وەک بەرئەنجامێک لەدۆخی ناهەمواری کارمەندان وموچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ولەژێر فشاری خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی چەند مانگەی مامۆستایاندا، سەرەنجام دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری پابەندکردنی هەردووحکومەتی ناوەندو هەرێمی بەدابینکردنی موچەی کارمەندانی کوردستانی لەبڕیارێکدا ڕاگەیاند. بەم جۆرەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، کە ساڵانێکە کراوەتە بابەتێکی سیاسی وکێشمەکێشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، دەرگایەکی یاسایی بۆ چارەسەرو دەرکێشانی لەبازنەی کێشمەکێشێکی سیاسیدا بەڕوویدا کراوەتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیاڕەی دادگای فیدراڵی دەستکەوتێکە، بەڵام هەرگیز لە خەمخۆری و دڵسۆزی ئەو دادگایەوە نییە بۆ مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان و نابێ لەلایەن موچەخۆران ومامۆستایانەوە، وەک “فریشتەی نەجات” لێی بڕوانرێت. چونکە خودی ئەم دادگایە سەرەڕای ئەوەی یەکێک لەئامڕازو نیهادەکانی سیستەمێکی شکستخواردوی ئەو فیدرالیزمەیە، کەژیانو گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی لە سەرانسەری عێراقدا، بەکوردستانیشەوە، لەنەهامەتیو بێعەدالەتیەکی زەقدا ڕاگرتووە، هاوکاتوەک چەکێکی قانونی وسیاسی بۆ ڕێکخستنەوەو بەلاداخستنی ناکۆکی وبەرژەوەندییەکانی لایەنە شیعی وسوننیو قەومییەکان وهاوپەیمانێتیەکانی نێوانیانەوە بەدەستەوە گیراوە. بەتایبەتیش لەماوەی ڕابردووداولەسەر ئەو بابەتانەی کەخاڵی ناکۆکی بوون لەنێوان بەغداو هەولێردا، بە ئاڕاستەی باڵادەستکردنەوەی حکومەتی عێراق وفشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و تەسلیم بوونی هەرچیزیاتریانبە حکومەتی ناوەندی ڕۆڵی گێڕاوە و هیچکاتێکیش ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی لەبەرچاونەگرتووە.
بەڵام ئەوەی کە پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدژی “مافە دەستوریەکان وقەوارەی” هەرێم لێکدەداتەوە و یەکیەتی نیشتمانییش بەدەستکەوتو هەوڵە دیبلۆماسیەکانی خۆی لەبەغدا دەزانێ، هاوکات ئەو ناکۆکیانەی کەلەپەیوەند بەجێبەجێکردنی بڕیارەکەوە سەری هەڵداوە وخودی ئەو کێشەیەش کەموچە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بانكەکانی بەغداوە یان بانکەکانی هەرێمەوە بدرێت، خۆی نیشانەیەکە لەوەی کەپرسی موچەی موچەخۆرانی کوردستان هێشتا لە ناکۆکی وکێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکانو هەردووحکومەتی هەرێمو بەغدابەیەکجاری دەرنەکێشراوە، هێشتا لایەنەکان دەیانەوێت بەپێی بەرەژەوەندیەکانیان درێژە بەو یاریە سیاسیە بدەن کە ساڵانێکە موچەی کارمەندانی کوردستانیان خستۆتە گیروگازەوە. لەکاتێکدا ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانو هەردوو حکومەتی عێرا ق وهەرێمە، کەلەسایەی فیدراڵیزمێکی شکستخواردو و دادگاکەیدا، دوودەهەیە ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، کارمەندان وموچەخواران وهاوڵاتیانیان چ لەکوردستانو چ لەشارەکانی عێراق، لە گەندەڵی و تالانچێتیدا خنکاندووە وژیانێکی سەخت و ناهەمواریان بەرەوڕووکردوونەتەوە. بۆیە دەبێ مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران و سەرجەم خەڵکی بێبەش و برسیکراوی کوردستان ئەم بڕیارەی دەدگای فیدڕال وەک دەستکەوتێکی خۆیان و هەنگاوێکی سەرەتایی وەربگرن،بۆ ناچارکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند بەدانی مووچەکانیان و گێڕانەوەی هەموو ئەو مووچانەشی بەزۆر لێیان زەوتکراوە بەناوی پاشەکەوتەوە، لەمەیدانی ناڕەزایەتیەکاندا بمێننەوە و نابێبەبڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ خۆشخەیاڵبن وچاولەبەری حکومەتەکەی سودانی بن بەوەی کەکێشەی موچە بەچارەسەری کۆتایی خۆی دەگەیەنن. بەپێچەوانەوە ئێستا کاتی ئەوەیە کەڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان وکارمەندان پتەوتروڕێکخراوتر وفراوانتر خۆی بنوێنێ و ڕێگانەدات، دەسەڵاتداران ولایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یاری بەپرسی موچەوە بکەن وئەو دەستکەوتەی بەدەستهاتوە لە نیوەی ڕێگادا ڕابوەستێت.ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەرجۆرە خۆشخەیاڵییەک بەدادگای فیدڕاڵو حکومەتەکەی سودانی توڕهەڵدرێ وبزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندانو مامۆستایان فشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتداران چ لەکوردستانو چ لە عێراق توندترو فراوانتر بکەنەوە.
مامۆستایان، کە وەکو پێشەنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مووچەخۆران و بگرە خەڵكی ناڕازیش دەرکەوتوون، دەبێ نەک هەر لەسازدانەوەو یەکگرتووکردنی ڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خۆیاندا بن، بەڵکو لەهەوڵدابن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی هەزاران کرێکار وکارمەندی کەرتی تایبەت کەلەلایەن کۆمپانیاکانەوە لەموچەکانیان دەبڕدرێ و لەکاتی خۆیاندا پێیان نادرێ، هاوکات دەبێ بەهێنانە گۆڕی خواستەکانی بێکارانو زەحمەتکێشان و کوڕانو کچانێکی گەنج کەدەرچووی زانکۆکانن وچەندین ساڵە دانەمەزراون، سەرنجی بەشەناڕازیەکانی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان ڕاکێشن. بزوتنەوەی مامۆستایان بۆئەوەی بتوانێ پرسی موچە بەیهکجاری یەکلابکاتەوە، دەبێ بەشێوازی گونجاو شەقامو ناوەندی شارەکان وەک بزوتنەوەیەکی چینایەتی سەربەخۆ بەدەستەوەبگرێ و بەڕۆشنی ڕابگەیەنێت کە:
١/ هەرجۆرە یاریکردنیك بەموچەی مامۆستایانو کارمەندانی کوردستانەوە، قبوڵکراونییە ودەبێ هەردوو حکومەتی عێراق وکوردستان بەفەوری بەبێ لێبڕین ودواخستن، ڕاستەوخۆ موچە دەستەبەربکەن.
٢/ ئێمە مامۆستایانو کارمەندان، لەناکۆکی و کێشەی ێیوان بانکەکانی هەرێمو بەغدادا، تەرەف نین، ئێمە خوازیاری موچەکانمانین بەبێ دواکەوتن ولێبڕین.
٣/ هەردوو حکومەتی هەرێم وبەغدا دەبێ لەزوترینکاتدا پرسی پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆرانو بەهەمیشەیی کردنی مامۆستایانو کارمەندانی گرێ بەست ڕابگەیەنن.
٤/ داوادەکەین کەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵ پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێمو بەغدا، کرێکارانو موچەخۆرانی کەرتی تایبەتیش، سەبارەت بەدانی موچە لەکاتی خۆیدا بێ لێبڕین بگرێتەوە.
٥/ داوادەکەین هەردوو حکومەت چارەنوسی موچە نەدراوەکانی مامۆستایان وکارمەندانی کوردستان لەزوترین کاتدا، مەعلوم بکەن.
مامۆستایان کارمەندانی کوردستان، موچەخۆران!
پابەند کردنی هەردوو حکومەتی هەرێم وبەغدا بەدانی موچەکانمان، بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ڕابردوومانە، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی یەکجاریمان بەهەموو داخوازیەکانمان، بۆیە دەبێ بەچاوی کراوەوە لەهێزی خۆمان و دۆخەکە بڕوانین، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم وبەغدا بەحزبەکانیانو دامودەزگا و دادگاکانیانەوە، جێگای بڕوانین وهەمیشە پاساو و پلانیان هەیە تا خۆیان لەجێبەجی کردنی خۆاستەکانمان دەربازبکەن.
ئەزمونی خەباتی جەماوەری سەلماندویەتی کەبەدەستهێنانی یەکجاری خواستەکانمان بەندە بەدابینکردنی ڕابەرییەکی یەکگرتووی پشت بەستوو بەجەماوەر وڕاوەستانە لەبەرامبەر ئەو کۆتو بەربەستانەی کە دەسەڵاتداران لەبەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچونی ناڕەزایەتیو بزوتنەوەکەماندا دروستیدەکەن. سازدانەوەی دەستەکانی جەماوەری ناڕازیو مامۆستایانو هەڵبژرادنی نوێنەرانو فراوانکردنەوەی ئەنجومەنەکان ویەکگرتوکردنیان لەدەوری ئاسۆیەکی خەباتکارانەو سەربەخۆ لە حزبە دەسەڵاتدارەکانو ئۆپۆزسیۆن مەرجێکی سەرکەوتنە. هاوکات دەبێ ڕێگانەدەین حزبەکان پرسی موچە و خواستەکانمان ببەستنەوە بەو بەرژەوەندیانەی خۆیانەوە ووەک کارتێکی سیاسی بەکاری بهێنن. نابێ هیچ چاوەڕوانیەکمان نە لەحکومەتەکەی سودانیو نە لەدادگای فیدڕاڵ هەبێ لە چارەسەرکردنی کێشهکانماندا، ئەمانە نەدۆست و نەپشتیوانی ئێمەن، بگرە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەریماندا، ناچاربون کەلەسەر خواستەکانی ئێمە هەڵوێست بگرن. دۆستو پشتیوانی ئێمە خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێشی شارەکانی عێراقەو دەبێ لەگەڵیاندا لەهەوڵی بەدەستهێنانی هاوخەباتیو هاوچارەنوسی بین.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣/٣/٢٠٢٤