بەپێی هەواڵێک کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەچەند کەناڵێکی میدیای هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، جارێکیتر دەزگای ئاسایشی هەرێم پەیامی سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانی گەیاندۆتە، ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی کەلەخاکی هەرێمدا نیشتەجێن و ژمارەیەک لەخێزان وخەڵکی پەنابەروئاوارەیان لەگەڵدایە، شوێنی نیشتەجێبونی چەندین ساڵەی خۆیان چۆڵبکەن وئامادەبن بۆ ڕاگواستنیان بۆ ناو ئەو کەمپانەی کە یەکیەتی نیشتمانی، بۆڕازی کردنی دڵی کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریکردون. ئەمەش جگەلەوەی سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەیە، خۆشخزمەتیەکی ئاشکراشە بۆ جمهوری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا ژیانی هەزاران کەس لەگەورەو بچوک و لەژن و پیاوی پەنابەر و ئاوارەی دەستی ڕژێمی ئیسلامی، دەخاتە ژێر ڕەحمەتی کردوە ئینسانکوژی و تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە. سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانی بەم کارەشی جارێکیتر بەڵگەی ئەوە بەدەستەوەدات، کەبەخاتری ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، نامەسئولانەترین سیاسەت وکردەوەی نامڕۆڤانە بگرێتەبەر. ئەمجۆرە سیاسەت وهەڵسوکەوتانەش کەبەشێکە لەمێژوی ئەم حزبە، ئەمەش هەموو ئەو پڕوپاگەندە ناسیونالیستیانە بەدرۆ دەخاتەوە کە سەرکردایەتیەکەی، ڕۆژانە سەبارەت بەکوردایەتی وخەمخۆری بۆ کوردو هەرچوارپارچەی کوردستان بەگوێی خەڵکیدا دەدەن.
گوشارەکانی ئەمجارەی ئاسایشی هەرێم و سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانی بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڕاستەوخۆ بەدوای سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و هاتنی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دێت بۆ هەرێمی کوردستان ودانی بەڵێنی هاوکاری کردنی زیاتر لەلایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە، بەکۆماری ئیسلامی ئێران و درێژکردنی هەرچی زیاتری دەستی هێزە سەربازی و ئەمنیەکانیەتی بەسەرهەرێمی کوردستان وناوچەکەدا. ئاکامێکی ئاواش بەدڵنیاییەوە ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستان تێک ئەدات و بەڵای جەنگ ومیلیتاریزم و ئاوارەیی بۆ سەردۆخی ناهەمواری هاوڵاتیان زیاد دەکات.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سەرباری ئەوەی هەر جۆرە هاوکاریکردنێکی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن حکومەتی هەرێم وسەرکردایەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە، بە هەوڵیک لەدژی سەلامەتی وئارامی خەڵکی کوردستان و ڕەوتی ئازادیخوازی و شۆڕشگێرانەی جەماوەری لەناوچەکەدا دەزانێ، هاوکات بەوپەڕی تواناوە بۆ لەقاودان وشکستپێدانی ئەم سیاسەتە تێدەکۆشێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەرجۆرە فشارێکی حکومەتی هەرێم وحیزبە دەسەلاتدارەکان بۆ سەرلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێشتەجێی هەرێم، لەوانەش فشارەکانی ئەمجارەی سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانی بۆ ڕاگواستن و بەزۆر لەکەمپنانیان، سەرکۆنەو ڕیسوا دەکاو داوا لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان وکەسایەتی ولایەنەکان دەکات کە بۆ ڕاگرتنی ئەم گوشارانە، دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕن وفشارەکانیان لەسەر یەکیەتی نیشتمانی توندبکەنەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
٢٢/٦/٢٠٢٤