عەبدولا مەحمود
کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری ئیبراهیم رەئسی و هاوەڵەکانی و لەبەین چوونیان… هۆکارەکەی هەرچیەک بێت و هەر لێکدانەوەو شرۆڤەیەکی بۆ بکرێت و ئەگەرەکانی جۆراوجۆر بن، هیچ لەو راستیانە ناگۆرێت، کە ریزبەندییەکی گەورەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. لەلایەکەوە رژیمی ئیران و سەرانیان و هاوشێوەکانیان لەئاستی ناوچەکەو دنیادا، توشی نیگەرانی و غەمباری کردووە، لە لایەکی تریشەوە جەماوەری بەرینی ئازادیخواز و ستەملێچوانی کۆمەڵگە لە کرێکاران، لاوان، ژنان و سەرجەم ئینساندۆستان، لە سەراسەری ئیران و ناوچەکەدا، شادن و بەشێوەی جۆراوجۆر خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن.
دیارە خەڵکی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو ئینساندۆست، مەرگدۆست نین، بەڵام کارنامەیەک کە رژێمی سەرمایەو کاراکتەرەکانی لە زیاتر لە چوار دەهەی رابردوودا ئەنجامیان داوە، تەژییە لە هێنانی مەرگی ناوادەو لێوان لێوە لە کوشتار و سەررێژە لە پەتی سێدارە خستنە گەردنی دەیان هەزار لە ئازادیخوازان و نەیارانی سیاسی ئەم نیزامە شەرماوەری سەرمایەداری ئەم سەردەمە.
کارنامەیەک کە رژێمی ئیران تۆماریکردووە، لەگەڵ ئەوەدا بەشێکە لە کارنامەی دڕندانەی سەرمایەداری لەسەراسەری دنیادا، بەڵام دەوڵەتی ئیران لەناویاندا جێگایەکی تایبەتی هەیە، کە بەشێکی زۆر لەخودی وڵاتانی سەرمایەداری، بەجێگای شەرم و نەنگی نیزامەکەیانی دەزانن.
مردنی رەئیسی وەکو مۆرەیەکی ناسراو بە کوشتار و ئیعدام و سەرکوت و بوونی ئەو وەکو یەکێک لە “دەستەی مەرگ” لەدوای سەرکوتی شۆرشی ئیران لە ساڵی ١٩٧٩ و لەساڵانی کۆتایی ٨٠ کاندا، ناو و کەسایەتی ئەوی وەکو جەلادی ئینسانی ئازادیخواز و ناڕازی و چەپ و نەیارانی دەسەڵات، جێگیرکرد.
رەئیسی بەجیا لەو هەموو حوکمی مەرگەی لە پێگەی داوەرییەوە بەبێ دادگا، یان لە دادگای نمایشیدا، بۆ سەرکوتی شۆرش و بەرگری لە جمهوری ئیسلامی بەسەر دەیان هەزار ئینسانیدا سەپاند و دەستە دەستە تیکۆشەرانی لە ئاستی ئیران و کوردستاندا، رەوانە مەرگ دەکرد، لەو کاتەشەوە بوو بەسەرۆک کۆماری ئیران بە دڵرەقانەترین شیوە رووبەڕووی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بەدیاریکراوی بەدژی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران کە بەناوی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتنە مەیدان، وەستایەوە. بەهەزاران کەسی ناڕازی خەڵتانی خوێن و بە دەیان هەزاری لە کونجی زیندانەکان توندکرد و بەزۆری سەرکوتێکی بێپەردەو درندانە، پاشەکشەی بەو بزوتنەوە ڕەوایەی خەڵکی ئیران کرد. هەوڵ و ئامانجی رەئیسی لە پێگەی سەرۆک کۆمارییدا، بۆ ئەوە بوو، لەدوای کۆتاییهاتنی دەورەی سەرۆک کۆماری “عەبای رابەری” لە جیگای خامەنەیی بۆ خۆی زامن بکات.
رەئیسی هاوکات دریژە پێدەری هەمان رەهەندی دژە ژنی سەرانی جمهوری ئیسلامی بوو، کە لەساڵی ٢٠٢٢ دا و لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا واژۆی لەسەر دەستبەکاربوونی گەشتی ئیرشاد کرد و “پۆلیسی ئەخلاق”ی بەشێوەیەکی دڕندانەتر بەردایە گیانی ژنان لەژێر ناوی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ بێ حیجابیدا، کە “ژینا ئەمینی” ئەو قوربانیە بوو کە دوو ساڵ لەمەوبەر بووە هۆی وەرێکەوتنی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانە کە ژنان نەخشی بەرجەستەیان تیایدا گێرا لەراستای سەرەوژیرکردنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی و زۆریک لە رەمزەکانی ئیسلامی کردە نیشانە لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی بەکردەوەی حیجابی ئیسلامی.
هەموو ئەو کارنامانەی رەئیسی لەماوەی زیاتر لە چوار دەهەی رابردوودا چ وەکو دادوەرو چ وەکو کەسایەتییەکی ئەمنی، و سیاسی و سەرۆک کۆمار، ئەنجامی داوە، ئەوی کردۆتە کاراکتەرێکی ناسراوی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی کێوێک لە تاوانی کوشتن و مەرگ و سەپاندنی کۆنەپەرستی و رووبەرووبونەوە لەگەڵ هەر نارەزایەتیەکی جەماوەری.
لە ڕوانگەی خەلکی ئازادیخواز و ستەملێچووی ئیرانەوە، لە دیدی کەسوکاری دەیان هەزار ئینسان کە بەمەرگ سپێردران و لە سێدارە دران، لەڕوانگەی ملیۆنان ژنی سەنگسارکراو و بەر قامچی دراو و ناچار بە حیجابکراودا، تا دەگاتە لاوانی هیوا خنکێنراو و هەموو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازنەو ئینساندۆستی لە ئیران و ناوچەکەدا چاوەروانی ئەوە بوون رەئیسی لەدوای روخاندنی رژێمی ئیسلامی سەرمایە لە ئیراندا، بەهۆی تاوانە زنجیرەیەکانیەوە، لەگەل هاوشێوە و هاوپیشەکانی، رووبەرووی سزای عادلانە بکرێتەوە. مەرگی ئەو بە کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی، ئەوی لەم سزا جەماوەری عادلانەیە پاراست، بەڵام ئەمە بەمانای پاکبوونەوەی ئەو لەو تاوانانە نییەو بە غیابی و دوای مردنیشی لەگەڵ روخاندنی ئەم نیزامەدا، دەبێ سزای یاسایی و جەماوەری بۆ دیاری بکرێت و لە لیستی جەلادانی ناو میژووی مرۆڤایەتیدا ناوی تۆمار بکریت.
خەمی سەرانی دەسەڵات لە ئیران و هاوشێوەکانی لە عیراق و کوردستان و ناوچەکە و وەرێخستنی مەراسیمی ماتەمی و پرسەگێران و ناردنی پەیامی سەرەخۆشی بۆ سەرانی دەسەڵات بەدەستی ئیران، بۆ دەربرینی هاوخەمی بۆ مەرگی رەئیسی و رەئیسیەکان، وەستانەوەی هەموو ئەو ریزە ورد و درشتەیە بەرووی دڵخۆشی جەماوەری ملیۆنی ئازادیخواز و نارازی لە ستەمی هەزار سەری ئەو نیزامەدا لە ئیراندا، کە خۆشحاڵ بەمەرگی رەئیسیەکانن.
بەتایبەتیتریش دەربڕینی هاوخەمی و دەرکردنی چەندین بەیان و راگەیاندن و لێدوان لە ئاستی باڵای پارتی و یەکێتی و تەنانەت پەیەدە بۆ کوژرانی رەئیسی و یاوەرانی، بەشداری شاندی باڵای سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتی شاندی بالای پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەمەراسیمی جمهوری ئیسلامی بەبۆنەی کوژرانی ئەم سەرە تۆمەتبارانە… لە کاتێکدا خەڵکی ئیران و کوردستان و ئازادیخوازنی ناوچەکە بەشیوازی جۆراوجۆر ئاهەنگی خۆشی دەگێرن، ئەگەر لەلایەکەوە هاو خانەوادەیی و هاوچارەنووسی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ سەرانی جەلادی ئیران دەخاتەڕوو، هاوکات ناکۆکی حاشاهەڵنەگری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ هیواو خواستەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازنی ناوچەکە نیشان دەدات.
بەمانای وشە مەرگی رەئیسی و رەئیسیەکانی و قاسم سولەیمانیەکان… جارێکی تر ریزبەستنی چینایەتی لە ئاستیکی بەرینی کۆمەلایەتی لە ئاستی ئیران و ناوچەکەدا خستەوەروو… کەمایەتیەکی ستەمگەر و بەرژەوەندخوازی دەسەلاتی نەفرەت لێکراو لە ئیران و هاوشیوەکانی لە ناوچەکە، هەست بە غەم و پەژارە دەکەن و بە لەبەینچوونی ئەو کاراکتەرانە لاواز دەبن. لەبەرامبەردا بە سەدان ملیۆن ئینسان بەمەرگی ئەو تۆمەتبارانەو لاوازبوونی دەسەلاتییان، خۆشحاڵن و ئاهەنگی شادمانی دەگێرن.
رەئیسی مرد، بزوتنەوەی هیواو ئومید لە ئیران و ناوچەکەدا زیندووە.
٢١/٥/٢٠٢٤