ئایارێکی جیاواز!

بنار مستەفا

لە کوردستان و جیهان، ئەمساڵ یەکی ئایار جیاوازی زۆری بوو لەگەڵ ئایاری ساڵانی ڕابردوو. ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار بەمانای تایبەتی خۆی و وەک سمبوڵی خەباتی چینایەتی و ئەلتەرناتیڤێک بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری خۆی نیشاندا.

جەنگ، برسێتی و گرانی مۆتەکەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی جیهان بووە لە ماوەی ڕابردوودا. بە ئەزموون دەرکەوتووە، کە سیستەمی سەرمایەداری نەک ناتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ جەماوەری ستەمدیدە بەدیبهێنێت، بەڵكو ڕۆژانە ژیان و گوزەرانیان سەختتر و دژواتر دەکات. باجی قەیرانی ئابووری بەسەر کرێکاراندا دەشكێننەوە و کەڵەکەی سەرمایەی سەرمایەداران دەپارێزن.

هەر بۆیە ئایاری ئەمساڵ بەرجەستەتر وەستانەوە بوو بەڕووی ئەم سیستەمە و حکومەت و دارودەستەکانی، کە هێرشی توندیان بەڕووی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەڕێخستووە و نیازی توندکردنەوەی زیاتری هێرشەکانیانن. لەزۆر جێگەی جیهان بەشداری لە چالاکییە ئایارییەکان و بەرزنرخاندنی ئەم ڕۆژە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بوو. هەروەها خەسڵەتی چینایەتی و نیشاندانی چینی کرێکار، وەک هێزێکی ناڕازای و ئومێدبەخش بە کۆتایی سیستەمی ئێستا، لەزۆر جێگەی جیهان لە ئایاری ئەمساڵدا بەڕوونی دیاربوو.

لە کوردستانیش ئەم جیاوازییە بینرا و بیسترا. چالاکی یەکی ئایاری کرێکاران و بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لە بازیان، نمونەیەکی تازە و گرنگی خەباتی چینی کرێکاری کوردستانە. بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە لەلایەن خودی کرێکاران، بەشداری بەرچاویان و بەیانکردنی خواستەکانیان، ئومێد دەداتەوە ئەوەی بابەتی ژیان و گوزەران و خەباتی کرێکاری لەنێوخۆی کرێکاران خۆیاندا زیندوو بێت و بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی هەنگاوبنێن. ئەمەش دەرگایەکی تر بەڕووی خەباتی کرێکاراندا دەکاتەوە و سەرمایەدار و دەسەڵاتداران ناتوانن وەک جاران ئاسان دەست بۆ سەرکوت و چەوساندنەوە بەرن. ئەم چالاکیەی ئایار، گرنگی پڕمانای خۆی هەیە و بەردەوامبوونی لە ساڵانی ئایندە، جێگەوڕێگەی خەباتی کرێکارانی کوردستان دەباتە ئاستێكی باڵاتر.

هەروەها بەشداری زۆری جەماوەر و کرێکاران لە مارشی یەکی ئایار لە سلێمانی، نیشانیدا کۆمەڵگای کوردستان تەنها مەیدانی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسی نییە، بەلكو بزووتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری بوونی هەیە، کە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و کۆتاییهێنان بە ستەم و چەوساندنەوە خەبات دەکات. هێزێکی تر، کە دەکرێت مایەی ئومێدی زۆری بێبەشان بێت، ئەمساڵ فراوانتر خۆی نیشاندا.

بوونی هێزێکی کرێکاری پێداویستیەکی گرنگە لە بەرانبەر دەسەڵات و هێزەکانی تردا، کە دەیانەوێت دۆخ و گوزەرانی کرێکاران لەجێگەی خۆیدا بمێنێتەوە و تەنها لە دەسەڵاتدا گۆڕانکاری شکڵی ئەنجام بدەن. لە کوردستانیش ئەزموون کراوە، کە ژیان و گوزەرانی کرێکاران ئاڵوگۆڕێ بەسەردا نایەت، گەر کرێکاران خۆیان لە مەیدان نەبن و لە پێناویدا نەجەنگێن. تا سەرمایەداریش بمێنێت، ڕزگاری یەکجاری مەیسەر نابێت. ئایاری ئەمساڵ نیشانی دا، کە هێزی ئاڵوگۆڕ و ژێرەوژوورکردنی سیستەمی ئێستا، بوونی هەیە و خەریکە چالاکانەتر دێتە مەیدان.

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٤

 

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …