گفتوگۆ لەگەڵ ئازاد مەجید بەرپرسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کەرکوك

ئۆکتۆبەر: ماوەیەك لەمەوبەر لەشاری کەرکوك هەندێ روداوی نەخوازراو رویاندا. لەبابەت هیرشکردنە سەر گەڕەکی نەورۆزو چەند جێگای دیکە… دەکرێ سەبارەت بە چۆنیەتی روداوەکەو هۆکارەکەی و ئەوانەی ئەنجامیان دا قسەمان بۆ بکەیت

ئازاد مەجید: لەڕاستیدا ئەو ڕوداوانە تازە نین، بەتایبەت لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە کە ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی شارەکەیان بەجێهێشت و لەجێگەیدا هێزی سەربازی و ئەحزابی ناسیونالیستی عەرەبی و ڕاکان جبوری لەجێگەیدا بوونە دەسەڵاتدار،  ئەم هێڕشانە هەبون وە بەتایبەت لەناوچەکانی سەرگەڕان و دبس و داقوق و لەیلان و تۆپزاوا کە ئەمانە ناحیەو قەزاکانی سەر بەشاری کەرکوکن، هێڕش دەکرایە سەر جوتیارانی ناوچەو گوندەکانی و بەهێزی سەربازی و عەشایەری عەرەبی کە پێشوتر لەچوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا ئەم زەویانەیان پێدرابوو کە هی جوتیارانی کوردبون و زۆربەیان تاپۆیان هەیە، دەیانەویست دیسانەوە داگیریان بکەنەوە، کە بەسەدان هەزار دۆنم زەویە. هەڵبەت بەپشتیوانی ئەحزابی قەومی عەرەبی و هێزە سەربازیەکان. تائێستاشی لەگەڵ بێت ئەم کێشانە یەکلانەبونەتەوە، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکانەوە ئەم کێشانە هاتونەتە نێو شارو گەڕەکەکان وە بەهێزی سەربازی چوونەتە نێو گەڕەکی نەورۆز کەپێشوتر لەسەردەمی بەعسدا دراوە بە ئەفسەرە پلەدارەکانی بەشێوەی کاتی، وە دواتر چۆڵکراون و خەڵکی چونەتە نێوی و تێیدا نیشتەجێ بوون. ئێستا بەبیانوی ئەوەی ئەم خانوانە سەر بەوەزارەتی بەرگریە بەزەبری هێز هاتون و دەیانەوێت بە خەڵکەکەی چۆڵ کەن. چەند خانویەک کەخێزانەکان لەماڵ نەبون یان خەریکی چاککردنەوەی بوون، چونەتە نێوی و هەندێ خێزانیان هێنابوو کەنیشتەجێیان کەن، بەڵام بە یەکگرتویی خەڵکەکەی نەیانهێشت تیایدا نیشتەجێ بن، بەڵام تائێستاش کێشەکە بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە .

ئۆکتۆبەر: کاردانەوەی خەڵکی کەرکوك بەرامبەر بەو روداوە چۆن بوو؟ لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی عێراق چ هەڵویستێکیان هەبوو لەو روداوە؟

ئازاد مەجید: کاردانەوەی خەڵکی گەڕەکی نەورۆز زۆر ئازایانەو دەستوبرد و بەیەکگرتویی چوون بەگژ هێزەکەداو دواتر وەک مانگرتنێک خێمەیەکیان لەنێو گەڕەکەکەدا هەڵداو تائێستاش بەردەوامە، وە زۆربەی خەڵکی گەڕەکەکان سەردانیان کردون و پشتیوانیان نیشانداوە. وە ئەم هەڵوێستەی خەڵک و گەڕەک ئەحزاب و بەرپرس و تەنانەت میدیاکانیشی هێنایە دەنگ و پشتوانیان نیشانداوە. وە کێشەکە گەیشتوەتە حکومەت و لەبەغداش سودانی و وەزیری داد کە خالید شوانیە ئەویش لەنێو کێشەکەدایە، بەڵام تائێستا کێشەکە بەردەوامە. هەرچەند وەعدو بەڵێنیان پێداون کە ئەو هێزە ناوچەکە چۆڵ بکات، بەڵام پێئەچێ گوێ نەدەنێ، چونکە حکومەتیکی یەکدەست و خاوەن دەسەڵات و مونسەجیم وجودی نیە و هەر هێزو حیزبێک بۆخۆی حکومەتێکەو دەسەڵاتێکی تایبەتی هەیەو وڵاتانی ناوچەکەش دەست لەپشتیان دەدەن، گوێ لەدەسەڵات و کەسی تر ناگرێ. وە ئەم کێشەیە خەریکە سەردەکێشێت بۆچەند گەڕەکی تر و ئێستا گەڕەکی عەرەفەش بەهەمانشێوە ئاگادارکراونەتەوە کەخانوەکانیان چۆڵکەن، بەبیانوی ئەوەی سەر بەکۆمپانیانی نەوتی باکورە، دەبێ بگەڕێنرێتەوە کە بۆ بیست ساڵ دەچێت ئەو خەڵکە لەوێ نیشتەجێن و کۆمەڵێک مەسروفیان تێداکردوە کە پێشوتر هەیکەل بون. ئێستا ئەمری گرتن بۆ زۆرێکیان دەرچووە و تەنانەت ناتوانن لەدائیرەکان کاروباریان بەڕێکەن و هەموی ڕاگیڕاوە .

ئۆکتۆبەر: بەرای ئێوە چۆن دەکرێ پێش بەو جۆرە روداوانە بگیرێ لە داهاتوودا؟ دەبێ پەیوەندی نێوان خەڵکی کەرکوك چۆن بێت و چۆن رێك بخرێت؟ ئیدارەی شارێک بەوجۆرە پێکهاتە تایبەتەوە کە هەموو هێزە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان و بگرە ووڵاتانی ناوچەکە دەستی تێوەردەدەن، چۆن دەتوانێ زامنی ژیانێکی ئارام بۆ دانیشتوانەکەی بێت؟

ئازاد مەجید: بەڕای ئێمە دەکرێ پێش بەم ڕودوانە بگیرێت، بەڵام چۆن!؟ کێشەکە لێرەدایە کەرکوک سەنتەری کێشەی نێوان ئەحزابی ناسیونالیستی کوردو عەرەبە وتەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش دەستێوەردانی تێدا دەکەن، لەکاتێکدا زۆربەی حکومەتەکان نەوتیان بەم ئاگرەدا کردوەو زیاتر کێشەکەیان قوڵتر کردوە. بەتایبەت لەسەردەمی بەعسدا ئەم سیاسەتانە گەیشتە ترۆپکی سەرکوت و دەربەدەرکردن و ڕاونانی خەڵکی کورد بەتایبەتی و هەرئۆپۆزیسیونێک و تەرحیل و حیجزکردنی زەویوزار و خانوەکانیان و دەرکردنیان بۆ شارو ناوچەکانی تری کوردستان. ئەوەی ئیستاش دەکرێ درێژەی هەمان سیاسەتە لەلایەن ئەحزابە تازەکانەوە  وە دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە کێشەێ نەتەوەیی زیاتر زەق بکەنەوە بۆ بەهێزکردنی خۆیان، ناکۆکی لەنێوان خەڵکی شارەکەدا دروست دەکەن، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردندا بینیتان بەچ زمانێک لەهەردولاوە ناکۆکی و نائارامیان پەرەپێدەدا. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم خەڵکی ئەم شارەدا. تەنها ڕێگە بۆکۆتایهێنان ئەوەیە کەخەڵکی شارەکە لەژێر تەئسیری ئەم حیزب و بزوتنەوانە دەرچنە دەرەوە. لەڕاستیدا  ئەمە کارێکی قورسە، چونکە بە مێژوویەکی دورو درێژ ئەم حیزبانە تۆوی دوبەرەکیان دروستکردوە وە بەتایبەت چواردەساڵی دەسەڵاتی ئەحزابی کوردی خەریکی تاڵان وبڕۆو دزینی سەڕوەت و سامانی شارەکەبون، ئازاری خەڵکی سەر بە نەتەوەکانی تریان داوە و هەرچی خەڵکی شەقاوەو چەقۆکێش هەبوو بەرەڵای سەرخەڵکیان بکەن ، وە دواتر بەپێچەوانەوە ئەحزابی ناسیونالیستی عەرەبیش لەوان باشتریان نەکردوەو درێژەی هەمان ئەو سیاسەتانەن و ئەوەندەی تر خەریکی قوڵکردنەوەی کێشەکانن بەزەبری هێزو بەنێوی قانونەوە ئاڕامیان لەوخەڵکە تێکداوە. بەردەوام ئەم کێشانە بەشێوەی جیاوازو لەناوچە جیاوازەکان سەرهەڵدەدەن.

وە بۆ کۆتایهێنان و دورخستنەوەی خەڵک لەم کێشانە تەنها یەکگرتنی خەڵکی کەڕکوکە بەهەموو نەتەوەکانەوە،  بەڵام کارێکی ئاسان نیە، تەنها بەنوسینی بەیاننامە وەڵام وەرناگرێتەوە. دەبێ ئامرازت هەبێت و خەڵکت هەبێ و جدی کاربکەی لەنێو ڕوداوەکاندا، بەتایبەت لەناو خەڵکێکی نائومێد وخۆشباوەر بە ئەحزابی قەومی ئەمە کارێکی قورسە. دەبێ شان بدەیتەبەری، وە ئێمە وەک هەنگاوی سەرەتایێ دەستمان پێکردوەو چەندجار سەڕدانی گەڕەکەکانمان کردوەو هاوپشتیمان بۆیان دەربڕیوەو لەهەمانکاتدا لەهەوڵی دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئەو گەڕەک و تەنانەت شوێنەکانی دەرەوەی شاریشین، لەهەوڵی ڕێکخستنی شوێنەکانین بەیەکەوە وە ئاگاداری هەر کێشەیەکی تازەین کەدێتە پێشەوە. لەڕاستیدا ئێمەش لەسەرەتای کارداین لەگەڵیاندا. وە کێشەیەکی گەورەتر ئەوەیە کە پێکهاتەی حکومەتی محەلی لەو حیزبانەیە کەخۆیان سەرچاوەی دروستکردنی ئەم کێشانەن نەک چارەسەر، خۆیان بەرژەوەندییان لەدروستکردنی نائارامی و دوبەرەکیە، لەڕاستیدا ئەمە کێشەیەکی سیاسیە و دەیانەوێ خەڵکی تێوە گلێنن بۆ بەدەسهێنانی ئیمتیازی زیاتر لەپاش دروستکردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکان ، وەفشار بۆیەکتر بهێنن و سەرئەنجام خەڵکی زەرەڕمەند دەبێت.

لەڕاستیدا خەڵکی کەرکوک قوربانی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی ئەم حیزبانەن و باجی کێشەکانی ئەوان دەدەین وەبەردەوام سیاسەتی فریوکاری بەرامبەر خەڵک بەکاردەهێنن لەپێناو بەرژەوەندیەکانێ خۆیاندا بۆ دەسەڵاتی زیاتر، بەردەوام کێشەو سەرئێشە و نائەمنی و نائارامی دروستدەکەن. کار گەیشتوە بەوەی کە بەڕۆژی ڕووناک بەعسیەکان بەشان و باڵای بەعس و سەدامدا هەڵدەن و لەپێش چاوی هێزەکانی حکومەت وپۆلیس کە ئەمە مەترسیەکی گەورەیە وخەڵک دەبێ وشیارو یەک دەست ڕاوەستن لەبەرامبەریدا.

بۆیە دەبێ خەڵک لەپێناو کۆتایهێنان بەو کێشانە و مەترسیانەدا یەکگرتوو بن و بە وشیاریەوە لە کارنامەی درۆزنانەی ئەو حیزبانە بڕوانن و دورکەونەوە لەگیانی نەتەوەپەرستی وە لەهەوڵی کۆتایهێنان بەهەموو ئەو بڕیارانەدابن کە لەسەردەمی بەعسدا دانراون و تائێستا کاریان پێدەکرێ، بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ و نائارامی خەڵکی شار وە دەبێ ڕێگە بگیرێ لە هەرجۆرە ڕەفتارو کردەوەیەک کە دەبێتە هۆی دوبەرەکی و ڕقی نەتەوەیی دروست دەکات وە هەموومان وەک هاوڵاتی و مافی هاوڵاتی بوون سەیربکرێین و نەک نەتەوەو عەشیرەت وهۆز وە دەبێ سزای هەر حیزب و لایەنێک بدرێت کە دەبێتە هۆی ئەو ڕقەبەرێتیە و هەوڵ بدرێت ژیانی خەڵک بەرەوباش بون ببرێت لەڕوی خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان وەک ئاوکارەباو خەستەخانەکان و قوتابخانەکان وهەوڵی دابیکردنی کار بۆ سەرجەم دانیشتوان بدرێت. وە خانوو بۆهەموو دانیشتوان دابین بکرێ نەک دەرکردنیان لەماڵەکانی خۆیان، وە دابینکردنی ئازادی ناڕەزایەتی لەدژی هەڕکارێک لەدژی خەڵک بەڕێوە دەچێ و کۆتایهێنان بەتەداخولی سەربازی لەژیانی خەڵک و سەرکوتکردنیان  وە پێکەوە ژیانێکی شایستەو ئینسانی بۆ هەموو دانیشتوان بەیەکسان  دابین بکرێت.

 

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …