بنار مستەفا
ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا درێژەی هەیە و ناوبەناو توندتر دەبێتەوە. وێڕای چەندین بەڵێن و ئاماژە بە ڕێکەوتن، گرفتەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون و هەردوولا یەکتر تاوانبار دەکەن بە پێشێلکاری و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان.
ناوەڕۆکی ئەم کێشمەکێشانە تەواو سیاسییە و ململانێیە لەسەر پێگەی بەهێزی دەسەڵات و ئابووری. لەدوای جەنگ و داگیرکاری عێراقەوە بە سەرپەرشتیاری ئەمریکا، دەسەڵات لە عیراق لەسەر بنەمای ئاین، مەزهەب، نەتەوە و هتد دابەشکرا. لایەنەکانی بەشداربووی ئەم پڕۆسەیە هێزی خۆیان لە لاوازی لایەنەکانی تر دەبینییەوە و بەهێزیی بەرانبەریش بە شکستی خۆیان. هەربۆیە هەر لایەنێکیان هێزی چەکداری فراوان و تۆکمەی لە دەوری خۆی بنیاتناوە. بە هێزی چەکدار حوکمڕانی دەکەن و بە شکڵیش بەشداری هەڵبژاردن و پەرلەمان دەکەن.
ڕۆشنە ئەم جۆرە سیستەمە هەمیشە دووگیانە بە گرژی و کێشمەکێش، تا ئاستی پێکدادان و جەنگ. خەڵکی کوردستان و عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەتاڵترین شێوە بەرهەمی ئەم جۆرە سیستەمەی ئەزموون کردووە. هەر ئەم شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە هۆکار بووە، کە وێڕای چەندین کۆبوونەوە و ڕێکەوتن، نەتوانن بە ئەنجام بگەن. دەیان دانیشتن و دانوسان نەک کێشەکان یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵکو لێکەوتەی زیاتری لێبۆتەوە.
ئەگەر کێشەی ئەم لایەنانە لەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی بوایە، زۆر ئاسان و بێگرفت بە ئەنجام دەگەشتن. بۆنموونە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیانتوانی هەموو سازشێک بکەن بەومەرجەی حکومەتی ناوەندی ئەرکی دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و لەکاتی خۆیدا دابەشی بکات. بەپێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانتوانی خواستەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبەرچاو بگرن، ڕەزامەندی لەسەر داواکانی بەرانبەر نیشان بدەن و بڕە بودجەی هەرێم بنێردرێت، بەومەرجەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت و خزمەتگوزاری پێ فەراهەم بکرێت.
واتە گەشتن بە ڕێکەوتن مەحاڵ نییە، گەر ئامانج بەرژەوەندی خەڵکی بێت و ئامادەبن لەپێناویدا سازش بکەن. بەڵام کاتێک کێشمەکێش لەسەر داهات و پێگەی سیاسی لایەنەکان خۆیانە و پەیوەندی بە گوزەرانی خەڵکییەوە نییە، ناکۆکییەکان بە هەڵواسراوی دەمێننەوە، قووڵتر دەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی پێکدەهێنێت.
بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان ڕۆشن بۆتەوە، کە نە دەسەڵاتدارانی کوردستان و نە عێراق خواست و بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو ناگرن. خەڵکی نابێت هیچ ئومێد و چاوەڕوانییەکیان لەم دەسەڵاتدارانە هەبێت و پێویستە گەشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتدارانە ئاراستە بگرن. ئەمەش خەباتی جەماوەریی رێکخراو و هوشیارانە دەخوازێت بەدژی هەردوو کەمپی کێشمەکێشەکە، واتە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەدەوری پلاتفۆرمی سیاسی شۆڕسگێڕانەو ڕادیکاڵ و لەدەوری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە ئامانجی سیاسی بریتیە لە گێڕانەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ جەماوەر و گۆڕانکاری ریشەیی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی خەلکی کرێکار و زەحمەتکێش.