ڕاگه‌یاندنی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:

 دەربارەی دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

سەرەنجام دوای کێشمەکێش و بێنەوبەرەی نەبڕاوەی یه‌كێتی و پارتی لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن و بەلاداخستنی قەید و بەندەکانی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بە جۆرێک کە ئەو هەڵبژاردنە بەپێی ویست و بەرژەوەندیان بسازێنێ، سەرۆکی هەرێم ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بێگومان دیاریکردنی ئەم بەروارە دوای تێپەڕکردنی دەورەیەک لە قوڵبوونەوەی کێشەکانی نیێوان هەرێم و بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و توندبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هاتوەتە کایەوە و ئەوەشی کە ئێستا وەکو لێکتێگەیشتنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان سەبارەت بە هەلبژاردن نیشان دەدرێت، بریتیە لەوەی کە سەردانەکانی نێچیرڤان بەرزانی بۆ بەغدا و تاران و بەندوبەست و ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکان و بەدستهێنانی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەیشتوە بە خاوکردنەوەی ئەو فشارانەی خرابونە سەر پارتی و حکومەتەکەی و گێڕانەوەی هەندێک لەو ئیمتیازاتانەی کە پارتی بە هۆی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵەوە لەدەستی دابوو. کەئاکامەکەی بەوەگەیشت پارتی ڕاسپێردرێت دەست لە هەڵوێستی بایکۆتی هەڵبژرادن هەڵبگرێ و سەرۆکی هەرێمیش ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات. بەڵام خودی ئەم پرۆسێسە بە ڕۆشنی نیشانی دەدات کە ئەوەی ناوی نراوە هەڵبژاردن و دەنگدانی هاوڵاتیان، جگە لەوەی بچوکترین بواری ئیرادەی خەڵکی تیا نییە، تەنانەت بڕیاری کۆتاییەکەی بەتەنها لە دەستی دوو حیزبی دەسەڵاتداریشدا نییە و ئەگەر دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بەتایبەتی كۆماری ئیسلامی و پاشکۆکانی لە عێراق ڕازی نەبن ئەوا بیانەوێ هەڵبژاردن دەکرێ و نەیانەوێ ناکرێ.

هەروەها ئەمانە ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە مەبەستی هەڕەشەکانی پێشوی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنێک کە گوایە “پێشوەختە دزاینکراوە”، ئەوەبوو کە هەڵبژاردنێک بێت خودی پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە دیزاینکردنیدا. خودی بایکۆتکردنی پێشوی پارتی و ژێرپێنانی ئەو بەروارەی کەهەر خودی ئەم سەرۆکایەتیەی هەرێم، کە گوایە دەزگایەکی بێلایەنە، مەرسومی بۆ دەرکردبوو، نیشانی دەدات کە ئەو دەزگایە نەک هەر بێلایەن نییە، بەڵکو وەکو هەمو دەزگاکانی تری هەرێم مەقاشی دەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە و ئەو بڕیارانە جێبەجی دەکات کە سەرکردایەتی ئەو حیزبانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەڵاڵەیان کردووە. تا ئەو ئاستەی هەرکات دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و پاشان یەکێتی یان پارتی نەیانەوێت هەڵبژاردن ناکرێ و هەرکاتیکێش بیانەوێت خۆیان دیزاینی پێشوەختی بۆ دەکەن و ڕۆژەکەی دیاریدەکەن و سەرۆکایەتی هەرێم رادەسپێرن مەرسومی بۆ دەرکات! ئەو بەروارەی کە بەپێی مەرسومی سەرۆکایەتی بڕیارە لە ٢٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ببەسترێت، بە سیناریۆیەکدا تێپەڕیوە کە پارتی یەکەمجار بە مەرسومێک ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد و دوەم جار بە پاساوی دیزاینی پێشوەختە هەلێوەشاندەوە و سێهەم جاریش بە دزاینی خۆی مەرسومێکی بۆ دەرکرده‌وە. ئەم ڕاستیانەش بەسن بۆ ئەوەی ئاشکرای بکەن ئەوەی لەم هەرێمەدا ناوی نراوە هەڵبژاردن و پەرلەمان تەنها جۆرێکە لە گاڵتەکردن و یاریکردن بە ئیرادە و ڕای گشتی خەڵکی کوردستان، ئەوەشی پێی دەڵێن” دیموکراسی و مافی هەڵبژاردن و پەرلەمان” لە کاریکاتۆرێک زیاتر هیچی تر نیە. لە کۆمەڵگه‌یەکدا تا حیزبی چەکدار و میلیشیا حوکمڕانی بکات باسی هەڵبژاردنی ئازاد لە پڕوپاگەندە و  چەواشەکاری زیاتر هیچ مانایەکی نابێت.

جگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەو حیزبە بۆرژوازیانەی دیکەی وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ و لیست و لق و پۆپەکانیان، کە خۆیان وەکو نەیاری پارتی و ئۆپۆزسیۆنی حکومەت هەڵدەخەن، کە بەبێ دەربڕینی هیچ هەڵویست و ناڕەزایەتییەک، ڕاستەوخۆ پشتیوانی لەو دیزاین و کاتە دەکەن کە پارتی دیاریکردووە و نزا بۆ ئەوە دەکەن هەرچۆنیک بێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵگەی ئەوەیە کە هیچیان لەبەرەی خەڵک و مافەکانی خەڵکدا نین، بەڵکو پەلەقاژەی ئەوەیانە لەو سیستەم و چوارچێوەیەی کە پارتی و یەکێتی بۆ هەلبژرادن سەپاندویانە جێگایەکیان پێ ببڕێت. ملکەچ کردنی ئەم لایەنانە بۆ قەیدوبەندەکانی پارتی و یه‌كێتی و دزاینێک کە بۆ هەڵبژاردن سەپاندویانە، خەتای ئەوە دەخاتە ئەستۆیان کە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و پەلکێشیان دەکەن بۆ بەشداری لە سیناریۆیەک کە ئەنجامەکەی لە پێشەوە تاڕادەیەکی زۆر بەرژەوەندی و دەسەڵاتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تیا مسۆگەر کراوە. بەشداری ئەم حیزبانە لەم گاڵتەجاریە تەنها لە پێناوی ئەوەیە کە وەکو پاشکۆی یەکێتی و پارتی یان لە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنی ئەواندا، لە چوارچێوەی ئەم سیستمە گەندەڵ و داڕزیوەدا چەند کورسی پەرلەمان یان وه‌زارەت و بەڕێوەبەرایەتیان پێببڕێت، جا وەکو پاشکۆی دەسەڵات بێت یان لە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆندا، بەشێکیان هەبێت. دەسەڵات و سیستمێک کە زیاتر لە سی ساڵە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان دەهاڕێت.

ڕۆڵی دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکەی و هەموو ئەو پینەدۆزیە یاساییەی کە گرتیانەبەر تا دڵی پارتی ڕازبێت و بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەو یاریەی ناویان ناوە هەڵبژاردن، جێگای سەرنجە و ئەو بۆچونە بەدرۆدەخاتەوە کە گوایە ڕووکردنە بەغدا و ئومێدبەستن بە دادگای فیدڕاڵ و بڕیارەکانی، دەتوانێ دەستی پارتی و یەکێتی ببەستێت و هەڵبژاردنێکی واقعی بەسەریاندا بسەپێنێ. هەروەها ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکا و قونسوڵیەی وڵاتانی ڕۆژائاوا و ڕژێمی ئیسلامی ئێران، گوایە چاودێری دیموکراسی و مافی هەڵبژاردن و دەنگدان دەکەن و بەم جۆرەش دڵنەوایی ئەوە دەدەن کە هەلبژاردنێکی پاک بکرێ و چیتر دوانەخرێت، تەنها ڕیاکاری سیاسی و بەشێکن لە ڕتوشکەرانی ئەم یاریە ناشرینە کە دەیانەوێ خەڵکی کوردستانی تیا به‌شدار بكەن.

ئەوەی کە گوایە ئەمجارە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردنێکی بێگەرد ئەنجام دەدرێت، یان ئەوەی گوایە هەڵبژاردن تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایهێنان بە کێشەکانی ئێستا و ناکۆکی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەم جۆرەش ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر دەبێت، نابێ جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەی کوردستان فریو بدات. جگە لەوەی کە هێشتا هیچ زەمانەتێک نییە بۆ هەڵنەوەشانەوەی ئەم بەروارە تازەیەش، چونکە فەرمانێک لە دەوڵەتانی زلهێز یان دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە یان بەرژەوەندییەکی دوو حیزبی دەسەڵاتدار یان هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی دەتوانێ یاریەکە بەرێتەوە بۆ نوک. تا ئەو جێگایەش کە بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک دەگەڕێتەوە، لە ڕێگەی ئەم جۆرە یاریەوە زیندەبەچاڵ دەکرێت نەک مسۆگەر. تەنانەت ئەوەش درۆیەکی شاخدارە کە هەڵبژاردن دەتوانێ بنبەست و گیژاوی قەوارەی هەرێم چارەسەر بکات و کۆتایی بە ناکۆکی کۆنەپەرستانەی حیزبە بۆرژوازیەکان بهێنێت. گێژاوی قەوارەی هەرێم سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکاریەی لەم چەند ساڵەی دوایی بە شکستی سیاسی و میلیتاریزمی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر هاوکێشەی سیاسی و عێراق ناوچەکەدا هاتووە. هەڵبژاردن ئەم دەردە دەرمان ناکات.

خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ئەزمونی زیاتر لە٣٠ ساڵیان لەگەڵ کایەی هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی و حکومڕانی دەسەڵاتی چەند حیزبێکی قەومی چەکدار و تاڵانچیدا هەیە. ئەم ئەزمونە سەدان جار ئەو ڕاستییەی سەلماندوە نەک هەر گۆرانکاریی ڕیشەیی و ڕزگاری لە جەور و ستەم بگرە تەنانەت گەیشتن بە کەمترین ئاست لە باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەدەستهێنانی خواستەکان، گرێی خواردووە بە خەبات و تێکۆشانی جەماوەری و چۆکدادان بەم دەسەڵاتەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بانگەوازی جەماوەری ناڕازی کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان مامۆستایان و فەرمانبەران، ژنان و لاوان و سەرجەم بێبەشان دەکات کە درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتیەکانی تا ئێستای خۆیان بدەن و لە هەوڵی هێنانەمەیدان و بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرەیە سەربەخۆکانی خۆیان بدەن. ئەمە تەنها ڕێگایە هەم بۆ باشکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی جەماوەری بێبەش و هەم بۆ پێکهێنانی ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی و بەرپاکردنی سیستمێک کە بە ئیرادەی جەماوەر خەڵک بەڕێوەیبەرێت و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک ئامانجی بێت. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ئەم خەباتە تێدەکۆشێت.

١/٧/٢٠٢٤

 

Check Also

هەڵبژاردن لەڕوانگەی کرێکارانەوە چ پەیامێک بەکۆمەڵگا ئەدات!

مەئمود حەلاق سەرەتا بابزانین هەڵبژاردن چیدەگۆڕێت، ئایا وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕێکە بەقازانجی گشتی خەڵک و کرێکاران کەبتوانێت …