی كه‌سوكار و خێزانه‌كانیان و كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌كولێننه‌وه‌. به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی داموده‌زگا حكومیه‌كان و ده‌سه‌ڵات و دادگا و دادوه‌ره‌ تێوه‌گلاوه‌كانیش به‌م دۆسیه‌یه‌وه‌ نیشانه‌ی پوچی ئه‌و ئیدعایه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بۆ سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و سیستمی دادوه‌ری له‌ كوردستاندا كراوه‌. له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌ و كه‌سوكاری قوربانیانمانه‌وه‌ هیچ دادوه‌ر و دادگایه‌ك ناتوانێ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دابخات تاكو تاوانباران سزای خۆیان وه‌رنه‌گرن. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ سوود له‌ هه‌ر كه‌ناڵێكی ناوخۆیی و له‌ عێراق و نێوده‌وڵه‌تی وه‌رئه‌گرین بۆ به‌سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی دادگایی كردن و سزادانی پلانداڕێژه‌ران و سه‌رپه‌رشتیكه‌ران و  ئه‌نجامده‌رانی تاوانی ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠.

هەر لێرەدا بە ڕای گشتی خەڵکی کوردستانی ڕائەگەیەنین کە دۆسیه‌ی کوشتاری کۆمۆنیستەکان، لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانییەوە، چ وەک دۆسیه‌یەکی سیاسی و چ وەک کەیسێکی یاسایی، تا بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی لە دادگادا، بەکراوەیی ئەمێنێتەوە.  

١٢ ی ته‌موزی ٢٠٢٤

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …