موحسین کەریم
دوای نزیکەی (٥) مانگ لە بایکۆتکردنی قوتابخانەکان لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەیان خۆپیشاندانی مامۆستایان و کارمەندان و جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵاتی ملیشیاکانی بۆرژوازی کورد، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی ئەو بەشەی هەرێمی کوردستاندا، سەرەنجام مامۆستایان کە پێشەنگی ئەو نارەزایەتیانەی جەماوەر بوون، کۆتاییان بە بایکۆت هێناو گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن.
ئەگەرچی کۆتاییهێنان بە بایکۆت ئاکامی رێکەوتنێك لەنێوان مامۆستایان و فەرمانبەران و حکومەتدا نەبوو بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانیان یان بەشێك لەخواستەکانیان، کە بریتی بوو لە پێدانی مووچە دواخراوەکان و پلەبەرزکردنەوەو بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و تاد.. تەنها لەو ماوەیەدا مووچەی تەنها یەك مانگ درا، لەکاتێکدا مووچەی (٣) مانگی ساڵی ڕابردوو هێشتا چارەنوسی دیار نیە، بەڵام ناکرێ کۆتاییهێنان بە بایکۆت وەکو شکستێك لێک بدرێتەوە، وەکو بەشێك لە بەشداربوانی نارەزایەتیەکان لێکی دەدەنەوە.
هەڵبەت من وەکو ئەوانەش بیرناکەمەوە کە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، وەکو دەسکەوتێکی ئەو بایکۆت و خۆپیشاندانانە ناوزەد دەکەن. کاری دادگای فیدراڵی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قوتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم نیە و حکومەتی ناوەندیش کاری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی کوردستان نیە. کاری ئەوان لەچوارچێوەی فشارە سیاسیەکانی ملیشیا شێعە دەسەلاتدارەکانی عێراقدایە بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی، بەپێی بەرژەوەندی ناوچەیی ئێران لەبەرامبەر ئەمریکاو تورکیادا. ئەوە بێجگە لەوەی کە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و لەچوارچێوەی سەڵاحیەتی یاسایی دادگای فیدراڵدان، موحتاجی ئاوی پاکی خواردنەوەو کارەبا و خزمەتگوازری و بژێوی ژیانیانن و چەند ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە (٦٠٠) کەسیان لەلایەن میلیشیا فەرمانڕەواکانی ئێستاوە لە خرۆشانی ئۆکتۆبەردا قەتڵ و عام و تیرورکران و نزیکەی (٣٠) هەزار کەسیش بریندار کرن، بەبێ ئەوەی دادگای فیدراڵی و دادوەرەکانی موچرک بە لەشیاندا بێت!
بەڵام کۆتاییهێنان بە بایکۆت، مانای شکستی نارەزایەتیەکان نیە، چونکە نارەزایەتی جەماوەرو مامۆستایان و فەرمانبەران وەکو ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەوام دەبریسکێتەوە. ئەگەر بۆماوەیەك خۆڵەمێش لەسەری بنیشێت، مانای ساردبونەوەو کوژانەوەی نیە. تەنها فوویەك دەتوانێ دوبارە پریسکی نارەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری بگەشێنێتەوە. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، هەمیشە لەسەر هێڵێکی ڕاست ناچێتەپێشەوە. بەهەورازو نشێودا تێدەپەڕێ، بەڵام سەرەنجام ئەگەر پێداویستیەکانی سەرکەوتنی دەستەبەر بکات، سەردەکەوێ.
من لە سەروتاری ژمارەی پێشووی ئۆکتۆبەردا ئاماژەم بەهەندێ لەو فاکتەرانە کرد، لێرەدا بەکورتی دەیڵێمەوە؛ ١- دابینبوونی ڕابەریەکی شۆڕشگێر و ڕادیکاڵ و نەفەسدرێژ بۆ نارەزایەتیەکان. بەجێهێشتنی ئاسۆی ریفۆرمخوازی کە بەسەر ڕابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەکەدا زاڵە و فرسەت دەدات بە دەسەڵات و هاوکارانیان لەناو ناڕەزایەتیەکاندا، تا دوای ماوەیەك لە نارەزایەتی و بایکۆت، بەبێ دەسکەوت کۆتایی بایکۆت ڕابگەیەنن و بێئومێدی و بێسودبوونی بایکۆت و خۆپیشاندان و نارەزایەتی رابگەیەنن! ٢- رێکخستنی ریزی ئەو هەزاران مامۆستا و فەرمانبەرەی کە بەردەوام ئامادەی چالاکیەکان و نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانن لەچوارچێوەی رێکخراوەی جەماوەری مامۆستایان و فەرمانبەران و جۆری دیکەی رێکخراودا. ٣- دەرکێشانی نارەزایەتیەکان لە ململانێی نێوان هەردوو حزبی دەسەلاتدار و ئاراستەکردنی داواکاریەکان و نارەزایەتیەکان بەڕووی دەسەلاتدارانی هەردوو زۆنی سەوزو زەرد، نەك تەنها دەسەڵاتی پارتی بەبیانوی ئەوەی حکومەت بەدەست پارتیەوەیە. بێبەریکردنی یەکێتی لەو ستەمەی کە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵک دەکرێ، هەمیشە ناوەرۆکی نارەزایەتیەکان پووچ و بەتاڵ دەکاتەوەو دەیکاتە کەرەستەی ساتوسەدوای نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لەیەکتری. سزادانی نزیکەی (٤٥٠٠) مامۆستا لەسەر ئەوەی بەشداری بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیان کردوە لەزۆنی سەوزو لەلایەن دەسەلاتی یەکێتیەوەیە، نەك پارتی. ٤- سەرەنجام دەبێ ئاراستەی سیاسی و داواکاریەکانی نارەزایەتیەکان بەرەو چەپ و ڕادیکاڵیزم وەرگەڕێ و لەچوارچێوەی ریفۆرمخوازی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و پۆپۆلیستیدا دەربازی بێت. ئایندەی سەرکەوتنی نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەگرەوی وەرچەرخانیدایە بەرەو چەپ!