عوسمانی حاجی مارف
لەڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە،شەوی ١/١/٢٠٢٤ ، نزیکەی کاتژمێر 11:45 خولەکی پاشنیوەڕۆ، یەکێک لە بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی سەڵاحالدین لە هەولێر، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەریان.
حکومەتی هەولێر “حکومەتی فیدراڵی” بە بەرپرسیاردەزانی لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بۆ سەر هێزە ئەمنیەکان لە پارێزگای هەولێر، هەروەها دەڵێن لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە پارەدار دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم بۆردمانە!؟ ئەمەش گومانی تیا نیە کەگرژی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی قوڵتر دەکاتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کەئەو گروپانە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق دەجوڵێن و چەک و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دژی شوێنە فەرمی و سەربازیەکان ئەنجامدەدەن.
هەروەها مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دەبێت حکومەتی فیدراڵی هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەک هێرشێک بۆ سەر هەموو عێراق تەماشا بکات.؟
بارزانی داوای لەسودانی کرد، ڕێوشوێنی پێویست و کاریگەر بگرێتەبەر بۆڕێگری کردن لەو گروپانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، لەکاتێکدا ئەوەی جێگای سەرنجە بەغداو هەولێر بۆخۆیان پەیوەندیەکانیان ئاڵۆزە.!
لە سەرەتای دەست درێژیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، گۆڕەپانی عێراق شاهیدی هەڵکشانی توندوتۆڵی دژ بە بوونی ئەمریکایە، لەلایەن هێزە ملیشیا ئیسلامیەکانەوە کە سەر بەئێرانن، لەم دواییانەدا هێرشەکانیان فراوانتر کردوە، لە هەمان کاتدا لەم هێرشانەشدا ناوچەی دەسەڵاتی بەرزانی کراوەتە ئامانج و دۆخێکی نائارام و مەترسیداری پێکهێناوە.
حکومەت و لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا “چوارچێوەی هەماهەنگی” وەها نیشان ئەدەن، هەوڵئەدەن هێرشەکان ڕابگرن و ڕێگری لە پەرەسەندنی بکەن، بەتایبەتی دوای چەندین هێرشی ئاسمانی لەلایەن واشنتۆنەوەکە لە ناوخۆی عێراق دژی پێگەی کوتلە چەکدارەکان ئەنجامدراوە، هەروەها لەم بارەیەشەوە ئەمریکا بەردەوام هەڕەشە دەکات، بەڵام هیچ گەرەنتیەک نیە بیسەلمێنێت هێرشی درۆن ڕادەگیرێت.
بەپێی ئامارێک کە بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، تا ئێستا واشنتۆن زیاتر لە ١٠٦ هێرشی لە دژی هێزە میلیشیاکان لە عێراق و سوریا لە١٧ی ئۆکتۆبەرەوە ژماردووە، واتە دەڕۆژ دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، ئەمەش واقعیەتێکە کە سیاسەتی میلیتاریزەکردنی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکەدا پیادەی دەکات و دۆخێکی تەواو ناجێگیرو پر مەترسی خولقاندوە.
زۆربەی ئەو هێرشانە بۆ سەر شاری هەولێرو ناوچەکانی دەسەڵاتی بارزانی کراوە، بەرپرسیارێتیەکەی لەلایەن هێزی میلیشیای “بەرگریی ئیسلامی لە عێراق” بانگەشەی بۆ دەکرێت، کە لایەنە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران و پەیوەندیدار بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، ئەم هێرشانەش لە بەرامبەرئەو سیاسەی و پشتیوانیەی ئەمریکایە بۆ دەوری ئیسرائیل کە هێرشی کردۆتە سەر غەززە. ئەمەش بەشێکە لەو کاریگەریانەی شەڕی غەززە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لەسەر ناوچەکە.
ئەم دۆخە نائەمنە لە هەلومەرجی ناوچەکەدا، واقعیەتێکە کە تەواوی هێزە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان ئەوەیان نیشانداو سەلماند ئەو هیزانە نین کە لە چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەتێکی دامەزراودا کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن، وەک هێزی میلیشیا و وەک کاری قۆنتەراتی و بەڵێندەرێک پاشکۆن بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتی وڵات و لایەنێکی تر، ئەوە شاراوەنیە و زۆر ئاشکرایە، کە هێزە میلیشیاکانی پێکهێنەری حکومەتی عیراق پاشکۆی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، هەربۆیە کەوتونەتە بەرامبەر ئەمریکاوە، لە هەمانکاتدا بارزانی و تاڵەبانی لە نێوان ململانێی ئەمریکاو تورکیا و ئێراندا هیچ جۆرە سەربەخۆییەکی سیاسیان بەدەست نیە، بەڵێندەری بە حسابی ڕۆژ دەکەن.
بۆیە ئەتوانین بڵێین نە داواکانی مەسرور بارزانی نە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق و سودانی، بە هیچ جۆرێک جێگای متمانە نیە کە مەترسیەکان بخاتە لاوە.
بارزانی لە ناوچەی دەسەڵاتیدا پێگەیەکی سیاسی کە لە پەیوەند بە تورکیا و ئەمریکاوە بەدەستی هێناوە، بواری ئەوەی نیە بتوانێ بە سەلامەتی خۆی ڕاگرێت لەبەرامبەر نەخشەو سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەو هێژمۆنی بەسەر حکومەتی عێراقدا پیادەی دەکات، چارەنوسی حکومەتی هەرێم کەوتۆتە بەردەم مەترسی ئایندەی یەكلایی بونەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لێدانی ئێران لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانی لێدانە لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیش لە ئێساتدا خاڵێکی لاوازی ئەمریکایە، ئیمکانی پاراستنی قەوارەی هەرێم و هێزی میلیشیای بارزانی لەلایەن ئەمریکاوە لە ئێستاداکە دەرگیری شەڕی غەززەن ئاسان نیە، تورکیاش لە ئێستادا لە بەینی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق یا هەرێمدا هەرچەندە یەکلایی نەبۆتەوە، بەڵام مەیلی زیاتری بۆ حکومەتی عێراقە. ئەمەش ئەو گرێ کوێرەیەیە، کەئێستا بارزانی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بۆ خۆشیان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخەکەیان نالەبارو ناجێگیرو مەترسیدارەو لە چاوەڕوانی مەترسی هێرشی درۆنی تردان، مەگەر خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی کەن، ئەمەش بە مانای کۆتایی قەوارەی هەرێم دێت.