کێشەی فەلەستین و جینۆسایدی غەززە!

موحسین کەریم

دوای نزیکەی (٨)مانگ لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەبیانوی تۆڵەکردنەوە لە کردەوەی تیرۆریستی (٧) ی ئۆکتۆبەری بزوتنەوەی حەماس و دوای کاولکردنی هەموو ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری؛ وێرانکردنی خوێندنگا و خەستەخانەکان، بڕینی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و رێگاکانی گەیاندنی خۆراك بە خەڵکی مەدەنی غەززە، دوای کوشتنی نزیکەی ٤٠ هەزار مەدەنی کە زۆربەیان ژن و مناڵن و بریندارکردنی نزیکەی ٨٠ هەزار کەس کە ئەگەری مردن و کەم ئەندامبوونی ژمارەیەکیشیان دوور نیە بەهۆی برینەکانیانەوە، دوای هەموو ئەو تاوانانە کە بەشێوەی ئەنقەست لەلایەن حکومەتی ڕاستڕەو و رەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە، هەروەها دوای (٨) مانگ لە ناڕەزایەتی بێوەستانی جەماوەری ئازادیخوازو ئینساندۆست و رێکخراو و یەکێتیە کرێکاریەکان، لەسەراسەری جیهان و بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپادا بۆ خواستی ئاگربەستی دەستبەجێ و ڕاگرتنی جینۆسایدی خەڵکی مەدەنی لەغەززە، سەرەنجام نەك هەر لە بڵندگۆی دیپلۆماسیەتی ئەو دەوڵەتانەی کە بەجۆرێك لەسەرەتاوە هاوسۆزیەکیان بۆ پرسی فەلەستین هەبوو دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو تاوانەی ئیسرائیل بەرزبوەوە، بەڵكو تەنانەت ئەو دەوڵەتانەشی کە ڕایانگەیاند بەبێ مەرج و بێدرێغ پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن لە هێرشەکەی بۆسەرغەززە بەناوی مافی بەرگری لەخۆکردن، ناچاربوون بەشێوەی فەرمی پاشەکشەیەک نیشان بدەن و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە ئیسرائیل بکەن. تەنانەت ئەمریکا ناچاربوو بە فەرمی ڕابگەیەنێ کە ئامادە نیە هاوکاری سەربازی ئیسرائیل بکات لەهێرشەکەیدا بۆ سەر شاری رەفەح!

بەڵام بێگومان کاریگەریی فشاری ڕای گشتی جەماوەری ئینساندۆست و ئازادیخوازی دنیا، بەوەندە کۆتایی نەهات، بەڵکو وایکرد دەوڵەتی باشوری ئەفریقا سکاڵا لە دژی حکومەتی ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تۆمار بکات بە تاوانی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی! ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی باشوری ئەفریقا، کە خەڵکەکەی ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ رەگەزپەرستی و ستەمی بەکۆمەڵدا هەیە و ساڵانێکی زۆر قوربانیان دا تا رژێمی رەگەزپەرستی پێشوو کۆتایی پێبهێنن، قووڵیی ئەو کارەساتە دەردەخات کە خەڵکی فەلەستین لە غەززە رووبەرووی بونەتەوە و دەبنەوە لەسەر دەستی حکومەت و دەوڵەتی رەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیلەوە. هاوکات نیشاندەر و سەلمێنەری ئەوەیە کە دەوری خەڵکی ئازادیخواز و ئینساندۆست و چینی کرێکاری جیهانی بەو ئاستە دیاریکراوەش لە بەرەنگاری و وەستانەوە دژی دەوڵەتەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپا لە پرسی دژایەتی مافەکانی خەڵکی فەلەستین و پشتیوانی لە دەوڵەتی تاوانباری ئیسرائیل، دەتوانێ ئاراستەی روداوەکان بگۆڕێت. ئەگەر لە پرسی فەلەستیندا ئەم راستیە بەرجەستە بوو، ئەوا دەکرێ هەر ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر ئاستێکی دیکە لە رێکخستن و شەفافیەتی سیاسی و هوشیاری چینایەتی و کۆمۆنیستی بەخۆوە ببینێ، دەتوانێ لە پرسە گرنگە سیاسی و ئابوریەکانی ئەو کۆمەڵگایانەدا و بگرە لەسەر ئاستی دنیاش کاریگەری پڕ بەهاو گرنگ دابنێ و گۆڕانکاری جدی و جەوهەری بەدیبێنێ.

ئێستا لەسایەی ئەو بزوتنەوە ئینسانیە جیهانیەوە، کە لە پشتیوانی لە پرسی فەلەستین و دژی کۆمەڵکوژی فەلەستین خۆی نمایش کرد، مەسەلەی فەلەستین بەرەوپێشچونێکی گرنگی بەخۆوە دیوە. دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلاهای کە لەبنەڕەتدا لەسەر دەستی ئەمریکاو وڵاتانی بلۆکی رۆژوا و ناتۆ دروستکرا بۆ تەسفیە حسابی سیاسی خۆیان لەگەڵ پاشماوەکانی بلۆکی رۆژهەڵات، ناچاربوو ڕەچاوی سکاڵاکەی باشوری ئەفریقا دژ بە ئیسرائیل بکات و بیخاتە ناو بەرنامەی کاری خۆیەوە. داواکاری گشتی دادگای ناوبراو داوا لە دادگا بکات کە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهۆ و وەزیری بەرگریەکەی بەتاوانی ئەنجامدانی جینۆساید دەربکات. ئەڵمانیا و نەرویج ڕابگەیەنن کە ئەگەر دادگا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهۆ دەربکات ئەوا لەکاتی سەردانیکردنی بۆ ووڵاتەکانیان دەستگیری دەکەن! دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی ڕاگرتنی هێرش ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دەربکات لەکاتێکدا پێشتر داوای لە ئیسرائیل کردبوو کە ووریای ئەوەبێت کە کۆمەڵکوژی لەو ناوچەیەدا روونەدات، بە زمانێکی رونتر داوای لە ئیسرائیل کردبوو کە بە ویژادنەوە خەریکی کوشتاری خەڵكی مەدەنی بێتو نەگاتە کۆمەڵکوژی! سێ ووڵاتی ئەوروپی؛ ئیسپانیا و نەرویج و ئیرلەندە بەفەرمی دان بنێن بە دەوڵەتی فەلەستیندا! فەرەنسا ڕابگەیەنێ کە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین قەدەغە نیەو گوایە کاتەکە لەئیستادا گونجاو نیە! هەموو ئەم گۆڕانکاریانە نیشانەی ئەوەیە کە پرسی فەلەستین هەنگاوێك بەرەو پێشەوە چووە و ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی دڵخوازی ئەمریکاو رۆژاوا کە بە تەنها دەوڵەتی دیموکراسی ناوچەکە ناویان دەبرد، وەکو دەوڵەتێکی ئاپارتاید و کۆمەڵکوژ و سەرانی وەکو تاوانباری جەنگ لە ئاستی رای گشتی دنیاو بگرە لەسەر ئاستی دەولەتانیشدا دەناسرێن! دەوڵەتێکی تەریك کەوتوو، کە تەنانەت دۆستەکانیشی ناتوانن وەکو جاران مامەڵەی بکەن!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …