هۆکار و ئامانجی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا!!

عەبدوڵا مەحمود

لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای کرد. لەو سەردانەیدا چاوی بە زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی حزب و لایەنە شیعی و سونی و تایفیەکان و نوێنەرایەتی چەند وڵاتێک کەوت. میدیاکانی پارتی سەردانەکەیان وەکو سەردانێکی میژوویی و گرنگ و بارزانیان وەکو باوکی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کۆکەرەوەی لایەنە سیاسیەکان وێنا کرد. بەپێی میدیاکانی پارتی سەردانەکەی بارزانی چەند مەسەلەی گرنگی لە خۆگرتووە لەوانە؛ ناکۆکیەکانی هەولێر و بەغدا، پرسی موچە، پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق…تاد.

دیارە بارزانی هیچ سیفەتێکی فەرمی نییە، جگە لەوەی سەرۆکی پارتییە و وەکو کەسایەتیەکی سیاسی پەیوەندی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە نوخبەو کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و دنیادا هەیە، هەر بەوپێیەش بەپێچەوانەی بانگەشەی میدیاکانی پارتی جگە لەچەند بەرپرسێکی باڵای حزبەکەی لە بەغدا هیچ کەسێکی تر چ لەئاستی فەرمی و حکومی و چ لەئاستی سەرانی ئەحزابی سیاسیدا لەپێشوازی بارزانیدا نەبوون.

دۆسیەی ناکۆکی هەولێر و بەغدا، حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پرسی موچە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندین پرسی تر…تاد، دۆسیەگەلێکن کە بەدرێژایی عێراقی تازەی دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعس ئامادەییان هەبووەو ئاماژەن بۆ ناکۆکی و ناتەبایی ریزەکانی بۆرژوازی عێراقی، بەتایبەتیش ناکۆکی لەنێوان ناسیونالیزمی کورد و باڵەکانی بۆرژوازی لە بەغدا. بەڵام ئەم دۆسیانە لە سەردانەکەی بارزانییدا بۆ بەغدا، لاوەکی و دیوی دەرەوەی واقعیەتێکی ترە کە ریشەی لە ئاڵوگۆرێکی بناغەییتردایە کە بەسەر دۆخی سیاسی عیراق و کوردستاندا هاتووە.

سەردانی بارزانی بۆ بەغدا بەدوای زنجیرەیەک لە سەردانی نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانی و شاندەکانی حکومەتی هەرێمدا بۆ بەغدا و دوای زیاتر لە ٦ ساڵ و بەدوای ریفراندۆمدا هات. ئەم سەردانەی مەسعود بارزانی، لەپێش هەموو شتێکدا داننان بوو بەو ئاڵوگۆڕانەی لەچەند ساڵی رابردوودا لە دۆخی عێراق و بەسەر هاوسەنگی هێزەکاندا هاتووە. بەتاییبەتی داننان بوو بە شکستی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لەبەرامبەر بە هەژموون و باڵادەستی بۆرژوازی عیراقیدا. ئەگەر تا پێش ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و ریفراندۆمدا، بۆرژوازی کورد سەرمەستی پێگەی سەربەخۆیی ئابوری و ئیداری و سیاسی و خاوەنی پشتیوانیەکی ناوچەیی و جیهانی بوو، بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا، رەوەندی روداوەکان وەکو زنجیرەیەک روداوی خێرا بە ئاقاری بچوککردنەوەی پێگەی ناسیونالیزمی کورد بوو. وەکو دەستپێک دەرهێنانی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت غاز، بەیاساییکردنی چاودێری بەغدا بەسەر داهاتەکانی هەرێم، جوڵاندنی دادگای فیدرالی لەبەرامبەر دۆسیەکانی ناو هەرێم، جوڵەکانی بەغدا بۆ گێرانەوەی باڵادەستی ئەمنی بەسەر سنورەکاندا، باسی هەمواری دەستور…. دواتریش بریارەکانی دادگای فیدرالی لەدژی دەسەڵاتی یاسایی و حقوقی ناسیونالیزمی کورد لە هەرێمدا…تاد ئەو رەوەندە بوو کە زۆر زوو پارتی و یەکێتی ناچار بەوە کرد قیبلەی خۆیان بەرەو بەغدا و خۆگونجاندن لەگەڵییدا وەربگێرن، لەو نێوەدا بەجیا لەوەی پارتی بەوێنەی دەسەڵاتی زاڵی ناو هەرێم و خاوەن بریاری سیاسی بەرگری لەخۆ نیشاندا و ئێستاش ناچارە نیگەرانی دەرببڕیت و بەرەنگاری یان کاردانەوە لەخۆی نیشان بدات، بەڵام لە باڵکۆنی هەرێم و سەکۆی پشتەوەدا مەسعود بارزانی بێدەنگەو زیاتر لەوەش باسی لە دوژمنکاری بەغدا، پاشگەزبوونەوە لەدەستور، مانەوەی عەقڵیەتی شۆڤینی، ناساندنی دادگای فیدرالی بە دادگای بەعس…تاد دەکرد. ئەم سەردانەی بۆ بەغداو راگەیاندنی ئەوەی کە بەغدا نیەتی باشی هەیە و ئەندازیار و نوێنەری ئەم نیەت باشییە سودانییە، کۆتایی بە رووبەرووبوونەوە توندەکانی لەگەڵ بەغدا و باڵەکانی بۆرژوازی عێراقیدا هێنا و رادەستی واقعیەتە تازەکان و ئاڵوگۆرەکانی عیڕاق بوو، بەو مانایە هیچ سەرکەوتنێک بۆ بارزانی لە ئارادا نییە، بەڵکو پاشەکشەو هاتنەخوارەوەی بوو لە تەلاری خەونەکانی پێشووی.

هەروەها خۆ بەستنەوەی تەواوەتی بە ئەمریکا و غەرب و جەمسەری تورکی، بەبێ ملدان و هاوکاری لەگەڵ ئیراندا، خێراتر لەوەی روودەدات دەتوانێت دۆخی هەرێم بەگشتی و زۆنی زەرد بەتایبەتی توشی پشێوی و نائەمنی نەخوازراو بکات و هاوسەنگی هێز لەگەڵ نەیارە میژوویەکی یەکێتی نیشتیماندا، بەزیان بۆی بگۆرێت… بۆیە لەو بارەیەوە کە دەسەڵاتی زاڵی بەغدا، زۆرتر وابەستەی جەمسەری ئیرانییە، ناچارە لەگەڵ ئەو واقعیەتەدا مامەڵە بکات. بەتایبەتیش کە ئێران لە دەباشان کاراترە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی نێوان سەری رەش و دەباشان.

پارتی و بارزانی بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی بودجە و موچە و کەرکوک و هەڵبژاردن و …تاد، چ لەگەڵ بەغدا و چ لەگەڵ یەکێتی ناچارن پێشوەختە واقعیەتە تازەکانی دۆخی عێراق قبوڵ بکەن و تەنانەت ئەوە بۆتە پێشمەرجێکی نەنووسراوی هەر دانوستاندنێک، بارزانی لەم سەردانەیدا ئەوەی قبوڵ کرد.

سەیر ئەوەیە میدیاکانی پارتی و زۆروێژانیان باسی ئەوە دەکەن کە بارزانی بۆتە کۆکەرەوەی هیزە ناکۆکە عێراقیەکان و کلیلی چارەسەری پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان… ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمدا و لە دڵی کوردستاندا “کەرکوک” ناتوانێت پرسی پاریزگار لەگەل یەکێتی و لایەنەکان یەکلابکاتەوە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش گرژی نیوان پارتی و یەکێتی بەجێگایەک گەیشتووە، کە ناکۆکیەکانیان لەسەر قەڵەمرەوی دەسەڵات و تاڵانی و پۆست و شۆڕ بۆتەوە بۆ نزمترین ئاستی ریزەکانیان و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە ئاسانی دەبینرێت. ململانێشیان لەسەر نوینەرایەتیکردنی بەغدا و لە هەرێمدا دەچیتە چوارچیوەی ململانێکانی دەورەی داهاتوو. جیا لەوانە بارزانی هیچ ڕیکەوتنامەیەکی لەگەڵ کەس واژۆ نەکرد، جگە لە گۆڕینەوەی بیرورا و خستنەرووی گلەیی و گازندە لەلایەک و پیاهەڵدان و ستایش لەلایەکی ترەوە، کە ئەمەش هیچ دەستکەوتێک و پێشرەوی و سەرکەوتنێکی دیبلۆماسی بۆ بارزانی تۆمار ناکات.

هەموو ئەو ئاڵوگۆر و دۆسیانە، لەپاڵ پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئاڵانگاریەکانی بەردەمی، زۆربوونی دەستێوەردانی ئیران و تورکیا، دارمانی یەکجارەکی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی… ئەو پرسانەن کە پارتی و بارزانی و یەکێتی و هیزە بۆرژوازییەکان بەدەستیانەوە دەناڵێنن، بێئەوەی هیچ کارت و رێگاچارەیەکیان بەدەستەوە بێت. بەڵام لەونێوەدا پرسی بچوکبوونەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا، تا ئەو رادەیەی هەموو سەرانی وورد و درشتی بزوتنەوەی کوردایەتی و تا دەگاتە نووسەر و پارێزەرانی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی کورد، باس لە دارمان و مەترسی کۆتاییهاتنی ئەو قەوارەیە دەکەن، کەبووە قەوارەی بەخشینی “ژیانی شاهانە و فیرعەونی بە بۆرژوازی کورد و بنەماڵە دەسترۆشتوە حزبی و بنەماڵەیەکان و ژیانی مەمرەو مەژی بۆ چینی کریکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان”. مەبنای سەردانەکەی بارزانی بوو بۆ بەغدا. وە مەبنای هەموو ئەو جموجۆڵە دیبلۆماسیانەیە کە پارتی و بارزانی و یەکێتی، لەم دەورەیەدا، بەدوایەوەن.

ناوەراستی تەموزی ٢٠٢٤

 

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …