مرۆڤایەتی لەژێر هەڕەشەی جەمسەرەکاندا!

موحسین کەریم

جەنگی روسیا لە ئۆکرانیا، بۆ بەشێك لە چەپ، وەکو جەنگی داگیرکاری لێکدەدرایەوە و بگرە هەندێ چەپی ئەوروپی لەسەر هەمان ئاوازی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپا بانگەشەی چەکدارکردنی خەڵکی ئۆکرانیانیان دەکرد بۆ شەڕکردن لەپاڵ حکومەتی بۆرژوازی ڕاستڕەوی دەستنیشانکراوی ئەمریکاو ناتۆدا. بۆ ئیمە کۆمۆنیستە کرێکاریەکان روون بوو کە ئەوە جەنگی نێوان ڕوسیا و ناتۆیەو داگیرکاری و بەرەنگاریەك لەئارادا نیە! بێگومان ئێمە دژی کاولکاری و کوشتاری خەڵکی بێدیفاعی ئۆکرانیا بووین و هەین، بەڵام ئەوان قوربانی جەنگێکن کە هیچ بەرژەوەندیەکیان تێدا نیە. ئەوان کراونەتە سوتەمەنی بەرژەوەندیەکان و کێشمەکێشەکانی نێوان دوو جەمسەری بۆرژوا- ئیمپریالیستی ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەك و ڕوسیا لەلایەکی دیکەوە!

دووساڵی ڕابردوو، زۆر مەسەلەی ڕوونکردەوە. کۆمەکی بێدرێغی دارایی و  سەربازی و لۆجستیکی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا کە بە سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ، لە سەخاوەتمەندی ئەمریکاو دەولەتانی ئەوروپاوە نیە بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، کە خەڵکی ووڵاتەکانی خۆیان لەژێرباری هەژاری و سك هەڵگوشین و گرانیدا دەناڵێنن. هەر مرۆڤێکی ژیر  پێویستی بە لێکدانەوەی زۆر نیە بۆ تێگەیشتن لەو مەسەلەیە. بگرە خەڵکی سادەی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا هیچ گومانێکیان لەوە نەماوە کە ئەو کۆمەکە سەخاوەتمەندانەیە لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی ئەوان بە ئۆکرانیا لەبەرخاتری چاوی کاڵی خەڵکی ئۆکرانیا نیە. لەبەرئەوە نیە کە خەڵکی ئۆکرانیا سەر بەهەمان خێزانی ئەوروپایین و دەبێ بەهەموو جۆرێك هاوکاری بکرێن! ئەوان لەوە دەگەن کە بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی و خاوەن کۆمپانیاکان و حکومەتەکانیان لە ئەمریکاو ئەوروپا سەرچاوەی ئەو “دڵگەورەیی”یەی دەسەلاتەکانیانە بەرامبەر بە ئۆکرانیا!

ڕەنگە هێشتا ئەو چەپە بەو بڕوایە نەگەیشبێت کە ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت، جەنگی رزگاری و بەرەنگاری داگیرکاری ڕوسی نیە، بەڵکو جەنگی ئەمریکاو ناتۆیە بەخوێن و قوربانی خەڵکی ئۆکرانیا! بەڵام خەڵکی ئەمریکاو ئەوروپاو ئۆکرانیاش لەوە گەیشتوون کە حکومەتەکانیان خەریکی بەڕێوەبردنی چ سیاسەتێکی قێزەون و دژە مرۆیین لەسەر حسابی ژیان و گوزەران و ئایندەو سەلامەتی ئەوان.

ئەمرۆژانە ئەگەر مرۆڤ گوێ لە ڕاگەیاندنەکانی بەرپرسانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ناتۆ و ڕوسیا دەگرێ، بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێ کە ئەوان خەریکن لە کێشمەکێشی نێوان خۆیاندا کۆمەڵگای بەشەری بەرەونابووت بوون دەبەن. ئەوان سڵ لەوە ناکەنەوە کە ئامادەن لەبەرخاتری بەرژەوەندیەکانی خۆیان کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نوقمی خوێن بکەن و کارەسات بەسەر مرۆڤایەتیدا بهێنن. پروپاگەندەی هەموویان هەڕەشەی زیاتر و کاولکاری و بێبایەخ سەیرکردنی ژیانی ملیارەها مرۆڤە لەسەر زەوی!

سەرکردەکانی ئەمریکاو فەرەنساو ئەڵمانیا و بەریتانیا بەئاشکرا رایانگەیاند کە لایەنێکی شەڕەکەن لەگەڵ ڕوسیادا. ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا باسی ناردنی فڕۆکەی میراج و هیزی زەمینی ناتۆ دەکات بۆ ئۆکرانیا بۆئەوەی پێش بە پێشڕەویەکانی ڕوسیا لە خارکێف بگرێ! ئەمریکا ڕازیبوو فڕۆکەی  ئێف ١٦ بدات بە ئۆکرانیا و هاوکات لەگەڵ بەریتانیاو ئەڵمانیا بڕیاریان دا کە بە چەکی ئەوان لەقوڵایی خاکی ڕوسیا بدرێ، کە تائێستا رێگایان بە سوپای ئۆکرانیا نەداوە ئەوکارە بکات و تەنها بۆ مەبەستی بەرگری لەچوارچێوەی خاکی ئۆکرانیادا رێگاپێدراوبووە! بەرپرسانی روسیا چەندینجار هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە ئەگەر ووڵات و دەوڵەتەکەیان ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، ئامادەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین! دوای ئەم هەنگاوە تازەیەی ئەمریکاو ناتۆ دژ بە ڕوسیا، پۆتین ڕایگەیاند کە ڕوسیاش یارمەتی سەربازی هەموو ئەو دەوڵەت و هێزانە دەدات کە دژی ئەمریکاو فەرەنساو ئەو ووڵاتانەن کە بەچەکی ئەوان هێرش دەکرێتە سەر ڕوسیا ! هەروەها ڕایگەیاند کە پرسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرنامەی کاردانەوەی ڕوسیادا وەلانەنراوە.

بێگومان بیانوی ئەمریکاو ئەوروپا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئەوەیە کە ڕوسیا مەترسیە بۆسەر ئەوروپاو دوای ئۆکرانیا هێرش دەکاتە سەر ووڵاتانی دیکەی ئەوروپی، بۆیە دەبێ لە ئۆکرانیادا شکستی پێبهێنرێت! ڕوسیاش بیانوی هێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا ئەوەیە کە ناتۆ هاتۆتە بەردەم سنورەکانی و هەرەشەیە بۆسەر پێگەی ئابوری و سیاسی و بگرە وجودی روسیا، بۆیە دەیەوێ ئەو پیلانەی ناتۆ لەناو کەلاوەکانی ئۆکرانیادا بنێژێت!

ڕوسیا ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتی رێکەوتنی نێوان ڕوسیا و ناتۆدا، لە ساڵی ١٩٩٠ بەڵێن بە ڕوسیا دراوە کە ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات بەئاراستەی روسیا فراوان نەبێت. لەماوەی ساڵانی رابروودا سەبارەت بەو مەسەلەیە بەردەوام هوشداریداوە بە ئەمریکاو ووڵاتانی پەیمانی ناتۆ، بەڵام ناتۆ ئەو هوشداریانەی ڕوسیای بەهەند وەرنەگرتوە! دوا ووڵات ئۆکرانیا بوو کە ناتۆ بەرنامەی هەبوو بیکاتە ئەندام، بەڵام ئەمە ئیتر هێڵی سووری ڕوسیا بوو، بۆیە لەساڵی ٢٠٢٢دا هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکرانیا و لەوکاتەشەوە ئەمریکاو ئەوروپا بەهەموو شێوەیەك هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن بۆ شکستپێهێنانی ڕوسیا!

گومان لەوەدا نیە کە شەڕی نێوان جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان، ئەمجارەیان بەڕادەیەک وێرانکەر دەبێ کە خۆشیان سەر بەسەلامەت دەرناکەن، بۆیە ئەگەری ئەوەی کە شەڕی ئەتۆمی رووبدات، ئەگەرێکی دوورە، بەڵام هەر ئەوەی کە تارمایی ئەو جەنگە لەلایەن بۆرژوازیەوە بەسەر سەری خەڵکی دنیاوە راگیراوە، مانای ئەوەیە کە مرۆڤایەتی لەژێر سێبەری هەڕەشەی جەنگ و ترس وتۆقاندندا ڕاگیراوەو ئامانجی بۆرژوازیش ئەوەیە کە جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و مرۆڤایەتی ئازادیخوازو ناڕازی لە دەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداری تەسلیم و دەستەبەستراوبکات. ئەو هێزەشی کە دەتوانێ ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکاتەوە و کۆتایی بە تارمایی جەنگ و شەڕخوازی و میلیتاریزمی ئەوان بهێنێ و بۆ هەتاهەتایە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دەسەڵاتی نەگریسی سەرمایەو جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانی رزگار بکات هەر چینی کرێکاری جیهانی و بەرەی ئازادیخوازی و ئینساندۆست و دژە سەرمایەداریە!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …