موحسین کەریم
لەمیانەی گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ مەسرور بارزانیدا لە سلێمانی، لەلایەن چەند بەشداربوویەکەوە پرسیاری ئەوەی لێکرا کە بۆچی مووچە نادەن بە خەڵك و دوای دەخەن!؟ خەڵك زۆر هەژارە. کێشەی سەرەکی خەڵك مووچەیە. ئایا خۆتان دەتوانن دوو مانگ بێموچە بژین!؟ بۆچی دەبێ ئێمە بەدوای مووچەدا ڕابکەین!
لەوەڵامدا مەسرور بارزانی ووتی کە مووچە بەدەستی ئەو نیە، ئەگەر بەدەستی ئەو بوایە یەك رۆژ دوای نەدەخست!؟ بەڵکو خەتاکەی خستە ئەستۆی حکومەتی بەغدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان بڕیوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێ لایەن، لەململانێیەکی ناشەریفانەدا، بۆ بەژەوەندی حزبی و شەخسی، بۆ دژایەتی ئەو و حزبەکەی داوایان دەکرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی حکومەتی بەغدا بکرێ و بەغدا هەموو شتێكی هەرێم کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئێستا کە بەغدا مووچە نانێرێت، بێدەنگەیان لێکردوە. بۆچی کەسێك پرسیار لەوان ناکات.!؟ هەروەها ووتی کێشەی ئێمە کێشەی خاك و نەتەوەیە نەك مووچە، مووچە بەبێ کەرامەت و بەبێ خاك هیچ نرخێکی نیە!
ئەم قسانەی مەسرور بارزانی لە سێ لایەنەوە هەڵدەگرێ لەسەری قسە بکەین. یەکەم: ئەوەی کە دەڵێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدەستی ئەو نیە و بەدەست بەغدایە، بەئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا تەنها کارتۆنێکەو هیچی تر، چونکە تەنانەت مافی ئەوەی نیە کە بەرپرس بێت لە دانی مووچەی کارمەندەکانی خۆی. ئەگەر حکومەتێك مافی دانی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی خۆی نەبێ، ئیتر کامەیە سەلاحیەت و دەسەلاتەکانی!؟ پێگەی لە پێکهاتەی دەسەڵات و فەرمانڕەواییدا چیە لە کوردستان و عێراقدا!؟
دووەم: ئەوەی کە خەتای بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە دەخاتە ئەستۆی چەند لایەنی دیکە، وەکو ئەوەی لەسەر داوای ئەوان حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بڕیبێت، تەنها بۆ خۆدەربازکردنە لە بەرپرسیارێتی و فڕێدانی خەتایە بۆسەرشانی خەڵکی دیکە. وەکو چۆن دەڵێ خەتای بەغدایە کە مووچە نانێرێت! گومان لەوەدا نیە کە ئەو هێزو لایەنانەی مەسرور بارزانی ناویان ناهێنێ، وەکو یەکێتی و نەوەی نوێ ئیسلامیەکان …، لە ململانێی خۆیاندا لەگەڵ پارتیدا کە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی بەدەستەوەیە، بەشێوەیەکی هەلپەرستانە و چەواشەکارانە ئەو خۆشخەیاڵیەیان بڵاودەکردەوە کە ئەگەر پرسی بودجە و مووچە بگەڕێتەوە بۆژێردەستی حکومەتی ناوەند، کێشەی مووچە و گرفتە داراییەکانی چارەسەر دەبن، بەڵام دەکرێ مەسرور بارزانی چی بیانوویەك و پاکانەیەك بهێنێتەوە بۆئەو چەند ساڵەی کە داهاتی کوردستان بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گومرگ و باج و …تد. لەدەستی ئەواندا بووە، بەڵام لەساڵێکدا تەنها چەند مانگێك مووچەیان بە فەرمانبەران دەدا، یاخود بۆماوەی چەندساڵ چارەکەمووچەو نیومووچەیان بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدا!؟ ئایا ئەوکاتەش هەر لایەنە رکابەرەکانی پارتی بوون کە بوونە هۆکاری بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێم!؟
سێهەم: مەسروربارزانی کە خۆی و خێزانەکەی و بنەماڵەکەی بە ملیارەها دۆلاریان لەسەر حسابی قوتی خەڵکی کوردستان بۆخۆیان کۆکردۆتەوە، پێیان شەرم نیە کە ساتوسەودا لەسەر “خاك و نەتەوە” بکەن و دەستتێکەڵی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و ئینسانکوژی وەکو بەعس و تورکیاو ئێران بکەن، لەسەر حسابی ژیان و ئەمنیەت و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستانی عێراق و “برای خوێن” و “هاونەتەوەکانیان” لە کوردستانی ئێران و تورکیا، کەچی کاتێك فەرمانبەرێك و کرێکارێك و موچەخۆرێك ، کە تەنها سەرچاوەی ژیانی ئەو مووچە ناچیزەیە کە وەری دەگرێت، باسی مووچەکەی بکات، لەبەرامبەریدا باسی کەرامەت دەکات! ئایا بەراستی ئەوە حزبەکەی مەسروربارزانی و حزبە دەسەڵاتدارەکانی دیکەی کوردایەتی نین کە کەرامەتی خەڵکی کوردستانیان هەراج کردوە بۆ دوژمنانی خەڵکی کوردستان، لەناوخۆی کوردستانیشدا خەڵکیان موحتاج و زەلیل کردوەو هەموو غرورێکی ئینسانیی هاوڵاتیانی هەرێم و مووچەخۆرانیان شکاندوە!؟ ئەوە ئەوان نین کارێکیان کردوە کە هاوڵاتی کوردستان بێتە بەردەم مایکرۆفۆنی کەناڵەکانی راگەیاندن و بکڕوزێتەوە بۆ ژیانی سەخت و بێدەرەتانی خۆی و هۆن هۆن فرمێسك بەچاویاندا بێتە خوارەوە!؟ ئەوە مووچەخۆرانی کوردستان نین کە پیویستە لەنێوان مووچەو کەرامەتدا یەکێکیان هەڵبژێرن، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە لەنێوان ڕێزگرتن لەکەرامەت و مافەکانی خەڵکی کوردستان یان خۆشخزمەتی بۆ دوژمنانی” خاك و نەتەوە” دا یەکێکیان هەڵبژێرن! کە تائیستا ئەوەی دوەمیان هەڵبژاردوەو لەداهاتووشدا پێناچێت دەستبەرداری بن! بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەکو تائێستا نیشانیانداوە، لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندو شایستەی مرۆڤی هاوچەرخدا یەخەی دەسەڵاتەکەی مەسرور بارزانی و هاوبەشەکانیان دەگرن و دەستبەرداری مافەکانی خۆیان نابن لە دانی مووچەکانیان بەرامبەر بەوکار و خزمەتەی پێشکەشی کۆمەڵگای دەکەن.