پرسی رێکخستنی کرێکاری و هەولدان بۆ دروستکردنی دەستەکانی کرێکاران!!

مەهدی ڕەسوڵ(وەستا مەهدی)

یەکێك لە ئامانجە بنەرەتیەکانی ئێمە، هەڵسوراوانی کرێکاری لە کوردستان، رێکخستنی چینی کرێکاری  کوردستانە. ئێمە پێمانوایە یەکەمین هەنگاو کە دەبێ کرێکاران دەستی پێبکەن، رێکخراوبونە و دەتوانم بڵێم رێکخراوبون بەردی بناغەی ئاڵوگۆری ئەوزاعی ئێستای چینی کرێکارە .

هەوڵەکانی تائێستامان لەماوەی سێ دەیە لە خەباتی بێوچانمان لەناو کریکاران بۆ رێکخستنی کرێکاران و بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی کرێکاری خەباتکار بۆ دانانی جێگەو رێگەی کاریگەری چینی کرێکار لەئاستی ئابوری و کۆمەڵاتی و سیاسیدا، سەرئەنجام گەیشتووە بە جێگایەك کە پێویستە هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەین و لە چەند لایەنەوە قسەی لەسەربکەین. کۆتا شتیش رێگە چارەو پێشنیارەکانمان بخەینە پێش دەستی کرێکاران و چاوەروانی ئەنجامەکان بین .

کرێکارانی کوردستان وەك بەشێکی دانەبراو لەچینی کرێکار لەئاستی دنیاو ناوچەکەدا، دەرگیری دەیان کێشەو رێگرین لەبەردەم بەرەو پێشچونی بزوتنەوەکەمان بە ئاراستەی یەك بزوتنەوەی کرێکاریی خەباتکار بۆ ئاڵوگۆری کار و ژیان و گوزەرانمان .

سەرەکیترین ئەو کێشەو رێگریانەی چینی کرێکار کە ریشەیەکی قوڵیان هەیەو راستەوخۆ پەیوەندیان هەیە بەسیستمی سیاسی و ئابوری عێراقەوە، بەتایبەت لەماوەی ئەم سێ دەیەیەی ئەخیر، واتە لە نەوەدەکانی سەدەی بیست تا بیستەکانی سەدەی بیستویەك، عێراق بەهەرێمی  کوردستانیشەوە ئالودەی جۆرێك لە سەرگەردانی سیاسی بووە کە هاوکات لەسایەی ئەم سەرگەردانیە سیاسیەدا هێزی کاریش بە ئەندازەیەك بێرەواج بووە کە رێگەی کردوەتەوە بۆ سەرمایەداران یاساکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر کرێکارانداو تا ئەوپەری بێمافی بکەنە سونەت و بەجۆرێك کرێکاران سەرکوت کەن کە تەنانەت نەک هەر توانای بەرگری و بەرێکخستنی بزوتنەوەیەکی خەباتکارمان نەبێت، بەڵکو ملکەچی ئەوجۆرە لە کارمان بکەن کە خۆیان دەیانەوێت .

حوکمەت بەتەواوەتی پشتگیری خۆی بۆ سەرمایەداران راگەیاندووە. تەنانەت ئامادەنییە وەك ناوبژیوانێکیش مەسئولیات لەخۆی نیشاندا و لانی کەم ئەو مافانەی کە لە یاساو رێساکانی تایبەت بە کریکارو مافەکانیەتی وەك خۆی جێبەجێ بکات. دەوڵەتی عێراق و حوکمەتەکانی چەندین رێکەوتننامەو بریانامەی نێودەوڵەتیان واژۆکردووە بەپێی دەستور و یاساو رێساکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ئەبێ پابەندی خۆیان پییانەوە بسەلمێنن، بەڵام هێشتا لەسەر پرسی رێکخراوبون و بەرەسمی ناسینی رێکخراوە کرێکاریەکان خۆیان ساغ نەکردوەتەو هێشتا ئازادیی رێکخراوبون بۆ کرێکاران لەسەر ئەرزی واقع نەسەلمێنراوە. ئەمە لەکاتێکدا کە دوای ٧١ساڵ ئینجا عێراق لەساڵی ٢٠١٩رێکەتننامەی تایبەت بە ئازادیی رێکخراوبونی واژۆکردوە و گوایە ئیتر کرێکاران بەئازادانە دەتوانن رێکخراوی سەربەخۆی خۆیان راگەێین، بەڵام کاتێك سەیری یاسای کار دەکەی، رێکخراوبونی کرێکاران تەنگەبەردەکاتەوە بە (الاکثر تمثیلا) واتە ئەو رێکخراوەی کە نوێنەراتی زۆرترین ئەندام دەکەن لای حوکمەت بەرەسمی دەناسرێ و باقیەکەی تری نارەسمین.

ئەوەی کە لەعێراق و لەکوردستانیش بۆچارەسەری کێشەکانی کرێکاران کاری پێکراوە لە چەندین ساڵەوە لەرێگای دادگاکانی کارەوە بووە و دادگا تەنها دوو جۆر لە نوێنەراتی بۆ کرێکار بەرەسمی ناسیوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ خاوەنکاردا، یان سەندیکاکان یان پارێزەر کە هەردوو ئەم نوێنەرایەتیەش بۆ کرێکاران هێشتا نە جێگای متمانەیەو نە لەرووی عەمەلیشەوە بۆ کرێکاران فەراهەم دەبێت. چونکە نە سەندیکاکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاتان دەکەن و نە کرێکار دەتوانێ خەرجی پارێزەر دابین بکات بۆ بەرگەی لە مافەکانی!

رێگریەکی تر کە کرێکاران لە رێکخراوبون دوور ئەخاتەوە، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەیەتی کە ترسێکی زۆر واقیعیە و چەندین کرێکار تەنها لەبەرئەوەی داوای مووچەکەی خۆیان کردووە کە لەکاتی خۆیدا بدرێت، لەسەر کارەکانیان دەرکراون. هیچ خاوەنکارێك پابەند نییە بە یاساوەو کەمترین لێپرسینەوەش هەیە لەخاوەنکارەکان .

هاوت بێکاری شانسێکی زۆر گەورەی داوە بەخاوەنکارەکان تا زۆر بێدەربەستانە کرێکار بێکار بکەن بێئەوەی پەکی کەوێ لە کرێکار. دەیان و بگرە سەدان کریکاری بێکار ئامادەن بە هەرزانتر لەو قیمەتەی کە کرێکارانی لەسەرکار کاریان بۆدەکەن، شوێنەکانیان بگرنەوە.

ئەم واقیعە تاڵە هەرچەندە کرێکارانی لە وەزعێکی خراپدا راگرتووە ،بەڵام هێشتا کرێکاران بەشێوەی جۆراوجۆر ڕوبوروی دەبنەوەو چەندین هەوڵ، ئەگەرچی زۆر سەرەتایی و بچووکیش بن، لەلایەن کرێکارانەوە هەیەو خەریکە لەزۆرێك لە ناوەندە پیشەسازیەکان دەبێتە نەریت و کرێکاران لەدەوری یەکتر لە گروپە ماسنجەریەکانیان کۆدەبنەوەو لەسەر پرسەکانیان و کێشەکانیان قسەوباسیان هەیەو هەر لەوێشدا بڕیاری پێویست دەدەن دەربارەی چۆنیەتی بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنیان. ئەم جۆرە بزوتنەوەیە هەرچیەك بێت، جێگای ئومیدی ئێمەیەو دەکرێ بکرێتە سەرەتای دەورەیەکی نوێ لەخەباتی هاوچەرخی کرێکاران بۆشکاندنی تەوقێك کە لەچواردەوری چینی کرێکار دراوەو کرێکاران رووەو ئایندەیەکی باشتر بەرێت .

تائێرە لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئێمە پێشنیاری ئەوەدەکەین کە کرێکاران لەهەنگاوی یەکەمدا ئەم گروپانە بکەنە دەستەکان و بەهەر ئەندازەیەك بۆیان دەکرێ بەرەسمی رایان گەێینن و لەپرۆسەیەکدا کە دەزانن ئیمکانی هەیە دەست بۆ هەنگاونان بەرەو کۆنگرەیەکی سەراسەری بەرن، تا لەوێ بریاری کۆتایی لەسەر ئایندەی کار و ژیانی خۆیان بدەن. ئێمە خۆمان لەریزی پیشەوەی ئەم حەرەکەتەدا دادەنێن و بەوپەری تواناوە هاوکارتان دەبین .

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …