وەستا مەهدی
کار لە دنیای ئەمرۆدا رێگایەکە بۆ پەیداکردنی پارە لەپێناوی درێژەدان بەژیان، ئەمە حوکمی داسەپاوی سیستمی ئابوری جیهانی سەرمایەداریە و هیچ کەسێك زەمانەتی مانەوەی نییە، کاتێك بێکار دەبێت. پێداویستیەکانی ژیان گشتی بە پارە دەست ئەکەوێ.
بەشی هەرەزۆری دانشتوانی گۆی زەوی، بیجگە لە فرۆشتنی هێزی لەشیان بۆکارکردن هیچی تریان نییە. کار شتێکە ئەوەندە پربایەخە دەبێ وێڵ بیت بەدوایدا تا دەستت دەکەوێ! ئیتر هیچ مەسەلە نییە ئەو کارە چەندە گران و نارەحەتیش بێت، کاتێك کرێکارێک کارێکی دەست دەکەوێ، زۆر بەخۆشحاڵیەوە قەبوڵی دەکا و ئەنجامی دەدا! ئێوە بیهێننەبەرچاوتان کەسێك بێکار، دوای گەرانێکی زۆر بەدوای کاردا، لەجێگایەك کارێک پەیدا دەکا لە یەکێك لە دەزگا سەربازیەکان کە دەبێ چەك هەڵگرێ و بچێتە بەرەی شەرەوە لەگەڵ ئەوەی کە دەزانێت کە لەوانەیە بکوژرێت بەڵام گوێ ناداتێ و کارەکە وەردەگرێ! خاوەنی هێزی کار بۆیە سەخترین کاری قەبوڵە، چونکە ژیان و مانەوەی خۆی و خێزان و مناڵەکانی پێوەی بەندە.
بێکاری خواست و بژاردەی هیچ کەسێك نییە، بەڵام بەرهەم و یەکێك لە خاسیەتەکانی سیستمێکی ئابوری و کۆمەڵاتی و سیاسیە کە داسەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگای بەشەریدا. بەزەبری ئاسن و ئاگر بەدرێژایی مێژووی کومەڵگەی بۆرجوازی درێژەی بەتەمەنی خۆی داوە. خاوەنداریەتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و کاڵادا هەموو بەرهەمی کاری لەسەر گۆی زەویدا لەدەستی کەمایەتیەکی خاوەن سەرمایەدا قەتیس کردوە و زۆرینەی کۆمەڵگا کە خۆیان بەرهەمهێنەری ئەو بەروبومانەن، دەبێ دوبارە بە پارە لێیان بكرنەوە. ئەگەر پارەیان پێنەبێ ناتوانن دەستیان بەو بەرهەمان بگات کە خۆیان بەرهەمیان هێناون، لەئاکامی کارەکانیانەوە!
بازاری کار لە لایەن ئەم کەمایەتیەوە بەرێوەدەچێت و خاوەنانی کارو سەرمایەش بەقەدەر ئەو قازانج و ئەو کارە هێزی کاریان دەوێ کە بازار پێویستی پێیەتی. هەرکاتیش بزانن کە ئەو هێزی کارەی خراوەتە گەر و کاریان پێدەکەن، قازانجی لێناکەن، دەریان دەکەن و دەیانخەوە ناو رێزی بێکارانەوە. ئەمە سیستمێکە بێوچان بەدرێژایی سەدان ساڵ بەرکارە و کاتێکیش کە نارەزایەتی فراوانی خەڵک و بێکاران بەرۆکیان پێدەگرێ، هەزار بروبیانو دەهێنەوەو دەیان هۆکار بۆ بێکاری دەخەنەروو. لەکۆتایدا بێکاری بەشێکی دانەبراوی نیزامی سەرمایەداریەو لە لایەن سەرمادارانەوە بەردەوام گورزێکی حازر بەدەستەو ژیانی دەیان هەزار کەس لەسەر لێواری مەرگ رادەگرێ..
لەعێراقی فیدراڵ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە تائەمرۆ مێژویەکی زۆر دوور نییە، بەڵام سەرباری ئەوەی کەهێشتا دیارنییە ئەم کۆکتێلە لە ئەحزابی بۆرجوازی شانسی مانەوەیان هەیە یان نا، بەڵام لەماوەی ئەم چەندساڵە لەدەسەڵاتدا، تەنها ئەو مادە و برگە دەستوریانەیان خستۆتەکار کە رێگە بۆ کەڵەکەی سەرمایەکانیان ئاوەڵا دەکات. لەدەستوری عێراقدا، مادەی ٣٠، زۆر بەرۆشنی باسی بێکاری کراوەو وتراوە کە دەوڵەتی عێراق پێویستە بیمەی بێکاری بە گشت ئامادەبوانی بەکار لەهەردوو رەگەزی نێرومێ بدات تا ئەوکاتەی کارێکیان دەست دەکەوێ، بەقەدەر ئەو لانی کەمی کرێیەی حوکمەت بەرەسمی رایگەیاندووە، بەڵام تا ئەم چرکە ساتەش بێکاری نەخراوەتە ناو یاساو رێساکانی وڵات و هیچ باسێك لە بێکاران نییە. ئەمە لەکاتێدایە ساڵانە رێژەی بێکاری روو لەزیادبون دەکاو ئاماژەیەکی ترسناك نیشاندەدا. کەواتە کە دەسەڵات بەهیچ جۆرێك ئاور لەکێشەی بێکاری نەداتەوەو رۆژ بەرۆژ بێکاری ببێتە مایەی سەرگەردانی، هیچ رێگە چارەیەکی تر نییە لەبەردەم بێکاران و خەڵکی نارازیدا تەنها هاتنە مەیدانی بێکاران و کرێکارانی لەسەرکار و جەماورەی نارازیە بۆ خەبات لەدژی بێکاری و بۆ بەدەستهێنانی گشت خواستە رەواکانی خەڵک و ناچارکردنی ئەم دەسەڵاتە بە چارەسەرکردنی کێشە بێکاری یان دانی بێمەی تەسەل بەبێکاران .
٩/٧/٢٠٢٤
.