هەڵبژاردنەکانی ئێران و پەیامەکانی!

نوری بەشیر

جمهوری ئیسلامی ئێران لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆماردا سەخترین دەورانی خۆی بەسەربرد. کێشەکانی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدا بەڕادەیەکی بەرچاو توندبوونەوە. دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی و سیاسەتی ولایەتی فەقیە ٤٥ ساڵی دەستی لە سەرکوت، راونان، زیندانی، ئەشکەنجە و سێدارە نەپاراستووە. بەرژێمی سەدهەزار زیندان و سێدارە ناسراوە. درندانەترین یاسای دژی ژنان بەڕێوەبردوە و بەرژێمێکی دژە ژن ناسراوە! بەڵام سەربارەی هەموو ئەو وەحشیگەریە نەیتوانی خەڵک بێدەنگ بکات و ناڕەزایەتیەکانیان خەفە بکات. هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی کۆمار، لەدوای خرۆشانێکی فراوانی جەماوەری دێت کە بە شۆڕسی ژینا ناودەبرێ و تەلاری دەسەڵاتی ئیسلامی لەرزاند! بۆیە سەرباری سەرکوتی وەحشیانەی ئەو خرۆشانە جەماوەریە لەرێگای زیندانیکردنی هەزاران خۆپیشاندەر و کوشتن و لەسێدارەدانی دەیان کەسیان، بەڵام گیانی ئەو نارەزایەتی و بەرەنگاریەی خەڵك لە بایکۆتی گاڵتەجاری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا خۆی بەشێوەیەکی درەخشاند نواند و خەڵکی ئێران “نا” یەکی گەورەیان لە ناوچەوانی ئەو رژێمە دڕندەیە دا!  “نا”یەکی گەورە بەدەسەڵاتی ولایەتی فەقیەو سوپای پاسداران و هەموو دەسەڵات و باڵە جیاوازەکانی بۆرژوازی ئیسلامی ئێران، لە ریفۆرمخواز و میانەڕەو و توندڕەویانەوە!

تاقیکردنەوەی ئەمجارەی هەڵبژاردن سەرباری هاتوهاوار و پروپاگەندەی هەموو باڵەکانی بۆرژوازی ئێران و میدیاکانیان بۆ هەڵبژاردن و هاندانی خەڵك بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەدەوری یەکەمدا لەلایەن خودی ڕاگەیاندنەکانی رژێمی ئیسلامیەوە بە رێژەی٤٠٪ ی ژمارەی دەنگدەران راگەیەنرا، ئەگەرچی چاودێرانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و بەشێک لەمیدیای جیهانی، بەکەمتر لە٣٠٪ مەزەندەیان کرد! ئەوە وایکرد کە سەرانی رژێمی ئیسلامی ترسیان لێبنیشێت و خودی خامنەئی لەخەڵك بپاڕێتەوە کە بەشداری هەڵبژردن بکەن، گوایە حکومەت دەبێ خەڵك هەڵیبژێرێت و ئەگەر خەڵك بەشداری نەکەن ئەوا ئەوکارە ناکرێ! سەرەنجام لەجەولەی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، بە رێنمایی علی خامنەیی رابەری باڵای رژێم،  لەنێوان دوو بەربژێری سەرۆکۆماردا، مەسعود پزیشكیان وەک باڵی ریفۆرمخواز و سەعید جەلیلی وەک باڵی توندڕەو، لەرێگای منازەرەی تەلەفزیۆنیەوە هەوڵیان دا کەشوهەوای هەڵبژاردن گەرم بکەن، وا نیشان بدەن کە ئەگەر دەنگ بدرێ بە مەسعود پزیشکیان، ئەگەری ئەوە هەیە کە گۆڕانکاری لەزۆر پرسی گرنگی ژیان و گوزەران و تەنانەت مافە سیاسیەکانی خەڵکدا رووبدات، ئەوە سەرەڕای ئەگەری کرانەوە بەڕووی رۆژاواو ئەمریکاو ئومیدی کەمکرنەوەی فسارە ئابوریەکان لەسەر خەڵکی ئێران کە بەهۆی گەمارۆی ئابوری ئەمریکاوە، ژیانی خەڵکی ئێرانی بەرەو وێرانی و هەژاری رەها بردوە. بەوجۆرە هەوڵیان دا لە جەرگەی توندکردنەوەی پڕوپاگەندەی نێوان باڵی ریفۆرمخواز و باڵی توندڕەودا، بتوانن بەشێکی زیاتر لە خەڵك ڕابکێشنە ناو گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانەوە.

ئەوەبوو پزیشکیان رەخنەی لە جیاوازی و نایەکسانی نێوان ژیانی بەرپرسانی رژێمەکەی و خەڵك دەگرت، باسی نەرمکردنەوەی رێگریەکان لەسەر پۆشینی حیجابی زۆرەملێ دەکرد. بۆ نیشاندانی نیازپاکی رژێمەکەی و ئاشتکردنەوەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، پزیشکیانیان ڕەوانەی کوردستان کرد تا بەزمانی کوردی وتاربدات و بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک بڵێت بژی کوردستان! باسی ئەوەی دەکرد کە دەستی ئاشتی بۆ هەموان دریأدەکات، چ لەناو خۆی ووڵات و چ لەدەرەوە! بەوجۆرە ئەوە نیشان بدات کە ئەگەری شلکردنەوەی کۆتو بەندە سەرکوتگەریەکانی رژێم دژ بە خەڵك کەمتر بکاتەوەو تەنانەت دەرگا بۆ گەڕانەوەی نەیارانی سیاسی رژێمەکەی بکاتەوە و تاد… بەوجۆرە سەرەنجام، لەتاریکستانی رژێمی ئیسلامیدا، توانییان رێژەیەکی دیکەی خەڵك بەو ئومیدەی کە بەقەدەر سەردەرزیەك گۆڕانکاری بکرێ و بەشێکی یەجگار کەمیش لەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن، بەشداری پێبکەن! بەتایبەتی کە ئێستا رژێمی ئیسلامی پیویستی بەوجۆرە کە پروپاگەندە و هەنگاونان هەیە، چونکە رژێمەکەی لەوە زیاتر ناتوانێ بەشێوازی کۆن بەرگە بگرێ و روبەروی ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و حکومەتیە ببێتەوە.

ئەم باڵانەی جهموری ئیسلامی ناکۆکیەکانیان لەسەر ئەوەیە رێگاکانیان بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتە لەو قەیرانە قوڵەی کەیەخەی بەهەموو دەسەڵاتی بۆرژوازی گرتووە، ئەوەی کە دەیانەوێت خۆشخەیاڵی لەناوخۆی ئێران و ئاستی دنیادا دروستبکەن، بەوەی کە پزیشکیان ریفۆرمخوازەو ریفۆرم و ئاڵوگۆڕ، لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا دەکات، شتێك نیە بێجگە لە ئەرکێکی نوێی ڕابەری باڵای رژێمەکەی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئێستای ئێراندا، کە ئامانجی راگرتن و پاراستنی رژێمی ئیسلامی لەدەستی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و لاوان و ژنانی ستەملێکراوو بێمافکراوی ئێران!

گومان لەوەدا نیە کە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ریفۆرمی بنچینەیی کە ژیانی خەڵك باشبکات هەڵناگرێت، ئەوەی پزیشکیان وەک سەرۆککۆمار بەبێ ئاگاداری و رێگەپێدانی خامنەیی هیچ ئاڵوگۆڕێک، چەندە بچوکیش بێت ناتوانێت دەستی بۆ ببات، چونکە ئەوەی هەمەکارەیە لە رژێمی ئیسلامی ئێراندا، خامنەییە نەك حکومەت و سەرۆک کۆمار. خامنەیی ڕابەری رژێمی ئیسلامیە، کە هەموو دەزگاکانی رژێم بە حکومەت و سوپای پاسداران و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندەی نیزام و ..تاد. دەستنیشان دەکات.

رژێمی ئیسلامی تووشی قەیرانێکی کەمەرشکێنێ ئابوری هاتوە کە نارەزایەتی فراوانی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەوروو کردونەتەوەو رۆژانە یەخەی دەسەڵاتەکەیان دەگیرێت لەناوخۆی ئیراندا. پایەی رژێمەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ لەسەر بنەمای سەرکوت و کوشتار و زیندانی و سێدارە دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەرکوتی هەر جۆرە مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەپاندنی حجابی زۆرە ملێ دامەرزاوە، کە سادەترین کرانەوەو ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگی، پایەی رژێمەیە لەقتر دەکات. لەسەر ئاستی ناوچەکەش دەستی بەچەند هیزی ئیسلامی تیرۆریستی نۆکەری خۆیەوە گرتوە کە بەشێکن لە نائارامی و سەپاندنی ئاژاوەگێڕی و بێمافی و کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا، لەوانە حوسیەکان، فاتمیەکان، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، حزبوڵای لوبنان و تاد. ئەمانە بەشێكن لە پایەکانی ڕاگرتنی دەسەڵاتی ئەم رژێمە هارەی ئیسلامی سەرمایە و نفوزی لەناوچەکەدا، بۆیە ناتوانێ دەستبەرداری ئەمانە بێت، بۆئەوەی دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ ناوچەکە درێژبکات! هەروەها لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوادا کێشەی چەکی ناوەکی و فشارەکانی گەمارۆی ئابووری روبەڕووە، ئەو فایلەش فایلێکی پێچیدەیەو پێناچێت بەو زووانە بەجێگایەك بگات کە فشارە ئابوریەکان و گەمارۆی ئەمریکا لەسەر ئێران لابەرێت! هەموو ئەمانە ئەو گرێوگۆڵ و رێگریانەن کەروبەرووی ئەو بانگەشەیەی رژیم دەبێتەوە بۆ کرانەوەو درێژکردنی دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان!

بەڵام سەرەڕای ئەوانەی باسکران، رژێم ناچارە و دەبێت بەدوای ئەم هەڵبژاردنانەدا لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەندێ هەنگاوی بە ئاقاری هێورکردنەوەی فشارەکان لەسەر رژێمەکەی هەڵگرێت، چونکە بوار بۆئەوە نەماوەتەوە کە رژێم بەوشێوەیەی تائێستا ئەنجامی داوە، درێژە بە دەسەلاتی بدات، بۆیە دەستی بۆ گوایە باڵی ریفحۆرمخواز بردوە، تا وەکو رەخنەگرێکی شێوازی حکومڕانی پێشوو دەربکەوێ و دەرگایەك بۆ خودی رژێمی ئیسلامی بکاتەوە تا پاشەکشەیەکی شەرمنانە بەرامبەر بە خەڵک بکات.

بەڵام ئاستی پاشەکشەی جمهوری ئیسلامی بەدوای هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بەندە بە هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە سەراپای کۆمەڵگای ئێرانی داگیرکردووە، بەتایبەت لە سەروی هەموویانەوە ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەجۆراجۆرەکانی ئێران و ناڕەزایەتیەکانی ژنان، کە رۆژانەییەو یەخەی ئەم رژێمەی بەردەوام گرتووە، ئیتر ئەم ناڕەزایەتیانەیە کە بڕیاردەدات تا چەندە خامنەیی و رابەری دەسەڵات لەئێراندا، بواردەکەنەوە تا پزیشکیان، ئەوەی بۆی دیاریکراوە لە کرانەوە بەرووی هەمواندا جێبەجێ بکات!

تەمووزی ٢٠٢٤

 

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …