هۆکاری سەرکەوتنی حزبە راست ونەتەوەپەرستەکانی ئەورپا لە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا

دەشتی جەمال

ئۆکتۆبەر: لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا ڕەوتە پەڕگیرە ڕاستڕەوەکانی بۆرژوازی دەنگەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. لە ئیتاڵیا، دەسەڵاتی حکومەت لەدەستی ئەواندایە. لە فەرەنسا لە جەولەی یەکەمدا پارتەکەی مارلین لۆپین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر لە جەولەی دوەمدا، دۆخکە گۆڕا و بەرەی چەپ زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا. لە بەریتانیاش، پارتی کار(یان کرێکاران) بەزۆرینەی دەنگەکان کە لە مێژووی بەریتانیادا یەکەمجارە ئەوەندە دەنگ بهێنێت، حکومەتی لە حزبی پارێزگاران وەرگرتەوە. ئێوە لێکدانەوەتان بۆ ئەم مەسەلەیە چیە؟ بۆچی لە ئەوروپا باڵی ڕاستی پەڕگیری بۆرژوازی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا دەنگێکی بەرچاو بەدەست دەهێنن و بگرە لەهەندێ جێگا دەسەڵات دەگرنە دەست؟ بەدەر لەوە ئایا دەکرێ هەڵبژاردنی پارتی کرێکارانی بەریتانیا یان هێنانی دەنگی یەکەم لەلایەن بەرەی چەپەوە لە فەرەنسا، وەکو سەرکەوتنی چەپەکان ناوبنرێ!

دەشتی جەمال: هەڵکشانی پێگەی حیزبە ڕاستڕەو و قەومپەرست و وێرانکەرەکان ئەم دواییانە لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا پێشبینیکراوبوو، ڕەهەندەکەی لە قەیرانێك کە ئابووری سەرمایەداری لە ٢٠٠٨ەوە سەرتاپای سیستەمەکەی بەرەو شڵەژان و بێئاسۆیی ڕاپێچ کردووەو بەدوای خۆیدا گۆڕانکاریی گرنگ و چارەنووسسازی لە پایەکان و دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوادا هێناوەتە ئاراوە، لەوانە گەشەو سەرهەڵدانی حیزبی جیاواز، وەیان گۆڕینی حزبە بۆرژوازیەکانی چەپ بۆ ڕاست. ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا حزبە ڕاستڕەوە نەتەوەپەرستەکان وەك پارتی كۆدەنگی نیشتیمانی ی ماری لۆپێن وەیان پارتی ئەڵتەرناتیڤ لە ئەڵمانیا  کورسی زیاتر دەهێنن وە پارتە تەقلیدییەکان و گەورە و پەرلەمانییەکانی تر وەك سۆشیال دیموکراتەکان و لیبراڵەکان کورسی کەمتر وە یان پارتی کرێکاران کە باڵی ڕاستی بۆرژوازی تیا باڵادەستە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرتر دەهێنێت، یەکێکە لە گرێوگۆڵە سیاسی و ئابوورییەکانی سیستەمی کاپیتالیستی ڕۆژئاواو و دریژەی سیاسەتی سک هەڵگوشین و بارگرانی ئابووری نیولیبرالیزمە لەسەر چینی کرێکارو خەڵکی بەشمەینەت. بەداخەوە  ئەم پێشهاتانە لە لاوازی و نەبوونی هێزێکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ و کۆمەڵایەتیەوە ڕوودەدات کە بتوانێت وەك بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو بە قازانجی هاوڵاتیان و چینی کرێکار دەور بگێڕێت و وەڵام بەم دۆخە بداتەوە.

تەماشاکەن ئەوەی ئەم پارتە توندڕەوە قەومپەرستانە خەریکن جێگایەك لە ئەوروپا پەیدا دەکەن، مەسەلەیەکی هەستیاری بەردەم نوێبوونەوەی ئارایشی بۆرجوازییەو بۆشاییەکە کە نیولیبرالیزمی بورجوازی لەنیوان دەسەڵات و خەڵکدا جێیهێشتوە. تەواوی ئاکامە زیانبارەکەی بۆسەر چینی کرێکاری ئەوروپا و بێبەشانە، ئەگەر ئەم پارتانە دەسەڵات بگرنە دەست بۆ چینی کرێکاری ئەوروپا لێكترازانی توند دروست دەکات و یەکێتی و هاوچارەنووسییان توشی زەربەیەکی گەورە دەکات. چەند ساڵ پیشتریش ڕەوتی قەومپەرست و ڕاستڕەو و پۆپۆلیستەکان کەسێکی لۆمپنی وەك ترامپ لە ئەمریکا، وەیان بۆریس جۆنسۆنی لەبەریتانیا گەیاندە دەسەڵات، وە مەسەلەی ترس لە بیانی و کەیسی پەنابەرانیان بەدەستەوەگرت، وە درۆ و فریودانی گەورەیانکرد تا قەیرانی کەمەرشکێنی خۆیانی پێداپۆشن. بەڵام هەر زوو بێمانایی و دووڕوویی و سیاسەتی چەواشاکارییان بۆ ڕای گشتی ئاشکرابوو. خەڵکی زۆرتر خراپی دۆخی ژیان و بژێوی و ئابووری بینیوە.

کەوایە کێشەکە لەدەرکەوتەکانی قەیرانی دیموکراسی پەرلەمانیدایە کە هەرجارەی بەشێوەیەك سەردەردێنێت جا ئەوەی پارتە تەقلیدییە بۆرژوازییەکان بەناوی کرێکارەوە بێت سۆسیال دیموکراتی یان لیبراڵ ئاستێك لە پاشەکشەی کە بەسەر ئەم چەپی بۆرژوازی و پەرلەمانیدا داسەپێندراوە، دەرفەتێکی کردۆتەوە بۆئەوەی ئەم ڕاستە توندڕەوە قەومپەرستە پێگە پەیدا بکەن. بە نموونە لە بەریتانیا زۆرجار بەزەحمەت مەودا و جیاوازی  نێوان چەپی پەرلەمان و لیبراڵ و کۆنسێرڤیتیڤ لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەبینێتەوە، بەتایبەتی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئاستەم بوو جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاران ببینێت، لە زۆر ڕووەوە لەپەیوەند بەسیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تەواوکەری یەکتر بوون. هەمان ئەم نموونەیە لەهەڵبژاردنەکانی پارتەکانی یەکێتی ئەوروپادا ڕەنگی دایەوە، بۆ هاوڵاتیان بەشداریان و هەڵبژاردنی پارتەکان لەسەر بنەمای بەرنامە و ئاسۆ و بەدیلێك نەبوو کە ئەو پارتانە خستبویانە ڕوو، بەڵکو نائومێدی و بنبەست و نەبوونی بەدیل بوو کە بتوانێت گۆڕانکاریی گەورە بەدیبهێنێت، چونکە هاوڵاتیانی ئەوروپا لە مێژە دەبینن کە چەپی پەرلەمانی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پەراوێز دەچن و لەژێر گوشاری لایەن و پارتە ڕاستڕەوەکاندان. بەتایبەتی لەسەردەمی ئێستادا کە ڕیزەکانی بۆرژوازی پەرشو بڵاو و قەیرانی قوڵی ئابووری لەئارادایەو حکومەتەکانی ئەوروپا لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەی سیاسی و ئابووریدان، لەوەش زیاتر فشاری گرانی ژیان و هەژاری و بێکاری و باج و درێژەدان بە سیاسەتی سك هەڵگوشین و بڕینی خزمەتگوزارییەکان ئەمە لەپاڵ هەستکردن بە نائەمنبوونی ئایندە و ترس لە درێژەدان بە سیاسەتی جەنگخوازی ملیتاریزم و زیادکردنی خەرجیە سەربازییەکان هێندەی تر جڵەوی بۆ سەربەرزکردنەوەی ئەم ڕەوتە ڕاستڕەوانە پەیداکردوە، ئەگەرچی ئیمکانی نیە فاشیزم لە ئەوروپادا هێزی خۆی بەدەست بهێنێتەوە وەیان سیناریۆی جەنگی دووهەمی جیهانی دووبارە کاتەوە، بەڵام له نەبوونی هێزێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ڕادیکاڵدا ڕەنگە کۆمەڵگای ئەوروپا بۆ نێو قەیرانی سیاسی و چینایەتی و ئایدیۆلۆژی ڕاکێشێت کە ئەگەر جڵەو نەکرێت و وەڵامی دانشکێنی لەلایەن چینی کرێکارەوە پێنەدرێتەوە.

لەوەش زیاتر هەروەك لە کارو بەرنامەی سیاسی ئەم پارتە ڕاستڕەو و توندڕەوانەدا بەدیدەکرێت، بەتەنها لە دژایەتیکردنی خەڵکی بیانی و جیاکاریکردنی نێوان مرۆڤەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستا بەئاشکرا پەنابەرو کۆچکردوان تەحقیر دەکەن، ئامانج و بەرنامەیان ڕووی لەوەیە کە کۆمەڵگا بەجۆرێك ڕێك بخەنەوە کە ئاستی کرێ و سەعاتکاری زۆر داسەپێنن، بیمەکۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییەکان بەیەکجاری هەڵوەشێنێتەوە، هاوکات هەوڵدەدات کۆمەڵگای موتەمەدنی ئەوروپا لەجەنگێکی بەردەوامی ناوخۆیی ڕەگەزیدا ڕابگرێ. دەستکەوتەکانی بەشەریەت و شارستانیەت و مەدەنیەت و ئینسانیەتی کۆمەڵگا پاشەکشە پێبکات کۆمەڵگای تۆلرانس وموتەمەدنی ئەوروپا بەرەو دەمارگیری وجیاکاری بەرێت.

بەداخەوە حکومه‌ته‌کانی ڕاستڕەو لیبرالەکانی ئه‌وروپا دەوری سەلبییان دیوە له‌سه‌ر بزواندن و ڕاستکردنەوەی ئەم ڕه‌وت و حزبه‌ قەومپەرست و ڕاسیستیەکان بۆ نێو ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتنی ژمارەیەك لە کورسی په‌رله‌مانه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌یان له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا دژ به‌خه‌ڵکی بیانی و موسوڵمان بەتایبەتی، پیشتر ئەم پارتانە سنوردارکراوبوون لەلایەن پارتە بورجوا گەورەکانەوە لە ئەوروپا .  ئەم پارتە ڕاستڕەو و توندڕەوە نوێیه‌ دوژمنی که‌لتوری جیاوازو دژایه‌تی بێگانه‌یە، په‌یڕه‌وی سه‌ره‌کی و پرۆگرامیانه‌، ده‌یانه‌وێت ئه‌وروپا له‌ په‌نابه‌ران بپارێزن ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن په‌نابه‌ران سه‌رچاوه‌ی بێمافی و هەژاری و بێکاری و نه‌خۆشی و ئه‌و قه‌یرانانه‌ن که‌ یەخەی به‌ باڵی ڕاستی ئه‌و حکومه‌تانه‌ گرتوه‌.

لەدریژەی قسەکانمدا دەمەویت ئەوەش بڵێم سەرباری ئەو هێرشانەی باڵی ڕاستی بۆرجوازی بۆ سەر چینی کریکاریی ئەوروپا وە ئاستی ژیان و گوزەران و دەستکەوتەکانی دەیان ساڵەی چینی کریکار و هەڵومەرجی سەختی کار وە دیارنەبوونی ئاسۆیەکی شۆرشگیرانە کریکاریی و لاوازی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سوشیالستی، بەلام چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەت و چەوساوە بێدەنگ نەبوون و کاردانەوە و مقاوەمەتیان کردوە دژی سیاسەتەکانی بورژوازی بۆ لیگرتنەوەو شکاندنەوەی باری قەیرانی ئابووری بەسەر خەڵکی کریکارو زەحمەتکیش لە ریکخستنی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی کریکاران و لاوان بۆ بەرگری لە ئایندەی خۆیان دریژەی بووە.

تا ئەو جێگەیەی بە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییانەی پارتی کرێکاران لە بەریتانیا و هاوپەیمانی چەپەکانی فەرەنسا، دەگەرێتەوە، پێویستە لەنیو پارتی کریکاران و بەرەی چەپی فەرەنسا جیاوازی هەیە لەسەری ڕاوەستین، حزبی کریکاران لە بەریتانیا زۆر دەمێکە بۆن و بەرامی چەپی پێوە نەماوە بەرەو ڕاست وەرچەرخاوە و سیاسەتی نیولیبرالیزمیان پەسەندکردوە و بەڵینی بە کۆمپانیاو بازرگانەکان داوە سودو قازانجی زیاتریان بۆ مسوگەربکات و ژیانی چینی کریکارو خەڵکی کەمدەرامەت لە قەیرانی کەمەرشکیندا ڕاگرێت…لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر بە قەیرانی تیچوونی ژیان و برینی بوجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان هەژاری و..پارتی کرێکاران وەلامێکی جدی پێنیە، بەلام خەڵکی بەریتانیا بۆ بەرگری لەخۆیان و بەرامبەر بە لێسندنەوەی دەستکەوتەکانیان لەلایەن پارتی پاریزگارانەوە کە ١٤ ساڵە دەسەڵاتی وولاتی بەدەستەوەیە، سزای ئەو حزبەیان داوە. دەنگدانیان بە حزبی کرێکاران تەنها بۆئەوەیە کە نایانەوێ ئەوەی ١٤ ساڵە گیرۆدەی بوون درێژەی هەبێت و بەئومێدی گۆڕانکاریەك، هەرچەندیش بچووک بێت، دەنگیان داوە بە حزبی کرێکاران.

بەرەی جەماوەری نوێ لە فەرەنسا کە لە چەپ و کۆمۆنیست و سەوز(پارتی ژینگە)ەکان پێکهاتوە، بەئامانجی ریگریکردن لە گەیشتنی پارتی راسترەو توندەرەویی( فاشستی )مارین لۆپێن بەدەسەلات، هاوپەیمانیەکیان پێکهێنا و ئەلتەرنایڤی خۆیان دا و بەڵێنیان داوە کە چاکسازی بکەن لە خانەنشینی و مەسەلەی پەنابەری و کۆچبەرانەوە بگرە تا سنوردان بۆ نرخی کالا سەرەکیەکان… بەمشێوەیە خەڵکی فەرەنسا لەم هەڵبژاردنەدا بەرگریان لە خۆیانکرد و پیشتریش بە دەربرینی نارەزایەتی دژی سەرهەڵدانی فاشیزم و زیادبوونی کورسیەکانی راسترەوە و توندرەوەکان  لە پەرلەمانی ئەوروپا، خۆپیشاندانی گەورەیان سازدا.

 سەرئەنجام سەرکەوتنی بەرەی هاوپەیمانی نوێ لە فەرەنسا هەنگاوێکە، بەڵام بەبڕوای من ئەگەر ئەمڕۆ چینی کرێکار خاوەنی حزبێکی کۆمۆنیستی سیاسی پیشرەو لەمەیداندا بوایە، بیتوانیایە لەم جیابوونەوە و کەلێن و قەیرانەی ڕووبەڕووی حکومەتەکانی ئەوروپا بۆتەوە، لەجەرگەی دۆزەخێك کە بورژوازی سازی کردووە، وەڵام بەم بنبەستە بداتەوە، لەریگای هەنگاوی شۆشگێڕانەوە بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی و ئابوری، ئەوا زۆر شت گۆرانی بەسەردا دەهات بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و یەکسانی و بەها یەکسانیخوازەکان و هەڵوەشانەوەی بونیادە سیاسی کۆمەلایەتیەکانی ئەم سیستەمەی کە سەرچاوی کارەسات و ماڵۆیرانیە بۆ کۆمەڵگەی بەشەری.

 

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …