جولیان ئاسانج و دیموکراسی رۆژاوا

موحسین کەریم

دوای ١٢ ساڵ لە پەنابەری و زیندانی لەبەریتانیا، سەرەنجام رۆژی دووشەممە ٢٣ی ٦ی ٢٠٢٤، جولیان ئەسانج، دامەزرێنەری “ویکی لیکس”، پاش داننان بە تاوانێکی جاسوسیدا دژ بە ئەمریکا، لەلایەن دادگای ئەمریکاوە بڕیاری ئازادکردنی دراو ئەمرۆ ٢٥ ی ٦ بەرەو ئوسترالیا گەڕایەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دادی ئەمریکا، جولیان ئاسانج دانی ناوە بە تۆمەتێکی جینایی بەپێی یاسای سیخوڕی ئەمریکی کە بریتیە لە “یلانگێڕی بۆ دەستکەوتنی زانیاری نهێنێ، بەشێوەی نایاسایی، دەربارەی بەرگری نیشتمانی وڵاتە یەکگرتوەکان و بڵاوکردنەوەی” کە سزاکەی بریتیە لە (٦٢) مانگ زیندانی. بەڵام بەپێی رێکەوتنەکە، ئەو ماوەیەی کە لە زیندانی بەریتانیا بووە- کە زیاترە لە ٦٢ مانگ- بە سزا بۆی هەژمار دەکرێ. بۆیە لەوەزیاتر پیویست ناکات ئەسانج لەزینداندا بمێنێتەوە، لە ئەمریکا یان بەریتانیا یان لەهیچ جێگایەکی دیکە!

 

شایانی ووتنە، دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری فایلی نهێنێ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، کە بەشێوەیەکی سەرەکی تایبەت بوو بە تاوانە جەنگیەکانی ئەو ووڵاتە لە عێراق و ئەفغانستان، لەلایەن “ویکی لیکس” ەوە، ئەمریکا بەتۆمەتی جاسوسی و ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی نهێنێ بۆ دوژمنانی ئەمریکا کە دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، داوای ڕادەستکردنی جولیان ئەسانجی کرد بە ئەمریکا تا لەوێ دادگایی بکرێت. یەکێك لەو بەڵگانەی بڵاویکردەوە، ڤیدیۆی کوشتنی ژمارەیەك ١٢ هاوڵاتی مەدەنی عێراقی بوو، لەگەڵ دوو رۆژنامەنوسی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە شاری بەغدا، لەلایەن کۆپتەرێکی ئەمریکیەوە کە بووە هۆی هەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی سوپای ئەمریکاو لەقاودانی تاوانەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی عێراق.

کاتێك ئەسانج لە لەندەن بوو، لەلایەن دادگای سویدەوە، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خستەپاڵی و داوای لێکرد لەبەردەم دادگا ئامادەبێت. بەڵام ئاسانج لە پیلانەکە تێگەیشتبوو، بۆیە خۆی ڕادەستی سەفارەتی ئەکوادۆر کرد لە لەندەن و داوای مافی پەنابەری کرد. بەڵام هیچ کاتێك جولیان ئەسانج نەیتوانی بینای سەفارەت بەجێبهێلێت، چونکە لەماوەی ئەو (٧) ساڵەدا پۆلیسی بەریتانی دەوری سەفارەتیان چۆڵ نەکرد، تا هەرکاتێك ئەسانج بێتەدەرەوە، دەستگیری بکەن. بێگومان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سەفارەتخانەی هەر وولاتێك وەکو بەشێک لە خاکی ئەو ووڵاتە هەژمار دەکرێ، بۆیە پۆلیسی بەریتانی نەیاندەتوانی لەناو سەفارەتدا دەستگیری بکەن! دوای هاتنەسەرکاری حکومەتی ڕاستڕەوی ئەکوادۆر و لەسەر داوای دۆناڵد ترامپ، لە مانگی ٤ی ساڵی ٢٠٢٩دا، مافی پەنابەری جولیان ئەسانجی رەتکردەوە. دوای ئەوە ڕاستەوخۆ پۆلیسی بەریتانیا لەناو سەفارەتی ئەکوادۆردا جولیان ئەسانجیان دەستگیرکرد و ڕەوانەی زیندانی(بیلمارش)یان کرد و لەژێر چاودێری توند و زیندانی تاکەکەسیدا دایان نا!

دوای دەرکردنی لە سەفارەتی ئەکوادۆر، حکومەتی ئەمریکا دووبارە داوای رادەستکردنەوەی کرد و  نوسینگەی داوەری گشتی سویدیش ڕاستەوخۆ کەیسەکەی داخست! دوای مانگێكیش لەزیندانیکردنی، دەستەی سویندخۆرانی باڵای ئەمریکا (١٧) تۆمەتی دیکەی جاسوسیان ئاڕاستەی جولیان ئەسانج کرد.

لەماوەی (٥) ساڵ مانەوەیدا لە زیندانی بەریتانیا، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە مامەڵەی ئەسانج کراوە. بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی ئەشکەنجە، (نیلز میلتز) ڕایگەیاند کە ” ئەسانج بەروونی ئەوەی پێوە دیارە کە بۆماوەیەکی دورودرێژ رووبەرووی ئەشکەنجەی دەرونی بووەتەوە… بەڵام سەرەڕای ئەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رازی نەبووە ڕەوانەی خەستەخانە بکرێ یان کۆتایی بە دابڕینەکەی بهێنێرێ. .. ئەم مامەڵە توندوتیژە کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی دەبێت”! هەروەها (٦٠) دکتۆر لە (٨)ن ووڵاتەوە نامەیەکی کراوەیان بۆ حکومەتی بەریتانیا ناردو نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی دەستبەجێی جولیان ئەسانج دەربڕی کە ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی، بەڵام ئەم بانگەوازەش گوێێ لێنەگیرا!

بێگومان هەڵبەستنی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن دادگای سویدەوە، دواتر ئاراستەکردنی ١٨ تۆمەتی جاسوسی دژ بە ئەسانج لەلایەن سیستەمی دادوەری ئەمریکاوەو سەندنەوەی مافی پەنابەرێتی لەلایەن حکومەتی ڕاستڕەوی ئەکوادۆرەوەو دواتریش زیندانیکردنی لە زیندانی تاکەکەسیداو دانانی فشاری دەرونی لەسەری و گوێنەدان بەدۆخی تەندروستی ئەسانج لەلایەن سیستەمی داوەری بەریتانیاو حکومەتی ڕاستڕەوی بەریتانیاوە، ڕادەی قێزەونی هەموو سیستەمی داوەری و سیاسی بۆرژوازی رۆژاوایی و دیموکراسیەکەیان دەخاتەڕوو، ئەوە دەردەخات کە چەندە مرۆڤ و بانگەشەی مافی مرۆڤ ئازادیی مرۆڤ و عەدالەت و …تاد. بێبایەخ و بێنرخە بە بەراورد بە بەرەژوەندیەکانی چینی بۆرژوازی و فەرمانڕەوای ئەو ووڵاتانە! لەکاتێکدا ئەوەی تاوان دەکات، دەسەڵاتدار و دادوەر و بڕیاردەرەو ئەوانەشی کە تاوانەکان ئاشکرا دەکەن، بەشیان ڕاونان و زیندانیکردنە! ئاستی قێزەونی پڕوپاگەندەی دیموکراسی ڕۆژاوا کاتێك زیاتر دەردەکەوێ کە تەنانەت بەپێی یاساکانی خۆشیان جولیان ئەسانج هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە، کاتێك ئەو زنیاریانەی ئاشکرا کردوە. حکومەتی ئەمریکا ئەسانجی بە جاسوسیکردن و پیلانگێڕی بۆ ئاشکراکردنی نهێنێ تۆمەتبار کردوە، لەکاتێکدا ئەم تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیەو دروستکراوەو پێچەوانیە لەگەڵ دەستوری ئەمریکا خۆیدا.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: حکومەتی ئەمریکا بە یاسای جاسوسیکردنی ساڵی ١٩١٧ هێرش دەکاتە سەر ئەسانج کە کاتی بەسەرچووە و لەنێوان رۆژنامەنوسان کە پێشێلکاریەکانی حکومەت ئاشکرا دەکەن و جاسوسەکانی بێگانە کە ئاسایشی نەتەوەیی دەخەنە مەترسیەوە تێکەڵی دەکات… ئەمەش ئازادی ڕادەربڕین و رۆژنامەگەری قەدەغەدەکات و لەگەڵیشیدا هێزی دیموکراسی ئەمریکی”!

بێگومان لەماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا کە جولیان ئاسانج لەژێر هەڕەشەی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوە بە ئەمریکا بووە، دەیان ملیۆن کەس لەسەراسەری دنیادا پاڵپشتی بوون و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکانی سەری بوون. دەیان خۆییشاندان و چالاکی گەورە بۆ خواستی ئازادکردنی بەرێخراوە. سەرەنجام لەژێر ئەو فشارەدا بوو کە ئەمریکاو سیستەمی داوەری بۆرژوازی رۆژاوا شکست ئەهێنێت و ناچاردەبێ جولیان ئەسانج ئازادبکات. ئەگەرچی بەڕواڵەت سەرەنجام ناوبراو دانی بە تاوانێکیدا ناوەو سزای خۆشی لەسەر وەرگرتوە، بەڵام ئەم بانگەشەیە شەرمەزاری سیستەمی سیاسی و داوەری بۆرژوازی رۆژاوایی ناسڕێتەوە، کەسەروبنی زمانیان مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی بیروڕایە! هاوکات وەکو چۆن ئەو کارەی جولیان ئەسانج کردی بەشێك بوو لە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان و هاوکات ئازادکردنکەشی سەرکەوتنێکە بۆ بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤایەتی بەرامبەر بە ملهوڕی بۆرژوازی بەگشتی و بۆرژوازی رۆژاوایی بەتایبەتی.

 

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …